پەردەکە لادرا

سامانى وه‌ستا به‌کر

5 ساڵ لەمەوپێش



 سامانى وه‌ستا به‌کر

رۆژی یەکشەممە (٥/١/٢٠٢٠) کۆبوونەوەیەکی گرنگی پەرلەمان ئەنجامدرا بەبێ بەشداری زۆرینەی هێزە سوننییەکانو کورد!

ئەو کۆبوونەوە نائاساییەی پەرلەمانی عێراق زیاتر بوو لەکۆبوونەوەیەکی دژە هەڵوێست و دەرکردنی بڕیارێک بۆ چۆڵکردنی عێراق لەهێزە بێگانەکان کە بەدیاریکراوی مەبەست ئەمریکا بوو لەتۆڵەی کوشتنی قاسمی سولەیمانی.

کۆبوونەوەکەی ٥ی یەکی رۆژی یەکشەممە هەڵدانەوەی پەردەبوو لەسەر وێنە داپۆشراوەکەی عێراق، وێنەیەک هێندە ناشرین کێشراوە کەدوای سەدەیەک تائێستاش نیگارکێشێکی (بەریتانیا) ئامادە نیە واژۆی خۆی لەسەر دابنێ و خۆی بکات بەخاوەنی ئەو هەڵە مێژووییە.

داڕشتنی نەخشەی پێکهاتەی عێراق هێندەی لەتابلۆیەکی خەیاڵی و فەنتاسی ئەچێ کەخودی نیگارکێشەکە خۆی نەبێ ئاستەمە کەسیتر لێی تێبگات نیو هێندە لەنەخشەیەکی ئەندازەیی هاوتەریب و یەکسان ناچێت.

کۆبوونەوەکەی ٥ی یەک پەردە لادان بوو لەسەر ئەو سیناریۆیەی کەپێش سەدەیەک بۆ (شانۆگەریی عێراق) نووسراوەو لەو رۆژەدا بەشی یەکەم لەسێ بەشی سیناریۆکە پێشکەشکرا لەلایەن رەشپۆشەکانەوە»شیعە» بەبێ ئامادەبوونی سپی پۆش «سووننە» و  رەنگاڵە پۆشەکانەوە «کورد».

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە هەرسێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراق دانیان بەخۆداگرتبوو و نەیاندەویست لەسەر هیچ بەرەیەک خۆیان یەکاڵابکەنەوەو خۆ ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی کەسی و حزبیش بێ وایان پیشان دەدا کە بەیەک دووری لەنزیک هەر دوو بەرەی ئەمریکاو ئێرانەوە وەستان، بەڵام سەرەنجام رەوشەکە گەشتە ئاستێ کەچیتر نواندنی پشتی پەردە کاری پێنەکراو نمایش لەودیووی پەردەوە بەئاشکرا کرا، خۆ ئەگەر نمایشەکە کورت و خێراش بووبێ، بەڵام وەڵامێکی راست و راستەقینەی هەموولایەکی دایەوە.

ئێستا هەڵگرانی ئاڵای رەش لەبەرەی ئێرانن و هەڵگرانی ئاڵای سپی و رەنگاڵە ئەگەر لەبەرەی ئەمریکاش نەبن ئەوا لەبەرەی ئێران نین، ئەگەرچی لەترسی هەژموونی خوێناوی ئێران بەزارەکی شتێکی تریش بڵێن.

ئەڵبەتە دوای هەردوو هێرشەکەی ئەمریکاو ئێران ناوچەکە بەڕەوشێکی ناجێگیردا تێئەپەڕێ و زۆربەی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی و وڵاتانی زلهێزیش ترسی هەڵایسانی جەنگیان لادروست بوو بوو، ئەگەرچی ئێستا رەوشەکە کەمێک ئارامترەو کاردانەوەکانی ئێران بەگوێرەی هەڕەشەکانی نەبوون.

لەدوای دەنگدانی تاکلایەنەی ئاڵاڕەشەکان «شیعەکان» ترس لەوە دروستبووە کەئەگەر پەستان بخرێتەسەر ئەمریکا تاعێراق جێبهێڵی ئەڵبەتە ئەمە بۆ رازی کردن و بەرژەوەندی ئێرانە، ئەوا ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای ئابووری بەسەر عێراقدا دەسەپێنن کەئەمە ترسێکی مەشروعە، بەڵام نەگونجاو ناڕاست و تاڕادەیەکیش ئاستەمە بۆ؟

ئابڵوقەی ئابوری نێودەوڵەتی وەک ئەوەی خرایەسەر رژێمەکەی سەدام، لەئێستادا ناخرێتە سەر عێراق، چونکە عێراق هیچ تاوانێکی نێودەوڵەتی (وەک داگیرکردنی کوەیت)ئەنجام نەداوە، جیا لەوەی ئابڵوقەی نێودەوڵەتی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەوێ، ئەوەی باسئەکرێت فوتێکردنێکی زۆری ئیعلامییەو گەورە کراوە.

سەبارەت بەوەی ئەمریکا بەتەنها خۆی سزا بخاتەسەر عێراق، پێویستی بە بڕیاری ترەمپ و پەسەندیەتی کۆنگرێسە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پاساوەکانی بڕیارێکی لەو شیوەیە ئاسانە بۆ ئەمریکا کە خۆی بەخاوەنی عێراقی دوای سەدام حسێن ئەزانێت، واقعەکە جیایە لەو پروپاگەندە زۆرەی وایکردووە خەڵک بترسێ.

پاشان ئەمریاکا وانەهاتۆتە عێراقەوە کە لەکورت مەودادا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێ و کاتێکیش هاتە عێراق و رەوایی بەداگیرکردن و هەڵوەشانەوەی سوپای عێراقدا پرسی بەکەس نەکرد تائێستا گوێ بۆ بڕیارێک نەک یاساش کە لەتەنها یەک پێکهاتەی عێراقەوە دەرچووە بگرێ، یان گوێ بۆ سەرۆک وەزیرانێکی کاربەڕێکەر بگرێت، خۆ ئەگەر پەستانەکان زۆربن دوور نیە جارێکی تر دەست بخاتەوە ناو کاروباری عێراق و هاوکێشەکە بەلایەکی ترا بگۆڕێ و عێراق بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی ئنتدابی عەسکەری و کەسێکی توندوڕەو گوێڕایەڵی خۆیان بکاتە سەردارو بەڕێوەبەری عێراق هەر لەبەر ئەو هۆکارەش شیعەکانیش ئەمە باش ئەزانن و پێ زیاتر لەبەڕەکەی خۆیان راناکێشن.

لەلایەکی ترەوە، بڕیاری هەڵوەشانەوەی رێککەوتننامەی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا لەدەستەڵاتی حکومەتدایە نەک پەرلەمان، حکومەتی ئێستای عێراقیش حکومەتی کاربەڕێکەرەو دەستەڵاتی ئەوەی نیە. ئەمە جگە لەوەی بەپێی بەندەکانی رێکەوتننامەکە، دوای داواکاری لایەنێکی رێککەوتننامەکە بۆ هەڵوەشانەوە، دەبێت بەنووسراو پێشکەشی بەرامبەرەکەی بکات و ساڵێکی پێویستە بۆ جێبەجێکردن.

داوای چونە دەرەوەی سوپای ئەمەریکا لەپەرلەمانی عێراق کەداوایەکی «شیعیە» لەکاتێکدا کـەئەو 7 سەربازگە ئەمەریکیەی لەعێراقدا هەن، هەموویان لەناوچەی سوونی و باکورن و هیچیان لەباشووری عێراق نین. دوو گرنگترین سەربازگەی ئەمەریکی کەبریتین لەسەربازگەی عین الاسدو الحبانیە لەڕوومادین، سەربازگەی ئاسمانی البلد لەتـکریتە، سەربازگەی تاجی لەبەغدایە، سەربازگەی گەیارە لەموسڵەو سەربازگەی کەیوەن لەکەرکوکە. ئەمە جگە لەوەی 5 سەربازگەکانی تری مەشق و راهێنانی سوپای ئەمەریکی لەئەتروش و هەریرو هەولێرن.

زانیاری هەیە کەئەمریکا پێنچ بنکەی سەربازگەی تر لە هەرێمی کوردستان و سلێمانی ، هەڵەبجە، لەباشوری هەلێر، یەکێکیش نزیک فرۆکەخانەی هەولێر، مەخمور و حەریریش هەروەک چۆن ژمارەی سەربازەکانی لە (٤٥٠ سەربازەوە بۆ ٢٠٠٠) سەرباز بەرزدەکاتەوە، هەرووەها گەورەترین کۆنسوڵخانە لەسەر رێگەی هەولێر شەقڵاوە لەسەر (٥١) دۆنم دروستدەکات کە لە ٥ی تەمموزی ٢٠١٨وە بەردی بناغەکەی دانراوەو بڕیارە ساڵێ ٢٠٢٢ تەوابێت، بەڵام ئەمریکیەکان شەویان خستۆتەسەر رۆژ تاپێشتر لەو بەروارە تەوابێ  بەتێچووی (٧٩٥) ملیۆن دۆلار.

ئەم کارانەو چەندین هۆکاری تریش رژد لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەئەمریکا دەست لەعێراق هەڵناگرێ جا شیوازی مانەوەکەیان ئەکرێ گۆڕانکاری بەسەردابێ، بەڵام ئەوەی گرنگه هەر دەمێننەوە و ئێرانیش زراوی لەوە تۆقیوە.

ئەڵبەتە لەهەر گۆڕانکاریەکی رامیاری و جیۆپۆلێتیکیا هەندێ گۆڕانکاری دێتە ئاراوە خراپ بۆ لایەک و لەبەرژەوەندی هەندێک و سود بۆلایەکی تر، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کەکوشتنی قاسم سلێمانی و دەرکردنی بڕیارێکی تاکلایەنانەی شیعەکان لەبەرژەوەندی ئێران بۆ دەرکردنی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق سوودی کوردی تیابێ هەڵبەتە ئەگەر کورد یاریزانێکی کارامەو زرت و وریابێ و بتوانێ راهێنەرێکی باش بۆ تیمەکەی دەستنیشان بکات!

لەدوای بڕیارەکەی پەرلەمانەوە سوننەکانی عێراق کەزیاتر بە عەرەبی نەتەوەیی و هەندێکیشیان شۆڤێنی ناسراون و هەمیشە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقدا بوون ئێستا زۆر بەجدی خەریکی خۆ کۆکردنەوەن و نوێنەرانی هەرسێ شاری موسڵ کەدووەمین گەورەشاری عێراقە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، لەگەڵ تکریت و ئەنبار کە لەڕووی رووبەرەوە گەورەترین شاری عێراقە، دەیانەوێ هەرێمێکی سەربەخۆ هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دروستبکەن و هەر هەرێمی کوردستانیش بەنموونە وەرەگرن کە لەهەندێ رووەوە لەعێراق سەقامگیرترو بەشێک لەخزمەتگوزارییەکان باشترن.

بێگومان دروستبوونی هەر هەرێمێکی نوێ لەعێراق لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و دیموکراسی عێراقە، ئەمە جگە لەچەسپاندنی فیدراڵی لەعێراقدا و پاشان رکابەری پۆزەتیڤی نێوان هەرێمەکان لەڕووی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییەوە.

خۆ ئەگەر ئەو هەرێمەی لەموسڵ و تکریت و ئەنبار پێکدەهێنرێ سەربگرێت و ببێتە ئەمری واقیع، ئەوا یەکەم هەنگاوی سەرەتایی و دابەشبوونی عێراقە بۆ هەرسێ هەرێمی کوردستان و سوننەستان و شیعەستان و لەوەو دوا چیتر وڵاتێک بەناوی عێراقەوە دەبێت بەمێژوو.

ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئایا کورد دەستیکردووە بەئامادەکاری و  بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە؟

ئایا کورد تیمی دەستبەکاری پێکهێناوە بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە لەداهاتووا رووبدات؟.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار