بەڵێن هیوا راستی

سامانى وه‌ستا به‌کر

5 ساڵ لەمەوپێش



سامانى وه‌ستا به‌کر

بەگشتی بەڵێنی باو بۆ ساڵی نوێ لەکۆی جیهانا لەیەک ئەچێت و هەموو مرۆڤەکان هاوشێوە ئاواتەخوازی ژیانێکی شایستەترو پڕخۆشی و بەپێزترن، هەربۆیە بەشێکی زۆری خەڵکی بەڵێنی وازهێنان لەجگەرە، خواردنەوە کهولییەکان و مادە هۆشبەرەکان و لەبری ئەوە وەرزش و خواردنی تەندروست ترو رێگەو چارە تەندروستییەکان دەدەن.

بەشێکیش بەڵێنی بەدەستهێنانی پلەیەکی باڵاتر لەڕێگای بەردەوامی و برەوی زیاتر بەخوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵاو هەندێکیش بەگۆڕینی کارو بەدەستهێنانی هەلی کاری نوێ و سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی دەدەن.

واباوە لەدنیادا و بەتایبەت لەکۆمەڵگەی رۆژئاوادا کە پێداچوونەوە بۆ ساڵی رابردوو و بکرێ و کارە باشەکان برەو پێببرێ و هەڵەکان دووبارەنەکرێنەوەو  لەپاڵ ئەوانەشدا چەندین بەڵێن ئەدرێ تا لەساڵی نوێدا جێبەجێ بکرێ، لێرەوە ئەڕوانینە بەڵێنەکانی  رۆژئاواییەکان و کوردیش بۆ ساڵی نوێ وەک بەراوردێک لەنێوان دوو تاکی دوو کۆمەڵگەی جیاواز.

سەرەتا تەنها بواری گواستنەوەو باخچە و فێرگەکانی مناڵان و خانەنشینان لەکۆمەڵگەی رۆژئاوا بەنمونە وەرەگرین:

*زیاد کردنی باج لەسەر گواستنەوەی ئاسمانی و کەمکردنەوەی لەسەر هێڵی شەمەندەفەر بەو پێوەرەی کەهێڵی شەمەندەفەر کەمتر زەرەرمەندە بۆ ژینگە.

*زیادکردنی باج لەسەر سوتەمەنی بەنزین و گاز بۆ هاندانی بەکارهێنانی ئامێرەکانی گوستنەوەی کارەبایی و هێڵی گواستنەوەی گشتی بۆ پاراستنی ژینگە.

*دروستکردنی چەندین شەقام، هێڵی شەمەندەفەرو پرد بۆ ئاسانکاری گواستنەوە و کەمکردنەوەی کاتی گەشتەکان و تێچووی کەمتر.

*سازاندن و گونجاندنی کۆی رێگاوبانەکان بۆ ئامێرە جۆراوجۆرەکانی گواستنەوە وەک تاکسی، پاس، میترۆ، ئۆبان و شەمەندەفەر کە بەبێ شۆفێر دەکەونەگەڕ.

*کەمکردنەوەی باج لەسەر پاسکیل بۆ دابەزاندنی نرخ و تەرخانکردنی شۆستەی زیاتر بۆ کارهێنانی بەمەبەستی ژینگەپارێزی.

*کەمکردنەوەی ژمارەی مناڵانی باخچەی ساوایان و فێرگەکان لە 24 مناڵەوە بۆ 21و زیادکردنی مامۆستا و چاودێریکەری لە دوو کەسەوە بۆ سێ کەس بەجۆرێک بۆ هەر حەوت مناڵێک کەسێکی گەورە چاودێریکەرو فێرکەریانبێ تاکاتی تەواوی هەبێ بۆ فێرکردن و وەڵامدانەوەی پرسیاری مناڵان و پاراستنیان لەکاتی یاری و گەمەی نێوانیان.

*کەمکردنەوەی باج لەکۆی لەسەر مووچەو کۆی بوارە جۆراوجۆڕەکانی پێویستی ژیان لەسەر خانەنشینان بۆ باشکردنی ژیانیان لە باشەوە بۆ باشترو پێزانین و ئەمەک بۆ ئەو خزمەتەی پێشتر کردوویانە

*پێشنیار بۆ بەرزکردنەوەی کاتی خانەنشینکردن لە 65 ساڵەوە بۆ 68 بەوپێیەی مرۆڤەکانی ئێستا لەڕۆژئاوا زیاتر ئەژین و تەندروستییان لەڕابردوو زۆر باشترە بەهۆی خۆشگوزەرانی و ئاسانکاریەکانی حکومەت بۆ کۆمەڵگە.

ئێمەی کوردیش بەتایبەت لەباشور هیواو ئاوت و بەڵێنەکانمان تەنها بۆ راستکردنەوەی خراپەکاریەکانی دەسەڵاتدارانن کەجێبەجێکردنی دەبێتە هۆکاری خۆشگوزەرانی و کەمکردنەوەی ئەو بار قورسییەی بەسەر ئەستۆی دانیشتوانی وڵاتەوەیە، چونکە دەسەڵاتداران بەجۆرێک کاریانکردووە کەخەڵکی تا ئاستێکی زۆر دەستبەرداری ئاوات و ئامانجە کەسییەکانیان بوون و هیواکانیان بە چاکسازییە گشتیەکاندا هەڵواسیووە. بەشێک لەئامانج و ئاواتی تاکی کوردی باشور بۆ ساڵی نوێ بەم جۆرەیە:

*پێداچوونەوە بۆ مێژووی کۆن و نوێ کەئاودامانە لەهەڵە و وەک نەنگی و شەرم لێی ئەڕوانین و رێ بەدووبارەبوونەوەی نادەین.

*پشتکردن لەمێژووی کۆن و نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ  لەسەرکەوتن دروست دەکەین.

*هەموومان پێکەوە خەونی چاکسازی و چاکردنی وڵات دەبینین و کاریشی بۆ دەکەین.

*تۆوی دووبەرەکی بنبڕو بنکۆڵ دەکەین و لەشوێنیاندا برایەتی و خۆشەویستی دەچێنین.

*چیتر خیانەت لەخاک و لەیەکدی و لەخۆشمان ناکەین و تەحریم و تەجریمی دەکەین.

*حزبە کوردییەکان ببن بەحزبی مۆدێرن و دوورکەونەوە لەباڵادەستی خێزان و  رێگە بەخەڵک و کادێرە بەتواناکان بدەن ببن بەڕێبەری حزب نەک کوڕی بەرپرس.

*لەهەڵبژاردنەکاندا تەزویرو دەستتێوەردان ناکەین و  رێز لەئەنجامەکانیشی دەگرین.

*چیتر پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەڵبژاردندا لەچین ناباتەوەو پێشی خۆشە قەبارەی خۆی وەک خۆی ببینێ.

*چیتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکاتی کەمی بەدەستهێنانی دەنگدا لەدوای هەڵبژاردن بەهانە ناهێنێتەوەو مێژووی خەباتی کۆن و خۆێنی شەهیدان ناگرێ بەشاهیدو  بۆ مانەوە لەدەسەڵات.

*بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتاوە یان ئۆپۆزسێۆنی راستەقینە دەبێ و بەشداری لەحکومەتدا ناکات ئەگەر براوەی یەکەم نەبێ.

*یەکگرتووی ئیسلامی لەهەژموونی ئەردۆغان و ئیخوانەکان دێنەدەرێ و چیتر نابن بەکۆڵەکە بۆ نەکەوتنی ئەردۆغان.

*کۆمەڵی ئیسلامییش یەکلا دەبن لەنێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و نیشتمان و نەتەوە پیرۆزتر دەکەن لەدین و لەبەر سروودی ئەی رەقیبدا بەپێوەو دەست لەسەر سنگ رادەوەستن.

*کۆی حزبە سێبەرو باڵکراوەکان یان خۆیان هەڵەوەشێننەوە یان دەبن بەخاوەنی خۆیان نەک کلکی گەورەکان.

*کورد یەک دەبێ لەڕووبەڕووبوونەوەی دوژمندا.

*نێچیرڤان بارزانی بەڵێن دەدا کەچیتر پارێزەری بەرژەوەندییەکانی تورکیا نەبێ لەسەر حسابی هەرێمی کوردستان.

*کارێک دەکەین کەنەتەوە کوردستانیەکانی تری ناو کوردستان لەخۆمان زیاتر پەرۆشی گەڕانەوە سەر هەرێمی کوردستان و پێکەوە ژیان بکەن لەگەڵمان.

*جارێکی تر گرەو لەسەر خاک ناکەین و نیشتمان ناخەینە دەنگدانەوەو لەبەر پۆست و ناکۆکی ناوخۆ خیانەتی نیشتمانی ناکەن.

*بەڵێن دەدەین کەچیتر پێش هێزی داگیرکەر نەکەوین و دەستی دوژمن نەگرین بۆ داگیرکردنی خاکی نیشتمان.

*هێزی پێشمەرگەی نیشتمانی لەژێر باڵی وەزیرێکی بێلایەن و مەدەنی و پیشەگەر بۆ وەزارەتی پێشمەرگە  دروست دەکەین بەجۆرێک پەروەردەیان دەکەین کەتەنها رووی تفەنگەکانیان لەدوژمن بێ نەک خەڵک و خۆپێشاندەر.

*پۆلیس و ئاسایش و دەزگای هەواڵگرو کۆی هێزە چەکدارەکانی ناوخۆ سەر بەوەزارەتی ناوخۆ دەبن و لەژێر فەرمانی وەزیرێکی بێلایەن و مەدەنی و پیشەگەر.

*پارتی و یەکێتی بوارێک بەخۆیان بدەن و دەست لەحکومەت بەردەن و رێگەبدەن لایەنەکانی تر حکومەت پێکبهێنن و چێژ لەخەباتی ئۆپۆزسیۆنبوون وەرگرن و لەو ماوەیەداو بەهەڵەکانی 29 ساڵ شکستی حکومڕانیاندا بچنەوەو ئەزموونی لێوەرگرن.

ئەگەر ئەم ئاواتانەمان ببنە ڕاستی ئەوا بوارەکانیتری ژیان بێ کێشە ئەبن و مووچە و کارەبا و نەوت و ڕێگاوبان وخزمەتگوزاری نابنە ئاواتی کۆمەڵگە بەڵکو کۆمەڵگە خەونی گەورەتر بۆ ژیانێکی شایستەتر ئەبینێ و مێژوومان ئەبێ بە شانازی نەک پڕ تەڵەکەبازی.

لێکۆڵەرەکان دوای ساڵانێک لەبەدواداچوون و پشکنین گەشتنە ئەو باوەڕەی کەشکاندنی بەڵێن بۆ ساڵی نوێ هۆکارەکەی ئەوەیە کەمرۆڤەکان توانای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیان نیە کە دوورن لەتواناکانی خۆیانەوە واقیعی نین، یان لەکاتی هەوڵدانی ئەو بەڵێنانەیدا تووشی گرفتی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری یان تەندروستی بوون و هەندێک جاریش بەهۆی ئیهمالی و گوێنەدانەوە بەڵێنەکانیان بۆ نەگەینراوەتە کۆتایی، هەروەک چۆن کچان و ژنان زیاتر پابەند دەبن بەبەڵێنەکانیانەوە کەزیاتر پەیوەستە بەجوانکاری و رێکپۆشی و کوڕان و پیاوانیش بەو بەڵێنانەی کە دەیانگەیەنێتە پلەویایەیەکی بەرزترو کارێکی باڵاتر.

ئەوەی جێگای سەرنجە لەو لێکۆڵینەوەیەیدا کەحکومەتە دیموکرات و مافپاریزەکان هەمیشە لەهەوڵی جێبەجێکردنی سەد لەسەدی بەڵێنەکانیانن بەپێچەوانەی حکومەتە دیکتاتۆرەکان کەنەک هەر بەڵێن جێبەجێ ناکەن، بەڵکو هیچ پابەندییەکیان نیە بەهۆی بێبەرنامەیی و بێپلانی.

ئاخۆ حکومەتەکەی خۆمان لەکام جۆرەیان بێ؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار