مه‌هدى مونته‌زه‌رى قۆچى قوربانى
نه‌وزادى موهه‌ندیس
5 ساڵ لەمەوپێش
نه‌وزادى موهه‌ندیس
رێک له 24/10/2018دا د.عادل عەبدولمەهدى و کابینه‌که‌ى ((ته‌نها 14 وه‌زیر)) متمانه‌ى په‌رله‌مانى عێراقیان وه‌رگرت و دواتر‌و دواى نزیکه‌ى هەشت مانگى تر ((چوار وه‌زیرى تر))متمانه‌یان پێدرا، که له‌ئێستادا ته‌نها دواى ساڵێک و یەک مانگى ته‌واو به‌نیوه‌ناچڵى ئیداره‌ى حکومه‌تێکى ناته‌واوى کرد، چونکه تاکو ئێستا نه‌یتوانى کابینه‌که‌ى ته‌واو بکات و وه‌زیرى په‌روه‌رده وه‌ک وه‌زاره‌تێکى کاریگه‌رو گرنگى بۆ پڕنه‌کرایه‌وه. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دیاربوو که‌ئه‌م حکومه‌تە و سهرۆکهکهشى ناتوانن چوار ساڵى ئاشتى و ئارامى و ئاوه‌دانى بۆ عێراق بگێڕنه‌وه، نا له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌م پیاوه بێتواناو بێ به‌رنامه‌و گه‌نده‌ڵ و بێ ئهزوموونى سیاسى و ئیدارى و ئه‌منى و داراییه، به‌ڵکو به‌هۆى ململانێ توند‌و ناڕه‌واکانى سه‌رانى حزبه سیاسییه شیعه مه‌زهه‌به‌کانى هاومه‌زهه‌بى خۆیه‌وه‌و به‌تایبه‌تیش سائیرون و فه‌تح که‌خۆیان به‌کوتله‌ى گه‌وره‌ى په‌رله‌مانى ده‌زانى و هه‌ریه‌که‌شیان هه‌وڵیده‌دا که‌سه‌رۆک وه‌زیران له‌لاى خۆى بێت، کاتێکیش نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام و به‌ناچارى ئه‌م پیاوه میانڕه‌وه‌و خه‌مخۆرو پاک پهرێزهیان وه‌ک کاندیدى هه‌ردوولاو ته‌وافوق هێنایه پێشه‌وه‌و کردیانه نوێنه‌رى خۆیان و رازیبوون به‌پێدانى پۆستى سه‌رۆک وه‌زیران پێى، به‌ڵام هه‌ر له‌وکاته‌وه که‌وتنه ته‌ون و دا‌و نانه‌وه بۆى و رێگه‌یان نه‌دا که به‌ئاره‌زوو ویست و له‌سه‌ر به‌رنامه‌و پلانێکى بێلایه‌ن نماینده‌و وه‌زاره‌ت و وه‌زیره‌کان دیاریبکات له‌سه‌ر بنه‌ماى لێهاتوویى و لێوه‌شاوه‌یى و ئه‌زموون و ئه‌مانه‌ت و دڵسۆزى و ئه‌کادیمیبوون و پسپۆڕى و شاره‌زایى که‌سه‌کان، دوور له‌پشک پشکێنهى حزبایه‌تى و نه‌ته‌وایه‌تى و ئاینى و مه‌زهه‌بى و ناوچه‌گه‌رى. به‌ڵام ئه‌وان له‌یه‌ک کاتدا هه‌م متمانه‌یان پێداو هه‌میش خه‌نجه‌رى ژه‌هراوییان له‌پشتى ده‌داو رێگرى و کۆسپى ناڕه‌وایان له‌پێشدا دروستده‌کرد، ئه‌وه‌بوو دواى نزیکه‌ى (5-6) مانگ ئه‌وکات توانیان وه‌زیره‌کانیان دیاریبکه‌ن، به‌م شێوه‌یه ئه‌م حکومه‌ته هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به نهبهکامى له‌دایکبوو بهعهمهلیاتێکى قه‌یسه‌رى له‌سه‌ر ده‌ستى چه‌ند به‌ناو دکتۆرێکى نه‌زان و نه‌شاره‌زاو ئه‌نجامیش حکومه‌تێکى لاواز‌و بێده‌سه‌ڵات و که‌مئه‌ندامى لێ په‌یدابوو.
•سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو کۆسپ و ته‌گه‌ره‌و خۆپیشاندانانه‌ى که له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵه‌دا رووبه‌ڕووى ئه‌م حکومه‌ته بووه‌وه کهزۆرینهى وه‌زیره‌کانى له‌شیعه مه‌زهه‌به‌کان بوو، که‌چى توانى به‌هێمنى و بێده‌نگى گه‌لێک کارى باش بکات له‌ڕووى ئیدارى و سیاسى و ئابورییهوهو تاڕاده‌یه‌ک ئهمنیهتیشى هێمن کردبۆوه‌و نموونه‌یه‌کى جوان و سه‌رکه‌وتوویى کارى پێکهوهیشى له‌نێوان هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ى ده‌وڵه‌تیشدا پیشانداو هه‌ماهه‌نگى و لێکتێگه‌یشتنى زۆر باشیان له‌نێواندا هه‌بوو، چه‌ندین گرێبه‌ست و رێکه‌وتنى ئابورى له‌گه‌ڵ وڵاته زلهێزه‌کاندا واژۆکرد بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و بوژاندنه‌وه‌ى عێراق و په‌یوه‌ندیه‌کانى عێراق له‌گه‌ڵ ناوچه‌که و دونیاى عه‌ره‌بى و ئیسلامى و زلهێزه‌کانیشدا ئاسایى و گه‌رموگوڕتر کرده‌وه. به‌ڵام ئه‌م سه‌رکرده به‌ناو خه‌مخۆرو دڵسۆزانه‌ى عێراق که‌خۆیان و حزبه‌کانیان به‌شێکى گه‌وره‌ى حکومه‌ته‌که‌ى بوون که‌چى به‌ڕۆژ له‌حکومه‌ت و شه‌ریک بوون، له‌شه‌ویشدا ناڕه‌زایى و خه‌ریکى داوو ته‌ون هه‌ڵخستن بوون بۆ حکومه‌ته‌که‌ى مه‌هدى. به‌ڕاستى دووڕوویى و درۆزنى ئه‌و سه‌رکردانه وایکرد که‌ئه‌م حکومه‌ته به‌م ده‌رده بچێت و هیچ رێزێکیان نه بۆ ده‌ستورو یاساکان داده‌نا، نه بۆ هاوڵاتیان و سه‌روه‌رى عێراق دادهناو نه بۆ داموزهدهزگا شه‌رعیه‌کانیش. هه‌ربۆیه هه‌موان خه‌ریکى گه‌نده‌ڵى و مشه‌خۆرى بوون له‌سه‌ر جه‌سته‌ى ئه‌م حکومه‌ته که له‌ماوه‌ى (16) ساڵدا له‌کۆى داهاتى (850) ملیار دۆلار بڕى (450) ملیار دۆلار بهههدهرو به‌گه‌نده‌ڵى له‌کیس عێراق و هاوڵاتیانى چوون، به‌هه‌ق ئه‌م ده‌سته سیاسییه بۆگه‌ن و گه‌نده‌ڵه‌ى عێراقى نوێ به‌ده‌یان ساڵ عێراقیان پاشه‌کشه پێ‌کرد بۆ دواوه، چونکه له‌لایه‌ک بڕوایان به‌سیسته‌مى حوکمڕانى عیلمانى و په‌ڕله‌مانى و دیموکراسى و ئازادییه‌کان نه‌بوه و له‌لایه‌کیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندى وڵاتانى ناوچه‌که‌و دونیاش کاریان ده‌کردو هیچ به‌لایانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندى و سه‌روه‌رى و به‌هێزى عێراقیان لا مه‌به‌ست نه‌بووه. هه‌ربۆیه له‌ماوه‌ى (16) ساڵى رابووردوودا به‌ده‌یان و سه‌دان کێشه‌و گرفتى گه‌وره و بچوک سه‌ریانهه‌ڵداوه له‌ناو کۆمه‌ڵگاى عێراقیدا هه‌ر له‌گه‌نده‌ڵى و مشه‌خۆرى و بێکارى و هه‌ڵاوسان و نه‌خۆشى و دواکه‌وتن و نه‌خوێنده‌وارى و نه‌بوونى ئاسایش و خزمه‌تگوزارى و داته‌پینى ژێرخانى ئابورى و نه‌بوونى کارگه‌ى بهرههمهێنى پیشه‌سازى و پاشه‌کشه‌ى بواره‌کانى کشتوکاڵ و گه‌شتوگوزارو ته‌ندروستى و خوێندن و په‌روه‌رده و ئاوه‌دانى و ...هتد. هه‌ربۆیه گه‌نجان و لاوان و ته‌واوى چین و توێژه‌کان جامى توڕه‌یى و ناڕه‌زایى و گیانى تۆڵه‌و رق و قینیان سهریکردو له‌ماوه‌ى دوو مانگى تشرینى یه‌که‌م و دووه‌مى ئه‌مساڵدا که‌وتنه سه‌ر شه‌قام و ده‌ستیاندایه توندوتیژى و داواکارى ره‌واى خۆیان به‌رزکرده‌وه‌و داواى مافى خۆیانیان ده‌کردو به‌داخیشه‌وه که له‌ئێستادا رێڕه‌وى ئه‌و خۆپیشاندانانه گۆڕاوه‌و داواکاریه‌کان له‌داواکارى نه‌مانى گه‌نده‌ڵى و بێکارى و بێ خزمه‌تگوزاریه‌وه به‌رزبۆته‌وه بۆ دهستلهرکاکێشانهوهى حکومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌و هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستورو یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان و گۆڕینى کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کان و چێکردنى چاکسازى و ..هتد. کهههموانیان داواکارى سیاسین نه‌ک جه‌ماوه‌رى، که‌ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ى بوونى ده‌ست و هێزى ده‌ره‌کى ناوچه‌یى و دونیاییشه له‌م خۆپیشاندانانه‌دا.
•ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى ئه‌م دوو مانگه‌دا روویاندا له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى که‌ڕاسته‌وخۆ حکومه‌ت و سه‌رۆکه‌که‌یان تاوانبار ده‌کردو به‌که‌مته‌رخه‌م و بێ‌توانا ناویان ده‌برد، هیچ کام له‌سه‌رکرده و حزبه سیاسیه باڵاده‌سته‌کان و ته‌نانه‌ت مه‌رجه‌عیه‌تیش هه‌ڵوێستێکى ئه‌رێنى و کردارهکیان نه‌بوو بۆ پاراستنى هه‌یبه‌ت و شکۆى حکومه‌ت و داموده‌زگاکانى و هه‌موان رۆڵى ته‌ماشاکه‌ریان ده‌بینى و بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردبوو، کهههموانیان له‌ترس و تۆقینێکى گه‌وره‌دا ده‌ژیان چونکه هه‌موانیان به‌شدارن له‌هێنانه کایه‌ى ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا نه‌ک به‌ته‌نها حکومه‌ت و عادل عەبدولمهدى سه‌رۆکى.
•بۆیه ناڕه‌وایه‌و کارێکى نالۆژیکى و بێوژیدانیشه که‌ته‌نها ئه‌و پیاوه به‌لێپرسراوى هه‌موو که‌مته‌رخه‌مى و گه‌نده‌ڵى و هه‌ڵه و شکسته‌کانى (16) ساڵى رابووردوو بزانرێت و ته‌نها داواى لێپرسینه‌وه و سزادانى ئه‌م پیاوه بکرێت که ته‌نها وه‌ک قوربانى وایه و جه‌لاده ڕاسته‌قینه‌کانى کابینه‌کانى پێشوو له مالکى و عه‌بادى و سه‌رۆکى حیزب و ڕه‌وت و هاوپهیمانێتیهکانى تر‌ى لێبێبهرى بکرێت.
•ئه‌م پیاوه ته‌نها هه‌ڵه‌و که‌موکوڕى ئه‌وه‌بوو که بهدڵسافى و دڵسۆزى و ده‌ستپاکى و نیهتپاکیهوه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌مواندا ده‌کرد و متمانه‌ى پێیان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وان دووڕوویى و خۆپارێزى بنه‌ماى شیعه مه‌زهه‌بیان له‌گه‌ڵ پیاده ده‌کرد، ئه‌م پیاوه ده‌یویست سیسته‌مى حوکمڕانى سه‌قه‌تى (16) ساڵى رابووردوو ڕاستبکاته‌وه، ده‌یویست ته‌نها چه‌ک به‌ده‌ست سوپا و هێزه‌کانى ناوخۆوه بێت، ده‌یویست میلیشیا چه‌کداره‌کانى سه‌ر به‌وڵاتانى ده‌ره‌وه نه‌مێنن، ده‌یویست گه‌نده‌ڵى بنه‌بڕبکات و چه‌ندین ئه‌نجومه‌ن و لیژنه و نوسینگه‌ى پشکنه‌ره گشتیه‌کان و ده‌سته‌ى نه‌زاهه و دیوانى چاودێرى دارایى دروستکردو پشتى ده‌گرتن بۆ لێپرسینه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵکاران، ده‌یویست ئاشتى و ئاوه‌دانى بۆ وڵات بگێڕێته‌وه، گه‌ره‌کى بوو بێکارى و هه‌ژارى و مشه‌خۆرى و دواکه‌وتوویى نه‌هێڵێت، ده‌یویست حکومه‌تێکى یاسایى و هاوڵاتى و دامودهزگایى پێکه‌وه بنێت. به‌ڵام هه‌موانیان به‌ڕوویدا راوه‌ستان و هه‌رجاره‌ى تۆمه‌تێکى ناڕه‌وایان بۆ دروستده‌کرد له‌وه‌ى که‌جارێک سه‌ر بهئێرانهو جارێک له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا نه‌رمه‌و جارێکى تریش له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به سوننه مه‌زهه‌به‌کانى که‌نداودا رێکهو جارێکیش روویکردۆته چین و ده‌یانى تریش. که هه‌موانیان ته‌نها مه‌به‌ستیان شکستپێهێنانى ئه‌م حکومه‌ته بوو بۆ ئه‌وه‌ى به‌رنامه چاکسازى و پاکسازیهکانى سه‌رنه‌که‌وێت و ئه‌وانیش به‌رده‌وامبن له‌مه‌له‌کردن له‌ئاوى لێڵ و لیخنى گه‌نده‌ڵى و دادۆشینى عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندى حزب و سه‌رکرده‌و بنه‌ماڵه‌و وڵاتانى دراوسێدا.
•به‌هه‌ق ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى ئه‌م پیاوه‌و له‌م دۆخه‌دا عێراق به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌کى نادیار‌و ئاینده‌یه‌کى تاریک و تونتردا ده‌بات و جارێکى تریش عێراق پیاوێکى وه‌ک ئه‌م مه‌هدى مونتهزهرهى شیعه‌کانى بۆ په‌یدا نابێته‌وه که‌توانى دڵى هه‌موان بشکێنێت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى عێراقداو دوور نیه عێراق به‌ره‌و قۆناغێکى خوێناوى و شه‌ڕى ناوخۆ هه‌نگاو بنێت، هه‌روه‌ک چۆن عێراق بهلهکیسدانى عەبدولکەریم قاسم پێى نایه قۆناغێکى خوێناوى و هاڕینى شه‌ریکه‌کان له‌ده‌سه‌ڵاتدا له‌ناو خۆیاندا. ئیدى ئه‌مه عێراقه غه‌ریب و عهجیبهکهیه کهههمیشهو به‌درێژایى پێنج هه‌زار ساڵه‌ى مێژووى خۆى لهدهوامهیهکى هاڕینى یه‌کترو خوێن و فرمێسک و کاولکارى و جه‌نگ و شه‌ڕى ناوخۆییدا ده‌ژى. ئه‌وه‌ى نامۆیه که‌نابێت هیچ ده‌یه ساڵێک به‌ئارامى و پێشکه‌وتن و خۆشگوزه‌رانى بژێت.
ئه‌م مه‌هدیه وه‌ک خۆى نووسیویه‌تى له‌نامه‌ى دهستلهکاکێشانهوهکهیدا له 29/11/2019دا که‌هیچ ده‌سه‌ڵاتێکى ره‌هاى نه‌بووه و چیدیش ناتوانێت له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک گه‌نده‌ڵ و دزى ماڵى گشتیدا کاربکات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى عێراق و عێراقیه‌کاندا ده‌ست له‌کارده‌کێشێته‌وه
•ئه‌م مه‌هدیه وه‌ک خۆى نووسیویه‌تى له‌نامه‌ى دهستلهکاکێشانهوهکهیدا له 29/11/2019دا که‌هیچ ده‌سه‌ڵاتێکى ره‌هاى نه‌بووه و چیدیش ناتوانێت له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک گه‌نده‌ڵ و دزى ماڵى گشتیدا کاربکات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى عێراق و عێراقیه‌کاندا ده‌ست له‌کارده‌کێشێته‌وه. چونکه دژه‌کانى سیستهمهێکى حوکمڕانى وا بۆگه‌ن و پیسیان پێکه‌وه‌ناوه گه‌ر مو‌سا به‌گۆچانه ئهفسوناویهکهشیهوه بێته‌وه ناتوانێت چاکى بکاته‌وه چ جاى مههدیهکى بێده‌سه‌ڵات وه‌ک عادلکهى عێراق، به‌ڕاستى ئه‌و ئایه‌ته‌ى که هێناویه‌تیه‌وه زۆر جوان ده‌ربڕى خواست و ناخێتى که له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵه‌دا به‌ده‌ست ئه‌م هه‌موو فشار‌و گه‌نده‌ڵى و ناحه‌زانه‌وه خواردویه‌تى وه‌کو قوربانیه‌ک دێته‌پێش چاو نه‌ک وه‌ک جه‌لادێک و بکوژى خۆپیشانده‌ران. که‌ده‌ڵێت (یا ابت افعل ما تٶمر ستجدنی ان شا‌ء الله من الصابرین).
•دڵنیام عێراق به‌بێ ئه‌م مههدیهش هه‌ر ده‌ڕوات به‌ڕێوه، به‌ڵام وه‌کو ئه‌م عادله به‌خۆیه‌وه نابینێته‌وه به‌گشتى بۆ عێراقیه‌کان و به‌تایبه‌تیش بۆ کورد‌و هه‌رێمى کوردستان، چونکه دۆستێکى دڵسۆز‌و سه‌رڕاست و به‌وه‌فاى له‌ده‌ستداو ده‌بێت له‌مه‌ودوا فاتیحایهکى قوڵ بۆ عێراقێکى یه‌ک و یه‌کگرتووى به‌هێز دابدرێت، چونکه هه‌ر له‌ئێستاوه به‌ره‌و له‌ناوچوون و پوکانه‌وه‌و داڕمین و مردنێکى له‌سه‌رخۆو هێواش هه‌نگاو ده‌نێت.