چین کۆرۆناش تێکده‌شکێنێت

عه‌لى مه‌حمود محه‌مه‌د

5 ساڵ لەمەوپێش



عه‌لى مه‌حمود محه‌مه‌د

شەست رۆژە نەخۆشی کۆرۆنا بەرۆکی بەچینییەکان گرتووە، شارە بوکی وهان و چەندین شاری کردووە بەتارمایستان و چۆڵانەو وێرانەیەکی ترسناک، ئەو شەقامە جوان و بازاڕە رەنگاوڕەنگ و باڵەخانە بەرزانە لەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرگی سامناکیان پۆشیوە، خەون بەوە دەبینن بچن بەقوڵایی زەویدا، ئەو خەڵکە داهێنەرو ئیشکەرو بەجوڵەیەشی لەماڵەوە لەدڵەڕاوکێ و ترس و خۆفدا زیندانی کردووە، لەهەموو تارمایی و مرۆڤێک دەڕەوێنەوە،  وڵات بەسامناکی و  خەڵکەکەی دەمپێچ و ترساو لەهەموو شتێک دەبینرێن، وڵاتێک نەیارانی بەچەک و پارەو ئابڵوقە لەهەقی نەدەهاتن،  ئێستا لەڕێگای شەمشەمەکوێرەیەکەوە دەیانەوێت پشتی بەزەویدا بدەن و گرەو لەسەر دەردومەینەتی زیاتری بۆ دەکەن تاکو دوریبکەنەوە لەخەونە گەورەکانی، لێ نازانن ئەژدیها رابوو لەخەو ترس نازانێت، ئەمساڵ  خەونی بەکۆتاییهێنان و بەسفرکردنی  هەژارییەوە  دەبینێ و لە 2025  پڕۆژەی لەچین دروستکراوەو ئیتر پرۆسیسەرو رەقائیقی دەرەوەی ناوێت کە روحی پیشەسازی نوێ و شۆڕشی چوارەمی پیشەسازییە، هەواوی رچە رێگاکەی شکاند، بووە پێشەنگی بەرەو رووبونەوەی رۆژئاوا،  گەورەترین کەماسییە بۆی لەخولی بەرهەمهێناندا، وادانرابوو  لە 2034 ببێتە وڵاتێکی پێشکەوتوو، بەرهەمی نەتەوەیشی بکەوێتە پێش هەمووانەوە، لەساڵی 2049ش وەکو هێزێکی خاوەن سوپایەکی گەورەی بەهێزی جیهانی و وڵاتێکی دەوڵەمەند دەربکەوێت تیایدا داهاتی تاک تائاستی وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان بەرزبێتەوە، ئەمە خەونی سەرۆکەکەی شی بینگە پێش کۆرۆنا، کە لەدوای ماوتسی تۆنگەوە لەهەمووان چەپترو بەهێزترو کاریگەرتریشە، لەهەمووانیش خاوەن رۆشنبیریەکی هەمەلایەنەی مەوسوعیترە، هێمن و لەسەر خۆ مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان دەکات، قورس و سەنگین  تاکە کەسە لەجیهان وایکردووە هەموو جارەکان ترامپ  بەناچاری تەلەفۆنی بۆ بکات و لەدەرگاکەی بدات نەک ئەو، ئەو سەرۆکەی موچەی چارەکی موچەی پەرلەمانتارەکانی ئێمەیە لێ  بەهێزترین کەسی جیهانیشە، ئێستا لەشەڕ لەگەڵ ڤایرۆسدا نەیاران لەنزاو پاڕانەوەوە تا ترساندن خەون بەچۆک پێدانییەوە دەبینن، تەنانەت ئەوانەشی هەموو جلوبەرگ و تا قیبلەنەماو مێزەرەکانی سەریشیان، بەپێچراوەیی و ئامادەکراوی چینییە، نزاو رجا بۆ نغرۆبوونی دەکەن، لێ نازانن شەڕ لەگەڵ زیرەکی دەستکرد، نەیار هەمیشە بەشی دۆڕانە .

کە کۆمۆنیستەکان دەسەڵاتیان گرتەدەست، بەرهەمی نەتەوەیی چین تەنها (67.91) ملیار دۆلار بوو لەساڵێکدا، وەلێ ئێستا خاوەن ئابورییەکی زەبەلاح قەبارەکەی  (14.140.163)  ترلیۆن دۆلارە» بێ هۆنگ کۆنگ و ماکاو تایوان»، واتا (2076) جار زیادی کردووە لەوکاتەوە، زیاتر لە دوو جاری داهاتی نەتەوەیی هەر (57) وڵاتە ئیسلامیەکەی جیهانیشە، ساڵانەش بەئەندازەی وڵاتێکی وەک تورکیا ئابوورییەکەی زیاددەکات،  چین لەساڵی 1986 هاتە ناو یانەی ئابووری ترلیۆن دۆلارەوە، لەو ساڵە بەرهەمی نەتەوەییەکەی گەیشتە (1.037.062) دۆلار.

 لەدووشەمەی رەشی 3ی ئەم مانگە کەدەرگای بازاڕی پشک  کرایەوە، یەکسەر هاڕەی کرد روو لەخوار، لێ دوایی ئارامی گرت لەزیانی  (393) ملیار دۆلار راوەستا، (5.8) جاری کۆی بەرهەمی نەتەوەیی چینی لەساڵی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن شوعییەکانەوە ئەو رۆژە کۆرۆنا زیانی دا، لێ کۆڵی نەداو بازاڕی پشکی دانەخست، لەبری دوعاو نزاو هانابردن بۆ ئەفسانەکان زیرەکی دەستکرد کەوتە جەنگەوە بەرامبەر بەکۆرۆنا، داهێنانەکان کەوتنە بواری جەنگی دەستەویەخەوە، رۆبۆت و زیرەکی دەستکرد لەشەقامەکان بەخێرایی سەرسوڕهێنەر هاوڵاتیان دەپشکنن و نەخۆشەکان رادەگرن و دەیاندۆزنەوە، لەناو نەخۆشخانەکانیش رۆبۆتەکان هەموو کارەکانی چارەسەری ئەنجامدەدەن، لەپاککردنەوەوە تا پشکنینی قوڕگ و چارەسەرکردن و دیاریکردنی چارەسەری، دروستکردنی دوو نەخۆشخانەکەش  لەماوەی نۆ رۆژدا بوونە  هێمایەک بۆ بەرەو رووبوونەوەو دەرخستنی ئیرادە، چینێک پارساڵ 36%ی بازاڕی پشکی سەرکەوت و یەکەمی جیهان بوو، 3ی مانگ بەترسەوە دەرگای بازاڕی پشکی کردەوە، کۆرۆنا چارەکی ئەو دەستکەوتەی لوشدا، بەڵام رۆژانی دواتر پڕیکردەوە، چین تادێت دەوڵەمەندتر لە رۆژی پێش خۆی دەردەکەوێت، سامانی وڵات ئێستا بایی (63.83) ترلیۆن دۆلارە، لە ساڵی 2003وە کە سارس شەڕێکی تری بەسەردا سەپاند، (8.52) جار ئابوورییەکەی زیادی کردووە،ئابوورییەکەی  لە (1.660.29 ) ترلیۆن دۆلارەوە بەرزبۆتەوە بۆ (14.140.163) ترلیۆن دۆلار، هاوکات ژێرخانەکەی تۆکمەترو پێشەنگی شۆڕشی پیشەسازی چوارو جی 5-یشە هەنووکە، لەوکاتە زۆر زۆر بەهێزترو دەوڵەمەندتریشە.

چین دوای کۆرۆنا، کە پێشبینی دەکەم زیانە گیانییەکانی (10) جار زیاتری سارس بێت،  بەتوانایەکی زیاترو خەون گەورەترەوە دێتەوە مەیدان، شەڕ چەندە گەورەو مەترسیدار بێت وێڕای زیانەکان، تونای بەرگری و داهێنان زیاتردەکات، ئەمە وانەیەکە چینیەکان  لەدوای رێپێوانی مەزنەوە هەمیشە لێوەی فێربوونو رووەو سەرکەوتن رۆشتوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار