بۆشاییە دەستورییەکانو چارەنووسی ئایندەی عێراق
5 ساڵ لەمەوپێش
ئومێد جاف
دەستوور دایکی یاساکانی وڵاتە، بنەما سەرەکیەکانی شێوازی دەوڵەتداری و سیستمی حوکمڕانی و دەسەڵاتە گشتیەکان رێکدەخات لەرووی پێکهاتە و تایبەتمەندی و پەیوەندی نێوانیان. سنوری هەریەک لەدەسەڵاتەکان و ماف و بەرپرسیاریەتی تاک و کۆمەڵە و گرەنتیان لەبەرامبەر دەسەڵات جێگیر دەکات. دەسەڵاتەکانی دەوڵەت بریتین لەدەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، هەرچی دەسەڵاتی یەکەم و دووەم پەیوەندیەکی باش لەنێوانیان هەیە لە رووی هاوکاری و چاودێری لە سیستمی پەڕلەمانیدا. بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەناوی دەسەڵاتی یاسادانانەوە دێتە بوون و ملکەچە بۆ چاودێری ئەو دەسەڵاتە. کاتێک یەکێک لەو سێ دەسەڵاتە نەتوانێ ممارەسەی تایبەتمەنیدیەکانی خۆی بکات بۆشایی دەستوری دروست دەبێ.
جێگەی پرسە بارودۆخی وڵات و پێشێلکاریە دەستووریەکان لەئەنجامی ململانێی توندی هێزەکان سەرچاوەی گرتووە یاخود لەبەرژەوەندی شەقام و رێزگرتن لەئیرادەیان پێشێلکاریە دەستوریەکان هاتنە بوون، ئەگەر هەڵوێستەیەک بکەین لەگۆڕانکاریەکانی چەند مانگی رابردوو، دەردەکەوێت کە (٢٥)ی ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠١٩) رۆژێکی مێژووییە بۆگەلانی عێراق، کە خۆپیشاندەران بەخۆپیشاندانی ئاشتییانە دەستکەوتی زۆر گەورەیان بەدەستهێنا، بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو راستیەی کە پاکێچی خۆپیشاندەران سیستەماتیکەو کاری لەپێشینەیان بۆ گۆڕانکاریە لەسیستەمی حوکمڕانی وڵاتدا. لەژێر فشاردا ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی (١٥) ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگا نەبەستراوەکان بەهەرێمێک بدات، پێداچوونەوە بە ئیمتیازاتی سەرۆکایەتیەکان و رێکخستنەوەیان بەیاسا، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یاسای خانەنیشینی. دەرچوواندنی یاسایی نوێ لەجێگەیان. دواتر دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ (عادل عەبدولمەهدی) لە (٢٩/١١/٢٠١٩).
رێکارە شکستخواردووەکان بۆ راسپاردنی پاڵێوراوێک بۆ پێکهێنانی حکومەت لەماوەی دەستوریدا، ئەم هەنگاوانەی تێپەڕاند.
* ئەنجومەنی نوێنەران لەدانیشتنی ئاسایی خۆیاندا لە رۆژی (١/١٢/٢٠١٩) دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکراو لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرا. پاشان بەنووسراویان ژمارە (١٣٠٣لــە ٢/١٢/٢٠١٩) کە ئاراستەی بەرێز سەرۆک کۆماری عێراق کراوە، داوای راسپاردنی پاڵێوراوێک دەکەن بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی (١٥) رۆژ بەپێی رێکارەکانی ماددە (٧٦) لەدەستوری عێراق.
* سەرۆک کۆمار لەدوای زیاتر لە (١٥) رۆژ لە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەنووسراوێکی بێ ژمارە لە (١٥/١٢/٢٠١٩) داوای روونکردەنەوە لەئەنجومەنی نوێنەران دەکات، بەدیاریکراوی و دەڵێ: «ئاگادارمان بکەن بەگەورەترین فراکسیۆن کەتۆمارکراوە لەدانیشتنی یەکەمی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران» واتە خولی چوارەمی ساڵی (٢٠١٨).
* سەرۆک کۆمار لەناوەرۆکی نووسراویان لە (١٥/١٢/٢٠١٩) کە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردوە، داوای ناوی گەورەترین فراکسیۆنی تۆمارکراو لەدانیشتنی یەکەم بەدیاریکراوی دەکات، لەکاتێکدا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیمان هەیە بەژمارە (٢٥/ اتحادیه/٢٠١٠ لــە ٢٥/٣/٢٠١٠) دەرچووە بۆ تەفسیری فراکسیۆنی زۆرینەو بڕیاری ئەو دادگایە کۆتاییەو تانەی لێنادرێت بەپێی ماددە (٩٤)ی دەستور.
* سەرۆک کۆمارلەناوەرۆکی نووسراویان لە (١٥/١٢/٢٠١٩) کە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردوە، ئاماژە بەوە دەکات کە نووسراوی ژمارە (١٣٠٣لــە ٢/١٢/٢٠١٩)، لە (٤/١٢/٢٠١٩) گەشتووە بەدەستیان، مەبەست لەم ئاماژەیە لەبەرچاوگرتنی ماوەی یاساییە بۆ راسپاردنی پاڵێوراوێک لە (١٥) رۆژدا.
* شێوازی پێشکەشکردنی ئیستقالەی سەرۆک وەزیران یاسایی نەبوو: سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ پێویست بوو لەکاتی ئاراستەکردنی ئیستقالەی (عەبدولمەهدی) بۆ بەخشینی پۆستەکەی بەسەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵوێستەی وەربگرتایە. لەبەرئەوەی پێشتر (عەبدولمەهدی) لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە راسپێردراوە بەپێی ماددەی (٧٦) لەدەستوور، هەروەها بەپێی رێکارە یاساییەکان کە لەپەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٢ ساڵی ٢٠١٩) دیاریکراوە، پێویست بوو نامەی دەستلەکارکێسانەوەکەی ئارستەی بەڕێزیان بکرایە، کە بەدیاریکراو لەماددە (١٨/ یەکەم: یقدم الرئیس گلب اعفائه من منصنه الی رئیس الجمهوریه) هاتووە، کە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق ژمارە (٤٥٣٣ لــە ١٨/٣/٢٠١٩) بڵاوکراوەتەوە.
* سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە نووسراویان ژمارە (م/ر/١٣٣٨ لــە ١٦/١٢/٢٠١٩) وەڵامی نووسراوی بێ ژمارەی سەرۆک کۆمار لە (١٥/١٢/٢٠١٩) دەداتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کەپێشتر بەنووسراویان (م/ر/٢٥٣٥ لــە ٢/١٠/٢٠١٩) ئاگاداریانکردوون بەناوی فراکسیۆنی زۆرینە کەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشو (عەبدولمەهدی) پێ راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
* سەرۆک کۆمار داوای روونکردنەوە لەدادگای باڵای فیدراڵی دەکات بە نووسراویان ژمارە (٤٠٢٠ لــە ١٩/١٢/٢٠١٩). دادگای فیدراڵی بە بڕیاریان ژمارە (١٧٠/ اتحادیه/٢٠١٩ لــە ٢٢/١٢/٢٠١٩) رای خۆیان دەردەبڕن، لەناوەرۆکی بڕیارەکەیاندا دووبارە ئاماژە بەبڕیاری پێشویان بەژمارە (٢٥/ اتحادیه/٢٠١٠ لــە ٢٥/٣/٢٠١٠) جەخت لەسەر ناوەرۆکەکەی دەکاتەوە.
* سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەنووسراویان ژمارە (م/ر/١٣٦٠ لــە ٢٣/١٢/٢٠١٩) فراکسیۆنی زۆرینە لەئەنجومەن بەهاوپەیمانی (بنیادنان) دیاری دەکات، کە پاڵیوراوەکەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڕێز (ئەسعد عیدانی) پارێزگاری بەسرەیە.
* سەرۆک کۆمار لەنامەیەکی فەرمی لە (٢٦/١٢/٢٠١٩) کە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە، دەڵێ؛ ناتوانم (ئەسعەد عیدانی) کاندیدی ھاوپەیمانیی (بنیادنان) رابسپێرێم بۆ پێکھێنانی حکومەت، هەروەها ئامادەیی پیشاندەدات بۆ دەست لەکارکێشانەوە لەپۆستەکەی، لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای گەل کە وادەخوازێت ملکەچی خواستی گەل بێت.
* سەرۆک کۆمار لەناوەرۆکی نامەی رۆژی (٢٦/١٢/٢٠١٩) کە ئامادە نیە (ئەسعەد عیدانی) کاندیدی ھاوپەیمانیی (بنیادنان) رابسپێرێت، هەروەها ئامادەیی پیشاندەدات بۆ دەست لەکارکێشانەوە لەپۆستەکەی. واتە لەماوەی دەستوری کە لەماددە (٧٦) دیاریکراوە بە (١٥) رۆژ، سەرۆک کۆمار نەیتوانیوە یاخود امتناعی کردووە لە راسپاردنی کاندیدی فراکسیۆنی زۆرینە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
بەردەوامی حکومەتی کاربەرێکەری (عەبدولمەهدی) پێچەوانەی دەستوورە!
* پاڵپشت بەدەقە دەستورییەکان و بەهەماهەنگی دەسەڵاتەکانی نێوان سەرۆکی کۆمارو ئەنجومەنی نوێنەران، دەتوانرێت دووبارە حکومەتی داهاتووی عێراق پێکبهێنرێت، لەماوەیەکدا کە لە (٣٠) رۆژ تێپەڕنەکات، بەپێوەر(قیاس)ی ماددە (٦١/ هەشتەم/ د: لەکاتی متمانە کێشانەوە لەئەنجومەنی وەزیران هەموو پێکەوە، سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان لەپۆستەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بەڕێکردنی کاروباری رۆژانە بۆ ماوەیەک کە لە سی (30) رۆژ تێپەڕنەکات، تاوەکو پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیرانی نوێ، بەپێی بڕگەکانی مادەی (76)ی ئەم دەستورە).
* سەرۆک کۆمار دەبوو جێگای سەرۆکی حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی (عەبدولمەهدی) بگرێتەوە، پاش تێپەڕبوونی ماوەی (٣٠) رۆژ لەبەرواری وازهێنانی، بەپێی دەستوور کە لەماددە (٨١/ یەکەم: سەرۆک کۆمار جێگای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەگرێتەوە لەکاتی چۆڵبوونی ئەو پۆستە لەبەر هەر هۆیەک)، بەپێوەری ماددە (٦١/ هەشتەم/ د)، واتە پاش تێپەڕبوونی ماوەی (٣٠) رۆژ لەبەرواری وازهێنانی (٢٩/١١/٢٠١٩)، چونکە یاساناسان رایان وایە کەوازهێنانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێویست بە رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران ناکات، گریمان لە رۆژی پەسەندکردنی ئیستقالە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرین لە (١/١٢/٢٠١٩) کۆتا رۆژی حکومەتی کاربەڕێکەر تا (٣١/١٢/٢٠١٩) دەبێت.
* لەگەڵ تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، نزیکبوونەوە لەکۆتایی ماوەی ممارەسەکراوی حکومەتی کاربەڕێکەر لە دەسەڵاتەکەی، سەرۆکی کۆماری عێراق ئامادەیی پیشاندەدات بۆ دەستلەکارکێشانەوە، بەمەیش عێراق ناتوانێت بەسانانی لەبۆشایی یاسایی دەربچێت.
* ئامادەیی سەرۆک کۆمار بۆ دەستلەکارکێشانەوە، کە لەناوەرۆکی نووسراوی رۆژی (٢٦/١٢/٢٠١٩) ئاماژەیان بۆکردووە، لەهەمان بەرواردا گەشتووە بەئەنجومەنی نوێنەران. واتە لەپاش (٧) رۆژ لەگەشتنی بە ئەنجومەنی نوێنەران وازهێنان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کەکۆتا ماوەی دەبێتە (٢/١/٢٠٢٠). لەبەرئەوەی ئەم بابەتە لەدەستور یەکلایی کراوەتە، ئەنجومەنی نوێنەران هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە لەسەر ئامادەیی سەرۆک کۆمار بۆ دەستلەکارکێشانەوە. پێویست بوو رای دادگای فیدراڵی وەربگیرێت لەشێوازی پێشکەشکردنی ئامادەیی بۆ ئیستقالە، هەمان حوکمی ئیستقالەی هەیە بەپێی رێکارەکانی ماددە (٧٥/ یەکەم: سەرۆک کۆمار بۆی هەیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بەنووسراو پێشکەش بەئەنجومەنی نوێنەران بکات، دەستلەکارکێشانەوەکەش لەپاش حەوت رۆژ لە پێشکەشکردنی بەئەنجومەنی نوێنەران کاری پێدەکرێت). بابەتی چۆڵبوونی سەرۆکایەتیەک یاخود هەردوو سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دروستبوونی بۆشایی دەستوری هیچ کاریگەریەکی لەممارەسەی دەسەڵاتەکان نەکردووە، دامەزراوە دەستورییەکان لەجێگەی خۆیاندان و کارەکانیان بەئاسایی دەڕوات! ئەنجومەنی نوێنەران یاساکان دەردەچوێنێ و سەرۆک کۆمار پەسەندیان دەکات و حکومەتی کاربەڕێکەر وەک لایەنی جێبەجێکار ممارەسەی دەسەڵاتەکانی دەکات.
دەرەنجامی دەسەڵات لەعێراقدا لەژێر فشاری خۆپیشاندەران بەرەو کۆتایی دەڕوات، لەجێگەی حکومەتێکی کاتی پێک بێت بەهەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان. حکومەتی داهاتوو بڕیار لەهەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق بدات، کە ئەم بابەتە کارئاسانی بۆ کراوە بەپووچەڵکرنەوەی هەردوو یاسایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یاسایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و دەرچواندنی دوو یاسای نوێ لەجێگەیان کە پێشبینی دەکرێت لەهەڵبژاردنی داهاتوو هاوسەنگی هێز گۆڕانکاری بەسەردابێت لەعێراقدا.