بۆچی مووچه‌ى پله ‌باڵاکان ده‌بێته‌ پرسێکى گه‌رم؟

دواى بیست‌و حه‌وت ساڵ بۆچی مووچه‌ى پله ‌باڵاکان ده‌بێته‌ پرسێکى گه‌رم؟

هاورێ سوره‌

5 ساڵ لەمەوپێش



هاورێ سوره‌

ئه‌گه‌ر که‌مێک مێژووى شۆڕشى گه‌لان بخوێنینه‌وه‌ باشتر بۆمان ده‌رده‌که‌وێت له‌هه‌ر  وڵاتێک کاتێک شۆڕش سه‌رکه‌وتووه‌  جا شۆڕشى رزگارى نیشتیمانى  یان شۆڕشى چینایه‌تى  یان شۆڕشى نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌کان یان شۆڕشى پیشه‌سازى  و شۆڕشى  رۆشنبیرى بووبێت .ئه‌گه‌ر ئه‌م شۆڕشانه‌ شۆڕشى چه‌واشه‌ نه‌بووبن هه‌رگیز دروشمه‌کانى سه‌رده‌مى شۆڕش له‌بیر نه‌کراون . بۆیه‌ نه‌ک هه‌ر پێویسته‌ به‌ڵکو ئه‌رکه‌ له‌سه‌رشانى شۆڕشگێڕه‌کان له‌دواى سه‌رکه‌وتنى شۆڕش هه‌موو دروشمه‌کانى سه‌رده‌مى شۆڕش وه‌ک خۆیان جێبەجێ بکه‌ن . ئه‌وانه‌ى دوێنێ له‌ڕیزى دوژمندابوون و ئه‌وسا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو له‌پۆسته‌ جۆربه‌جۆره‌کان  وه‌ک سوپاو دادگاکان و راگه‌یاندن و سلکى هه‌واڵگرى  و  ئه‌منی  هتد .. له‌دواى سه‌رکه‌وتنى شۆڕش چۆن ده‌بێت  ئه‌وانه‌ ده‌سه‌ڵاتداربن و نان و ژیانى تێکۆشه‌رانیان به‌ده‌ست بێت. به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان سوره‌ به‌خوێنى پێشمه‌رگه‌ و رێکخستنه‌ نهێنیه‌کانى ئه‌وکاته‌. پێش هه‌ر شتێک پێویست بوو دادگاى شۆڕش یه‌ک به‌یه‌کیان په‌لکێشى دادگا بکات و هه‌ریه‌که‌یان به‌پێى تاوانه‌که‌ى سزابدرێت،  به‌داخه‌وه‌ نه‌ک ئه‌وه‌ نه‌کرا,به‌ڵکو نالۆژیکیانه‌ لێبوردن بۆ تاوانبارانى گه‌ل و نیشتمان ده‌رچوو. به‌ڵام به‌هۆى نادادپه‌روه‌رى که‌سانى نادڵسۆز  خه‌ڵکێکى زۆر  له‌قوربانیدان و ماندووبوون په‌شیمانییان پێوه‌ دیاره‌. چونکه‌ له‌کوردستان زۆرێک له‌دروشمه‌کانى سه‌رده‌مى شۆرش پێچه‌وانه‌ بوونه‌وه‌!! ده‌پرسین خه‌ڵک بۆچى راپه‌ڕین؟ بێگومان بۆ دادپه‌روه‌رى  و ئازادى و خۆشگوزه‌رانى. کاتێک به‌عس له‌لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵات بوو له‌ 4-3-1991  پشده‌ریه‌ راگوێزراوه‌کانى ئۆردوگاى خه‌بات له‌به‌ینى هه‌ولێر و موسڵ له‌ڕژێم راپه‌ڕین  و رۆژى دواتر واتا 5-3-1991 پشده‌رییه‌کان و خه‌ڵکى بیتوێن  له‌ڕانیه‌ و چوارقوڕنه‌ و حاجیاوا ناوچه‌که‌یان له‌داموده‌زگاکانى به‌عس پاککرده‌وه‌،  ئه‌وه‌ بوو هه‌تا نه‌ورۆز (به‌عس) له‌هه‌موو کوردستان وه‌ده‌رنرا به‌شارى که‌رکوکیشه‌وه‌.. مخابن ئه‌وه‌تا ئێستا نادادپه‌روه‌رى خه‌ریکه‌ هه‌ڵده‌کشێت بۆ لوتکه‌. شۆڕشى راسته‌قینه‌ که‌به‌خوێنى سه‌دان هه‌زار شه‌هید سه‌رکه‌وتووه‌ ده‌بێته‌ شۆڕشى چه‌واشه‌! به‌ئاشکرا دیاره‌ هه‌رکه‌سێک گه‌یشته‌ ده‌سه‌ڵات غه‌مى گیرفانى خۆیه‌تى، گیرفانه‌که‌شى هێنده‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌ڵێى «جه‌واڵه‌« هه‌ر پڕنابێت !  زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى هاوڵاتیان ده‌پرسن ئه‌رێ له‌کوێى دونیا بووه‌ مرۆڤ به‌چوار ساڵ خزمه‌ت و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى ته‌مه‌ن  به‌چوار ملیۆن و چه‌ند سه‌د هه‌زار خانه‌نشین بکرێت!  خزمه‌ته‌که‌شى وه‌ک پاشا وابووبێت له‌مانگێکدا چه‌ندڕۆژێک یان چه‌ند کاتژمێرێک ده‌وام بکات واتا کاتژمێر  یانزه‌ بچێت بۆ کۆبوونه‌وه‌!. جا چۆن متمانه‌ به‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ده‌کرێت پێش هه‌ر شتێک غه‌مى خۆیان و باخه‌ڵه‌که‌یان بێت و یاسا بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ده‌ربکه‌ن؟  ئه‌وانه‌ى به‌غداش خۆیان و خودا ده‌زانێت چه‌ند وه‌رده‌گرن و به‌چه‌ند ملیۆن خانه‌نشین ده‌بن . هه‌مووشمان ده‌زانین به‌هۆى حزبێکه‌وه‌ بوون به‌ئه‌ندام په‌رله‌مان, ئه‌گه‌رنا له‌هه‌ر (111) ئه‌ندامه‌که‌ یانزه‌یان به‌ده‌نگى خۆیان نه‌بوونه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان. بێگومان چاوچنۆک و گه‌نده‌ڵکار  ئه‌ندام په‌رله‌مان بێت یان هه‌ر فه‌رمانبه‌رێکى دى جێگه‌ى متمانه‌ى خه‌ڵک نیه‌، ئه‌وه‌ بۆ وه‌زیر و جێگر وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رە گشتییه‌کان و هه‌ندێکى دیکه‌ش هه‌روایه‌!! ئه‌و جۆره‌ گه‌نده‌ڵییانه‌ وایکردووه‌ رێژه‌ى ده‌نگده‌ر هێنده‌ که‌مبێته‌وه‌ بۆ  له‌سه‌دا بیست و پێنج   له‌لایه‌کى دى شه‌فافیه‌ت ئه‌گه‌ر زیانى بۆ ئاسایشى نیشتمانى نه‌بێت  زۆر پێویسته‌، چونکه‌ زۆربه‌ى دانیشتوان به‌گومانن. ئه‌وه‌تا پرسیارى رۆژانه‌ى خه‌ڵک ئه‌وه‌یه‌ کێن ئه‌و هه‌موو شه‌هیدو شه‌هیدى سه‌نگه‌ره‌؟ کێن ئه‌و هه‌موو پێشمه‌رگه‌ى شاخ  که‌پله‌ى لیواو عەمید و عقید خانه‌نشین کراون؟ پانزه‌ ملیۆنیان وه‌ک پێشمه‌رگه‌ وه‌رگرتووه‌، جگه‌ له‌وه‌رگرتنى زه‌وى له‌باشترین شوێنى شاره‌کان هه‌موو لایه‌ک ده‌زانن زۆر له‌وانه‌ کاتژمێرێک پێشمه‌رگه‌ نه‌بوون. ده‌ى کێن ئه‌و هه‌موو زیندانه‌ سیاسییه‌؟ زۆر به‌داخه‌وه‌ ره‌ش و سپى تێکه‌ڵ کراوه‌ واسیته‌و واسیته‌کارى بووه‌ به‌دیارده‌, ده‌بێ هه‌موومان دڵنیابین رۆژێک دێت په‌تى زوڵم  و نادادپه‌روه‌رى ده‌پسێت و دادگاى زوڵم لێکراوو چه‌وساوه‌کان هه‌موو ئه‌و په‌نجانه‌ ده‌قرتێنێت که‌واژۆیان له‌سه‌ر شاردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى خۆفرۆشان کردووه‌. مرۆڤى هوشیار په‌ند له‌مێژووى ده‌سه‌ڵاتدارانى رابردوو وه‌رده‌گرێت .. خه‌ڵکیش ئه‌وانه‌ به‌نوێنه‌رى خۆیان نازانن که‌ئه‌و هه‌موو موچه‌یه‌ به‌ناشایسته‌ وه‌رده‌گرن. بۆیه‌ روو له‌قاپى خودا ده‌که‌ن و ده‌ڵێن حه‌رامیان بێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار