لە((کۆماری ترس))ەوە بۆ ((کۆماری گەندەڵی))
شوان ئەحمەد
5 ساڵ لەمەوپێش
شوان ئەحمەد
- ١ -
ساڵانی دوای ڕوخانی دیواری بەرلین و لەبەر یەکهەڵوەشانی بلۆکی سۆسیالستی و یەکیەتی سۆڤیەتی جاران و پاشان هاتنە ئارای (ئەوەی پێیان دەوت سستمی نوێی جیهانی)، وەک ئەوە وابوو کۆتایی سەردەمی حوکمڕانە ستەمکارو دیکتاتۆرە خوێن ڕێژەکان و دەسپێکی دەسەڵاتدارە دزو تاڵانچی ومافیاییەکان بێت.
باشترین دوو نمونەیەک لەم ڕووەوە، هەرێمی کوردستانە لەدوای ڕاپەرین و عێراقە لەدوای پرۆسەی ئازادی.
- ٢ –
ساتەوەختی ڕمانی دیواری بەرلین و لەبەریەکهەڵوەشانی یەکیەتی سۆڤیەت، هاوشان بوو بەهەڵکشانی ستەمکاری و زوڵم و زۆری بێسنوری بەعس.
لەئەوجی دڕندایەتی ئەو ڕژێمەدا، کەنعان مەکیە لەترسی گیانی خۆی بەناوی خواستراوی (سەمیر خەلیل) ەوە، (کۆماری ترس)ی بڵاوکردەوە.
مەکیە لەگەڵ فواد عەجمی دا لەو پێڕە بوون کەلەگەڵ ژێرەو ژورکردنی دەسەڵاتی بەعسدا بوون، وەک ئەوەی پێیان وابوو بێت، بەوە شەوی دەیجوری سی و پێنچ ساڵەی عێراقییەکان کۆتایی دێت وڕۆژی ئازادی و سەرفرازی دەست پێدەکات.
بێئاگا لەوەی کەئەوە کۆتای (کۆماری ترس) و سەرەتای (کۆماری گەندەڵی) دەبێت، لەعێراقی هیواو ئاشتی.
- ٣ -
ئێمەش لەسەرەتاکانی ڕاپەڕیندا، لەو خۆشخەیاڵیەدا بووین و وامان دەزانی بەڕۆیشتنی بەعس و دامو دەزگا سەرکوتکەرەکانی، دەرگاکانی بەهەشتمان بەڕوودا دەکرێتەوەو بەختەوەری ڕوومان تێدەکات، کەچی نەمانزانی لەدیکتاتۆر و ڕژێمێکی خوێن ڕێژ قوتارمان دەبێت و دەکەوینە بندەستی دزو تاڵانچی چاو برسی و مافیاکانی نەوت و دەرمان و هیرۆین.
- ٤ -
بەعس کوردستانی وێرانکردبوو کەچی کەلەکۆڕەو گەڕاینەوە لەبری ئاوەدانکردنەوە، بەرەی کوردستانی کەوتنە هەڕاجکردنی نیشتمان و ئەوەی لەکارخانەو کانزای بەنرخ و شۆفڵ و ئۆتۆمۆبیل و هەرچی شتێ (دینارێ ، تمەنێ ، لیرەیەکی) بکردایە، ئاودیو دەکرا.
لەعێراقی دوای سەدامیش هێزە شیعەکان کەجڵەوی حوکمڕانیان گرتە دەست، دەستیان دایە تاڵان و بڕۆیی و گەندەڵییەکی بێ حەدو حیساب کەوڵاتی بەم ئان و ساتە تاریک و نوتەکەی ئێستا گەیاند.
- ٥ -
پێدەچێت لەم جوگرافیاو ناچەیەدا خەڵک و خوا مەحکوم بن بەوەی ، یان لەساو پەنای دیکتاتۆرێکی خوێن ڕێژدا ژیان بەڕێ بکەن، یاخود لەبندەستی کۆمەڵێک دز و تاڵانچیدا، بگوزەرێنن.
چ قەدەرێکی بەدە.