بۆریس جۆهانسۆن کێیه؟
5 ساڵ لەمەوپێش
دڵشاد تاڵەبانی
ناوی تەواوی ئەلکسەندەر بۆریس جۆهانسۆن (Alexander Boris de Pfeffel Johnson)، ناسراوە بە بۆریس جۆهانسۆن. لە ١٩/ ٦/١٩٦٤ لەنیویۆرک لەدایکبووە. تا ٢٠١٦ جنسیەی بەریتانی و ئەمریکی هەبووە. لە ٢٠١٦ وازی لەجنسیەی ئەمریکی هێنا پاش ئەوەی بوو بەوەزیری دەرەوەی بەریتانیا.
ئەسڵی تورکە، باپیرە گەورەی (علی کەمال) لەمارس تا مەی ١٩١٩ وەزیری پەروەردەو پاشان تا ١٩٢٢ وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی عوسمانی بووە، پشتگیری ئینگلستان بووە. پاش گرتن و فڕاندنی لەلایەن چەکدارانی نوری پاشاو بردنی بۆ ئەنقەرە لەبەر دژایەتیکردنی بۆ ئەتاتورک، ئەویان لەئەنقەرە دادگایی کرد بەناوی خیانەتی مەزن ( الخیانە العڤمی)و خەڵکیان هاندا بۆ ئیهانەکردنی لەپاش دادگایکردنی و بەفەرمانی ئەتاتورک بەشێوەیەکی دڕندانە کوشتیان، کوڕەکەی بەناوی (عوسمان عەلی ) رایکردووە بۆ لەندەن و ناوی خۆی گۆڕی بۆ ڤیلفرید جۆهانسۆن (Wilfred Johnson ) بۆ وەرگرتنی جنسیەی بەریتانی. کچی بنەماڵەیەکی یەهودی لیتوانی خواستووە کە لە ١٨٩٢ رایانکردووە بۆ نیویۆرک و لەوێ بوون بەسەرمایەدار. کوڕەکەی تری عەلی کەمال (زکی)، کە مابووەوە، لەزەمانی عیسمەت ئەنونو مەرکەزی لەوەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەرگرتووە .
باوک و باپیری ئەم ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپی بوون لەلایەن ئینگلستانەوە، باپیری لەدایکەوە سەرۆکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ بووە لەپەرلەمانی ئەوروپا. ئەم ١٩٧٣ –١٩٧٧ لەبرۆکسل خوێندویەتی، لەوکاتە بە (راخێل)ی خوشکی وتەوە کەدەیەوێت ببێتە پادشای هەموو جیهان. لە ١٩٧٨ بووەتە پرۆتستانت (لەکەنیسەی ئینگلستان) کە لەژێر سەرپەرشتی دەوڵەتدا بووە بەدوور لەویستی دایکی کە کاتۆلیک بووە. لە ١٩٨٢ -١٩٨٣ لەکەپیاردی ئوسترالیا خویندویەتی. لە گیلۆنگ گرامەر سکول دەرسی ئینگلیزی و لاتینی وتووەتەوە. لە ١٩٨٣- ١٩٨٧ لەئۆکسفۆرد زانستی رابردوی کۆنی خوێندوە. پاش ئەوە لەچەند رۆژنامەی لۆکاڵی و پاشان دیلی تلگرام کاری کردووە. لە ١٩٩٣ بەولاوە لەچەند بەرنامەی تەلەفزیۆنی دەرکەت لەبواری جیادا. هەر لەو کاتەوە روویکردووەتە سیاسەت. لە ١٩٩٩– ٢٠٠٥ خاوەنی گۆڤاری سپیکتاتۆر ( The spectator ) بووە . لە ١٩٩٢ لەبرۆکسل پۆرتیل پرسیاری لەژنەکەی داهاتوی (ماریانا ویلەر) دەربارەی ئەو کردووە، لە وەڵام وتوویەتی تا بڵێیت دڵڕەقەو تموحیشی بی ئەندازەیە، لە١٩٩٤پاش جیابوونەوە لەژنی پێشوی، هاوسەرگیرییان کردووەو لە ٢٠١٦ جیابوونەتەوە. لە ٢٠٠٤ لەسەر تێکستێک لەگۆڤاری سپیکتاتۆرسکەنداڵیک دروستبوو کەئەو خاوەندارێتی دەکرد. هەر لە ٢٠٠٥ تائێستا گۆشەیەکی هەیە لە رۆژنامەی دیلی تەلگراف و سالانە (٢٥٠٠٠٠) پاوەنی ئینگلیزی بۆ دێت ، کەئەو ناوی دەنێت خەرجیەکی بچوک! لە ٢٠٠٨ – ٢٠١٦ سەرۆکی شارەوانی لەندن بووە، کە بەرامبەر بە سدیق خانی پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکرات دۆڕاندویەتی . لە ٢٠١٦ – ٢٠١٨ وەزیری دەرەوەی ئینگلستان بووە، لە ٢٣ی تەمموزی ٢٠١٩ شوێنی مەی گرتەوە لەپارتی موحافزکاران و بەتوندڕەو بەرامبەر بەدەرچوون لەیەکێتی ئەوروپاو ناسیۆنالیستی ئینگلیزی دژ بەبیانی شەرقی ناسراوە (هەرچەند رەچەڵەکی خۆشی تورک و رۆژهەڵاتییە). چەندجار پێشنیارو بڕیارەکانی سەبارەت بە (برکزیت: دەرچونی بەخێرای بێمەرج لەیەکێتی ئەوروپا) لەپەرلەمان شکستی هێنا، ویستی مۆڵەتی ئیجباری بەسەر پەرلەماندا بسەپێنێت بۆ دەربازکردنی بڕیارەکەی ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دوو جار داوای بۆ هەڵبژاردنی پێشکات رەتکرایەوە، بۆ جاری دوایی سەرکەوت و لەهەڵبژاردنی دیسەمبەری ٢٠١٩ زۆرینەی پەرلەمانی هینا . رێگای بۆ چۆل بوو بۆ دەرچوونی خیرا لەیەکێتی ئەوروپا، هەرچەندە ئەوە ئەوەندە ئاسان نیەو رەنگە ئینگلستان تووشی قەیرانی ناوخۆو ئابوورییش بکات.
باس لەوە دەکرێت، کە جلوبەرگی زۆر پەرپووتە، قژی ئاڵۆسکاوە، توندڕەوە بەرامبەر بەبیانی و بەتایبەت رۆژهەڵاتی و ئیسلام. بەشێک لە راگەیاندنەکان وەک ( مهرج ) باسی دەکەن. پۆپۆلیستە. چەند خاڵی لەسەرە ، یەکێک لەوانە کە راپۆرتێکی لەمەجەرەکانی مێزەکەیدا لە ٢٠١٣ شاردووەتەوە لەسەر پییسی هەوای لەندن، بەتایبەت گەڕەکە هەژارەکان، کە لەکاتی سدیق خان دۆزراوەتەوە. تائێستاش لەدیلی تەلگرام ساڵانە (٢٥٠٠٠٠) پاوەنی ئینگلیزی وەردەگرێت.