شۆڕشگێڕە دەغەڵو ساختەچییەکان
ئەوەی رەنا قەبانی باسی دەکات
شوان ئهحمهد
5 ساڵ لەمەوپێش
شوان ئهحمهد
رەنا قەبانی برازای شاعیری ناسراوی عەرەب نزار قەبانی و هاوسەری یەکەمی شاعیری بەناوبانگی فەلەستینی مەحمود دەروێشە (شووی دووەمی بەپاتریک سیلی نوسەرو رۆژنامەنوسی بەریتانی بوو کە لەبەهاری ٢٠١٤ بەشێرپەنجەی مێشک کۆچی دواییکرد).
ئەم خانمە چەندساڵێک دوای مەرگی مەحمود دەروێش، لەڕۆژنامەی (القدس العربی) بەزنجیرە کەوتە بڵاوکردنەوەی بیرەوەریەکانی(بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بەژیانی هاوسەرگیری سێ ساڵەی نێوان خۆی و مەحموود دەروێشەوە هەیە).
لەو بەشەیدا کە لەبەرواری (١٩ - ئۆکتۆبەری – ٢٠١٤)دا نوسیویەتی، بەشێوەیەکی زۆر ناشیرین باس لەدرۆزنە شۆڕشگێڕو شۆڕشگێڕە ساختەچییەکانی رێکخراوی فەتح و هێزو گروپە فەلەستینییەکانی دیکە دەکات.
لەپەرەگرافێکی ئەو نوسینەیدا بەپیتی درشت دەنووسێت: (هەرچەندە کەسانی وەک لەیلاو فاتیمە بەرناوی و چەند خانمێکی دیکە هەبوون لەناو شۆڕشدا، وەلێ شۆڕشی فەلەستینی تاسەر ئێسقان نێرانەو پیاوسالارانە بوو.
ئەو پیاوانەی لەڕیزی شۆڕشدا بوون، وەها مامەڵەیان لەگەڵ ژندا دەکرد، وەک ئەوەی بووکەڵە یاخود کەیبانوو بن و هیچی تر.
لەناو شۆڕشدا گێچەڵپێکردنی سێکسی، شتێکی باو بوو. سەرکردەو فەرماندەیەک نەبوو، هەوڵی ئەوەی نەدابێت خۆییم لێ نزیک بکاتەوە.
هەر ئەوەندەی مەحموود بۆ چەند خولەکێک لەژوورەکە بچوایەتە دەرەوە، ئەوان ئەو هەلەیان دەقۆستەوەو هەوڵیاندەدا خۆیانم لێ نزیک بکەنەوە.
من حەزم بەدانیشتن و مەجلیسیان نەبوو، بەتایبەت کەهەموو شەوێک بەبێ هاوسەرەکانیان دەهاتن بۆ ماڵمان و هەتا دەیان توانی، دەیانخوارد و دەیانخواردەوەو دەنگیان دەگەیشتە ئەوسەری شەقامەکە.
قسەو باسەکانیشیان، هیچی بەسەر هیچەوە نەبوو. نەقسەی جدی تێدا بوو، نەباس و خواسی سیاسەت و شۆڕش. ئەوەی هەبوو تەنها وتی وتی و زەمکردنی ئەم و ئەو بوو. یان باسی ئەوە بوو کێ حەزی لەژنی کێ کردووەو ...... هتد).
ئەمە حاڵی شۆڕشگێڕە فەلەستینیەکان بووە، لەحەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابردووداو وەک دەزانین، لەو قۆناغەدا ئەو هێزو شۆڕشگێڕە فەلەستینیانە، نمونەو دڵخوازی زۆرێک لەهێزە چەکدارو شۆڕشگێڕەکانی کوردستان بوون.
تۆ بڵێی ژنانی ناو شۆڕش و ناو بزوتنەوەی چەکداری کوردایەتی ، بوێری و ئازایەتی رەنا قەبانیان هەبێت، تائەوانیش واقیعی حاڵی شۆڕشگێڕەکانی ناوشاخ و داخەکانی کوردستان وەک خۆی بنووسنەوە؟