یەکێتی سەرکردەو شۆڕش دروست دەکات؛یا بازرگان‌و کۆمپانیا؟

5 ساڵ لەمەوپێش



 

 

 

 

 

شه‌هاب که‌ریم

زۆرێک لەبینینی خەڵک بۆ دۆخی ئێستای یەکێتی دەڵێن یەکێتی بووە بەکۆمپانیا..! گەر بێ شەرم و سڵەمینەوە سەرنجێکی کورتی ئێستای سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەین؛ تێدەگەین لەوەی ئەم یەکێتییە قارەمان و جەستە زامدارە، ئەم ڕووباری خوێنە ئەم هەموو خانوە قوڕانە، ئەم هەموو زیندانی سیاسی و قوربانیدانی هەڵەبجەو ئەنفال و هەزاران پێشمەرگەی کەمئەندام و تێکۆشەری دێرین و هەژاران. بەدەست دوو بەشی لەیەک نەچووی دژ بەیەک، بەڕێوە دەبرێت.!

بەشێک بەبێ ترس و خەم خەریکی خۆدەوڵەمەندکردن و بازرگانیکردنە بەهەموو سەروەرییەکان و خەباتی شەهیدان و یەکێتییەوە بێ شەرم دەست بۆ هەموو، پیرۆزییەکانی (مقەدەساتی) یەکێتی و ئازارەکانی دەبات

بەشێک بەبێ ترس و خەم خەریکی خۆدەوڵەمەندکردن و بازرگانیکردنە بەهەموو سەروەرییەکان و خەباتی شەهیدان و یەکێتییەوە بێ شەرم دەست بۆ هەموو، پیرۆزییەکانی (مقەدەساتی) یەکێتی و ئازارەکانی دەبات. بەشەکەی تری بەدڵ لەگەڵ هزرو زانست و خزمەتدا تێدەکۆشێ بۆ سەرخستنی زیاتری سەری بەرزی یەکێتی و بۆ بەرزترین پلەی سەرکەوتن.

بەشی یەکەم، سێ جۆرن:

جۆری یەکەم: هێزی دەرەکییان بەقۆناغ کردۆتە سەرچاوەی دەسەڵات و هێزی خۆسەپاندن و بوونەتە جێی گرژی و ئاڵۆزی، تەواوی جەستەی یەکێتیان تەنیوەو لەسەرەوە وەک زەرورەتی سەپاو هاتونەتە خوارەوەو لەجومگەکانی دەسەڵاتدا خۆیان گیرکردووەو سودیان لەنائارامی گشتی و ژینگەی ململانێکانی ناوەوە وەرگرتوە بۆ مانەوەو سەرچاوەی دارایی دەرەکییان بۆ چاوبەستن لەگەڵ بازرگانیی ناوخۆ جۆین کردووە.!

جۆری دووهەم: هێزی ناوەکییە کە بەسەر ناوچەو خێڵ و دین و پاداشتدا دابەشبوون گەرچی ئەم نموونانە ئاسانتر ئەدۆزرێنەوە، بەڵام چارەسەریان قورسترو ئاڵۆزترە وەک لایەنی کۆمەڵایەتی و دۆخی سیاسی کوردستان بەتایبەتی دوای بینینی نموونەی بەرامبەر لە نەیارو دروستکردنی بەرژەوەندی، هەندێکیان هەمان سیستمی جاشایەتی زۆرەملێیان گواستەوە بۆ ناو شۆڕش و حزب تێگەیشتن بەبوونی هێز، دەتوانن دەوڵەمەند ببن و دەسەڵاتیش بپارێزن و بمێننەوە. ئەمانە لەڕاوو رووتەوە بۆ ئاودیوکردنی شۆفڵ و داگیرکردنی هەزاران دۆنم زەوی، خۆیان کردە خاوەن بیرە نەوت، کۆمپانیای زەبەلاح و بەرژەوەندییەکانیان بردە دەرەوەی هەرێم و عێراق.!

جۆری سێهەم: تێکەڵەیەک لەهەردوو جۆری سەرەوە بەڕاگرتنی باڵانسی موو نەرمی لەپەستانی دەرەکی و شەڕی ناوەکی و باڵباڵێن بۆ خۆ چەقاندن.! بەکورتی و کوردوتەنی، بەبێ رەتوش ئەمانە یەکێتیان لەپرۆژەو پەیڕەو و ستراتیجەوە بردووە بۆ دەستکەوت و هەڵپەی خواستی کەسی و یەکێتیان خستۆتە خزمەت خۆیانەوە، پێشیان وایە ئیتر کۆتایی دنیا بەستراوە بەکۆتایی ئەوانەوەو دەستبەرداری هیچ نابن و وا تێگەیشتوون کەخوێنی شەهیدانی یەکێتی لەچاویان ئەچۆڕێ و دەبێ ئەوان شەڕی راستەقینەی بۆ بکەن دەنا بەدورکەوتنەوەو مردنی ئەمان یەکێتیش بێ سێ و دوو وەفات ئەکات.!

بەشی دووهەمیش سێ جۆرن:

جۆری یەکەم: عەقڵی سیاسی و هزرو روحی یەکێتین، خاوەن پرۆژەو ئامانجن بۆ گەل، بەری رەنج و خەباتی چەند ساڵەی خەباتی نهێنی و زیندان و شارو شاخی تێکۆشەرانن، هەڵگری زۆرترین ئازارن بۆ خەڵک و خەمڕەوێنی راستەقینەی بنەماڵەی شەهیدان و تێکۆشەرانن، سەربەرزو روو سورن، پڕن لەتێگەیشتن و دنیابینین، رێ رۆشنکەری بەردەوامی خەباتی نوێن، ئەمانە راوێژکاری راستەقینەن بۆ گەڕانەوەی شاڕێی رزگاری میللەتێک کەیەکێتی تیا لەدایکبوو؛ بۆ ئەم نمونەیش خەڵکانی وەک فەرید ئەسەسەردو نمونەکانیان بیر دێنینەوە. لەپێناو دورستکردنەوەی لۆژیکی عەقڵ و نوێبونەوەیەکی پێشکەوتوتر.

جۆری دووهەم: گەنجە خوێن گەرم و خاوێنەکانی دەستیان لەهیچ خراپەو بازرگانی و ملدانەوە نەگلاوەو وەک هێزی هەستانەوە، سنگیان کردۆتە قەڵغانی بەرگری و مانەوە لەتێکۆشانی تێکۆشەرانی یەکێتی و ئامانجەکەی کەڕزگارکردنی کوردستان و بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەد بەکارهێنانی حزبە بۆ بەرژەوەندی کەسی، ئەمانە جێی ئومێدێکی زۆرن و ئومێد دەکرێ ئایندەی یەکێتی پێشبخەن و لەپاشکۆو پڕۆ حزبەکانی هەرێم دەرمان بێنن.!

جۆری سێیەم: هەموو ئەو کادرە خەمخۆرو دڵسۆزانەن کەشەویان خستۆتەسەر رۆژو کار بۆ دروستکردنەوەو پشتیوانی ئەو دوو جۆرەی سەرەوە خستۆتەگەڕ، ئومێدی ئایندەو سەرکردەی دواڕۆژی گەلەکەمانن و دەیانەوێت سیستمی سیاسی بگۆڕن بۆ سیستمێکی مۆدێرن و سەرکەوتوو. لێرەوە بەرپرسیارێتی گرنگ دەکەوێتە بەر ئەندامانی کۆنگرەو دەبێت ویژدان و مێژوویان پاک راگرن و دەنگ بدەن بەوانەی دەیانەوێ دەنگیان دلێرو سەریان بوێربێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار