چییان بۆ ئەکرێو نایکەن؟
سامان وهستا بهکر
5 ساڵ لەمەوپێش
سامان وهستا بهکر
دیاریکردنی کاندیدێکی سەربەخۆ لەسەر داوای شەقامی راپەڕیووی عێراق قورس نیە، بەڵکو ئەوەی قورسە دەستهەڵگرتنە لەپاوانخوازی، گەندەڵی، تاوان، حزب و خێزان و تاکپەرستی.
لەعێراق چەندین کەسایەتی بەهێز، پرۆفیشناڵ، لێهاتوو، بوێر، سەربەخۆو خاوەنی تەنها رەگەزنامەی عێراقیبن بوونی هەیە هەروەک ئەوەی شەقامی راپەڕیووی ئەو وڵاتە داوای ئەکەن بەڵام ئەوەی لەو کەسایەتیانەیا نیە گرەنتی پاراستنی بەرژەوەندیە حزبی و خێزانی و کەسایەتیەکانی دەستەی باڵادەست و قۆرخکاری فەزای سیاسین دوای ساڵی ٢٠٠٣وە.
حزبی سیاسی کە بەیەکێک لەپرەنسیپەکانی دیموکراسی دادەنرێت بریتییە لەڕێکخستن و بەیەکەوە کارکردنی کۆمەڵێک لەتاکەکانی کۆمەڵگە کە یەک تێڕوانینی فکری هاوبەشیان هەیەو هەوڵئەیەن رای گشتی بەلای خۆیاندا رابکێشن لەپێناو گەیشتن بەدەسەڵات.
لەچلەکانی سەدەی رابردووەوە دروستکردنی حزب دێتە ناو کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام لەو کاتەوە تائێستاش ناتوانرێت ئەم حزبانە وەک حزبی مۆدێرن وێنا بکرێن، فاکتەرەکانیش بەشێکیان پەیوەندییان بەخەباتی رزگاریخوازی کوردەوە هەیە، بەشەکەی تریش پەیوەندی بەمێنتاڵتی خودی حزبەکەکانەوە هەیە، بەشی هەرە گەورەشی پەیوەندی بەتێگەشتنی تاکی کوردەوە هەیە بۆ حزب.
حزبەکانی جیهانی سێ و رۆژهەڵاتی ناوین لەناویشیاندا باشوری کوردستان لەڕووکاردا دیموکراسین، بەڵام لەتایبەتمەندی و کڕۆکدا هەڵگری پرەنسیپ و تایبەتمەندی دیموکراسی رووکەشن نەک ناوەرۆک بەڵکو بگرە نزیکترن فاشیزم.
فاشیزم هەڵگری کۆمەڵێک پرەنسیپە کە ئەمانەن” حکومەت لەسەروو هەموو کۆمەڵگاوەیەو کنە لەژیانی تایبەتی تاکەکاندا ئەکات، دژی دیموکراسییە، دژی سەرمایەدارییە، ئەرکی تاک بریتییە لەخزمەتکردنی کۆمەڵگا بەپێوانەی حزب، ئازادییە کەسیەکان رەتئەکاتەوە، دژی رۆشنبیرانە”. لەڕووی تایبەتمەندیشەوە تەرکیز ئەکاتە سەر” چڕکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی چینێکی دیاریکراو، ئازادییە تاکەکەسیەکان سنوردار ئەکات وەک ئازادی راگەیاندن و گردبوونەوەو کۆبوونەوە، هەروەها دەسەڵات دەست ئەگرێت بەسەر ئامرازەکانی راگەیاندن و بەکارهێنانیان بەمەبەستی کاریگەری دانان لەسەر رای گشتی.
ئەگەر پرەنسیپ و تایبەتمەندییەکانی فاشیزم بەراورد بکەین لەگەڵ حزبەکانی جیهانی سێ و رۆژهەڵاتی ناوین، لێکچونێکی زۆر بەدیدەکرێت لەنێوانیاندا، لەهەندێک بارو دۆخیشدا هەندێک حزب سنورەکانی فاشیزمیش تێئەپەڕێنێت بەڵام تەنها جیاوازی ئەوەیە پێشتر فاشیزم راستەوخۆ و بێ هەڵسڵەمینەوە بوو، بەڵام لەئێستادا فاشیزم بەناڕاستەوخۆو بەبریکار بەڕێوە ئەبرێ بونمونە «دروستکردنی چەندین میدیای سێبەرو دامەزراندنی سوپایەک لە قەڵەم لووس و دروستکردنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی.... هتد.
لەجیهانی سێ و رۆژهەڵاتی ناوین، حزب جێگەی ئەو حکومەتە ئەگرێتەوە کە لەفاشیزمدا باڵادەستی پێئەدرێت و خاوەنی دەزگای جاسوسیە و تەنانەت خاوەنی پۆلیسی نهێنیشە، ئەچێتە ناو ژیانی تایبەتی مرۆڤەکانەوە. هەروەک چۆن فاشیزم دژی دیموکراسیە، هەندێک حزبیش دژی دیموکراسین، سەرجەم پرەنسیپەکانی دیموکراسی لای ئەم جۆرە حزبانە لەهەڵبژاردندا کورتکراوەتەوە! هەڵبژاردنەکانیش پڕن لەخروقات و پێشێلکاری و توندوتیژی و هەڕەشە و هەمیشەش خۆیان براوەی هەڵبژاردنەکانن بەکەمێک دەستکاری ژمارەکانەوە.
لەفاشیزمدا حزب و سەرکردەکانی حزب خاوەنی هێزی میلیشیا نین، بەڵام حزبەکانی جیهانی سێ و رۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیاندا عێراق و باشوری کوردستان و سەرکردەکانیان خاوەنی هێزی میلیشیا و لەشکرن، لەفاشیزما حزب بەڕاستەوخۆ کۆمەڵگا ئاراستە ناکات، بەڵکو لەڕێگەی حکومەتەوە ئەم کارە دەکات، بەڵام حزبەکانی جیهانی سێ لەڕێگەی حزبەوە دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵگادا و بە ویستی خۆیان بڕیار لەسەر هەموو پرسەکان ئەدەن.
فاشیزم راستەوخۆ سەرمایەداری رەت دەکاتەوە، هەرچی حزبەکانی جیهانی سێ و رۆژهەڵاتی ناوین لەناویشیاندا باشوری کوردستان هێزی سەرمایەدارن، بەڵام رێگە نایەن کەسایەتی سەرمایەدار دروست ببێت ئەگەر خۆیان پشکیان لەو سەرمایەیەدا نەبێت. یەکێتی و پارتیش بەئەندازەی فاشیزم دژی رۆشنبیرانن، ئەو ڕۆشنبیرانەی پەنجە دەخەنە سەر لایەنە نێگەتیڤەکانیان، و بۆچوون و نووسینەکانیان خزمەت بەحزبەکانیان نەکات ئەوا رووبەڕووی چەندان تۆمەت ئەکرێتەوە و لای ئەمان پێناسی رۆشنبیری لێ ئەسەنرێتەوە بە تێکدەرو ئاژەوچی و لەڕێلادەرو کڕاو بگرە تا تیرۆرستیش تۆمەتبارەکرێ و خۆ ئەگەر ئەم کارانەش ئەنجامی نەبێ ئەوا بێ سێ و دوو ئەکوژرێ و بە سیناریۆیەک یان چیرۆکێک کۆتایی بە تاوانەکەیان ئەهێنن کەسیش لەسەری ناگیرێ.
لەبەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی حزب و حکومەتیشدا، لەناو حزبەکانی جیهانی سێ و رۆژهەڵاتی ناوین لەناویشیاندا باشوری کوردستان بەدرێژایی تەمەنیان چەند کەسێک بەبەردەوامی لەناو کایەکەیا ئامادەن، ئەم کەسانە بوونەتە ئەو چینە دیاریکراوە کە بەیەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فاشیزم دائەنرێت
لەبەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی حزب و حکومەتیشدا، لەناو حزبەکانی جیهانی سێ و رۆژهەڵاتی ناوین لەناویشیاندا باشوری کوردستان بەدرێژایی تەمەنیان چەند کەسێک بەبەردەوامی لەناو کایەکەیا ئامادەن، ئەم کەسانە بوونەتە ئەو چینە دیاریکراوە کە بەیەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فاشیزم دائەنرێت. لەعێراق و باشوری کوردستانیش ئازادیی راگەیاندن و گردبوونەوەو خۆپیشاندان جۆرێکە لەموجازەفەکردن بەژیان، رۆژنامەنوسمان بینی تیرۆرکرا لەسەر چەند نووسینێک، رۆژنامەنوسمان بینی کەفڕێندراو سووکایەتی پێکرا، رۆژنامەنوسمان بینی ناچارکرا نیشتیمان جێبهێڵێت، خۆپیشاندەران شەهیدکران، لێیاندرا، خرانە حەپس و بەڵێننامەیان پێ پڕکرایەوە، لەگۆڕەپانی خۆپشاندانەکانی عێراق چەندین خۆپشاندەر کرانە قوربانی و چەندینی تریش بەشێوەی کاری تیرۆر ژیانیان لێسەندرایەوە.
حزبەکانی جیهانی سێ و رۆژهەڵاتی ناوین لەناویشیاندا عێراق و باشوری کوردستان تا ئەو ئاستەی توانیویانە دەستیان گرتووە بەسەر ئامرازەکانی راگەیاندنداو بەشێوەیەک ئاراستەیان ئەکەن کەخزمەت بە بەرژەوەندی و ئامانجەکانیان بکات بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک رێگەیان گرۆتەبەر وەک دروستکردنی میدیای سێبەر، ئەتراکتیڤکردنی چەند رۆژنامەنوسێک بۆ کارکردن لەکەناڵەکانی خۆیان، پێدانی ئیمتیازاتێکی زۆر بەو کەسانەی کە لەمیدیای ئەوانا کارئەکەن. بەم هەنگاوەشیان ئەتوانن دوو ئامانج بپێکن: یەکەمیان لە رێی ئەم نوخبەیەوە دەسەڵات ئەجێندا حزبییەکەی جێبەجێ دەکات و جەماوەریان بۆ دروستدەکات. دووەمیشیان کێشەو قەیرانە سەرەکییەکانی پێ لەبیر خەڵکی ئەباتەوە و بەشتی ترەوە سەرقاڵیان ئەکات کە لەواقیعدا خەم و خەونی ئەوان نیە.
لەبەرئەوە بارودۆخ هەرچۆنێک بێت پێویستە رۆشنبیران جا سەر بەهەر ئایدیاو ئایدیۆلۆژیایەک بن، گرنگە قسەی خۆیان هەبێ و رەخنەی جیددیان لەکەموکوڕی و چەوت و چەوێلییەکانی سیستمی سیاسی بەپلەی یەک و کۆی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە هەبێ و هەرگیز خۆیان رادەستی عەقڵیەتی فاشی پاوانخوازی و دیکتاتۆری ئەو دەستە کەمینەیە نەکەن کە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووەو کار بۆ رۆشنبیرکردنی کۆمەڵگە بکەن و ماندوو نەبن.