په‌روه‌رده‌ خه‌مێکى بنه‌ره‌تى

5 ساڵ لەمەوپێش



بینایى غریب حبیب*

په‌روه‌رده‌ یه‌کێکه‌ له‌و که‌رته‌ گرنگانه‌ى که‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کى له‌سه‌ر بنیاد ده‌نرێت و گرنگه‌ کاراکته‌ره‌کانى و شاره‌زایانى ئه‌و بواره‌ مامه‌ڵه‌یه‌کى ته‌ندروست له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا بکه‌ن، چونکه‌ که‌موکوڕییه‌کان یا لایه‌نه‌ باشه‌کانى که‌ له‌م کاته‌دا  بوونیان هه‌یه‌ ده‌توانرێت لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌کانى به‌ ئاراسته‌ى ئه‌رێنى ببرێت، پێشنیاره‌کانم به‌ ئامانجى بنیادنه‌رانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لێکدانه‌وه‌ى لایه‌نى باشى ئه‌م بابه‌ته‌ پاڵنه‌رێکى گونجاو بێت بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌روه‌رده‌.

به‌شێوه‌یه‌کى گشتى په‌روه‌رده‌ و فێرکردن له‌ کۆمه‌ڵگاى  ئێمه‌ دابڕانێکى بێ به‌رنامه‌ى له‌ ماوه‌ى  چه‌ند ساڵانێکى ڕابردودا به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ناوه‌ڕۆکى چه‌مکى ( په‌روه‌رده‌+ فێرکردن)، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ست بێت به‌ په‌روه‌رده‌، به‌ شێوه‌یه‌ک پشتگوێ خراوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌ست و کلتورانه‌ى ساڵانى پێشوو که‌ مامۆستا به‌ ئه‌زموون و دڵسۆزه‌کانى ئه‌م میلله‌ته‌ ڕۆڵه‌کانیان پێ گۆش کردووه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌.

ئه‌و فاکته‌رانه‌ى ساڵانى ڕابردوو  له‌سه‌ر بنه‌ماى ئینتیماى نیشتیمانى، ھه‌ست کردن به‌ لێپرسراوێتى، بره‌ودان به‌ پێشخستنى کۆمه‌ڵگا پله‌ به‌ پله‌ ئاگاداربونه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تى گۆڕانکاریه‌کان جۆشدراون به‌ بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ کاربکاته‌ سه‌ر ئینتیماى نه‌ته‌وایه‌تى، له‌بارنه‌بردنى، زیندووکردنه‌وه‌ى کلتوره‌ باشه‌کان، کارکردن بۆ جێگرتنه‌وه‌ى کلتورى پێشکه‌وتن خوازى له‌ جێگاى ئه‌و کلتوره‌ نامۆ و ناپه‌سه‌ندانه‌ى که‌ له‌ گۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌ و کاریگه‌ریان به‌سه‌ر تاکه‌وه‌ دروست کردووه‌.

ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌بینرێت به‌تایبه‌ت کاتێک له‌نێو فێرخوازاندا گفتوگۆ له‌سه‌ر  چه‌مکه‌ جیاوازه‌کانى کۆمه‌ڵگا ده‌کرێت تێده‌گه‌ین که‌ زۆر به‌ یه‌کتر نامۆین و سیستمێکى لاوازى په‌روه‌رده‌ بوونى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ساڵانى رابردوودا په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئاشنا بوون به‌ رووداوه‌ جیاوازه‌کان و به‌ ئاگابوون له‌پرسه‌ جیاوازه‌کانى کۆمه‌ڵگا له‌هه‌موو رووه‌کانه‌وه‌ زۆر له‌پێشتر بووه‌ ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ په‌روه‌رده‌ى خێزان و خوێندنگاکانه‌وه‌ هه‌بووه‌ که‌ له‌سه‌ر ده‌ستى مامۆستایان دروست بووه‌ و هاوکار بوون بۆ پێگه‌یاندنى نه‌وه‌یه‌کى تێگه‌شتوو و پێگه‌شتوو.

ئێستا ته‌واو هه‌ست به‌و نه‌مانى په‌روه‌رده‌یه‌ ده‌کرێت له‌ ناوه‌نده‌کانى خوێندن به‌ جۆرێک که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و فێرخوازانه‌ى پێش خۆمان ده‌که‌وینه‌ گفتوگۆ زۆر به‌ یه‌کدى نامۆین‌ ئه‌مه‌ش به‌ گه‌وره‌ترین که‌مته‌رخه‌مى ترسناک داده‌نرێ له‌ سایه‌ى حوکمڕانى خۆماڵیدا، ته‌نانه‌ت له‌ ڕووى زانستیه‌که‌شه‌وه‌ ئه‌م که‌رته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌ى بردۆته‌ دواوه‌ کاتێک ده‌بینین فێرخوازێکى نه‌وه‌ى ڕابردوو چه‌ندێک ئاستى خوێنده‌واریه‌که‌شى نزمتر بووه‌ له‌چاو پێگه‌یه‌ندراوێکى ئه‌مڕۆدا، به‌ڵام زۆر باشتر ھه‌ست به‌ لێپرسراوێتى کۆمه‌ڵایه‌تى و زانستى ده‌کات و چالاکتره‌ له‌ ڕاپه‌راندنى ئه‌رکدا جگه‌ له‌وه‌ى  زیاتر درک به‌ باشى و خراپى گۆڕانکاریه‌کان ده‌کات که‌ دێنه‌ ئاراوه‌.

ھیچ کاتێک په‌روه‌رده‌ و فێرکردن جیاواز له‌ ھه‌موو بواره‌کانى تر له‌ ماوه‌ى حوکمڕانى خۆماڵیدا له‌ ژێر فشاردا نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ھه‌نگاوى باش له‌پێناو بنیادنانى کۆمه‌ڵگایه‌کى پێشکه‌وتوو ھه‌ڵبگرێت به‌ بێ ئه‌وه‌ى کلتورى نه‌ته‌وایه‌تى و کۆمه‌ڵایه‌تى بسڕێته‌وه‌ .

هه‌موومان ده‌زانین له‌ ساڵى 2014 وه‌ قه‌یرانى دارایى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستى پێکردوو و تائێستا ئاسه‌واره‌کانى قه‌یرانه‌که‌ به‌دیده‌کرێت، هه‌رچه‌نده‌ بریاره‌ هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌ى 2020 رێککبکه‌ون و حکومه‌تى هه‌رێمیش به‌رنامه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ پرۆژه‌ى بودجه‌ى ساڵى ئاینده‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندکردنى.

 گرنگه‌ په‌رله‌مانتارانى کوردستان خه‌مخۆربن له‌پێناو په‌روه‌رده‌کردنى تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگادا پشکى بودجه‌ى په‌روه‌رده‌ ئه‌وله‌ویه‌تى تایبه‌تى پێبدرێت تا به‌ بودجه‌که‌ى زامنى کۆمه‌ڵێک کارو بریارو خزمه‌تى نوێ بدات که‌ کۆمه‌ڵگاکه‌مان ئاستى په‌روه‌رده‌یى و پێشکه‌وتنى بچێته‌ قۆناغێکى نوێیه‌وه‌ لانى که‌م وه‌ک وڵاتانى هه‌رێمى، چونکه‌ په‌روه‌رده‌ بنه‌ماو پردى په‌رینه‌وه‌ى تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگایه‌ بۆ سه‌رجه‌م که‌رته‌ جیاوازه‌کانى دیکه‌.  
با دیقه‌ت بده‌ین پێشکه‌وتنى وڵاتانى دیکه‌ له‌ کوێوه‌ ده‌ستى پێکردووه‌، بۆ نمونه‌: وڵاتێکى وه‌ک ئه‌نده‌نوسیا که‌ بڕیارى پێشکه‌وتنى درا له‌لایه‌ن خه‌مخۆر و سیاسیه‌کانیه‌وه‌ یه‌که‌م بڕیاریان دابینکردنى ٪‏٢٥ ى بودجه‌ى گشتى وڵاته‌که‌یان بوو بۆ سیسته‌مى په‌روه‌رده‌، پاش چه‌ند ساڵێکى که‌م ئێستا ده‌توانین به‌ چاوى خۆمان پێشکه‌وتنه‌که‌یان ببینین.

هه‌روه‌ها له‌وڵاتانى ئه‌سکه‌نده‌نافى(نه‌رویج، سوید، فیللاند) له‌بودجه‌ى ساڵانه‌یاندا پاره‌یه‌کى خه‌یاڵى بۆ سیستمى په‌روه‌رده‌ ته‌رخان ده‌کرێت ئه‌وه‌ش واى کردووه‌ که‌ ببنه‌ کۆمه‌ڵگایه‌کى ئاسوده‌و ئارام له‌سه‌رتاسه‌ر ژیاندا که‌ ژیانکردن له‌و وڵاتانه‌دا وه‌ک به‌خته‌وه‌رییه‌کى گه‌وره‌ ده‌بینرێت.

ئه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تێکدا حکومه‌تى هه‌رێم بیانووى قه‌رزارى خۆى بهێنێته‌وه‌و بڵێت ناتوانم له‌ئێستادا بودجه‌یه‌کى زه‌به‌لاح ته‌رخان بکه‌م، به‌ڵام ده‌توانێت له‌پلانى چوار ساڵى کارى کابینه‌ى نۆیه‌مدا پلانى کورت خایه‌ن و درێژخایه‌نى بۆ دابنێت که‌ ساڵانه‌ گۆڕانکارى جه‌وهه‌رى ببینرێت له‌ سیستمى په‌روه‌رده‌دا.

 پێویسته‌ حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ک چۆن دۆسیه‌ى نه‌وت و که‌رته‌ ئابوورییه‌کان زۆر یا که‌م گرنگى پێده‌دات تا داهاتێک بۆ حکومه‌ت کۆبکاته‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ گرنگه‌ بۆ که‌رتى په‌روه‌رده‌ خه‌مخۆر بێت، چونکه‌ په‌روه‌رده‌کردنى تاک وا دکه‌ات کۆمه‌ڵگایه‌کى ته‌ندروست و پێشکه‌وتووت هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم به‌رنامه‌یه‌کى له‌و چه‌شنه‌ى نه‌بێت ده‌بینه‌ کۆمه‌ڵگایه‌کى داروخاو و وڵاتێک که‌ له‌جه‌نگ و شه‌رێکدا دۆرانێکى گه‌وره‌مان به‌سه‌ردا هاتبێت.

*خوێندکارى زانکۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار