"رانانى کتێبى میتۆدناسى"
5 ساڵ لەمەوپێش
فەرشاد سەلیمی*
رانانی کتێبی «میتۆدناسی: سەرەتایەک لەسەر میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە لەزانستە کۆمەڵایەتییەکاندا»
کتێبی میتۆدناسی: سەرەتایەک لەسەر میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە لەزانستە کۆمەڵایەتییەکاندا “، بەرهەمێکی (٢٢٢) لاپەڕەییە، لەقەبارەی ئاساییدا کە لەڕووی دابەشکاری ناوەڕۆکەوە نۆ بەش و دوو وتاری نووسەر لەخۆدەگرێت و لەهەر بەشێکیدا ئاوڕ لەپارادایمێکی گرنگی جیهانی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان دەداتەوە. لەم رانانەدا هەوڵدەدرێت بەپێی داڕشتەی ناوەڕۆکی کتێبەکە، مژاری هەرکام لەبەشەکان بەوردی بناسرێن، بەڵام پێش ناساندنی ناوەڕۆکی کتێبەکە، ئاماژە بەم چەند خاڵە بۆ روونکردنەوەی زیاتر پێویستە؛
یەک: ئەم کتێبە پوختەیەکی کورت و بەسوودە لەزنجیرەی سێ بەرگی میتۆدناسی، لەکۆمەڵە بەرهەمەکانی نووسەر، کە لەساڵانی رابردوودا بەزمانی فارسی و لەلایەن دەزگای لوگۆس لەئێران بڵاوبووەتەوە.
دوو: ناوەڕۆکی کتێبەکەو پارادایمە باسکراوەکان، بەپێی رەوتی مێژوویی و کرۆنۆلۆژیکیان لەبەستێنی گۆڕانکارییە فیکری و فەلسەفییەکاندا رێکخراون و وێڕای جیاوازی پارادایمیکیی مژارەکانی هەر بەشێک، هێڵێکی روونی بیچم¬گرتوو لەڕەوتی فیکری و زانستی رۆژئاوا، کۆی بابەتەکان پێکەوە گڕێدەدا.
سێ: بەکارهێنانی خشتەو داڕشتە گرافیکییەکان کە ناوبەناو بۆ روونکردنەوەی زیاتری بابەتەکان کەڵکی لێگیراوە، خاڵێکی ئەرێنی کتێبەکەیە کە بەباشی یاریدەدەری فامکردنی بابەتەکانە.
چوار: وەک رێنماییەک بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە، واباشترە سەرەتاو بەر لەچوونە ناو بابەتەکانەوە خوێنەر پێداچوونەوەیەک بەفەرهەنگۆکی کتێبەکەدا بکات، چوون هەندێ لەوشەو چەمکەکان بۆ یەکەم جارە دێنە ناو ئەدەبیاتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەزمانی کوردی، یان لانی کەم یەکەم جارە لەدووتوێی کتێبێکی تایبەت بە میتۆدناسیدا یەکدەگرنەوەو پێویستە خوێنەر بۆ ئەوەی تووشی کێشەی تێگەیشتنی پوخت و پسپۆڕانە لەچەمکەکان نەبێت، پێشتر ئاوڕێک لەفەرهەنگۆکی کتێبەکەو پێناسەی چەمکەکان بداتەوە.
ناساندنی ناوەڕۆکی کتێب
پێش¬وتاری نووسەر:
پێش¬وتاری نووسەر وەک دەستپێکی کتێبەکە بریتیە لەئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی وەسفی_ شیکاری لەسەر ڕەوتی سەرهەڵدان و گۆڕانکاری میتۆدەکان لە بەستێنی ئاڵوگۆڕە فەلسەفی و مەعریفییەکانی رۆژئاوادا، هەر لە سەردەمی یوونانی کۆنەوە تا دەگاتە وەرچەرخانە بنەڕەتییەکانی سەدەکانی هاوچەرخ.
خاڵی گرنگی ئەم گێڕانەوە مێژووییە لەوەدایە، کە هەر لە سەرەتاوە، میتۆد لە بازنەی داخراوی واتا تەکنیکی و فەنییەکانی دەرباز دەکات و دەیبەستێتەوە بە مانا قووڵەکەی کە دەرهاویشتەی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی فیکری، فەلسەفی، مەعریفییە و لە گەڵ ئاڵووگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە. نووسەر، میتۆد وەک ڕامانێکی فەلسەفی، نەک پرۆسەیەکی فەنی-تەکنیکی، پێناسە دەکات و تیشک دەخاتە سەر گرێداروی میتۆدەکان لە گەڵ پارادایمە فەلسەفی و ئەپیستمیەکان، کە تا ڕادەیەکی زۆر تێکڕا جۆرێکن لە وڵامدانەوە بەرامبەر بە پرس و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی خۆیان.
نووسەر لە بەشی دووەمی پێش وتارەکەدا، دوای گێڕانەوەی مێژووی میتۆدناسی لە ڕۆژئاوادا، لە دووتوێی چەند پرسیارێکدا دەپەرژێتە سەر ئەزموونی فەلسەفە و میتۆد و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و، چۆنییەتی پەیوەندییان لە کۆمەڵگای هەنووکەیی کوردیدا. دوای ئاوڕدانەوە لە هەندێ کەم و کورتی لەم بوارانەدا، کە مژارە فەلسەفییەکانیان زیاتر بەرەوە ڕەهەندێکی ئەبستراکت بردووە و میتۆدیان داخزاندووە بۆ ئاستی چەن فەن و تەکنیکێکی لێکۆڵینەوە، میتۆدناسی وەک ئامرازیکی گرنگ بۆ گەڕاندنەوەی تیۆری و فەلسەفە بەرەو جیهانی کۆمەڵایەتی و کردەکی دەستنیشان دەکات و بۆ چارەسەرکردنی کێشە مێژووییەکانی کۆمەڵگای کوردی، سازدانی پردی نێوان تیۆری و میتۆد بەمەبەستی بەکردەکردنی فەلسەفە لەبەستێنی کۆمەڵگای کوردی و دەبازکردنی لەبازنە داخراوەکان بەپێویست دەزانێت.
لەڕوانگەی نووسەرەوە میتۆدناسی- بەمانای گرێدانی تیۆری و فەلسەفە لەگەڵ زمانی کردەو پراکسیس- هەنگاویکە بۆ گواستنەوەی بیری فەلسەفی و تیۆریک بەرەو جیهانی واقیعی ژیانی کۆمەڵگاو کەڵک وەرگرتن لێیان.
بەگشتی نووسەر لەم پێشەکییەدا دەیەوێت دوو بابەتی گرنگ سەبارەت بەمیتۆدو میتۆدناسی روون بکاتەوە کەبریتین لە: پەیوەندیی قووڵی میتۆد بەفەلسەفەو ئەپیستمەکانەوەو هەروەها گرنگی میتۆد لەخوێندنەوەو شرۆڤەی کێشە و بابەتە واقیعییەکانی ژیانی کۆمەڵگادا.
بەشی یەکەم: مشتوومڕە پارادیمییەکان لەبواری میتۆددا
بەشی یەکەم وەک پێشەکییەک بۆ حەوت بەشی دواتر (بەشەکانی ٢ تا ٨) تیشک دەخاتەسەر رۆڵی پارادایمەکان لەبواری میتۆدداو بەباسکردن لەچەمکە سەرەکییەکانی وەک: پارادایم و وردبوونەوە لەتایبەتمەندیی پارادایمە هەڵبژێردراوەکانی ئەم کتێبە (کە لەبەشەکانی داهاتوودا پێناسەدەکرێن) دەرگایەک بۆ چوونە نێو باسەکە بەڕووی خوێنەردا دەکاتەوە.
ئەم بەشە دوو رەهەندی سەرەکی؛ یەکەم هەڵوێستی فەلسەفی و تیۆریکی پارادایمە زاڵەکانی سەردەم لەسەر زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەڕوانگەی بوونناسی، مەعریفە¬ناسی و میتۆدناسی و دووهەم لایەنی پراکتیکی پارادایمەکان، وەک پێوەری سەرەکیی ناساندن و لێکدانەوەی پارادایمەکان دیاری و پێناسە دەکات.
بەشی دووهەم: پارادایمی پۆزیتیڤیزم و پاش¬پۆزیتیڤیزم
ئەم بەشە بەپێداچوونەوەیەکی مێژوویی لەسەر ئاخێزگەو رەوتی پۆزیتیڤزم دەستپێدەکات و دوای دەستنیشانکردنی بیرمەندە ئەزموونخوازەکان (بەیکێن، دیکارت، کۆنت، دوورکهایم و …) وەک بناغەدانەرانی ئەم پارادایمە لەبواری فەلسەفەو کۆمەڵناسیدا، بنەما فەلسەفی و فیکرییەکانی، دیاری و شرۆڤە دەکات.
ناساندنی شێوازی لێکدانەوەو شیکاری میتۆدی ” ئەزموونی- بینینی”، وەک تاکە روانگەی مەعریفیی پارادایمی پۆزیتیڤیزم بۆ ناسینی جیهانی دیاردەکان، بابەتێکی دی ئەم بەشە لەخۆدەگرێت.
ئاوڕدانەوە لەهەڵوێستی مەعریفی دووالیزم خوازو ئۆبژێکتیڤ، میتۆدۆلۆژی “تاقیکارانە_ دەستێوەرداو”، بەڵگەناسی ئیستقرایی و پێوانەیی _ گریمانەیی، مۆدێلی تیۆری “یاسای داپۆشەر”، گریمانەناسی و روانگەی مرۆڤناسیی – مرۆڤی “قازانج خواز”، “چێژخواز” و “عەقڵانی” و “رێڕەوی کردەوەخوازانەی”- پارادایمی پۆزیتیڤیزم هەندێ تر لەمژارەکانی ئەم بەشەن.
لۆژیکی لێکدانەوە لەپۆزیتیڤیزمداو جۆرەکانی وەک: لێکدانەوەی پێکهاتەیی، تیۆریکی، هۆیەکی، یاسا بنچینەییەکانیان و چەند تێبینی میتۆدناسانەی دیکە بەشێکی دین لەتەوەرەکانی بەشی دووهەم.
بابەتی کۆتایی بەشی دووهەم بەسەردێڕی “پارادایمی باو لەناو گێژاوی رەخنەدا” کۆی روانگە رەخنەئامێزەکان لەسەر پارادایمی پۆزیتیڤیزم لەهەردوو بەشی رەخنە نێوپارادایمییەکان و رەخنە دەرەوەپارادایمییەکان دەخاتەڕوو. کەبریتین لە “رەخنە دەروون پارادایمییەکان”ی وەک: “بەستێن سڕینەوە”، “رەتدانەوەی واتاو ئامانج”، “یەکگرتنەوەی تیۆرییە گشت بینەکان لەگەڵ بەستێنە خۆجێیەکان”، بێکەڵکی هاوردە گشتییەکان بۆ خاڵە تایبەبەتەکان”، “دوورخستنەوەی رەهەندی دۆزینەوە لەلێکۆڵینەوەدا”، و “رەخنەکانی پارادایمی دەرەکی” وەک: “باری تیۆریکی راستییەکان”، “دیارینەکراویی تیۆریکی”، “کێشەی گشتاندن”، “باری بەهادارانەی راستییەکان”، “دۆگماتیزمی زمانناسانە”، “ماهییەتی پێوەندی دوولایەنەی توێژەرو بابەتی توێژینەوە”، “رەخنەی پاش مودێرن”، “رەخنەی فیمینیستی” و “رەخنەی پلانی زانستییانەی پۆزیتیڤیزم”
بەشی سێیەم: پارادایمی تەفسیری _ بنیادنەری
بەشی سێیەم سەبارەتە بەناساندنی پارادایمی تەفسیری _ بنیادنەری، کە بەهەڵدانەوەی یەکەم لاپەڕەکانی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەم پارادایمە لەبوارەکانی فەلسەفەو کۆمەڵناسییەوە دەستپێدەکات و لەدرێژەدا “هەڵوێستە بناغەییەکان” و “توخمەکانی” ئەم پارادایمە کە بریتین لەهەڵوێستی “بوونناسانە”، “مەعریفەناسانە”، “میتۆدناسانە” و “قێبازەکانی”ی دەخاتە بەرباس و لێکدانەوە.
دوای روونکردنەوەی ئاخێزگەو بنەما فیکری و فەلسەفییەکان، باسەکە دەچێتە سەر لۆژیکی میتۆدناسی کەباس لەمیتۆدی هێرمێنۆتیکی و جەدەلی وەک کرۆکی میتۆدیکی پارادایمی تەفسیری _ بنیادنەری دەکات، کە بونیادی میتۆدناسانەی سەرجەم میتۆدە چۆنایەتییەکان پێکدێنێت و مرۆڤ و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و کۆی سووژەکان لە دیدێکی سروشتخوازانەوە وێنا دەکات.
“راستی، زانست و توێژینەوە”، سەردێڕی دوابابەتی ئەم بەشەیە کە باس لەسێکوچکەی راستی، زانست و توێژینەوەو پەیوەندییە چەند رەهەندییەکانیان دەکات و کردارە واتادارەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگاو هەوڵ بۆ تێگەیشتن و شرۆڤە و تەفسیری ئەم کردارانە مەبەستی سەرەکییەتی.
بەشی چوارەم: پارادایمی رەخنەیی
بەشی چوارەم سەبارەت بە پارادایمی رەخنەیی کە بەئاماژەدان بەبیرمەندان و قوتابخانە دامەزرێنەرو درێژەپێدەرەکانی ئەم پارادیمە وەک؛ مارکس، فرۆید و فێرگەی فرانکفۆرت (ئادۆرنۆ، فرۆم، هابیرماس، بۆردیۆ و…) دەستپێدەکات و دواتر دەپەرژێتە سەر بنەما پارادایمییەکانی، ئەم پارادایمە کە لەڕووی بوونناسییەوە لەسەر بنچینەی “ڕاستیخوازی مێژوویی” دامەزروە و لەڕووی مەعریفەناسییەوە بڕوای بەکارلێکردن و پەیوەندیی دوولایەنەی وتووێژو زەینخوازی لەمەعریفەدا هەیە. هەروەها لەڕووی میتۆدناسییەوە سروشتێکی وتووێژی و مشتومڕانەی هەیە لەنێوان لێکۆڵەرو سووژەدا.
دوای روونکردنەوەی بنەماکان، ئامانجی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتیی پارادایمی رەخنەیی، سیمای مەعریفەو ئەنترۆپۆلۆژی لەم پارادایمەدا، سێ مژاری دیکەی ئەم بەشەن کەتێیدا تیشک دەخرێنە سەر هەوڵە رزگارکە و ئاگاییخوازەکانی ئەم پارادایمە و تێکۆشانی بەردەوامی بۆ گەشەی زیاتری مەعریفە و زاڵبوون بەسەر نەریتە مەعریفی و فیکریە سنووردارو چەوسێنەرەکاندا.
“میتۆد، گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و ئاکار” سەردێریکی دیکەی بەشی چوارەمە کە تێیدا باس لەتەوەرەکانی خوارەوە دەکرێت: کەڵک وەرگرتن لەمێتۆدەکانی بەڵگەی پێوانەیی و ریترۆداکشێن، جۆرەکانی خوێندنەوەی تیۆرییەکان و دابەشبوونیان بەسەر دوو دەستەی چاک و خراپ بەپێی پێوەری پراکسیس، روانگەی گۆڕانسازی پارادایمی رەخنەیی بەرامبەر بەمەعریفەی کۆمەڵایەتی، هەڵوێستی چالاکخوازانە بەرامبەر بە بەهاکان، سروشتی هەڵوێستخوازانەی لێکۆڵینەوە، دۆخدۆزی مێژوویی و دەستکەوتەکانی لێکۆڵینەوە وەک پێوەری سەرەکی دادوەری سەبارەت بەلێکۆڵینەوە، خەسڵەتی تەواو جەوهەرییانەی ئاکار لەتوێژینەوەداو هەڵوێستی توێژەر وەک “رووناکبێری رووخێنەر” و بەرهەڵستکاری ئایدیۆلۆژیاکان.
مژارەکانی لێکۆڵینەوە لەم پارادایمەدا بەگشتی بریتین لەناهاوسەنگییە کۆمەڵایەتییەکان بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هێزە هەژموونییەکان و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کە بابەتێکی دی ئەم بەشە لەخۆدەگرن.
“لۆژیکی لێکدانەوەی رەخنەیی” دوابابەتی ئەم بەشەیە کەپرەنسیپە بنەڕەتییەکانی وەک: ستراتیژی لێکۆڵینەوە، جۆری رەخنە، گریمانەی سەرەکی، مەبەستی لێکدانەوە، رەهەندی توێژینەوە، ئامانجی لێکۆڵینەوە، پێوەری هەڵسەنگاندن، زمانی لێکدانەوە و رێبازە میتۆدیەکانی لێکدانەوەی رەخنەیی پێناسە کردووە.
بەشی پێنجەم: پارادایمی فێمینیزم
دەسپێکی بەشی پێنجەم بەسەردێڕی “مەعریفە، جنسیەت و دەسەڵات”، رەهەندەکانی بوونناسی، مەعریفەناسی و میتۆدناسی پارادایمی فێمینیزم باس دەکات، کە لەبواری بوونناسیدا رێژەخوازیی جنسیەتی، لەبواری مەعریفەناسیدا شێوازی بەرهەمهێنانی مەعریفە و پەیوەندیی مەعریفە و دەسەڵات و، لەبواری میتۆدناسیدا ڕوانگەی جنسییەتی وێناکردنی ئەزموونەکان و رەگەزی لێکۆڵەر وەک خاڵە سەرەکی و بنەماییەکان دیاری دەکات و تواناسازی ژنان و رزگارکردنیان لەسیستەمی پیاوسالاری و گەیاندنیان بەهاوسەنگی لەهەموو بوارەکاندا وەک ئامانجی لێکۆڵینەوە و، “رێڕەوی جنسییەتی” و “چالاکێتی یەکسانخواز” وەک دوو چەمکی سەرەکی پارادایمی فێمینیزم دیاری دەکات.
“زانست، مێژوو و شیکاری فێمینیستی”؛ سەردێری نیوەی دووهەمی ئەم بەشەیە کە لەچییەتی مەعریفە وەک بەرهەمێکی مێژوویی دەسەڵاتی پیاوانەو پەراوێزکەوتنی مەعریفەی پێوەندیدار لەگەڵ ژنان ئاوڕ دەداتەوە و بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕاستییەکان خاوەنی هەڵوێستی جنسیەتین، رێبازی دیالێکتیکی فێمینیستی وەک شیاوترین و لێهاتووترین رێبازی ئاشکراکردنی سیمای جنسییەتی راستییەکان دیاری دەکات.
مرۆڤناسی و هەڵوێستی ئەرزشی پارادایمی فێمینیستی دوو لایەنی دیکەن کە بەپێناسەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی جنسیەتی کراوو هەڵگری پتانسیەلیکی ناجێگیری پەیوەست بەسیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاری لەڕووی مرۆڤناسییەوە و، روانینێکی جەوهەری بەبەهاکان و گرنگی بەها فیمێنیستییەکان لەسەرووی هەموویانەوە لەڕووی هەڵوێستی ئەرزشییەوە باسیان لێدەکرێت و رێگەچارەکانی دەربازبوون لەم بەربەستانە لەڕووی ئاکارەوە کە پابەندییە بەهەوڵدان بۆ هاوسەنگی و یەکسانخوازی و رۆڵگێڕانی لێکۆڵەر وەک رووناکبیرێکی رزگارکەرو ئاشکراکەر، شرۆڤە دەکرێن.
بەشی شەشەم: پارادایمی پاش مودێرن
ئەم بەشە سەرەتا بەسەردێڕی “مێژووی سەرهەڵدان”، لاپەڕەکانی مێژووی پارادایمی پاش مودێڕن لەپەنجا ساڵی رابردوودا، وەک وەرچەرخانێکی بنەڕەتی هەڵدەداتەوەو وێڕای ئاماژە بەسەرهەڵدانی ئەم چەمکە لەبوارە زانستی و هونەرییە جیاوازەکاندا بەوردبوونەوە لەبواری کۆمەڵناسیدا، بیرمەندو تیۆری و قوتابخانەو رێبازە کاریگەرەکانی ئەم پارادایمە دەناسێنێ.
چەمکی پاش مودێرنیزم وەک ئاماژەیەک بۆ سێ شێوازی گۆڕانکاری، درێژەی بابەتەکەیە، کەگۆڕانکاری بواری فەلسەفە و تیۆری کۆمەڵایەتی وەک بواری سێهەم بەوردی تیشک دەخرێتەسەری، کە بریتین لەکۆمەڵێ رێچکەی جۆراوجۆر کەچەند توخمێکی سەرەکی هاوبەش وەک؛ رەتکردنەوەی گریمانە جیهانگیرەکان، گرنگیدان بەچەمکە سەرەکییەکانی وەک دەق و سووژەو شوناس و سیمبول، بێ باوەڕی بەمیتاحیکایەتەکان و هتد، پێکەوەیان گرێدەدا. دواتریش بەئاماژە بەمانا فرەڕەهەند و جیاوازەکانی پاش مودێرنیزم شیوازی پەیوندیی مانایی چەمکەکانی مودێرنیزم و پاش مودێرنیزم و سەرمایەداری و گریمانە و ئایدیا سەرەکییەکانیان لێکدەداتەوە.
“پاش¬مودێڕنیتە و پاش¬مودێڕنیزم” سەردێڕێکی دیکەی ئەم بەشەیە کە تێیدا جیاوازیی ئەم دوو چەمکە ڕووندەکرێتەوە و باری مانایی هەرکامیان لەڕوانگەیەکی زانستی و بەپێی تیۆرییە پەیوەندیدارەکانی بیرمەندانی ئەم بوارە پێناسە دەکرێت.
“دەستکەوتە تیۆریکییەکانی پاش¬مۆدێرنیزم” سەردێڕی تەوەرێکی دیکەیە، کە بەپێی بنەما بوونناسانە و مەعریفییەکانی ئەم پارادایمەوە، دەستکەوتە تیۆریکیەکانی وەک: ماهییەتی بەستێن خوازانەی مەعریفە، رەتکردنەوە تیۆرییە جێهانگیرەکان و بێبەری بوونی سووژە لەدیاریکردنی پێوەرەێکی جیهانی و… دەناسێنێت.
”پاش¬مودێڕنیزم و میتۆدناسی”، دەپەرژێتە سەر ڕەهەندەکانی میتۆدناسی پارادایمی پاش¬مۆدیڕنیزم وەک شیکردنەوەی نیشانەناسانە، شیکردنەوەی دیسکۆرس، شیکردنەوەی حیکایەت و دەق و… هتد، کە چەندین میتۆدناسی جیاواز لەخۆدەگرێت.
لەدرێژەدا “دیاریکردنی خەسڵەتە تایبەتەکانی میتۆدناسی پاش¬مۆدێرنیزم” باس لەڕەتدانەوەی حیکایەتە گەورەکان، رەتدانەوەی حەقیقەتە رەهاکان، رەخنە لەڕەنگدانەوە، ناوەندێتی دیسکۆرس، شوناسە پەرتەوازوو ئاڵۆزەکان و پەسەندکردنی رێژەخوازی کولتوری دەکات.
“هەڵسەنگاندن و ئەگەری بەرهەمهێنانی مەعریفە”، کۆتا بابەتی ئەم بەشەیە کە تێیدا باس لەدژایەتی پاش¬مۆدێرنیزم و هۆکارەکانی ئەم بەرهەڵستکارییە لەگەڵ بۆچوونی کۆی پارادایمەکانی دیکەدا کراوەو جەخت لەسەر باوەڕی فرەڕەهەندی و ڕێژەگەریی مەعریفی لەم پارادیمەدا دەکات، کەهەوڵی سەرەکیی ئەوەیە رۆڵی شوناسە پەراوێزخراوەکان لەبەرچاوبگرن و بەهایان پێبدەن.
بەشی حەوتەم: پارادایمی پراگماتیزم
لەژێر سەردێڕی “حەقیقەت و قازانج”دا، ئەم بەشە دەستپێدەکات و تێیدا سیمای مەعریفە لەڕوانگەی پراگماتیزمەوە، وەک پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بنەمایەک بۆ راستیی جیهانێک کە مرۆڤ تێیدا دەژی و ئەزموونی دەکات، پێناسە دەکرێت و روانینی ئامرازییانەی بۆ تیۆری بەپێی بەکەڵکبوونی بۆ تێگەیشتن لەجیهانی کۆمەڵایەتی لێکدەدرێتەوە.
بابەتەکە دوای پێشەکیی باسکراو، باسی “سەرچاوە بنەڕەتییەکان”ی ئەم پارادایمە دەکات و تیشک دەخاتەسەر بزاوتی فەلسەفی پراگماتیزم و بیرمەندە دامەزرێنەرەکان و تایبەتمەندیی بیروبۆچوونەکانیان لەکۆتا دەیەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا.
لەدرێژەدا، قۆناغە مێژووییەکانی پراگماتیسم کە دابەشدەکڕێتە سەر دوو قۆناغی: پراگماتیسمی سەرەتایی (١٩٣٠-١٩٦٠)و نوێپراگماتیسم (دەیەی ١٩٦٠)و تایبەتمەندی و کاریگەرییەکانی هەریەک لەم قۆناغانە، باسدەکرێت و تیشک دەخرێتەسەر ئەو قوتابخانەو ئەزموونە فیکری و فەلسەفییانە کەکاریگەرییان لەسەر پراگماتیسم داناوە کە بریتین لە: ئەزموونخوازی بەریتانیا، قازانج خوازی، تیۆری گەشەسەندن، نوێ¬ریالیزم، فەلسەفەی دێکارت (دێکارتیزم)، کانتیزم، هێگلیزم، فۆڕماڵیزم، فاندەمێنتاڵیزم، سڕینەوەی مێتافیزیک خوازی لەبەرژەوەندی سروشتخوازی، سڕینەوەی پەیوەست خوازی، سڕینەوەی هۆو هۆکرد خوازی، سڕینەوەی بونیادنەری و سڕینەوەی راستی¬خوازی رووکەشیانەو رێژەخوازیی رادیکاڵ.
باسەکە دواتر دەچێتەسەر گرنگترین پرەنسیپە فەلسەفی و میتۆدناسییەکانی ئەم پارادایمە وەک: کەڵک وەرگرتن لەهەردوو رێبازی لێکۆڵینەوەی چەندایەتی و چۆنایەتی، گرنگیدان بەپرسیاری توێژینەوە لەئاست میتۆددا، دوورەپەرێزی لەچەمکە متافیزیکییەکان، کەڵک وەرگرتن لەمیتۆدناسی تێکەڵاو، رەتدانەوەی دووالیزمە باوەکان، بایەخدان بەجیهانی دەروونی ئەزموونی مرۆڤ، دانانی جیاوازی مێژوویی لەنێوان سووژە ئۆبژە، لایەنگری لەهەڵەخوازی و هەڵبژاردەخوازی و ئەزموونخوازی بەهێزو کردەوەیی، مەرجداربوونی حەقیقەت و واتاو مەعریفە، گرنگیدان بەپراکسیس لەئاست فەلسەفاندن، هەڵوێستی بەها تەوەری، رەتکردنەوەی ریداکسیۆنخوازی و… هتد.
“لۆژیکی لێکدانەوە” وەک مودیلی ناساندنی پارادیمەکانی دیکە، بابەتێکی دیکەی ئەم بەشەیە کە، جیاواز لەلۆژیکی هەموو پارادیمە رکابەرەکانی دی، بەچەندین خاڵ دیاری دەکرێت کە سەرەکیترینەکانیان بریتین لە: ئازادبوونی لێکۆڵەر لەدیاریکردن و پەیڕەوکردنی ئامانجەکانی، بێ سنووربوونی زمانی لێکدانەوە، پرسیارتەوەری، بەندنەبوونی دەرئەنجام بەڕووداوێکی تایبەت لەسیستەمدا، بێ سنووری لەهەڵبژاردنی میتۆدو پانتایی توێژینەوەدا، بەکەڵکبوونی بەرهەمی توێژینەوە بۆ ژیانی ئاسایی و چارەسەرکردنی کێشەکان، پابەندنەبوون بەزمانێکی تایبەتی لێکدانەوە.
“بەشداریی تیۆریکی لەپیێرس تا بێنتلەی”، لەم بەشەدا دوای ناساندنی پیێرس وەک دامەزرێنەرو باوکی پراگماتیسم، و باسکردنی بیر و بۆچوون و هەڵویستەکانی وەک، دانانی “رێسای پراگماتیکی” و…، مێژووی گۆڕانکاریی بیری پڕاگماتیستی کلاسیک هەنگاو بەهەنگاو و بیرمەند بەبیرمەند بەسەردەکرێتەوە و دوای پیێرس، لە ویلیام جەیمز و بیری ئەزموونخوازیی رادیکاڵی، جۆرج هێربێرت مید و کاریگەریی حاشاهەڵنەگری لەسەر هێنانی پراگماتیزم بۆ ناو بەستێنی کۆمەڵایەتی، دیوویی و بیرو بەرهەمە رەخنەییەکانی لەسەر پراگماتیزم، ئارتوور بێنتلەی و کاریگەریی لەسەر پراگماتیزمی کلاسیک بەتایبەت لەبواری لێکۆڵینەوەی زانستە سیاسییەکان و گۆڕانکاریی گەورە لەسەر چۆنایەتی تێڕامان لەچەمکی دەوڵەت و … باسدەکرێت تادەگاتە قۆناغی نوێ¬پراگماتیزم.
“پراگماتیزمی نوێ: زمان، ناڕوونی و سەرلێشێواوی مەعریفە” وەک خوێندنەوەو پێداچوونەوەیەکی نوێ لەپراگماتیزمی سەرەتایی بە نیسبەتی کێشە هەنووکەییەکانی جیهان، دوا تەوەری بەشی حەوتەمە، کە لەسێ ڕەهەندی سەرەکیی؛ مەعریفە ناسی، مێتامیتۆدناسی و مێتۆدناسیدا پێناسەو شرۆڤە دەکرێت. پراگماتیزمی مەعریفەناسانە بەچاوپۆشی لەسەرچاوەی بیرۆکەکان باس لەئاراستەی بیرۆکەکان دەکات؛ پراگماتیزمی مێتامیتۆدناسانە، مێتۆدناسییەکانی لێکۆڵینەوە تاوتوێ دەکات و بەبێ¬بڕوایی بەسیستەم و فەلسەفەیەکی تەواوو جێگیر، باس لەدژایەتی لەگەڵ هەر جۆرە چوارچێوە و قوتابخانەی هزری و زۆر ئایدیای دیکەدا دەکات. لە شرۆڤە¬کردنی ئەم دیاردەشدا بێروڕای نوێپراگماتیستەکانی وەک کاپلان و رۆرتی دەخرێتەڕوو. “پراگماتیزمی مێتۆدناسانە”ش، بەو بڕوایەی کە پراگماتیزم دەتوانێت خاوەنی رێبازێک بێت بۆ مێتۆدەکانی لێکۆڵینەوە، پەردە لەسەر ئەم رەهەندە وەک نوێترین رەهەندی مێتۆدناسانەی پراگماتیزم هەڵدەداتەوە و تێیدا باس لەمشتومڕو بیرمەندانی ئەم بوارە دەکات. لەکۆتاییشدا بەکورتی تیشک دەخاتەسەر رۆڵی گرنگ و سەرەکی پراگماتیزم لەپێکهێنانی تیۆری و میتۆد لەزانستی کۆمەڵایەتیدا، کە لەئەنجامدا بوەتەهۆی یەکگرتنەوەی پارادایمی، لێکدان و ئاوێتەبوونی میتۆدەکان و دووری لەڕکابەری میتۆدناسانە و لەئاکامدا سەرهەڵدانی شەپۆلی سێهەمی میتۆدناسی کە بە “میتۆدناسیی لێکدراو” ناوزەد دەکرێت.
بەشی هەشتەم: شێوازی نووسینی پلانی توێژینەوە
لەم بەشەدا نووسەر دوای تیشک خستنەسەر باوترین و گرنگترین پارادایمەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و شرۆڤەکردنیان لەچەندین رەهەندی بوونناسی و مەعریفی و میتۆدیکەوە، لەحەوت بەشی پێشوودا، وەک بەشێکی راهێنانەو رێنماییکەر، هەوڵدەدات لەدووتوێی پلانێکی پوخت و هەنگاو بەهەنگاودا، قۆناغەکانی نووسینی پلانی توێژینەوە بەپێی یاساو پێوەرە ئاکادیمیکییەکان دیاری بکات و بەکەڵکوەرگرتن لەچەمک و بابەتە تیۆریکی و میتۆدەکانی حەوت بەشی پێشوو بەوردی تیشک دەخاتەسەر هەر کام لەقۆناغەکانی توێژینەوەو بەکۆمەڵێک تێبینی، مژارە گرنگ و بابەتییەکانیان دەخاتە بەرباس و روونکردنەوە.
دابەشکردنی توێژینەوە بەسەر پێنج قۆناغی سەرەکیداو لێکدانەوەیان بەپێی دابەشکاریی خوارەوە ناوەڕۆکی ئەم بەشە پێکدێنن.
قۆناغی یەکەم: داڕشتنی پرسیار یان بابەتی توێژینەوە، کەبریتیە لە: چۆنییەتی و سەرچاوەکانی هەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوەو پرسیار، ئاراستەکردنی بابەت، مەرجەکانی پرسیار، شێوازی نووسینی پرسیارو چۆنییەتی گەڵاڵەکردنی.
قۆناغی دووهەم: گرنگی و ئامانجەکانی توێژینەوە، کەبریتیە لە: هۆکاری هەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوەو ئامانجی توێژینەوە.
قۆناغی سێیەم: خوێندنەوەی ئەدەبیاتی پێشوو، کەبریتیە لە: مەبەستەکانی خوێندنەوەی ئەدەبیاتی پێشوو، چۆنییەتی کۆکردنەوەو هەڵسەنگاندن و ئاراستەکردنی ئەدەبیاتی پێشوو، تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی پێشوو، ئەدەبیاتی پێشووی پیویست بەئاماژە لەڕووی ژمارەوە، شێوازی بەیانکردنی ئەدەبیاتی پێشوو، شێوازی ناساندنی توێژینەوە پێشووەکان.
قۆناغی چوارەم: چوارچێوەی تیۆریکی، بریتیە لە: پێناسەکردنی چوارچێوەی تیۆریکی، چۆنییەتی رۆڵگێڕانی چوارچێوەی تیۆریکی، پەیوەندیی چوارچێوەی تیۆریکی و جۆری توێژینەوە، شێوازی دیزانکردنی چوارچێوەی تیۆریکی، گریمانەسازی و شێوازی دەرهێنان و ئاراستەکردنی، جۆری گریمانە، پێناسەی چەمکی و پێناسەی عەمەلیاتی و ئاستی پێواندنەکان
قۆناغی پێنجەم: میتۆدناسی، بریتیە لە: دیاریکردنی جۆری میتۆدناسی لێکۆڵینەوە، ئاماژە بەسێ جۆری سەرەکیی میتۆدناسی، سوچبەندی و پێناسەکردنی، دیاریکردنی کۆمەڵگای ئاماری و ستراتیژییەکانی نموونەدانان، رێبازەکانی کۆکردنەوەی داتاو هاوردە، رێبازەکانی شیکاری داتاکان، شێوازی هەڵسەنگاندنی توێژینەوە، نووسینی راپۆرتی توێژینەوە.
پاشکۆی نووسەر
نووسەر لەپاشکۆیەکی سێ لاپەڕەییدا جارێکی دی تیشک دەخاتە سەر مەبەستە سەرەکییەکانی نووسینی ئەم بەرهەمەو ویستی ئاگادارکردنەوەی خوێنەر لەبناغە فەلسەفی و پارادایمییەکانی میتۆدەکانی توێژینەوە لەزانستە مرۆییەکاندا، وەک ئامانجی سەرەکی دەناسێنێت. نووسەر وەک پسپۆڕێکی بواری میتۆدناسی هەوڵدەدات لەڕوانگەیەکی خەسارناسانەوە، زاڵترین خەساری بواری میتۆدناسی- کەبریتیە لەکورتکردنەوەی میتۆد لەبازنەی بەرتەسک و داخراوی میتۆد وەک کۆمەڵێک کەرەستە و فەننی باو لەتوێژینەوەدا کەهەموو لێکۆڵەرو تەنانەت تاکێکی ئاساییش دەتوانێت لەهەموو هەلومەرجێکدا بەکاری بێنێت- لە خاڵی دەستپێک و سەرەتاییدا بخاتەبەر رەخنەو ڕوونکردنەوە، خوێنەر لەو راستییە ئاگاداردەکاتەوە کەتوێژەر ناتوانێت لەدەرەوەی بناغە فەلسەفی و ئیپیستمیکەکاندا دەست بۆ میتۆد ببات و ئاگادار یان بێ ئاگایی، هەڵبژاردنی هەر میتۆدێک پابەندبوونە بەجیهانبینی و بنەما پارادایمییەکانی سەبارەت بەو میتۆدەو واباشترە توێژەر بەزانیاری بنەمایی و فەلسەفییەوە روو لەبواری میتۆدناسی بکات.
نووسەر لەپێناو ئەم هەڵوێستەدا، سێ تێبینی گەڵاڵە دەکات، کەبریتین لە:
یەکەم، پێویستی پابەندبوونی توێژینەوەی زانستە مرۆییەکان بە یەکێک لەسێ میتۆدناسیی سەرکیی؛ چەندایەتی، چۆنایەتی و لێکدراوو زەروورەتی ئاگاداری نووسەر لەهەموو رەهەندەکانی میتۆدی هەڵبژێردراو.
دووەم، زاڵبوونی پارادایم بەسەر هەموو توێژینەوەیەکداو شۆڕبوونەوەی بۆ خوارترین بوارەکانی لێکۆڵینەوە.
سێیەم، خۆدوورگرتن لەپابەندی بەهەر چوارچێوەیەک لەخۆیدا هەڵبژاردنی چوارچێوەیەکی بێبەری لەچوارچێوەس، کە لەواقیعدا ئەو ئەگەرە ئیمکانی نییە و تەنیا خۆدزینەوەیەکی رووەکەشە و قووڵبوونەوە لەڕەهەندەکانی، ئەو راستییە دەردەخات کەمرۆڤ ناتوانێت خۆی لەچوارچێوی روانگە و بەهاو بنەماکان دەربازبکات.
لەم رووەوە نووسەر پێشنیاردەکات کە توێژەران بەر لەهەر توێژێنەوەیەک ئاوڕی جیدی لە بنەما فەلسەفی و بناغە سەرەکییەکانی میتۆدناسی بدەنەوەو بەپێی سروشتی لێکۆڵینەوەکە، مێتۆدێکی گونجاوو داڕشتەیەکی تەباو یەکگرتووی بۆ دابینکەن.
بەشی نۆیەم: فەرهەنگۆکی فەلسەفەی میتۆدناسی.
بەپێی تایبەتمەندیی ئەم کتێبە، وەک بەرهەمێکی دەستپێک و سەرەتایەک لەبواری ئەزموونی زمانی زانستیی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەبەستێنی زمانی کوردیدا، بێگومان بەشی فەرهەنگۆک و کۆی بابەتە پەیوەندیدارەکان بەهاوواتاسازی و وەرگێڕانی وشەو چەمک و تێرمە زانستییەکان هەستیاری و سەنگایەتییەکی قورستر پەیدا دەکەن و لەئاست زمانە راهاتووەکانی دی، پێویستیان بەئاوڕدانەوەو گرنگیدانی زیاتر هەیە. هەر بەم پێیەش و بەدرککردنی ئەم تەوەرە، نووسەر لەم بەشەدا لەزیاتر لە (٦٥) لاپەڕەدا ئاوڕی لەپێناسەکردنی چرمکەکان داوەتەوەو بە ڕیزکردنیان بەپێی ئەلفبێی لاتین، دوای هاوردنی وشەو چەمکە لاتینیەکان و دانانی هاوواتا کوردییەکانیان، سەبارەت بەهەریەک لەچەمکەکان، بەپێی رێژەی گرنگی و قورسایی مانایان پێناسەی پێویستیان بۆ کراوە.
تێبینیی کۆتایی:
ئەم کتێبە وەک لەناسنامەی کتێبەکەشدا ئاماژەی پێکراوە، تەنیا سەرەتایەکە لەبواری مێتۆدناسی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، بێگومان ناتوانێ لەکۆمەڵێک خەسارو کورتی بەری بێت، کەنووسەریش بەئاگاداری تەواو لەم ئەگەرە، تیشکی خستۆتە سەری و لەپێش¬وتارەکەیدا دەستی هاوکاری بۆ هەموو پسپۆڕان و زانایانی ئەم بوارە درێژکردۆتەوە. بەم پێیە پێویستە شارەزایان و ئاکادیمیسە کوردەکانی بواری زانستی کۆمەڵایەتی، وێڕای ئاوڕدانەوەی قووڵ و رەخنەییانە لەم ئەزموونە سەرەتاییە، لەپێناو چێکردنی زمانێکی زانستیانەی بواری زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان هەنگاوی تۆکمەو وردبینانە هەڵگرن و بەڕەچاوکردنی هەموو پێوەرێکی زانستی و زمانناسانە، لەپێناو پتەوکردن و پیتاندنی ئەم ئەزموونە هەنگاو بنێن.
ماڵی کتێبی کوردی وەک مەکۆیەکی زانستی و پسپۆڕانەی رانان و رەخنەی کتێبی کوردی، ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوەی خوێندنەوە رەخنەئامێزەکان لەسەر ئەم بەرهەمەو لەپسپۆڕانیش داواکارە کە بەهەڵوێستی رەخنەئامێزو زانستیانە، ئەرکی خۆیان لەبەرامبەر زمان و ئەدەبی زانستی کوردی جێبەجێ بکەن.
*خوێندکاری دوکتۆرای مێژووی زانکۆی بهههشتی تاران-ئەندامی دەستەی نووسەرانی «ماڵی کتێبی کوردی»