‌که‌س بیرى (مهاتما غاندی) ناکات!!

5 ساڵ لەمەوپێش



شوان ئه‌حمه‌د

گه‌ر به‌حیساباتى پوختى مانگ و ساڵ و ڕۆژمێرى مێژوو بێت، ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ جێى هێشتووین.

بۆ مێژوو، ئه‌و ڕۆژه‌ى ئه‌و دونیا جێدێڵێت تائێستا ( ٢ – ئۆکتۆبه‌ر – ١٨٦٩ بۆ ٣٠ – کانوونى دووه‌مى – ١٩٤٨)، چاوتروکانێکه‌.

خه‌بات و هه‌وڵى بێوچانى ئه‌و له‌سه‌ده‌ى بیسته‌مدا بوو، که‌چى به‌جۆرێک بیرچۆته‌وه‌ و ته‌پوتۆزى فه‌رامۆشى له‌سه‌ر نیشتووه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ له‌چاخى به‌ردین و له‌سه‌رده‌مه‌ زۆر دێرینه‌کان دا ، ژیابێت.

ڕه‌نگه‌ ئاسایى بێت له‌م دونیا پێ‌ له‌ڕق و کینه‌و بوغزو خوێن و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و (یاساى چاو به‌چاوه‌)دا، که‌س بیرى مرۆڤێکى نه‌مێنێت که‌(ناتوند و تیژی)، سیاسه‌ت و ستراتیژ و ئایدیا و فه‌لسه‌فه‌ى ژیانى بوو.

(مهاتما غاندی) له‌نێو ماجه‌راى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ پێ‌ هه‌را و زه‌نا و شه‌ڕه‌ بێئامان و شۆڕشگێڕه‌ توڕه‌و ڕادیکاله‌کان دا ون بوو، یان ڕوونتر بڵێین زۆر به‌ئاسانى بوو به‌ژێر ده‌ست و پێى ئه‌وانه‌وه‌ که‌تینووى تۆڵه‌کردنه‌وه‌و شه‌ڕو کوشتن و خوێن و یاساى (چاو به‌چاو) بوون.

له‌دنیاى ئێمه‌شدا که‌توندوتیژى بێ ڕه‌حمانه‌ى وڵاتانى سه‌رده‌ست تاسه‌ر ئێسقان سمیویه‌تی، ئه‌وه‌ى سیمبولى ئازادى و سه‌رفرازى بووه‌ له‌لامان، هه‌موو که‌سێک بووه‌ (غاندی) نه‌بێت، هه‌موو ئایدیۆلۆژیاو فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بووه‌، ئایدیاو فه‌لسه‌فه‌ى (ناتوند و تیژی) نه‌بێت.

ئێمه‌ ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت عاشق و هه‌وادار و لایه‌نگرى ( گیڤارا و  کاسترۆ و لینین  ماوتسى تۆنگ و  کارلۆس و جه‌مال عه‌بدولناسر و ستالین و هتله‌ر و کێ و کێمان )زۆر بووه‌، وه‌لێ که‌سمان نه‌بینى سه‌رو کارى له‌گه‌ڵ(غاندی) و میراتى فیکریى ئه‌ودا هه‌بێت و (ناتوند و تیژیه‌که‌ی) ، ئه‌وى کردبێته‌ به‌رنامه‌ى ئازادى و به‌رخودان.

(مهاتما گاندی) توانى به‌واقعى و له‌واقعدا، هندستانێکى گه‌وره‌و گران و سیاچاره‌، له‌ژێر بارى به‌هێزترین کۆلۆنیالیزمى جیهانى دا ده‌ربهێنێت ، ئه‌و پرۆسه‌یه‌شى به‌خه‌باتى (ناتوند و تیژی) به‌ئه‌نجام گه‌یاند.

ئێستا له‌م دونیایه‌دا که‌خوێن و مه‌رگ و وێرانکارى هه‌موو لایه‌کى ته‌نیووه‌، که‌س بیرى (غاندی) ناکات. ئه‌و دنیایه‌ى له‌هه‌موو که‌س زیاتر، پێویستى به‌لێبورده‌یى و حیکمه‌ت و هه‌نگاوه‌کانى ئه‌و هه‌یه‌، تا برینه‌کانى ساڕێژ بکات و له‌م سه‌رشێتییه‌ ده‌رى بێنێت.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار