جووڵاندنی کەیسی ئامانج بابانی لەم کاتەدا، بـــۆ؟!
5 ساڵ لەمەوپێش
هێرش بەرزنجی
رەنگە ئەوە پرسیارى زۆر کەسى تربێت بۆ لەئیستادا ئەو کەیسە دێتەوە پێشەوە، ئاخۆ وتەبێژی پۆلیسی بەڵگەو تاوان لەهەرێمی کوردستان، ئەو سەڵاحیەتەى هەیە، گومان بخاتە سەر پرسێک کە لەدادگا یەکلاکرابێتەوە، ئایا نەدەکرا ئەم بابەتە لەڕێگەى وەزارەت و یاساوە جارێکى تر بجوڵێنرایە نەک لەسەر شاشەى تیڤییەکان!
هەرکات لەزۆنی زەرد رووداوێک روودەدا، خێرا بەدواى ئەودا کەیسێکیش لەناوچەى سەوز سەرهەڵدەدات، ئەوەش بەڵگەى ئەوەیە سیستەمى دادوەرى و یاساو دەزگا ئەمنیەکان، کراونەتە هۆکارێک بۆ شەڕى یەکترى، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە هەندێکجار قوربانیەکانیش جارێکى تر دەکرێنەوە قوربانى ئەو ململانێیەتیەى نێوان هێزە سیاسییەکان. پێدەچێت هەڵدانەوەى کەیسى ئامانج بابان و خێزانەکەى زیاتر پەیوەندی بەکەیسی ئەو پێشمەرگەیەوە هەبێت کە لەئاسایشی هەولێر لەتەمومژێکى گوماناویدا گیانی لەدەستدا.
کاتێک لایەنی ئەمنی لەسلێمانی داوادەکەن کەئاسایشی هەولێر کۆتا راپۆرت یان راپۆرتی پزیشکی هەولێریان رادەست بکات و ئاسایشی هەولێر رەزامەند نابێت، ئیتر گومانەکان زیاتر لەسەر ئەوکەیسە دروستدەبێت، هەروەها بەهۆى ئەوەى لە رابردوودا زۆر کەیسى تاوانکارى بەلاڕێدابراوە، ناحەقى کەس ناگیرێت گومانیش لەکەیسەکەى ئامانج و خێزانەکەى بکرێت، بەڵام خۆناکرێت پارتى و یەکێتى لەم پرسانەشدا کە پەیوەندى بەژیان و گوزەرانى خەڵکەوە هەیەو پرسێکى ئەمنى و یاساییە داش بەداش بکەن وەک هەرشتێکى تر.
لەهەموو ئەوانەش مەترسیدارتر ئەو هەڵمەتە ناوزڕاندن و پەلاماردانانەیە کەهەندێک لەمیدیاى سەر بەحزبەکانیان وەک قەڵغان بەکارى ئەهێنن بۆ وەڵامدانەوەى ئەو رەخنانەى بەرەو روویان دەکرێتەوە، کە بەداخەوە لەو هەڵمەتەدا هیچ پرنسیپێکى ئەخلاقى و رۆژنامەوانى بەکارناهێنرێت و ئامانج لێى شکاندنى کەسایەتى کەسى ناڕازی و رەخنەگرە و هیچى تر. ئەمەى ئێستا لەم هەڵمەتى شەڕى ساردەى نێوان پارتى و یەکێتى دەبینین، هیچ نییە جگە لە بێڕێزیکردن بەقوربانیەکان و شێواندنى ئەو بەڵێنانەى دراوە کەهەر یەکێک پێشتر سوێندى لەسەر خواردووە، بۆیە ئەوەى ماوەتەوە بیێێین، ئەوەیە تاسویچى میدیا بەدەست حزب و کەسانى حزبى و بزنسمانى چاوچنۆکەوە بێت، دۆخى کوردستان چاوەڕوانى هیچ شەفافیەتێکى یاسایى و ماددى و پەیوەندى لێمەکە.