کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانو بڕیارەکەی کۆنگرێس
5 ساڵ لەمەوپێش
نهوزاد ساڵح
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە(١٠٠) ساڵ بەسەر روودانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەسەردەستی سوپای عوسمانی و لە ٢٤/٤/١٩١٥دا کەزیاتر لەیەک ملیۆن و نیو لەهاوڵاتیانی ئەرمەن بەدەستی سوپای عوسمانیەکان کۆمەڵکوژکران و بەپێی دەستوری عوسمانی بەسەرپەرشتی (محەمەد تەلعەت) پاشای ئەوکاتە کەسەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی عوسمانی بووە لەسەردەمی حوکمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەمدا، تائێستا زیاتر لە (٣٩) وڵات و ناوەندو پەرلەمان کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانیان بەجینۆساید ناساندوە کەئەوروپاییەکان پێشەنگی ئەم بەجینۆسایدناساندنە بوون پاشان ئەمریکا، پەسەندکردنی بڕیاری کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە لە ١٢/١٢/٢٠١٩ بەزۆرینەی دەنگی (223) ئەندام پەسەند کرا، ئەوەمان پێ دەڵێت کە لەم سەردەمەداو لەسەدەی (21)دا رەنگە تورکیا نەتوانێت هاوشێوەی ساڵەکانی ١٩١٥ پێڕابکێشێت و قەڵەمڕەوی خۆی فراوان بکات و کۆمەڵکوژی ئەنجامبدات، لەئێستاشدا جگە لەفراکسیۆنی هەدەپە سەرجەم پارت و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا ئەم پڕۆژەیەی ئەنجومەنی پیرانیان رەد کردوەتەوە، تورکیا تائێستا ئینکاری ئەم کۆمەڵکوژیە دەکات.
کاریگەری بڕیاری ناساندنی کۆمەڵکوژیەکە
تورکیا دوای ئەم بڕیارە رووبەڕووی چەندین مەترسی دەبێتەوە لەسەر کاریگەری هێزی ئەم ناساندنە هەست دەکات زیاتر گۆشەگیربکرێت لەڕووی پەیوەندی نێودەوڵەتی وسیاسییەوە، کاریگەری دەبێت، رەنگە پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابوریەکانیشی بەرتەسک بکاتەوە، هەروەها مەترسی ئەوەی هەیە کەکوردیش ئەم هەلە بقۆزێتەوە لەڕووی سیاسییەوە کار لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژیەکان بکات کەسوپای تورکیا لەعەفرین و عەین عیسا و گرێ سپی و شارو گوندەکانی تری خۆرئاوای کوردستان ئەنجامیانداوە دەرهەق بەهاونیشتمانیانی سڤیلی ناوچەکە، لەلایەکی ترەوە تورکیا مەترسی ئەوە شی هەیە کەوەک چۆن یەهودییەکان دوای ئەوەی کە لەنێوان ساڵەکانی (١٩٤١-١٩٤٥) لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە کۆمەڵکوژی کراون و ئەم کارەساتەش ناونرا هۆلۆکۆست کەزیاترلە (٦) ملیۆن جو کۆمەڵکوژکران و سوتێنران، بەڵام دوای ناساندنی هۆلۆکۆستی جوەکان تائێستاش هاوڵاتیانی جوی نیشتەجێی ئەڵمانیا باج بەحکومەتی ئەڵمانیا نادەن و ئەمەش کێشەیەکی ئابوری گەورەی بۆ ئەڵمانیا دروستکردووە، بەهەمان شێوە تورکیاش ئەم مەترسییە هەستپێدەکات کەئەرمەنەکان لەکەناراوەکانی دەریای ناوەراستدا بازرگانی بکەن و هاوڵاتیەکانیشیان کەنیشتەجێی تورکیان لەباجدان بەتورکیا بێبەری بکرێن و ئەمەش کێشەی ئابوری بۆ تورکیا دروستبکات.
لێکەوتەودەرهاویشتەی هەڵەکانی ئەردۆغان
١-ئەردۆغان بەفەرمی لەدوای هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ەوە کەهەدەپە (٨٠) کورسی بەدەستهێنا ئیتر کەوتە گێچەڵکردن بەکوردو دژایەتیکردنی کوردی بەفەرمی راگەیاند، بەمەش پرسی چارەسەری لەباکوری کوردستان بەرەو هەڵدێر برد، وێڕای زیندانیکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپەو شاندی ئەندام پەرلەمانەکانی ئەو پارتە.
٢-پەلاماردانی خۆرئاوی کوردستان و داگیرکردنی عەفرین و ناوچەکانی تری خۆرئاوای کوردستان.
٣- کڕینی سەکۆی موشەکی روسی ( s400) کەتورکیا لەپەیمانی باکوری ئەتڵەسیدایەو(ناتو) لەکاتێکدا کەئەمریکا سەرپەرشتی دەکات و هەستیاری بەکڕینی چەکی روسی هەیە.
٤- دەستوەردان لەدورگە هەرێمایەتیەکانی دەریای ناوەراست و کێشەنانەوە لەگەل قوبرسی یۆنانی، ئەو رێککەوتننامەو لێکتێگەشتنەی کەتورکیا لەگەل لیبیا بۆ دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکان کردویەتی پێچەوانەی رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی ئاوە دەریاییەکانی ساڵی ١٩٨٢ی نەتەوەیەکگرتوەکانە کە لەسالی ١٩٩٤ کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
٥- پشتیوانی و هاوکاری داعش و گروپە تیرۆریستیەکانی بەرەی نەسرەو ئەحرارئەلشام و هاوشێوەکانیان، کەتورکیا بەسپیکردنەوەی پارەو پشتیوانی دارایی تیرۆریستانی داعش تاوانبارە.
٦-دەستوەردان لەسیاسەتی لیبیاوهاوکاری و پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی ( فائزسەراج) کە لەئێستادا دژی بەرەی نیشتمانی رزگاری لیبیا بەسەرۆکایەتی (خەلیفە حەفتەر)دەجەنگن.
٧-بەرتەسککردنەوەی مەوداکانی ئازادی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و رۆژنامەوانان و نوسەران کە لەئێستادا بەسەدان رۆژنامەوان و نووسەر لەتورکیادا لەزینداندان و مەودای ئازادی و دیموکراتیەت لەو وڵاتەدا تەواو سنوردارکراوەو سەرجەم دەسەڵاتەکانی دادوەری و حکومی لەدەستی ئەردۆغاندایە.
٨- پاڵپێوەنان و تەنگ پێهەڵچنینی (داود ئۆغلۆ، عەبدوڵا گویل) بۆ دەرەوەی سیاسەت و تاوانبارکردنیان بەدزو.....هتد
٩- لەلێکەوتەو دەرهاویشتەی هەڵەکانی ئەردۆغاندا سزاکان بەسەریدا بوونە راستی و تورکیاش تەنها تەماشاکەری گەمەکەیە لەچاوەڕوانی سزای زیاتردایە.
ماوەتەوە بڵێین لەدەرئەنجامی ئەم هەموو هەڵە سیاسیانەدا کەئەردۆغان و پارتەکەی بەسەر تورکیایاندا هێناوە، تورکیایان تووشی گۆشەگیری سیاسی کردووەو ئابووریەکەشیان دابەزاندوەو رێژەی هەڵاوسان و بێکاری و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی لەبەردەوامیدایە، کۆتا هەڕەشەی ئەردۆغان ئەوەیە کەئەگەر پێویست بکات هەردوو بنکەی سەربازی ئەرچەرلیک و کۆراجیک دادەخات و وڕێنەی ئەوەش دەکات کەئەمریکا مافی هندییە سوورەکانی پێشێلکردوە، ئەمانە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەرهەق بەجینۆساید ناساندنی ئەرمەنەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە.
بەڕێوەبەری سەنتەری دیاکۆ بۆهەڵبژاردن و راپرسی