چیرۆکی دەرماڵەی پەرلەمانتاران و سووتاندنی بێوەژنە هندییەکان

عەلی مەحمود محەمەد

5 ساڵ لەمەوپێش



عەلی مەحمود محەمەد

تاساڵی 1828 لەوڵاتی هیندستان ئەگەر پیاو بمردبایا ئەوە ژنەکەشیان بەزیندویی بەزۆر بەدەم شیوەن و گریانەوە لەگەڵ پیاوەکەدا دەسوتاند، لەمیسری کۆنیشدا ئەگەر فیرعەون کەپۆستی سەرۆک بوو نەک ناوی کەس بمردبایا ئەوا لەگەڵ خۆیدا زێڕو زیوو شتە بەنرخەکانیان لەگۆڕەکەی دادەنا، تا لەجیهانی داهاتوودا بەکاریانبهێنێت، ئەم جۆرە نەرێتانە باو بوونە تاماوەیەکی زۆر، ئێستا پەرلەمان و وەزیرەکانی ئێمەش هەروا دەکەن، لەگەڵ خۆیاندا نەسریەکان و حیمایەکانیشیان کەکورو زاواو خەزورو براو برازای خۆیانن لەگەڵ خۆیاندا دوای خانەنشینیەکەیان دەیبەن، من باسی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران و جێگرەکانیان ناکەم ئەوانە ماڵی قارونیان  هەیەو منەتیان بەو موچەو نەسریەو شتانە نییە. لەهەموو دنیا بەم وڵاتەشەوە دادپەروەری و ئەزموون وایە خانەنشین لەسەر بنچینەی موچەی بنەڕەتی خۆی خانەنشین دەبێت، کە ئەوەی هەیە لەکوردستان زیاترە لەموچەی زیاتر لەنیوەی سەرۆکەکانی جیهان، هەرچی دەرماڵەی میوان و لیژنەو هاتوچۆیە « سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداری چوار ملیۆن و (500) هەزار دینارە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداری چوار ملیۆن دینارە، سکرتێری پەرلەمان سێ ملیۆن و (350) هەزار دینارە، دەرماڵەی میوانداری پەرلەمانتاران ملیۆنێک و (500) هەزار دینارە، دەرماڵەی هاتووچۆیان ملیۆنێک دینارە، دەرماڵەی لیژنە (500) هەزار دیناره»، ئەم دەرماڵانە پەیوەندییان بەکاتی کارکردنیانەوە هەیە لەو شوێنە، کە کار نەما ئەو نەسریەو مەترسی و موخەسەساتانە پێویستە ببڕدرێت، بەڵام بۆ پەرلەمانتارو وەزیر و ئەنجومەنی دادوەری لەکوردستان دوای خانەنشینبوونیان بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت، لەبەرئەوەی میوانانەو لیژنانەو هاتوچۆیانەی خۆیان هەر وەردەگرن، هەقی وایە بۆ ئەوانەی لەدەرەوەی کوردستانن لەوێش سۆسیال وەردەگرن، خارجیانەشیان بدەنێ بۆ ئەوەی هاوکێشەکە تەواو بێت خاڵێکی دیکە ئەوەیە ئەم بەڕێزانەی پەرلەمان خۆیان لەباسکردنی لادەدەن موچە زەبەلاحەکانی ئێستایانە، کە لە موچەی زیاتر لەنیوەی سەرۆکەکانی جیهان زیاترە نەک ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتانە ئامادەم بەفاکت بیسەلمێنم، پێویستە ئەو موچەیەش بکەوێتە چوارچێوەی ئەو چاکسازییەوەو کەمبکرێتەوە بۆ نیوە، ئەگەر موچە بەرزەکان لەشوێن خۆیان بمێنن کەواتە هیچمان نەکردووە، چونکە جیاوازی بەرزترین و کەمترین لە شوێن خۆیان ماون، با هەر قەد ببڕین، گرنگ پۆپەی سەرەوەو رەگی خوارەوەیە، دورییان لەیەکتر کەمبکرێتەوە، کە قیاسی نادادپەروەریەکەیە، گرنگ کەمکردنەوەی جیاوازی زۆرترین و کەمترینە، ناوەند قورسایی لەسەر بودجەو نەهێشتنی دیاردەیەکی شاز هەیە، وەلێ بۆ عەدالەت گرنگترین شت کەمکردنەوەی جیاوازی کەمترین و زۆرترینە کە موچەی سەرۆکایەتی و پلەباڵاکانە لەگەڵ کەمترین موچە لەهەرێمی کوردستان کەچاودێری خێزانییە، دەبێت ئەو جیاوازییە کەمبکرێتەوە، بۆ ئەوەی نەڵێن لەکوردستان جیاوازی    موچەی پەرلەمانتارێک و کەمئەندامێک (116) جارە.

 لەکۆتاییدا دەڵێم لەدوای سوێندی (12)  پەرلەمانتارەکەی خولی پێشووەوە کە سیانیان ئێستا سەرۆکی لیستن، باوەڕم بەهیچ کەس نەماوە، بۆیە بۆ هیچ لێدوان و گفتێک ناکەومە سەما.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار