وێنای قاسم سولـەیمانی وەک خۆی
5 ساڵ لەمەوپێش
عەلی مەحمود محەمەد
دەمەوێت جیا قسە بکەم، نە وەک گەشتیارانی شیمالی ئیران، نە وەک پڕۆ ئیرانییەکان، نە وەک ئەو نووسەرانەی لەمانای ئازادی و ئەخلاق لەنووسیندا تێنەگەیشتوون، نە وەک ئەو پرسەو شەیپورەی سیاسی و کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ قاسمی سولەیمانییان بەرپا کردووە، دەبێت مێژوو چی لەسەر ئەو نووسین و راپۆرتانە بڵێت؟، نەوەکانی داهاتوو چی دەڵێن دەبینن گەلێکی قەسابی کراو چۆن ستایشی جەلادەکەی خۆی دەکات و چەقۆکە دەلێسێتەوە.
لە 10ی ئازاری 1957 لەگوندی قەنات مەلکی سەر بەشارۆچکەی رابور لەپارێزگای کرمان لەخێزانیکی جوتیاری زۆر هەژار منداڵێک چاوی بەژیان هەڵهێنا ناویان نا قاسم، بەناوی قاسمی کوڕی حەسەنی کوڕی ئیمام عەلییەوە، ئەویش کە گەورە بوو وەک هەمان قاسم پێی وابوو مردن وەک هەنگوینە لەپێناو عاشوراو حوسێندا، هەنگوینەکەی بە نسیب بوو، ئەو
پێنج براو پێنج خوشکی هەبوو، یەکێک لەبراکانی سولەیمانی بەناوی سوهراب سولەیمانی بەڕێوەبەری زیندانی تارانە، بەدڵڕەقی بەرامبەر بەزیندانیان و پێشێلکەری مافی مرۆڤ وەک جەلادێک لای ئازادیخوازانی ئێران ناسراوە، هەروەها خۆشی سێ کوڕو دوو کچی هەبوو، ئەو لەبەر هەژاری تاپۆلی پێنجی سەرەتایی خویندو لەتەمەنی (13) ساڵی بووە کرێکاری بیناسازی بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکەی، دواتر لەفەرمانگەی ئاووئاوەڕۆی کرمان بووە کارمەند، پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لەوکاتەی شۆڕش کڵپەی سەندبوو لەلایەن گەنجە چەپگەراکانی ئێرانەوە، ئەو لە رێگای مەلایەک بەناوی رەزا کامبابەوە پەیوەندی دەکات بەئیسلامیە شیعەکانەوە، پەیوەندیەکەی تەنها زارەکی و هیچ چالاکیەکی نەبوو لەکاتێک وڵات کڵپەی دەداو لاوانی چەپی هاوتەمەنی ئەو پۆل پۆل بەرەو مەرگ دەچوون بۆ رووخانی رژێمی پاشایەتی، دوای سەرکەوتنی شۆڕش بۆ سەرکوتکردنی بەرەی شۆڕش و سەپاندنی حوکمی ئیسلامی، ئیعلانی سوپای پاسداران دەکرێت لەلایەن خومەینیەوە لە 22ی نیسانی 1979، قاسم سولەیمانی لەشارەکەی خۆیان کرمان زوو پەیوەندی پێوە دەکات، (45) رۆژ خولی سەربازی دەبینێت و یەکسەر بەدوریی زیاتر لە (1500) کیلۆمەتر لەکرمانەوە دەچێت بۆ مهابادو ئازەرباینجانی رۆژئاوا بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان، لەشاری مهابادو ئازەربایجانی رۆژئاوا بەشداری شەڕەکان دەکات لەهاوینی ساڵی 1979دا، کە لەو ماوەیەدا تاوانەکانی ئیعدامی مەیدانی دەرەوەی دادگاو تاوانی کۆمەڵکوژی قاڕناو قەڵاتان و ئیندرقاش ئەنجامدران لەو دەڤەرە، لێ ئەوکات بەهۆی بەشداری چالاکانەی لەسەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان، هەرچەندە پلەی بەرزکرایەوە لێ بەئەندازەی ئاغای ئیسماعیل قائانی فەرماندەی ئێستای سوپای قودس ناووناوبانگی نەبوو لەسەرکوتکردنەکە.
بەشداریکردن لەشەڕەکان
قاسمی سولەیمانی یەکەم کاری بەشداریکردن بوو لەسەرکوتکردنی جوڵانەوەی گەلی کورد کە بۆ خودموختاری تێدەکۆشا، ئەویش یەکێک بوو لەو جەنگاوەرانەی بە فتوای خومەینی پۆستاڵی لەپێ کردو بەشداری کرد لەسەرکوتکردنی جوڵانەوەی گەلی کورددا، تەنانەت دوای بەنی سەدریش پۆستاڵەکەی دانەکەند، ئەمەش لەدوو هەنگاوی دواتریدا بووەهۆی بەرزکردنەوەی پێگەی سەربازی، بەزوویی دوای بەشدارییەکە کرایە فەرماندەی لەشکری پاسدارە کرمانیەکان، دوای سێ ساڵ بووە فەرماندەی تیپ، دواتر لەساڵی 1998 لەکاتی هاتنەسەر کاری تاڵیبان لەئەفغانستان، کەسوپای قودس دامەزرا، ئەو وەک فەرماندەیەکی مەزهەبگەرای توندڕەوو خاوەند ئەزموون لەسەرکوتکردنی گەلی کورد کرایە فەرماندەی سوپاکە، چونکە کارەکانی هاوشێوەی کارەکەی کوردستانی بوو، بەهۆی جیایی مەزهەبەوە ئەوەندە رقی لەتاڵبان بوو شەیتانی گەورەی لەبیر بردبووەوە، لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی ئێرانی بەئاشکرا داوایکرد هاوکاری شەیتانی گەورە بکەن بۆ رووخانی .
قاسم سولەیمانی وەک باسی دەکەن فەرماندەیەکی سەربازی سەرکەوتوو نەبووە، ئەو لەکۆمەڵێک جەنگی گەورە لەماوەی هەشت ساڵەی شەڕی عێراق ئێران بەشداری کردووە، وەلێ بەهۆی هەڵە سەربازیەکانیەوە هۆکار بووە بۆ بەکوشتدانی دەیان هەزار کەس، کەخۆی لەنزیک (100) هەزار کەس دەبینێتەوە لەشەڕەکانی « فاوی 4، نەسری 5 و کەربەلای 5 « دا، موحسین رەزائی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت ئەو سێ جەنگە سێ کارەساتی گەورە بوو بۆ سوپای ئێران لەماوەی شەڕی عێراق ئێراندا، هەرسێکیشی سولەیمانی هۆکاری شکستەکان بوو، نەیارانی چوونە پێشەوە سلێمانی دەگێڕنەوە بۆ نزیکایەتی بۆ خامنەئی بە « جانتاهەڵگری مەلا» ناوی دەبەن نەک ئەو سێڵڤیانەی دوای جەنگەکان دەیگرێت، وا باسی دەکات هەمیشە لەدوای نیشتنەوەی شەپۆڵەکان ئامادەیە.
قاسم سولەیمانی لەماوەی هەشت ساڵەی شەڕی کۆنەپەرستانەی عێراق ئێراندا، فەرماندەی سوپای (41)ی ساروڵای کرمان بووە، لە شەڕە گەورەکانی «کەربەلاکانی (1 و 4 و 7 )، نەسری 4 ، فەتح مبین، فەجری (1 و 3 و 4)، رەمەزان، بیەت ئەلموقەدەس (1 و 7)و رێگای قودس... لەسەرتاسەری بەرەکانی شەڕ بەشداری کردووە».
قاسم سولەیمانی لەو شەڕانەی بووەهۆی ماڵوێرانی بۆ خەڵکی کوردستان و وڵاتیان کردە بەشێک لەو کارەساتە، لەپاڵ بەشێک لەهێزە کوردیەکانی باشوور بەشداری کردوە، لە شەڕی فەجری چوار لەساڵی 1984 لەناوچەی پێنجوێن، شلێر تا سورێن، سەرباری ئەوەی ئەم شەڕە بووەهۆی ئەوەی ناوچەکە وێرانبێت، هاوکات بووە هۆکارێک کەشاری مەریوان بەبۆردومانی فڕۆکە لەلایەن بەعسەوە کۆمەڵکوژی بکرێت، هاوکات لە نەسری پێنج لەناوچەی ماوەت بەشداریی کرد لە 21-6-1987، تیایدا بەهۆی هەڵەی ئەوەوە دەیان هەزار لەسوپای ئێرانی کوژران، هاوکات بووە هۆکارێک کە بەعس شاری سەردەشت کیمیاباران بکات لە 28ی هەمان مانگدا.
ئەمەو لەگرتنی شاری هەڵەبجەو شەڕی بەیتولمقەدەسی 4 لەچیای شەمێران بەشداریی کردووە کەدوای تاوانی هەڵەبجە ئەنجامدرا، ئیتر تاوانی هەڵەبجە لە (5000) قوربانی شارەکەو دزینی سەروەت و سامانی خەڵک تادەگاتە لێدانی هێزەکانی رۆژهەڵات قوربانیەکانی کوردانی شوانی کۆمەڵەو سوپای رزگاری و حزبی دیموکرات و گرتن و ئیعدامی سەدان کەسی دیکەی رۆژهەڵاتی پێویست بە تەفسیرو شڕۆڤە ناکات، هەموو ئەو شەڕو نەسرو شتە عاجباتیانەشی بەهاوکاری یەکێتی و پارتی و سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجامدا، واتا شیوەن گێڕانی ئەمڕۆی قاسمی سولەیمانی.
لەباشوری کوردستانیش لەڕێگای پێشمەرگەوە لەزۆر ئیستڵاع بۆ شەڕی هاوبەش لەناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئامادەیی هەبووە، کەدواتر بەهۆی ئەو شەڕە هاوبەشانەوە گەلەکەمان تووشی کۆمەڵکوژی گەورە هات، پاشان ئێران بەشێک لەو خەڵکە لێقەوماوە بەپەناهەندە وەردە گرێت ئێستا بەفەزیلەت پێمانی دەفرۆشنەوە، کەخۆی هۆکاری تراژیدیاکە بووە نەک هاوکاریکەر.
قاسم سولەیمانی و قودس
قاسم سولەیمانی فەرماندەی (21) ساڵەی فەیلەقی قودس، بەهۆی نزیکایەتی لەخامنەئییەوە ئەو پۆستەی وەرگرت، بڕیاربوو کاری سەرەکی ئازادکردنی قودس بێت، وەلێ ئەو بەرەیەی چۆڵکردو خەریکی گەرمکردنی شەڕی عەلی و عومەرەکان بوو لەکۆمەڵێک وڵات، تەنانەت یەک فیشەکیشی لەپێناوی قودس نەتەقاند، ئەو ریمۆن کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی و حزبولڵای لوبنان و حوسییەکان و هەزارەکان و تەواوی گروپە چەکدارە شیعەکان لەدەرەوەی ئێران لەگیرفانی بوو بەحەماس و جیهادو ئەنسارئیسلامیشەوە، وەلێ نەیتوانی یەک کار دژی جولەکە لەناو ئەرزی خۆیان بکات، بگرە تەقەیەک خۆشیشی بەسەریاندا نەتەقاند، تەنانەت ئەو کارە سەربازییانەی لەماوەی شەڕی ئێران عێراق بەناوی قودس و بەیتولمقەدەسیش کردی تیایدا سەرکەوتوو نەبوو، ئاکامەکەی بەوە گەیشت خومەینی پێش مەرگی بایەلۆجی پیاڵە ژەهرەکەی خواردەوە بووەهۆی مەرگی ئایدۆلۆجی .
لێ لەسەرکوتکردنی گەلی کوردو بلوج و راپەڕینی گەلانی ئێران رۆڵی هەبووە، پاڵەپەستۆی خستەسەر خاتەمی کە راپەڕینی قوتابیان لەحوزەیرانی ساڵی 1999 سەرکوت بکات « لە گەڵ 23 لەکەسایەتییەکان داوای لەخاتەمی کرد راپەڕینەکە بەزویی سەرکوت بکات، وتەیەکی بەناوبانگی هەیە لەو بارەیەوە کە وتی: ئەمڕۆ سەرکوتیان بکە سبەی درەنگە ناتوانین بیگەڕێنینەوە «، هاوکات رۆڵی هەبوو لەسەرکوتکردنی بزاڤی سەوزەکان لەساڵی 2009 دا، بەگشتی لەکوێوە هەناسەیەک بۆ رزگاربوون لەچنگ کۆماری ئیسلامی هەبووبێت ئەو بۆ سەرکوتکردن ئامادە بووە، تەنانەت بە عەمامە لەسەرە بە رواڵەت نەرمەکانی وەک خاتەمی و روحانیش رازی نەبووە، لەسوریاو عێراق و لوبنان و یەمەن هۆکاری کوشتنی سەدان هەزار کەس بووە، جگە لەو فەزا رەشەی ئەو هێزانەی ئەو هاوکاری کردوون دایانسەپاندووە بەسەر خەڵکدا، بۆ ئەمەش دەیان و سەدان ملیار دۆلاری خەرج کردووە، بەگشتی ئەو تارمایی کوشت و بڕو سەرکوت و فاشیەت بوو، پێگە جەماوەریەکەی پێگەی شیعەگەرایەو تواناکەی توانا مادییە کە ئەژماری بێسنوور بوو لەلایەن خامنەئییەوە، دەیان کارگەو کۆمپانیاو بەندەر ... لەخزمەت پڕۆژەکانیدا بوون.
قاسم سولەیمانی و نەکەوتنی هەولێر
لەبەرچاومە، تەنها (40) داعش مەخموریان گرت، هێزێکی بچکۆلەی گەریلاو پێشمەرگەو مەدەنی لەباخچەی بان مەخمور مابوونەوە، بەچاو داعشەکانیان دەبینی، وردە وردە ئەو هێزە بچوکە گەورەوە بوو، هەڵاتووەکانی مەخمور هاتنەوە، باخچە مایەوە نەکەوت، دواتر لەوێوە هێرشی بەرپەرچ کرایەوە و مەخمور ئازاد کرایەوە، کورد نەگبەتە باسی ئەو هێزە ناکات کە لەوێ چەقی کوردەو یەکێک لەوان ناوی پکک یە, کە دواتر بارزانی چوو سوپاسیانی کرد, یان ئەو هێزەی لە سلێمانیەوە هات, یان ئەو کۆنە پێشمەرگانەی بوونە فیدایی و شاخیان گرت و چەقین، خۆ سەنگەر حاجی عەوڵای نەگبەت یەکەم کەس لێدوانی دا لەبەردەم قایمقامیەتی مەخموردا پاش ئازادکردنەوەی، لەچرکەساتەکانی یەکەمی گرتنی مەخمور کە بەرپرسانی ئێستای هەولێر زۆریان هەڵاتبوون بە کاکە ئاری هەرسینیشەوە، جیڤاراکەی نەتەوایەتی، چ لەکاتی ئازادکردنەوەی شتێک، دەعبایەک بەناوی قاسمی سولەیمانی و (70) پاسدار بوونی نەبووە، کەئێستا فلیمەکەیان گۆڕیوە گوایا لەئازادکردنەوەی مەخمور بەشدارییان کردووە، نەک لەنەکەوتنی هەولێردا، دیارە لەترسا کەس نەیوێرا بەفەرمی وەک حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی بداتەوە، پێچەوانەی ئەوە قاسم سولەیمانی فەرماندەی گرتنەوەی کەرکوک و دوزو ناوچەکانی دی بوو لە 16ی ئۆکتۆبەردا، واتا نەک شوێنی بۆ کوردان ئازاد نەکردووەو نەپاراستوەو فەزیلەتی نییە بەسەرمانەوە، بگرە پانتاییەک زۆری لێ داگیرکردەوە، نەک لەم قۆناغەشدا کوردستان قەرزاری نییە، بگرە بەرپرسە لەهەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلەکەمان لەپاش ئەو مێژووە رەشەوە هات، ئەو لە رابردوو ئێستا مایەی نەهامەتیمان بێت ئەم هەموو ستایش و شیوەنە لەپای چی؟، ئەو دەیزانی باشوری کوردستان پاروە چەورەکەی ساڵی 1979ی رۆژهەڵات نییە، بەهۆی بوونی ئەمەریکا لەعێراق دەنا بێ یەک و دوو هەمووی قوتەدا، نەک خاڵخاڵی و حەسەنییەک دەیانی بۆ ئامادە دەکرد.
رۆستەمی زاڵە یان ئەبوموسلمی خوراسانی یان عەلی حەسەن مەجیدە
لای شیعەکان، یان ئێرانیەکان جگە لەناوە ئاینیە پیرۆزەکان کە لیستەکەیان زۆرە چ ئەوانەی کوژران یان ئەوانەی قەول وایە بێنەوە دوای مردن، دوو کەسایەتی وەک پاڵەوان نمایشدەکرێن کەئەوانیش ئەبو عەباس موسلم خوراسانی « 718-754 ز»، کە ئەمەوییە کافرە بکوژەکانی عەلی و حەسەن و حوسێنی و قاسمیش لەدەسەڵات رووخاند، لە گەڵ رۆستەم و زۆرابی شانامەی فیردەوسی کە ئەبو قاسم فیردەوسی « 935-1020 « نووسیویەتی، هەردووک ئەفسانەی پاڵەوانیەتی ئێرانیەکانن و لای ئەوان لەهێزو پاڵەوانێتیدا نموونەیان لەجیهاندا نییەو نابێت، ئێستا هەندێک قاسمی سولەیمانی لەزیندوکردنەوەی خەلافەتی شیعە بەناوی مانگی شیعە دەبەنەوە سەر موسلم خوراسانی، لەپاڵەوانێتی و هێزیشدا دەیبەنەوە سەر رۆستەم و زۆراب، لێ لەڕاستیدا هیچکام لەوانە نەبوو، بەڵکو بۆ خۆی عەلی حەسەن مەجید» 1944-2010»ێکی شیعەگەرای ئێرانی بووە، عەلی حەسەن مەجید چۆن پێشتر نایب عەریفێکی فاشیل لەسوپای عێراق بوو، بەو دەسەڵاتە زۆرەی لەدوای 30-6-1987ەوە پێی درا، بەوەحشیەت و دڕندەیی توانی ژیان لە لادێکانی کوردستان بسڕێتەوە و زیاتر لە (200) هەزار کورد بکوژێت و هێزی پێشمەرگە لەباشوری کوردستان دەربکات، وەک لایەنی سەربازیی ئەمە بۆ ناسیۆنالیستی عەرەبی سەرکەوتنە، لێ بۆخۆی دڕندەیی و وەحشیەتێکە، لای کورد عەلی حەسەن مەجید نایب عەریفێکی فاشیلی وەحشی بوو، بۆ نەتەوەییە عەرەبیەکانیش ناوبراو فەرماندەیەکی گرنگی سەربازی بووە، بەهەمان شێوە بۆ ئێران ئیسلامییە شیعەگەراکان سلێمانی خەونی دزراوی بۆیان گەڕاندۆتەوە، فەرماندەی ئەساسی سەربازی تامردن بووە، ئەوان لەباوەشی حوسێندا دەیبیننەوە، وەلێ بۆ ئێمە دەبێت هەر پاڵەوانەکەی شەڕی سێ مانگەی رۆژهەڵات و کەرکوک دووز بێت، ئازادی و ئەخلاق رێگامان نادات ستایشی قاتلانی خۆمان و مرۆڤایەتی بکەین، بۆ ئازادیخوازانی ئێرانیش هەر لەجەلادێک زیاتر نییە.
ستایش بۆ قاسم سولەیمانی
قاسم سولەیمانی یەکەم تەقەی بەکوردەوە نا لەسەرکوتکردنی گەلەکەمان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرتنەوەی شارو شارۆچکەکانی و کۆمەڵکوژیکردنی خەڵکەکەی، هاوکات شوێندەستی بەتەواوی تراژیدیاکانی سەر گەلەکەمانەوە لەدوو پارچەی کوردستان باشورو رۆژهەڵات لەماوەی هەشت ساڵی شەڕی عێراق و ئێران دیارە، هەڵەبجەو سەردەشت دوو شاری کیمیابارانکراو بەرهەمی چالاکی سەربازیی ئەون سەرباری ئەنفال.
ئەوێک سەری نێزەی سەرکوتکردنی راپەڕینەکانی خەڵکی ئێرانە، سەرباری وڵاتانی دیکە، ئیتر ئەمە نە جیڤرایەو نە تارماییەو نە رۆستەمی زاڵەو نە خوراسانیشە، بەڵکو تاوانکارێکە و پیاهەڵدان بەسەریدا چ وەک کوردێک کە کوردکوژ بووە تاوانە، چ وەک کەسێک بەشدار لەتاوانی گەورە بەپێوەرە جیهانییەکان، پیاهەڵدان بەسەریدا کارێکی نا ئەخلاقییە ویڕای نکۆڵیکردنە لەتاوانەکانی هاوکات سڕینەوەو جوانکردنی تاوانەکانیشیەتی، هەقی سزادانی هەیە.
راستە سیاسییەکانی کورد رزگاریان بوو، بەمردنی سولەیمانی هەمووو نهێنیەکانیشیانی لەگەڵ خۆیدا بردە گۆڕەوە، ئەو لە نەخشەدانان بۆ لەناوبردنی نەیارانی نزیکی خۆی سڵی نەکردبێتەوە دەبێت چی لەم وڵاتانەو لەم عێراق و کوردستانە کردبێت، چەند تاوانی نهێنی لەگەڵ خۆیدا بردبێتە گۆڕەوە.
لەکۆتاییدا بەقسەیەکی هادی عامری کە لەیەنایەری 2015 کردی کۆتایی پێدێنم، کە وتی قاسم سولەیمانی نەبووایە عەبادی نەدەبووە سەرۆک وەزیران، ئەمە وێنایە بۆ هەموو ئەوانەی لەعێراق لەسەر کورسی داندران نەک هەڵبژێردران، هەموو تەنها داشی شەترەنجی ئەو بوونەو بەچرای سەوزی ئەو داندراون، بەئەوان شیوەن و قوڕ پێوان هێشتا کەمە بۆ ئەم دڕندەیە.