یادێک له‌خۆپیشاندانی خوێندکارانی هه‌ولێر دژ به‌شه‌ڕی ناوخۆ
هیوا ناسیح
5 ساڵ لەمەوپێش
هیوا ناسیح
(25) ساڵی رێک له‌مه‌وبه‌ر، واته ساڵی ١٩٩٤ شه‌ڕی خۆکوژی نێوان یه‌کێتی و پارتی له‌ده‌ڤه‌ری رانیه‌و قه‌ڵادزه‌وه هه‌ڵگیرساو مانگێکی نه‌خایاند سه‌رجه‌م باشووری گرته‌وه، کۆتایی ساڵ شهر گه‌یشته ناو هه‌ولێری پایته‌خت و یه‌کێتی ده‌ستی به‌سه‌ر شاردا گرت... ته‌نها شوێنێکی دواجار مایه‌وه باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان بوو که‌جگه له‌و پارله‌مانتارانه‌ی هه‌ردوولا، که له‌به‌ره‌کانی شه‌ڕدا بوون، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی خولی یه‌که‌م خۆیان له‌وێدا په‌نادابوو، وه‌ک مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تییه‌کیش به‌و شه‌ڕی براکوژییه له‌وێدا مابوونه‌وه.
خه‌ڵکی چالاک و بێلایه‌ن هه‌ندێک له‌حزبه بچووکه‌کان له ٧/٤ی هه‌مان ساڵدا، واته چه‌ند رۆژێک دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕه‌که، خۆپیشاندانێکیان لەسهنتهری شاری هه‌ولێرو ناوبازاڕ دژی شه‌ڕ رێکخست، ئه‌وه بوو کاتێک گه‌یشتنه مه‌یدانی (کۆتری سه‌لام) هێزه چه‌کداره‌کانی سه‌ر باڵه‌خانه‌کانی ده‌وروبه‌ر ته‌قه‌یان لێکردن و دوو شه‌هیدو زیاتر له (10) بریندار هه‌بوون... ئیتر خه‌ڵک چاوترسێنکراو که‌س نه‌یده‌وێرا خۆپیشاندانیش بکات. ناوشار پڕببوو له‌چه‌کدارو هێزی سه‌ربازی سهرباڵهخانه و هه‌موو لایه‌کی ته‌نیبوو، پایته‌خت بۆنی خوێن و ماڵوێرانی لێده‌هات. له‌سه‌ربازگه‌یه‌کی گه‌وره ده‌چوو، نه‌ک شارێکی ئاوه‌دان.
من ئه‌وکات خوێندکاری قۆناغی چواره‌می کۆلیژی زانست، به‌شی بایۆلۆجی بووم، هه‌رچه‌نده ئه‌ندام کۆمیته‌ی خوێندکارانی یه‌کێتی و لێپرسراوی (که‌رتی رێکخستنی کۆلیجی زانست)یش بووم، به‌ڵام په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ زۆر له‌چه‌په‌کان و کۆمۆنیست و بێلایه‌نه‌کان به‌هێزبوو، له‌زۆربه‌ی چالاکییه‌کانی سازده‌کرا به‌شدار ده‌بووم.
ناوه‌ڕاستی مانگی (10) کاتێک زانکۆ کرایه‌وه، یه‌کێتی هه‌وڵیده‌دا زانکۆ ده‌ست به‌ده‌وام بکاته‌وه‌و ره‌وشه‌که ئاسایی بێته‌وه، چونکه له‌به‌رژه‌وه‌ندی بوو، هه‌ولێری کۆنترۆڵ کردبوو، به‌ڵام پارتی که شکۆو ناوبانگی شکابوو، له‌هه‌ولێر وه‌ده‌رنرا بوو، هه‌وڵی ده‌دا ده‌وام رابگیرێت و زانکۆ نه‌کرێته‌وه... بۆیه ده‌وامی زانکۆ به‌نیوه‌ناچڵ ده‌ستیپێکرده‌وه، هه‌ندێک لهخوێندکارو مامۆستاکان نه‌گه‌ڕابوونه‌وه.
چه‌ند که‌سێک لەخوێندکارانی کۆلیژه جیاجیاکان له‌ناوه‌ڕاستی مانگی دوانزه کۆبونه‌وه‌یه‌کمان سازکرد، وابزانم لەکافتریای کۆلیژی زانست بوو، بڕیاری خۆپیشاندانێکمان دژ به‌شه‌ڕه‌که دا. رۆژی ٢٤/١٢مان دیاریکرد. ده‌ستمانکرد به‌سه‌ردان و په‌یوه‌ندی به‌حزبه‌کانی شیوعی کوردستان، پارتی کاری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، دیموکراسیخوازان...هتد، تاهاوکاریمان بکه‌ن له‌ئاماده‌کردنی لافیته‌و نووسینی دروشمه‌کاندا. دروشمه‌کانمان پێشتر له‌سه‌ر کاغه‌ز ئاماده‌کردبوو، ئه‌وه‌ی بیرم مابێت ئه‌مانه‌بوون: (ئێمه‌ین خه‌ڵکی کوردستان دژی شه‌ری براکان)، (نه‌فره‌ت لهبراکوژی، بژی ئاشتی و برایه‌تی)، (به‌ڵێ بۆ دادگایی‌کردنی لێپرسراوه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ)، (نا بۆ ماڵوێرانی و کاولکاری کوردستان)...هتد. بڕیارمان وابوو، لافیته‌کان ته‌نها ره‌نگی ره‌ش و سپی بن، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر پاراستنی بێلایه‌نی سیمای چالاکییه‌که‌مان. له‌و که‌سانه‌ی که‌ئێستا بیرم مابێت و له رێکخستنی خۆپیشاندانه‌که‌دا له‌گه‌ڵمان بوون هاورێیانم، سیروان عه‌لی نوسه‌رو رۆشنبیر که‌ئێستا له‌وڵاتی نه‌رویجه، هه‌روه‌ها کاوه عارف که له‌ئه‌ڵمانیاو شاری کۆڵن ده‌ژی.
دیاره له‌سه‌ره‌تاوه بڕیاری ئه‌وه‌مان دابوو، که‌هیچ لایه‌نێکی حزبی نابێت له‌گه‌ڵمان به‌شداربێت، هه‌وڵ بده‌ین خۆپیشاندانه‌که مۆرکی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی خۆی له‌ده‌ست نه‌دات، ده‌شمانزانی به‌هۆی چاوترساوی و ره‌وشی ئاسایش و نائومێدی له‌و چالاکییانه، خه‌ڵکێکی زۆر به‌شداری ناکات.
رۆژی ١٢/٢٥ وه‌ک دیاریکرابوو خۆپیشاندانه‌که له‌کۆلیجی زانسته‌کان بهلافیتهی ئاماده‌کراوه‌وه ده‌ستیپێکرد، هه‌ندێک خوێندکاری کۆلیژه‌کانی ئه‌ندازیاری و یاساش هاتن به‌ره‌و لای ئێمه، ئیتر بووینه (10-15) که‌سێک و به راسته‌شه‌قامی سه‌ره‌کی هه‌ولێر -که‌رکوک به‌ره‌و ناوشار به‌ڕێکه‌وتین. به‌یاننامه‌یه‌کمان ئاماده‌کردبوو به‌نێو رێبواراندا بڵاوماندهکردهوه، ئه‌وه‌ی له‌بیرم مابێت، گرنگترین خاڵه‌کانی نێو به‌یاننامه‌که، داوامان له‌په‌رله‌مانی کوردستان کردبوو، که:
١.به‌زووترین کات بڕیاری وه‌ستاندنی شه‌ڕ له‌سه‌رجه‌م به‌ره‌کان بدات، هه‌روه‌ها شه‌ڕی راگه‌یاندنیش بووه‌ستێنرێت.
٢.هێزه‌کانی هه‌ردوولا ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نن و چه‌کداره‌کانیان بکێشنه‌وه دواوه.
٣. هه‌موو چه‌کداره‌کانی هاتونه‌ته ناو شار‌و سه‌ر سه‌ربانی باڵه‌خانه‌و زانکۆ‌و وه‌زاره‌ته‌کان لاببرێن و سیمای شه‌ڕ له‌نێو شاردا کۆتایی بێت.
٤. سه‌رجه‌م ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی هه‌ردوو لایه‌نه‌که، کەچوونهته به‌ره‌کانی شه‌ڕو به‌شدارن، یاساپارێزیی (حه‌سانه)ی په‌رله‌مانتارییان لێبسه‌نرێته‌وه.
٥. سه‌رجه‌م ئه‌و لێپرسراوه سه‌ربازی و ئه‌منییانه‌ی ده‌ستیان بووه له‌ده‌ستپێکردنی شه‌ره‌که‌و په‌ره‌سه‌ندنی و تاوانییان ئه‌نجامداوه دادگایی بکرێن.
٧. به‌زووترین کات دیله‌کانی هه‌ردولا ئازاد بکرێن و ده‌رکراوه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه شاره‌کانی خۆیان.
٨. هه‌ردوو هێزی چه‌کداریی میلیشیایی هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌و له‌جێگه‌یان سوپای کوردستان دابمه‌زرێنرێت.
ئیتر به‌درێژایی شه‌قامه‌که که‌وتینه‌ڕێ به‌ره‌و سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێرو له‌وێوه به‌لای قه‌ڵادا به‌ره‌وخوار شۆڕبووینه‌وه به‌ره‌و په‌رله‌مان، له‌بارودۆخێکی پڕ لەترس و دڵه‌راوکێدا، چونکه ده‌ترساین له‌هه‌ر ساتێکدا دهسڕێژمان لێبکه‌ن. پێ به‌پێی رۆیشتمان به‌به‌رده‌م کۆلیژو به‌شه‌کانی تری زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین، خوێندکاری تر ده‌هاتنه ناو خۆپیشاندانه‌که‌وه، بووینه نزیکه‌ی (٥٠ تا ٧٠) که‌سێک. دیاره نه یه‌کێتی و نه پارتی دژی خۆپیشاندانه‌که نه‌وه‌ستانه‌وه، به‌ڵام به‌فه‌رمی به‌شداریشیان نه‌کرد.
ئاسایشمان ئاگادارکردبۆوه، به‌ڵام ئه‌وان گوتیان لێپرسراوێتی پاراستنی به‌شداربووان لەئهستۆ ناگرین، چونکه بارودۆخ شه‌ڕه‌و له‌بارنیه بۆ خۆپیشاندان.
تاگه‌یشتینه به‌رده‌م په‌رله‌مان بووبووینه سه‌د که‌سێک و له‌وێش به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر راگه‌یاندنه‌که‌مان دابوو به‌ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ ناوخۆکان، که لەدژی شه‌ڕ ئه‌مرۆ خۆپیشاندان هه‌یه، ده‌یان که‌سی تر چاوه‌ڕێیان ده‌کردین. پاش بگره‌و به‌رده‌یه‌کی زۆر پاسه‌وانه‌کانی ده‌روازه‌ی سه‌ره‌کی په‌رله‌مان رێگایان داین، کهبچینه ژووره‌وه بۆ حه‌وشه‌ی په‌رله‌مان، له‌وێش هه‌ندێک خه‌ڵکی تر کۆبووبوونه‌وه. نوێنه‌ری که‌س و لایه‌نه‌کان ده‌چوونه سه‌ره‌وه‌و له‌باڵکۆنی په‌رله‌مانه‌وه، کهپهیامنێرانی زۆر له‌که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌کان و رۆژنامه‌کان له‌وێ ئاماده‌بوون، وتاری خۆیان ده‌خوێنده‌وه.
له‌ناوه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌که‌ی په‌رله‌مان په‌رله‌مانتارانی یه‌کێتی و پارتیش مانیانگرتبوو، ئه‌وسا له‌نێو حزبه کوردییه‌کان ته‌نها ئه‌و دوو لایه‌نه کورسی په‌رله‌مانیان هه‌بوو، په‌نجا به‌په‌نجا وه‌ک برا بهشیانکردبوو! په‌یامنێرانی که‌ناڵی هه‌ردوولاشیان ئاماده‌بوون، واته ئه‌وێ وه‌ک دوورگه یان ناوچه‌یه‌کی بێلایه‌ن وابوو. خه‌لیل عوسمان له‌ته‌نیشتم وه‌ستابوو (خولی پێشوو له‌سه‌ر لیستی یه‌کێتی په‌رله‌مان بوو، ناوبراو هاوسه‌ری ئێستای رێواز فایه‌قی سه‌رۆکی په‌رله‌مانه)، ئه‌وکات ئه‌ویش خوێندکار بوو له‌گه‌ڵمان له به‌شی بایولوژی، ، هاوارمان ده‌کرد و هوتاف و دروشمه‌کانمان ده‌گوته‌وه، من به کاک خه‌لیلم گوت، وه‌ره با بچین منیش وتاری ده‌سته‌ی رێکخه‌ری خۆپیشاندانه‌که ده‌خوێنمه‌وه، هه‌روه‌ها یادداشته‌که ده‌ده‌ینه سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان، چونکه که‌سمان دیارینه‌کردبوو، ئه‌ویش رازی بوو له‌گه‌ڵمدا هات. به دوو پرسگه‌دا تێپه‌رین و چووینه سه‌ره‌وه بۆ باڵکۆنی په‌رله‌مان. ژنێک له پێش مندا وتاری ده‌دا، ژنێکی به‌ته‌مه‌نی ره‌شپۆش بوو، به‌رگی کوردی له‌به‌ردابوو، نازانم گه‌رمیانی بوو یان له که‌سوکاری بارزانییه‌کانی ٨٢ بوو، به‌ڵام به‌وه‌ی زۆر داخ له‌دڵ و به‌په‌رۆش بوو دیار بوو، که که‌سوکاری قوربانی و شه‌هیده. ناوبراو به زمانێکی خه‌ڵکانی ساده زۆر توند قسه‌ی کرد، بیرمه گوتی (کوڕی خه‌ڵک زیاتر به‌کوشت مه‌ده‌ن، شه‌ره‌فی کورد شه‌ره‌فی خێزانه‌کانتانه، قژی ژنه‌کانتان بگرن بۆ سۆزانیخانه باشتره له‌وه‌ی کوری خه‌ڵک بکوژن...هتد) له خواره‌وه که‌چه‌ند سه‌د که‌سێک وه‌ستا بوون زۆر خۆشحاڵ بوون به قسه‌کانی ناوبراو، رێژنه‌ی چه‌پڵه‌یان به‌رزبووه‌وه.
له‌وێ، واته له بهڵکۆنی په‌رله‌مان، که له‌سه‌ر ده‌روازه‌که‌ی ناوه‌وه‌یه‌تی و ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر حه‌وش و به‌رده‌رکی پارله‌ماندا، له‌پشت مایکرۆفۆنه‌کان وتاری رێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌م خوێنده‌وه، خه‌لیل عوسمان له‌ته‌نیشتم وه‌ستا بوو، که‌تێیدا ئه‌و خاڵانه‌ی لهبهیاننامهکهماندا هاتبوون، له‌خۆگرتبوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌نده خوێندکاری ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر بووم، له‌به‌شی ناوخۆیی ده‌ژیام و ته‌له‌فزیۆنمان نه‌بوو، نه‌مبینی، به‌ڵام بۆ رۆژی دوایی له‌زانکۆ، هاورێیانی هه‌ولێریم، پاش ئه‌وه‌ی دیمه‌نه‌کانی خۆپیشاندانه‌کان و وتاره‌که‌ی منیان بینی بوو، که‌سه‌رجه‌م که‌ناڵه‌کانی ئه‌وکات په‌خشیان کردبوو، ده‌ستخۆشییه‌کی زۆریان لێکردم.
وه‌ک به‌ڵگه‌نامه له‌سه‌ر ئه‌م خۆپیشاندانه لەئهرشیفی تایبه‌تیمدا، لێدوانێکی رۆژنامه‌وانی، که بۆ (برایه‌تی) زمانحاڵی پارتیم دا، له‌نێو باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان، ئێستا لای خۆم پاراستومه، هه‌روه‌ها کاسێتی ڤیدۆیی وتاره‌که‌ی خوێندمه‌وه (ئه‌وکات سی دی دانه‌هاتبوو، یان نه‌گه‌یشتبووه کوردستان)، که پاشتر له‌ڕێگه‌ی کاک ماکۆک شێخ حه‌مه‌د، لەتهلهفزیۆنی گه‌لی کوردستان- که‌ناڵی هه‌ولێر، باره‌گاکه‌ی له‌سه‌ر قه‌ڵابوو، ده‌ستمکه‌وت. ناوبراو دواتر بووه سکرتێری رۆژنامه‌وانی سه‌رۆککۆماری پێشوو جه‌لال تاڵه‌بانی له‌به‌غدا. کاسێته‌که‌م ئێستاش لایەو لام پارێزراوه، به‌داخه‌وه کوالێتی پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه خراپ بووه، به‌ڵام لای که‌می ده‌نگه‌که‌ی باشه‌و هه‌رکه‌س ویستی ئه‌و مێژووه بنووسێته‌وه، ئاماده‌م کۆپییه‌کی بۆ بنێرم. دیاره دیمه‌نه‌کانی خه‌ڵکی ناو حه‌وشی په‌رله‌مان و وتاره‌که‌ی ئه‌و ژنه رهشپۆشهی باسم کرد‌و وتاره‌که‌ی منیشی تێدایه.
دواتر من و خه‌لیل عوسمان و نوێنه‌رانی تری رێکخراوو حزبه‌کان چووینه ژووره‌وه بۆ هۆڵێکی گه‌وره، که په‌رله‌مانتاره‌کان مانیان گرتبوو، له‌وێدا پێشوازیان له‌خه‌ڵک ده‌کرد، له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئه‌وکات له‌گه‌ڵمان دانیشتن، ئه‌مانه بوون: نه‌ژاد عه‌زیز ئاغا، جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان، د.عیزه‌ددین مسته‌فا ره‌سوڵ، سه‌ید حه‌سه‌ن، ئه‌حمه‌د سالاری هونه‌رمه‌ندو هه‌ندێکی تر. به‌گه‌رمی پێشوازییان لێ‌کردین، چایان بۆ هێناین و ده‌قی یادداشتهکهمان دانێ، وه‌ک دیاربوون نا‌ئومێد ببوون له‌وه‌ستانی شه‌ڕ، به‌ڵام ده‌ستخۆشییان لێ‌کردین.
شایه‌نی باسه ئه‌م هه‌موو زانکۆیه له‌کوردستان هه‌یه، که‌چی تائێستا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستی و مێژوویی په‌سه‌ندو بابه‌تییانه له‌سه‌ر هۆکارو ده‌رئه‌نجامه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ به‌گشتی و شه‌ڕی نێوان یه‌کێتی و پارتی (٩٤ تا ٩٨) که به رێککه‌وتنی واشهنگتۆنی نێوان هه‌ردوولا کۆتایی هات نه‌کراوه، بۆیه به‌داخه‌وه ژماره‌یه‌کی ورد‌و متمانه‌پێکراو له‌به‌رده‌ست نییه، که‌چه‌ند کوژراو (ده‌کرێت بهشههیدیش ناویان به‌رین) و بریندار بوونه. به‌ڵام دڵنیام قوربانییه‌کان (10 ژه 15) هه‌زار که‌س که‌متر نین، جگه له هه‌زاران بریندار‌و سه‌دان بێسه‌روشوێن، که به‌داخه‌وه تائێستاش چاره‌نووسیان دیارنییەو به‌یاساش یه‌کلایی نه‌کراوه‌ته‌وه.
ئه‌مه جگه له‌به‌هه‌ده‌ردانی ده‌یان ملیۆن سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمان، له‌پاره‌ی گومرگ و بانکه‌کان، هه‌روه‌ها کاولکردن و وێرانکردنی ده‌یان نه‌خۆشخانه، خوێندنگەو فه‌رمانگه‌و سه‌دان ماڵ و خانوی هاووڵاتیان! ئه‌و خوله‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ماڵوێرانهترین و زیانبه‌خشترین بوو، چونکه له‌نێو شاره‌کاندا شهڕکران، کوردستانی ئازاد بوو به‌دوو زۆنی زه‌ردو سه‌وز، تائێستاش کاریگه‌ریی ده‌رونی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر خه‌ڵک ماوه و له رووی ئیداریشه‌وه کاریگه‌ریی نه‌رێنی ته‌واو نه‌بووه. سه‌یر ئه‌وه‌یه، دوای ئه‌و هه‌موو کاولکاری و ماڵوێرانییه، تائێستا تراژیدیا و تاوانه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه، وه‌ک ئه‌وه‌ی رووداوێکی سروشتکردی وه‌ک تسۆنامی ئه‌و چوارساڵه له کوردستانی دابێت، ته‌نها لێپرسراوێکیش دادگایی نه‌کراو لێیان نه‌پرسرایه‌وه، بگره ئه‌و لێپرسراوو سه‌رکردانه‌ی به‌شداریی چالاکیی ئه‌و شه‌ڕه نه‌گریسه‌یان کردبوو، پله‌و پۆستی زیاتر‌و به‌رزتریان درایه!!
ئه‌و شه‌ڕه خۆکوژییه دواجار بهمیانگیری مادلین ئۆلبرایتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وکاتی وڵاته‌یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا کۆتایی هات، ئه‌وه‌بوو رێککه‌وتننامه‌ی ئاشتی به‌ئاماده‌یی ناوبراو له‌نێوان مام جه‌لال و مه‌سعود بارزانی له ١٨/٩/١٩٩٨ لهواشهنتۆن مۆرکرا.
تێبینی:
١. ئه‌و وێنه‌یه‌ی لێره‌دایه له‌کاسێتی راپۆرته هه‌واڵی خۆپیشاندانه‌که‌وه وه‌رگیراوه، ئه‌وکاته‌ی به‌نده وتاره‌که ده‌خوێنمه‌وه‌و ئه‌و که‌سه‌ی له‌ده‌سته چه‌پم ده‌رکه‌وتووه خه‌لیل عوسمانه.
٢. بۆ ئه‌م وتاره ته‌نها پشتم به‌زه‌ینی خۆم، به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌رشیفی تایبه‌تیم، زانیاریی که‌می یه‌ک دوو هاوڕێی نزیکم به‌ستووه، داوای لێبوردن ده‌که‌م که‌ناوی هه‌ندێک هاوڕێم یادداشت نه‌کردبێت، یان هه‌ڵه‌یه‌ک له‌زانیارییه‌کان هه‌بێت، هیوادارم راستی بکه‌نه‌وه.