تورکیا لەبەردەم پرسی تیرۆر و کورد و دیموکراسیدا

7 ساڵ لەمەوپێش



نزار ئاگری
شوان ئەحمەد کردویەتی بەکوردی

سەروەختێک مەولود ئالێنتاش لە ئەنکەرە، ئاندرێ‌ کارلۆفی باڵوێزی ڕوسیای تیرۆرکرد، فڕۆکەکانی تورکیا پەلاماری بنکەو بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان دا.
کاتێکیش عەبدولقادر ماشارۆڤ هەڵی کوتایە سەر  یانەی شەوانەی (ڕینا) لەئەستەنبوڵ (لەشەوی سەری ساڵ) داو دەستڕێژی گوللەی لەئامادەبوان کردوو بەدەیانی لێ‌ کوشتن، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستبەجێ‌ کەوتنە دەسگیرکردنی ئەندامانی هەدەپە،بەسەڵاحەدین دەمرتاشی هاوسەرۆکیانەوە.
هەنوکەش حکومەتی تورکیا ئامادەیی خۆی نیشان دەدا تاهێزەکانی خۆی، یاخود هێزە هاوپەیمانەکانی (لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا) ڕەوانەی ڕەقە بکات، بۆ شەڕکردن لەدژی داعش، لەبەرامبەر ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واز لەپشتیوانیکردنی کوردەکان (یەکینەکانی پاراستنی گەلی سەربە هێزەکانی سوریای دیموکرات) بێنێ. 
ئەمە نوکتە نییە، بەڵام بەنوکتە دەچێت و نوکتەیەکی ناخۆش و بگرە کوشندەشە. لەو نوکتەیە دەچێت کەدەڵێت: (جارێکیان دووکەس لەوەدا دەبن بکرێن بەپەتدا، پرسیاری ئەوەیان لێدەکەن دوا داواکاريیان چییە پێش مردن. یەکەمیان دەڵێت: دەمەوێت بەرلەوەی بمرم دایکم ببینم، دووەمشیان دەڵێت: داواکاری من ئەوەیە ئەو کابرایە چاوی بەدایکی نەکەوێت).
کتومت لەواقیعدا ئەمە ڕەفتاری تورکیایە لەگەڵ کورددا. لەگەڵ ڕودانی هەر ڕوداوێک و دروستبوونی هەر تەنگژەو کێشەیەکدا، حکومەتی تورکیا واز لەهەموو شتێک دێنێت و ڕوو دەکاتە کوردەکان و لێیان دەدات.
 دەوڵەتی تورکیا لەم دنیایەدا بەهیچ پەست نابێت بەکورد نەبێت، نەک تەنها هەر کوردەکانی خۆی، بەڵکو کورد لەهەرجێیەک بێت.تورکیا ڕەحم بە کوردەکان ناکات و ڕێگەش نادات لەهیچ لایەکەوە، ڕەحمەتی خودا بەسەریاندا ببارێت. 
سادەترین مافیان پێ‌ ڕەوا نابینێت، نەک هەر بەوپێیەی گەلێکن و تەنها لەتورکیادا ژمارەیان 20 ملیۆن کەس دەبێت، بەڵکو وەک کۆمەڵە کەسانێکیش، هیچ مافێکیان ناداتێ‌. لەزمان و کلتور و مێژوو و کەلەپوور و ئەدەب و هونەر و شانۆی خۆیان بێبەشیان دەکات، ئەوە هەرباسی بێ‌ بەشکردنیشیان مەکە لەوەی، بڕیار لەچارەنوسی خۆیان بدەن.

کاتێک گەریلا و شەڕەڤانان، توانییان بەر بە داعش بگرن و تێکیان بشکێنن و لەکۆبانێ‌ وەدەریان نێن،

تورکیا سەرشێت بوو، بۆیە کەوتە ناڕەزایەتی دەربڕین لەوەی، خۆرئاوا یارمەتی هێزە کوردییەکان دەدات

گەر هاتوو لایەنێک کەوتە خۆی و یارمەتیەکی بۆناردن (تەنانەت گەر پاکەتە پسکیتێکیش بێت)، ئەوا تورکیا واز لەهەموو شت دێنێ‌ و بە پەلەپڕوزێ‌ خۆی  دەگەیەنێتە لای ئەو لایەنە، تا ڕازی بکات بەوەی ئەو یارمەتی و کۆمەکانەی بکێشێتەوە. 
تورکیا ئامادەیە سازش لەسەر هەمووشتێک بکات (بەسەروەری وڵاتەکەشیەوە و هەموو هێڵە سورەکان ببەزێنێت)، هەر بۆ ئەوەی نەهێڵێت کورد دایکی ببینێت. 
لەوکاتەی داعش شەڕی لەدژی حکومەتی تورکیا ڕاگەیاندووە (یان بلۆفی ئەوە لێدەدات)، ئەنکەرە حەوت لەئەندامانی (داعش)ی دەسگیرکرد، بەئیعترافی وەزیری دادی تورکیا، بەڵام دواتر ئازادکران. لەئێستادا پیاوکوژەکەی نایت- کڵەپی (ڕینا) لەگرتوخانەیە، هاوکات هەزار و پێنچ سەدو شەست و سێ‌ ئەندامی هەدەپە دەسگیرکراون کەحەفتاو هەشتیان سەرۆک شارەوانین، لەولایەتەکان و هەروەها لە شارەدێ‌ و شارەگەورە و بچوکە کوردییەکانی دیکەدا.
ئەم ژمارانە ڕێکخراوی ئەمنیستی ئەنتەرناشیۆنال ڕایگەیاندوون. هەروەها سەدو پەنجاو یەک ڕۆژنامەنوس زیندانیکراون کە ئەسڵی ئەردۆغانی خانمە نوسەریشیان لەنێودایە. لەگەڵ ئەوانەشدا ڕۆژنامەنوسانی ئەڵمانی و هۆڵەندی و دانیمارکی دەسگیرکراون، لەبەرئەوەی ڕاپۆرتیان نەک لەبەرژەوەندی کورد، بەڵکو لەبارەی کوردەوە نوسیوەو باسیان لەبارودۆخی ناوچە کوردییەکانی باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا کردووەو دۆخەکەیان بەوە وەسفکردووە کە ئەوەی دەگوزەرێت لەوێدا (بەڕێوەبردنی جینۆسایدێکی بێدەنگ و پەنهانە لەدژی کورد).
تاوانی ئەوانە ئەوەیە، داوای دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتییانە دەکەن بۆ کێشەی کورد لەتورکیا.
هەر بەهەمان تۆمەت چەندین ڕۆژنامەو ڕادیۆ و کەناڵی تەلەفزیۆنی داخراون و لەئێستاشدا، دەیان ڕۆژنامە و ڕادیۆ و کەناڵی تەلەفزیۆنی هەن کەڕاستەوخۆ و ناڕاستەو خۆ هاوسۆزی خۆیان، بۆ داعش یان لانی کەم بۆ ڕێبازەکەی بەیان دەکەن.
حکومەتی تورکیا بەناچاری نەک بەخواستی خۆی، چۆتە بەرەی دژ بە (داعش) و لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەقسە شەڕیان دەکات و چاوی هەرلەسەر کوردە.
بەهەرحاڵ گەورەترین هاندەرێک بۆچونە ناو هاوپەیمانی دژ بە (داعش)، بۆ ئەوە بوو، گۆڕەپانەکە بە کوردەکان چۆڵ بکات. ئاخر تورکیا بەهیچ کلۆجێک نایەوێت، کورد ڕۆڵی هەبێت. گەورەترین سەرکەوتنێک دیبلۆماسیەتی تورکیا بەدەستی بێنێت (لەڕوانگەی سیاسەتمەدارانی تورکیاوە)، نە پشتیوانی کردنی هەوڵی نێودەوڵەتیە بۆ بەگژاچونەوەی داعش و کەبەڵێنی دابوو، نەدژایەتیکردنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریایە (ئەڵبەتە تورکیا هێڵی سوری زۆری بۆ کێشاو هۆشداری دا لەبەزاندنیان، بەڵام دواتر لێیان پاشگەزبووەوە، وەک چۆن وازی لەداواکاری ڕوخاندنی هێنا)، نەهەنگاونانە بەئاڕاستەی چونە ناو یەکیەتی ئەوروپا.
گەورەترین سەرکەوتنەکان بۆ ئەو قەناعەت پێهێنانی حکومەتەکانی دنیایە (خۆرئاواو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕوسیا)، بەوەی واز لەهەماهەنگی کردن لەگەڵ کورددا بێنن بۆ بەگژاچونەوەی داعش.
ڕەنگە هەبێت بڵێت من زیادەڕۆیی دەکەم و حکومەتی ئێستای تورکیا جیاوازە لەوانی پێشوترو خۆی لەو میراتیە شۆڤێنیە ناچێزە دابڕیوە کە کەمالیزم بەرامبەر بەکورد پەیڕەوی دەکرد.وەلێ‌ ڕووداوەکانی ناو واقیع (ئەوەی پەیوەندی بەڕەفتارە ڕەگەزپەرستانە و ترسناکەکانی تورکیاوە هەیە بەرامبەر بەکورد)، شتێکە بەئەقڵدا ناچێت.
ئەوەی دەگوزەرێت، دەریدەخات هیچ شتێ‌ لەسیاسەتی تورکیادا نەگۆڕاوە. هەتا ئێستاش دروشمی دەوڵەت هەرئەوەیە کەدەڵێت:(بەختەوەر ئەو کەسەیە دەڵێت من تورکم). هەروەها تائێستاش وشەکانی وەزیری دادی کەمالیزمی (ساڵی 1933) دەوترێتەوە: (تەنها تورکەکان سەرداری ئەم وڵاتەن و ئەوانی دیکە- ئەڵبەت مەبەستی کوردان بووە دوای لەناوبردنی یاخی بونەکەیان-، ئەوا کۆیلە و غوڵامی ئێمەن).
گەر لەبەرپرسێکی تورک بپرسیت هۆکاری ئەم ڕەفتارە سەیرە چییە، دەستبەجێ‌ وەڵام دەداتەوەو دەڵێت: (مەسەلەکە پەیوەندی بەتیرۆرەوە هەیە. ئەوان دوژمنایەتی کورد ناکەن، بەڵکو دژ بەهەدەپەن، لەبەرئەوەی هێزێکی تیرۆریستین). 
بەڵام ئەوەڕاست نییە. هەر جموجوڵێک کوردەکان بیکەن، لەڕوانگەی حکومەتی تورکیاوە تیرۆرە: (چونە نێو پەرلەمان، نوسین لە ڕۆژنامەدا، ستران چڕین، سەما، نواندن لەسەرتەختەی شانۆ و ڕەنگە بەرچایی فڕکردنیش)، هەموو ئەوانە تیرۆرن گەر کورد بیانکات.
بەدەر لەوە شتەکانی دیکە ئاساین و دەکرێت بەئارامی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، هەر لەتیرۆرکردنی باڵێۆزەکەی ڕوسیاوە بۆ کوشتارەکەی یانەی شەوانەی (ڕینا)، بۆ سوتاندنی سەربازانی تورک بەزیندووی لەلایەن داعشەوە.
سەروەختێک لەڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری  تورکیایان پرسی: (لەبارەی بەرەی نوسرەوە دەڵێیت چی؟)، لەوەڵامدا وتی: (ئەوانە تیرۆرست نین، بەڵکو بزاوتێکی ئازادیخوازن).ئەو بەرەی نوسرەیەی لەسوریا تەڕ و وشکی پێکەوە سوتاندو هەرزەکارانی لەسێدارەدا، لەبەرئەوەی (بە بۆچونی ئەوان) کوفریان کردووە.
بەلای حکومەتی تورکیاوە، پێناسەی تیرۆر بەپێی کردەوە ناکرێت، بەڵکو بەپێی بکەرەکەی دیاری دەکرێت. هێزەکانی سوریای دیموکرات تیرۆریستن، هەرچەندە تاکە یەک گوللەشیان بەئاراستەی تورکیادا نەتاقاندبێ‌. بە پێچەوانەوە ئەوان لەشەڕی دژ بەداعشدا، قوربانیان بەسەدان لەگەریلاکانیاندا.
هێزەکانی سوریای دیموکرات پارتێکی تیرۆرستی نین، لەبەرئەوەی تیرۆردەکەن، بەڵکو لەبەرئەوەیە پارتێکی کوردین. بەڵام بەرەی نوسرە تیرۆرست نییە، چونکە هێزێکی کوردی نییە. پێشتریش دنیا ئەو لایەنگریەی لە (کۆبانێ‌) بینی. داعش لەشارەکەدا هەرچی کاری ناشیرین بوو ئەنجامی دەدا و دەستی لە مرۆڤ و دار و بەرد نەدەپاراست و ئەو کارانەشیان بەئاشکرا و لەبەرچاوی سەربازانی تورک ئەنجام دەدا (کۆبانێ‌ لەسەر سنوورە).

لە ڕوانگەی حکومەتی تورکیاوە چونە نێو پەرلەمان، نوسین لە ڕۆژنامەدا، ستران چڕین، سەما، نواندن لەسەر

تەختەی شانۆ و ڕەنگە بەرچایی فڕکردنیش, هەموو ئەوانە تیرۆرن گەر کورد بیانکات

کەچی حکومەتی تورکیا هیچی نەکرد، تاڕێگری لەو ڕێکخراوە تیرۆرستیە بکات و نەهێڵێت خەڵک و خوا سەر ببڕن. تەنانەت ڕێگری لەوانەش دەکرد، بەدەم خەڵک و خوای ئەوێوە بچن.سەروەختێکیش هەندێ‌ لەو خەڵکە توانییان هەڵبێن، سنورەکانی بەڕودا داخستن. 
بەدوای ئەوەدا کاتێک گەریلا و شەڕەڤانان، قارەمانانە توانییان بەر بە داعش بگرن و تێکیان بشکێنن و لەکۆبانێ‌ وەدەریان نێن، تورکیا سەرشێت بوو.. بۆیە کەوتە ناڕەزایەتی دەربڕین لەوەی، خۆرئاوا یارمەتی هێزە کوردییەکان دەدات و ئەوەی بەدەست وەردانی دەرەکی دایە قەڵەم و وەک پیلانگێڕیەک بۆ دابەشکردنی سوریا سەیری دەکرد.
ئێستا ئەنکەرە سڵ لەوەناکاتەوە داوا لەوڵاتانی خۆرئاوا بکات، بەشداریکردنی لەئازادکردنی شاری (ڕەقە)دا قبوڵ بکەن، بەمەرجێک کوردەکان دوربخرێنەوە. واتە دەست وەردانی خۆرئاوا پلانگێڕییەک نییە بۆ دابەشکردنی سوریا. 
ئازادکردنی (کۆبانێ‌) کارێک بوو جێی سەرزەنشت و پلانگێڕی بوو، لەبەرئەوەی دانیشتوانی (کۆبانێ‌) کوردبوون. وەلێ‌ ئازادکردنی (مەنبج و باب و ڕەقە)، کارێکی مرۆڤدۆستانەو جوامێرانەیە، لەبەرئەوەی دانیشتوانەکانیان عەرەبن. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار