په‌رله‌مانێکى روو قایم

مه‌لا فه‌رمان

5 ساڵ لەمەوپێش



مه‌لا فه‌رمان-که‌رکوک 

رۆژئاوا، ئەو بەشەی کوردستانە کە بەر شاڵاوی لەشکری تورک کەوتووە. سیاسەتی پشت و پێشی ئەم شاڵاوە دیارە:

1-پەیامێکە بۆ کوردستانیان « لەهەرکوێی دونیا کوردێک هەبێت نابێت خاوەن ناسنامەی خۆی بێت».

2-نەک کیان و دەوڵەتی کوردی بەڵکە بوونیشیان خەون و خەیاڵە.

3-پاکتاوی نەژادی کوردی لە سەرێ کانی و گوندەکانیەوە دەستیپێکردوە.

سوکایەتی:

1-سوکایەتی ئەردۆگان بەگەلی کوردستان لەسەرۆکی پارتییەوە دەستیپێکرد، کاتێ گوتی « تۆ سەرۆکی خێڵ و عەشیرەتی نەک پیاوی دەوڵەتداری». بۆ منی کورد کارم بەوە نیە مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبە یان هەرچیەکە، خۆی لێی بێدەنگە یان نا.

2-بەدەرکردن و زیندانیکردنی  نوێنەرانی کوردی باکور لەشارەوانیەکان، ئەوانەی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکی باکورن.

پەرلەمانی کوردستان

راستە وتویانە « هەرچی لەسەر ساختەکاری بونیادبنرێت فشۆڵە». هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکان راست و دروستی ئەو گوتە کۆنە دەسەلمێنێ. دەیانەوێ لەم تەمەڵە فشۆڵەوە بناغەی باڵەخانەی بەرز دابنێن و هەڵوێست و بڕیارەکانی  تێدا بدەن، بە نمونە:

1-ژمارەی ئەو گەندەڵیانەی پەرلەمانتارانی کوردستان باسی دەکەن و کەوتۆتە سەر میدیا لەژمارە نایەن. دوایینیان گەندەڵیەکانی ئەنجومەنی خانمانە. بەڵام بەکردار یەک هەنگاویان نەناوە.

2-لە ١٥/١٠/٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان (12) راسپاردەی دەرکرد. لەکاتی خۆی زۆرێک لەنووسەران توانجیان لێداو بەشەرمنۆکانە وەسفیان کرد.

3-جێبەجێنەکردنی بڕیاری پەرلەمان بەدەرکردنی سوپای تورکیا لەهەرێم.

هەڵمەتی نیشتمانی بۆ رۆژئاوا

ئەم پەرلەمانە دەیەوێ خەڵک بگەوجێنی و چاوبەستەکێی لەگەڵ بکات، جەماوەر دەزانێ رۆژئاوا چۆن پشتیوانی دەکرێت:

1-پشتیوانی سیاسی. بەداخەوە دوای سەردانی خاتوو ئیلهام ئەحمەد بۆ ئەمریکاو بەدەستهینانی پشتیوانی باش بۆ دۆزی کورد لەسوریا، هەندێ لەبەرپرسە باڵاکانی ئەم هەرێمە سەردانی دەرەوەیان کردو زۆر نابەرپرسانە دژ بە رۆژئاوا قسەیان کرد. لەوانە سەفین دزەیی. کەچی ئەم پەرلەمانە ورتەی لێوە نەهات.

2-دەبوو بەڕاشکاوی ئیدانەی هێرشی تورکیا بکرایا، کەچی ئەم پەرلەمانە لە (12) راسپاردەدا بەوشەیەکیش باس لەتورکیا ناکات.

3-ئەم هەرێمە بۆ دژایەتی رۆژئاواو نانەوەی دووبەرەکی هاوشێوەی باشور درێغی نەکردوە لەدروستکردنی گروپی چەکداری جیاجیاو دابەستا ئاسا دەیەوێ بەریداتە گیانی رۆژئاوا.

بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان پێی هەڵدەستێ ناکرێت ناوی هەڵمەتی نیشتمانی لێبنرێت، بەتایبەتی کاتێ زۆر راشکاوانە هەڵمەتەکەی بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوایە لەهەرێمی کوردستان نەک لە ڕۆژئاوا خۆی.، ئەمەش زیاتر کاری رێکخراوێکی خێرخوازە نەک پەرلەمان. ئەم هەنگاوە بەناڕاستەوخۆ بەقازانجی بەرنامەکەی تورکیایە، چونکە بەم هەنگاوە هانی کوردانی رۆژئاوا دەدرێت زیاتر کۆچبکەن و وڵات چۆڵ بکەن. دەبوو پەرلەمان لەجیاتی ئەم هەڵمەتە بیری لەوە بکردایاتەوە هاوکارییەکان بنێرێت بۆ رۆژئاواو لەوێ خزمەتیان بکات. ئەم هەڵمەتەی پەرلەمان پێدەچێت لەپرسی کەرکوکەوە هیچ فێرنەبووبێت و ئەزمونی وەرنەگرتبێ، کەچۆن کۆچی کورد لەژێر ئیمتیازاتی حزبی کاریگەری لەسەر رێژەی کورد کردووە لەکەرکوک. بۆیە ئەم هەنگاوەی پەرلەمان جگە لەهەوڵێک بۆ دەرخستنی خۆی وەک روسپیەکی ساختە لای هاوڵاتیان هیچیتر نیە، هەوڵێکیشە بۆ شاردنەوەی دیوە راستەقینەکەی: بێدەسەڵاتی، وابەستەیی، بێکردار، بێهەڵوێست...هتد.

زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی لاوازی پەرلەمان و تەواوی دامەزراوەکانی هەرێم وەک رەنگدانەوەی حزبەکان دەبینن، لەهەرێمیش لەبەر نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بڕیارەکان کەوتۆتە دەست یەک حزب ئەویش بریتیە لەپارتی، حزب و کەسەکانی تر تەنها رۆڵی گوێگرو تەماشاکەر دەبینن و ژیانی رۆژانە بەڕێدەکەن. گەر ئەم هەرێمە بەم شێوەیە بەڕێوەببرێت بەدڵنیاییەوە لەکاروانی گۆڕانکاریەکان بەجێدەمێنێت و تووشی شکستی گەورەتر دەبێت لەوەی لە دەرئەنجامی ریفڕاندۆم روویدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار