لووتکەی ناداد پەروەری

7 ساڵ لەمەوپێش



پارێزەر لوقمان مستەفا ساڵح

پێشتر باسی سوود و زیانەکانی لێبووردنی گشتیمان کرد، بەڵام بۆ وەبیرهێنانەوە و ئاگا بوون لەوەی کە هەندێک لەو بەندکراو و سزادراوانە تەنانەت پێش بڕیاری لێبووردنە گشتییەکەش و وە پاش بڕیاری  لێبووردنەکەش، کەسانێکی بێتاوان هەن لە بەندیخانەکاندا ڕاگیراون و تەنانەت هەندێکیان حوکمیش دراون، بەڵام دوای ئەوەی دەردەکەوێت بێتاوانن ئازاد دەکرێن، بەڵام پاش چی.!! دوای چەندین ساڵ ناخۆشی و ئازار و دەردو مەینەتییان لە کونجی زیندانەکان چەشتوەو بەسەر بردووە، کە ئەمە ستەمێکی گەورەیە بە هەست و نەستی مرۆڤەکان دەکرێت. بابزانیین ئایا بەڕاستی کە سانێک هەن لەم چەشنە.!؟ 
بەڵێ زۆرجارگوێبیستی دەیان چیرۆکی سەیر و سەمەرە  لەسەر بێتاوانی فڵانە کەس و فیسارە کەسی بەندکراو  یاخود سزادراو دەبین، بێگومان ئەم دیاردەیە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە کوردستانی خۆیشمانەوە بوونی هەیە، کە هەر یەکەیان بە تۆمەتێک لە کونجی زیندان خزێنراون، یاخوود سزای چەندین ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کەسێکی بێتاوانەو قوربانییەکی دەستی نادادپەروەری کۆمەڵایەتییە و هیچیتر، دادگاش بەناچاری لەسەر ئەو بەڵگانەی کەبەردەستن بڕیاری خۆی داوە . 
وەک باسمان کرد نمونەکان زۆر لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بونی هەیە، بەڵام دیارترینیان ئەوەی کە سەرنجی بەندەی راکێشاوە، ئەو بەندییەی دادگای ویلایه‌تی ڤێرجینیای ئه‌مه‌ریکایە، هاوڵاتییه‌کی به‌ بێتاوان له‌قه‌ڵه‌مدا و ئازادی کرد، دوای ئه‌وه‌ی 38 ساڵ، به‌ تۆمه‌تی تاوانێک له‌ زینداندابوو، که‌ ئه‌و ئه‌نجامی نه‌دابوو.
له‌ رێگه‌ی پشکنینی DNA بێتاوانی کریگ ریچارد، ته‌مه‌ن 70 ساڵ ده‌رکه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ نیوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی له‌ زیندان به‌سه‌ر بردووه‌.
دادگای ویلایه‌تی کالیفۆڕنیا، له‌ ساڵی 1978، سزای زیندانیکردنی تا هه‌تایی به‌سه‌ر ریچارددا سه‌پاندووه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ کوشتنی خۆشه‌ویسته‌که‌ی ته‌مه‌ن 24 ساڵ و کوڕی خۆشه‌ویسته‌که‌ی ته‌مه‌ن 4 ساڵ تۆمه‌تبار کرا.
دوای به‌سه‌ربردنی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ زیندان، پشکنینی DNA بێتاوانی ریچاردی سه‌لماند و به‌ بڕیاری جێری براون، دادوه‌ری ویلایه‌تی ڤێرجینیا ئازاد کرا. لای خۆیه‌وه‌ داواکاری گشتی ویلایه‌ته‌که‌، به‌ فه‌رمی داوای لێبوردنی له‌ ریچار کرد و به‌ڵێنی ئه‌وه‌شیدا، که‌ بکوژی راسته‌قینه‌ی ئه‌و دوو که‌سه‌ بدۆزێته‌وه‌.
هۆکاری تۆمه‌تبارکردنی ریچارد و زیندانیکردنیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ به‌ر له‌ ماوه‌یه‌کی که‌م له‌ رووداوه‌که‌، له‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ی جیابووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش گومانه‌کانی له‌سه‌ر ریچارد زیاتر کردووه‌و تۆمه‌تی کوژرانی خۆشه‌ویسته‌که‌ی و کوڕی خۆشه‌ویسته‌که‌یان داوه‌ته‌ پاڵی.
لەهەمووی کارەسات بارتر گەنجێکی خەڵکی چین، تەمەن 21 ساڵ بە ناوی نی چوتسین، لە رێککەوتی یەکی ئۆکتۆبەر/ تشرینی یەکەمی ساڵی 1994 لەلایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، ئەوەش دوای ئەوەی کە لێکۆڵەرەوەکانی پۆلیسی ئەو کاتە، دڵنیا بوونەتەوە لەوەی ئەو گەنجە لە رێککەوتی پێنجی ئۆگستس/ ئابی ئەو ساڵەدا، دەستدرێژیی کردووەتە سەر کچێک و دواتر کوشتوویەتی.
دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگاش لەوکاتەدا، لە رێکەوتی 15ی مای/ ئایاری ساڵی 1995 سزای لە سێدارەدانەکە، بەسەر ئەو گەنجەدا جێبەجێ کرا.
کەچی دوای گرتنی تاوانبارێک بە ناوی شین وانگ، کە پێشتر زنجیرەیەک تاوانی تری لەو شێوەیەی ئەنجام داوە و لە ئێستادا دانی بەوەدا ناوە، کە ئەو تاوانەی ساڵی 1994یش هەر ئەو ئەنجامی داوە، دەرکەوت کە گەنجە لە سێدارە دراوەکە بێتاوان بووە و لەسەر بنەمای کۆمەڵیک زانیاریی هەڵە لە سێدارە دراوە، بۆیە ئێستە دادگا هەستاوە بە تێهەڵچوونەوەی ئەو بڕیاری لە سێدارەدانەی 21 ساڵ پێش ئێستا و پاشگەزبوونەوە لێی و دەرکردنی بڕیاری ئەستۆپاکی بۆ نی چوتسین.
لە هەرێمی کوردستانی لەمەر خۆیشمان بە دەیان چیرۆکی زیندوو هەن کە هەریەکەو بەشێوازێک دادگا بڕیاری بەند کردنی بەسەردا سەپاندون، بۆ نمونە لە ساڵی 2005دا، پۆلیس کەسێک بەناوی غەفوور قادر بە تۆمەتی کوشتنی منداڵێک دەستگیر دەکات و سزای 10 ساڵ بەندکردنی بەسەردا دەسەپێنێت.

 دوو ساڵ دوای غەفوور، پۆلیس کەسێکی دیکە بە ناوی (س.ق) لەسەر تاوانێکی دیکە دەستگیر دەکات و سزای 20 ساڵ بەندکردنی بەسەردا دەسەپێنێت.  دوای ئەوەی پۆلیس جارێکی دیکە لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی محەممەد سلێمان کرد، دەرکەوت کە (س.ق) بکوژی محەممەدە، نەک غەفوور، بۆیە بڕیاری ئازادکردنی غەفووری دا. 
هەمان شێوە فەرهاد وەدیع، دوای ئەوەی نزیکەی چوار ساڵ بە هەڵە و بە کوشتنی کوڕە خاڵی تاوانبار کرا، رۆژی دووشەممە 20-3-2017، لە زیندانی دهۆک ئازادکرا.
فەرهاد 15 ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو بوو، وەک خۆی دەڵێت، لەژێر گوشاردا بە ناچاری دانی بە کوشتنی زێبار نەزیردا نابوو، بەڵام دوای ساڵێک ئاشکرا بوو کوڕە مامێکی زێبار تاوانبارە بە کوشتن نەک فەرهاد.
وەچەندین کەسیتر بێتاوان هەن کە ساڵ و دو ساڵ و زیاتریش ژیانیان لە بەندیخانە بەسەر بردووە کە تەنها بە شک و گومان حوکم دراون یاخود دەست بەسەر کراون پاشان ئازاد کراون. ئەگەر بە فایلەکانی دادگاکاندا بچینەوە، ئەوە دەیان و سەدان چیرۆکی زۆر خەمناکتر دەبینین و دەبیستین کە پاشان هەر یەکەو بە شێوازێک ئازاد کراون، بێگومان ئەم رێکارە دەرهەق بەو کەسە بێتاوانانە نایاساییە، هەر لەبەر ئەومەبەستەیە کە یاساى قەرەبووکردنەوەى ڕاگیراوان و حوکمدراوان لە کاتى بێ تاوانى و دەرچوونیان لە هەرێمى کوردستان –عیراق کە بە یاسای ژمارە( ١٥ )ساڵی ٢٠١٠ ناسراوە کە لە هەردو مادە (٤ و ٥ )دا هاتوە ئەوکەسانەی کە بەبێ تاوان دەسگیر کراون و حوکم دراون کە سەلمێندرا بێتاوانن ئەوە دەتوانن بەم رێکارە یاساییانە داوای قەرەبو بکەن :
ماددەى چوار..داواکردنى قەرەبوو کردنەوە بەپێى ئەم رێکارانەى خوارەوە دەبێ :- 
یەکەم :- داواى قەرەبوو کردنەوە پێشکەش بەو لیژنانە دەکرێت کە لە دادگاکانى تێهەڵچوونەوە پێکهێنراون و حکومەتیش ئاکامى قەرەبووکردنەوەکە لە ئەستۆ دەگرێت پاش ئەوەى بڕیارى لیژنەکان پلەى کۆتایى وەر دەگرن .
 دووەم:  بەپێى ئەم یاسایە پاش تێپەڕبوونى ساڵێک بە سەر وەرگرتنى بڕیارى ئازاد کردن یان حوکمدان بەبێ تاوانى پلەى کۆتایى گوێ لە داواکارى قەرەبوو کردنەوە ناگیرێ .
سێیەم : مافى قەرەبوو کردنەوە لە کاتى مردنى خاوەن ماف تەنها بۆ هاوسەر و منداڵ و دایک و باوک دەگوازرێتەوە .
ماددەى پێنج..یەکەم : قەرەبوو کردنەوەى ئەدەبى لەسەر بنەماى ئەو ئازار و ناخۆشییانە دەخەمڵێنرێ کە زیان پێکەوتوو تووشى هاتووە و ئەوەى کە کارى لە ناوبانگ یان پێگەى کۆمەڵایەتى یان وەزیفى کردووە .
دووەم : قەرەبووى ماددى لە سەر بنەماى ئەوەى لە دەستى چووە و ئەو زیانەى لە ماوەى گلدانەوە یان گرتن یان حوکمدانەکەى دەخە مڵێندرێ .
سێیەم: پێویست لەسەر ئەنجومەنى دادوەرى بڕیارەکانى حوکمدان بە بێ تاوانى (برا‌وه‌) و ئازادکردنى ئەو کەسەى بێتاوانە دەسەلمێندرێ یان ئازاد دەکرێت لە دوو ڕۆژنامەى ڕۆژانە ى هەرێمدا بڵاو بکاتەوە .
لێرەدا ئەوەمان بۆ رون دەبێتەوە کە دادگا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان بەوەدا دەنێت کە بریارێکی داوە هاوسەنگ نیە لەگەڵ مادە یاساییەکاندا، ویژدانی دادوەرەکانیشس پێوەرێکی ترە بە ئاراستەی نەبونی بەڵگەی تەواو و سزایەکی جەستەیی و دەرونی کەسی بەند کراودا، هەروەکو چۆن بەبڕیارێک حوکمی بەسەردا سەپاندون کە دەردەکەوێت کەسێکی بێتاوانە بەهەمان شێوە دادگا بڕیاری ئازادکردنیان دەدات لەڕێی دادگاوە، بەڵام بەشێوەی پێداچونەوە بە بڕیاڕێک حوکمەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە، هەر بۆیە یاساناسان پێوەری قەرەبووکەرەوەیان داڕشتووە بۆ کەسی ستەملێکراو کە ڕەنگە کەمێک لەو ئازار و نەهامەتییەکەی کە بەسەر کەسی زوڵم لێکراوادا هاتوە لانی کەم هەندێک لەئازارەکانی کەم کاتەوە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار