ئیسلامو ئاینەکانیتر بۆ ریفۆرمکردنو سوککردنی باری خەڵک هاتوون یان بۆ قورسکردنی؟
دڵشاد تاڵهبانى
5 ساڵ لەمەوپێش
دڵشاد تاڵهبانى
من نە مەلا، کاهن یان حاخامی جوو ، یان ئاخونی ئاینی ترم، بەڵام ئەوە دەزانم کە زۆرینەی ئەوان لەبنەمای ئاینەکان دەرچوون و بەویست و ئارەزوو و بەرژەوەندیی خۆیان ئەو ئاینانە بەکاردەهینن و مێشکی خەڵک لەنێوان راستی و دروستی ئەو ئاینانەو خورافیات و کۆمەڵێک کۆت و زنجیر دەبەستنەوە، بۆ رازیکردنی دەسەڵاتدارو ستەمکاران، یاخود هێڵانەوەی خەڵک لەنەزانیداو بۆ سەپاندنی بۆچوونەکانی خۆیان و مانەوەی دەسەڵاتی روحی و کۆمەڵایەتی و زۆرجار سیاسی و ئابوریش . زۆریان بەپێچەوانەی بنەمای ئاینەکان و تەنانەت وتەکانیشیانەوە رەفتار دەکەن و هەوڵدەدەن بۆ بەرژەوەندیی کەسایەتی یان تووێژ یاخود مەرامی سیاسیی بەکاری بهێنن، نەوەک بۆ رێنمایی و بەها گرنگەکانی ئەو ئاینە.
هەموو ئاینەکان، بەئیسلامیشەوە لەکاتی زیادبوونی ستەم و خراپەکاری لەلایەن دەسەڵاتداران و تێکچوونی بەهای کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی لەو سەردەمەو لەو شوێنەدا هاتووەتە کایەوە، ئەوەش بۆ ئاراستەکردنەوەی کۆمەڵ بە رێگای باش، هەموو رێنماییەکانیشی بۆ ئەوکاتە ریفۆرمخوازی و پێشکەوتووتر بووە لەسەردەمی خۆی و خاڵی خراپی تێدا نەبووە.
تەماشای قورئان بکەیت، کەبنەمای هەموو رێنماییەکانی ئیسلامە. زۆر نموونەی هێناوەتەوە لەسەر باسی کۆمەڵ، ستەمکاران، خراپەکاری، کوشتنی ناهەق، دزی، بێڕەوشتی ناو کۆمەڵ و دەرئەنجامەکان و جارەنووسی ئەوانە. هەر لەئادەم و حەواو تاڵکردنی ژیانی خۆیان و هەموو مرۆڤایەتی بەفزوڵ و چاوبرسێتییان کە بەهەموو شتەکان رازی نەبوون، ئەوەی نەهی لێکرابوو دەستیان بۆ بردووە. مەبەستی فریوخواردنی مرۆڤ بەهەموو قسەو شوێنکەوتنی و تەنها شوێنکەوتنی ئارەزووەکانی بەبێ بیرکردنەوە لەئەنجامەکەی. کوشتنی قابیل بۆ هابیل، تەنها بەحەسودی و کینە، پاشان نەدامەت و فێربوون لەگیانەوەرێکی ترەوە. مەبەستی ملهوڕی کاتی نوح و گاڵتەکردن بەزانستی دروستکردنی ئامێری خۆپاراستن لەتۆفان .
لەخۆبایبوونی نەتەوەکانی عاد، پمود، الایکە، رم، کەهەموو شتێکیان هەبوو، بەڵام تەماعیان زۆر بوو، فرت و فێڵیان لەکڕین و فرۆشتندا دەکردو بەهێزو دەوڵەمەندی خۆیانیان دەنازی و سڵیان لەستەم و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک نەدەکردەوەو خۆیان بەباڵاترین دەسەڵاتی سەر ئەرز دادەنا. میللەتی ئیبراهیم و باوک و کەسوکارەکانی کە زۆر دواکەوتوو بوون. نەتەوەی لوگ کە لەهەموو بێڕەوشتی کۆمەڵایەتیش خۆیان لا نەدەدا . فیرعەونەکانی میسر کەخۆیانیان بەخودای هەموو خەڵک دادەناو بەقسەی مونەجمێک ئامادەبوون هەموو منداڵەکان بکوژن. براکانی یوسف کە لەبەر حەسودی و چاوچنۆکی بەتەمای کوشتنی ئەو بوون. درۆو تۆمەتبارکردنی نادروست. لەیادکردنی ئەو تاپێداویستی بۆ ئەو لەکاتی نەهات و قڕیدا. نابینایی بوونی باوکی لەحەسرەت و غەمی دوری و چاکبوونەوەوی لەکاتی بیستنی هەواڵی مانی، لێبووردنی ئەو بۆ تاوانی براکانی. کوشتنی فیرعەون بۆهەموو ساحرەکان، تەنها لەبەر وتنیان بۆهەبوونی خوایەکی تر بەبێ فەرمانی ئەو. کوشتنی یەکێک لەلایەن موساوەو پاشان پەشیمانبوونەوەی و جەزرەوی چەند ساڵێک لەسەر ئەوە. زیندەبەچاڵکردنی کچەکان کە لەدایک دەبوون لەپێش ئیسلام. حەڵاڵبوونی قەتڵ و تاڵانی بۆ یەک و زۆر مەبەستی تر کە لەقورئانی پیرۆز بەوردی و روونی یان بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان بۆ کراوەو باسکراون بۆ بوون بەئەزموون و پەند لێوەرگرتن.
ئیسلام و ئاینەکانی پێشتریش لەبەرئەوە هاتوون، کەدەسەڵاتداران و ئاخوندەکانی ئەو ئاینانەی پێشتر لەمەبەستە بنەڕەتیەکان لایانداوەو شتەکانیان گۆڕیوە. هەر لەکۆنفۆشی، پاشان زەردەشتی ( کەکتێبە ئەسڵیەکەی لەکاتی هێرشی ئەسکەندەر مەقدۆنی زۆرینەی زۆری سووتێندراوە و لەناوچووەو بیرچووەتەوەو لەکاتی پاش دەسەڵاتی یۆنانییەکان کە (٣٠٠) ساڵێکی خایاندووە، جاریکی تر لەلایەن کەسانی ترەوە نووسراوەتەوەو زۆرینی گۆڕدراوەو ئەسڵیەکە نیە، ئەوەشی پاش چەند سەد ساڵ جارێکی تر بنووسرێتەوە زۆر شت بێردەچیتەوەو زۆر شتی تریشی دەکەوێتە سەر، بەتایبەت گەر ئەسڵێکی لەبەردەست نەبێت).
بۆ تەوراتیش بەهەمان شێوە. ئینجیل هەر زۆر سەقەت کراوە، بەپێی زۆر دیراسە سەلمیندراوەو زانا مەسیحییەکان خۆیان دان بەوەدا دەنێن، بەتایبەت دیراسەی چەندین ساڵەی کەسانی وەک بارت ئێمەن (Bart Ehmann) کە لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی تردا یەکدەگرێت و ئەوە دەسەلمێنێت، کەدەوری زیاتر لە (٤٠٠) ساڵ پاش حەزرەتی مەسیح ئینجیل نووسراوەتەوە، ئەوەش بەزمانی ئارامی، کە لەوەش تەنها لاپەڕەیەک ماوەو ئەوانی تر پاش چەند سەدەیەکی تر نووسراونەوتەوە لەیەکتر، هەریەکەشی لەوی تر جیاوازە، کەئەو نووسراوانە بەسەدانن و هیچی لەوی تر ناچیت، بەگشتی (٥٠٠٠) جۆری جیاوازی ئینجیل هەبووە. ئێستا تەنانەت زۆر مەبەستی ئەوانەش گۆڕاون، وەک ئەوەی کەحەزرەتی عیسا (مەسیح) کوڕی خودایە. لەقورئانیش ئاماژە بەو گۆڕانکاری و تێکچوونانە بەئاشکرا کراوە.
بەبۆچوونی زۆر لەزاناو لێکۆڵەرەوە جیهانییەکان تەنها قورئان نەگۆڕاوە. لەبەرئەوەی یەکسەر کۆکراوەتەوەو لەدەمی ئەوانی کە لەبەریان کردووە هەر لەزەمانی پێغەمبەر (د.خ)و ئەوانەی لای خۆیان نووسیویانە، بۆیە نەگۆڕاوە.ئەوەش بەئەوەی ئەو سورەت و ئایەتەی چەندین کەس لەبەریان بووەو سەلماندوویانەو هەموو وەک یەک بوون، کراوە بەبنەماو نووسراوەتەوەو لەوکاتەوە تائێستا تەنها یەک وشەشی نەگۆڕاوەو زمانەکەشی هەر نەگۆڕاوە، لەبەرئەوەی تەرجمەکردنی هەمان مانای ئەسڵی نادات. رەنگە چەند ئایەت نەخرابێتە قورئانەوە کەدڵنیایی لەوانە نەبووەو وەک یەک نەبوون، یان چەند کەس بەهەمان شێوە وەک یەک لە بەریان نەبووە، بەڵام زیادەی بۆ دانەنراوە. تەنانەت حەدیسیش زۆرینەی بە رای من گۆڕاوە، لە بەرئەوەی دەیان ساڵ پاش پێغەمبەر نووسراوەتەوەو ئەوەی کورت نەبووەو چەندین کەس لەبەریان نەبووە، بەدڵنیاییەوە گۆڕاوە. لەبەرئەوەی قسەیەک لەیەکێکەوە بگێڕدرێتەوە بۆ یەکێکی تر، بوویسترێت و نەویسترێت گۆڕانکاری بەسەردا دێت، جا چی کەدەیان ساڵ لەمەوە بۆ ئەوەی تر بگوێزرێتەوە. هەروەها من پێم وایە سیرەش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، تەنها ئەوانە نەبێت کەخۆیان بەشدارییان تیدا کردووەو نەوەکانیان یەکسەر ئەوانەیان بۆ گرنگی تۆمار کردووە یان بەتەواوی و وردەکاری لەبەر بووە ( بۆ نموونە ئەوەی لەزەمانی باپیرم لەپێش (١٠٠) ساڵێک روویداوە ، کە چەندجار بۆم باسکراوە لەبیرم ماوە گەر بەهەموو وردە کاریەکانیشی نەبێت، بەڵام هی خەڵکی تر کە بۆشم باسکرابێت وەک خۆی بیرم نەماوە، گەر خۆم نەمدیبێت). بۆیە من تەنها قورئان بەسەرچاوەی ئیسلام دەزانم، لەگەڵ چەند حەدیسی کەدیارە لەگەڵ ئایەتەکانی قورئان تەباو جووتن، لەبەرئەوەی مەعقول نیە پێغەمبەری ئیسلام قسەیەکی کردبێت یان رێنماییەکی دابێت، کە لەگەڵ قورئان جووت نەبێت یان یەکی نەگرتبێتەوە.
تەنانەت رووداوەکانیش زۆری واقعی نین، وەک بەشێکم لەسەرچاوە بیانییەکان وەرگرتەوە، کەدیارە یۆنانی و بیزەنتیەکان و ئەوانی تر لەسەریان نووسیوە. کەئیسلام لەسەرەتا زۆر لاواز بووە، تەنانەت زۆریان پەنایان بردووە بۆ حەبەشە و شوێنی تر. لەگەڵ پێغەمبەریشدا (د.خ) بەشێک رایانکردووە بۆ مەدینە، بۆیە مەعقول نیە ئەوان شەڕیان بەخەڵک فرۆشتبێت، بەڵکو زۆری شەڕەکانیش بەرگری و داکۆکیکردن لەخۆ بووە، نەوەک غزوە یان هێرشکردن بۆ سەر ئەوانی تر، لەبەرئەوەی هێزیان بەرانبەری ئەوانی تر نەبووە (بۆ نموونە مەعقولە هەزار تا ٥ هەزار موسڵمان هێرش بەرنە سەر (3٠ تا ٤٠ هەزار) کەسی سوپای بەهێزی ساسانی یان بیزەنتی، گەر ئەوان نەهاتبێتنە سەریان یان هەڕەشەیان لەسەر مەدینە دروست نەکردبێت؟)، ئەوانە پاشان هەندێک مێژوونووسی ئیسلام نووسیویانەتەوە بۆ ئەوەی نەگوترێت ئیسلام بەهێز نەبووە، یان گوایە بۆ بەرزکردنەوەی ئیسلام و دەربڕینی هێزو دەسەڵاتی، نەیانزانیوە بەوە زیانیان بەئیسلام گەیاندووە وەک هێزێکی شەڕانی داگیرکەر، کەئەو هەمیشە هێرشی کردووەتە سەر دیگەران، گەر دە ئەوەندەی خۆشی بەهێز بووبێت.
مەبەستی ئەنفال و دەستبەسەردا گرتنی دەستکەوتی جەنگ، یەکەم تەنها بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بووە، قورەیشیش دەستیان بەسەر هەموو ماڵ و موڵکی ئەوانەدا گرتووە کەئیسلام بوون و هەموو کەسوکارەکانیشیان کە رایان کردبوو. هەروەها تائێستاش سەرکەوتووانی جەنگ هەموو کەرەستەو شتەکانی جەنگکەرەکان بەهی لایەنی سەرکەوتوو لەجەنگ دەزانن و دەستی بەسەردا دەگرن بەچەک و کەرەستە و ئیمکانیات و پارەشەوە. کوا خەڵکی سڤیلی جزیرە یان ئێران و عێراق و سوریا تاڵان کراون؟ لەئیسلامدا باسی پاراستنی سڤیل کراوە. بوونی بەشێکیش بۆ بیت المال هەموو حکومەتەکان ئێستاش هەر پەیڕەوی ئەوە دەکەن. مەبەستی ( جزیە – جۆرێکی باج) خۆ ئێستا زۆرینەی وڵاتان بەباج وڵات بەڕێوە دەبەن. بۆ کوشتن، شەر، دزی، ستەم، خراپەکاری، مەبەستە زانستیەکانیش لەقورئان هەریەکە چەندین ئایەت هاتووەو باسی کردووە.
لەڕووی زانستەوە قورئان چەندین مەبەستی راستەوخۆی تێدایە، هەروەها زۆر مەبەست کەهێشتا ئاشکرا نەبووە، پێش زیاتر لە (١٤٠٠) ساڵ لەقورئان باسکراوە، کەزانستی سەردەم یەک بەیەکی سەلماندووە. کەچی زۆر لەمەلاو بەناو سەلەفی و وەهابیەکانیش ئەوەی باسی بکردبایەو تائێستاش بەکفری دەزانن رۆیشتن بۆ ئاسمانەکان و بوونی بوونەوەری تر لەئاسمانەکان (يَا مَعْشَرَ الْجِنِّ وَالإنْسِ إِنِ اسْتَطَعْتُمْ أَنْ تَنْفُذُوا مِنْ أَقْطَارِ السَّمَاوَاتِ وَالأرْضِ فَانْفُذُوا لا تَنْفُذُونَ إِلا بِسُلْطَانٍ) (الرحمن٣٣). لەسەر کەون، خاڵی سەرەتا ( Big bang )و فراوانبوونی، جوڵانی هەستێرەکان، بوونی شاخ وەک مێخ لەئەرزدا کەدەرکەوتووە رەگی هەیەو زیاتر لە دوو هەندەی لەناو ئەرزە، بوونی بوونەوەری تر لەئاسمانەکان، کە چەندین ئایەتی لەسەرە (اولم یر الذین کفروا ان السماوات و الارض کانتا رتقا ففتقناهما( الانبیاء٣٠)-( و السماء بنیناها بآید و انا لموسعون (الذاریات ٤٧) - لا يعلم من في السموات والأرض الغيب إلا الله ( النمل ٦٥) -وَنُفِخَ فِي الصُّورِ فَصَعِقَ مَن فِي السَّمَاوَاتِ وَمَن فِي الْأَرْضِ ( الزمر ٦٨). لەسەر هەستێرەی (طارق – النجم الثاقب – کونە رەشەکان...).
لەدروستبوونی منداڵ کەزانای بەناوبانگی ئەنۆتۆمی( تشریح) جیهانی کیت مۆرو دەیانی تر سەلماندویانە کە بەو قۆناغانەو ئەو شێوەیەیە کە لەقورئان هاتووە وَلَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنسَانَ مِن سُلَالَةٍ مِّن طِينٍ*ثُمَّ جَعَلْنَاهُ نُطْفَةً فِي قَرَارٍ مَّكِينٍ*ثُمَّ خَلَقْنَا النُّطْفَةَ عَلَقَةً فَخَلَقْنَا الْعَلَقَةَ مُضْغَةً فَخَلَقْنَا الْمُضْغَةَ عِظَامًا فَكَسَوْنَا الْعِظَامَ لَحْمًا ثُمَّ أَنشَأْنَاهُ خَلْقًا آخَرَ ( المؤمنون ١٢) - يَخْلُقُكُمْ فِي بُطُونِ أُمَّهَاتِكُمْ خَلْقًا مِّن بَعْدِ خَلْقٍ فِي ظُلُمَاتٍ ثَلَاث ( الزمر ٦) - قُلْ هُوَ الَّذِي أَنشَأَكُمْ وَجَعَلَ لَكُمُ السَّمْعَ وَالْأَبْصَارَ وَالْأَفْئِدَةَ ۖ قَلِيلًا مَّا تَشْكُرُونَ (الملک23) کە سەلمێندراوە کە گێچکەرە ئەمجار جاو ئەمجار دڵ دروستدەبێت.
بۆ ئازادی لەبوون بەموسڵمان چەندین ئایەت هاتووەو مەعقول نیە پێغەمبەر بەپێچەوانەی ئەوە کاری کردبێت (وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَآمَنَ مَن فِي الْأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعًا ۚ أَفَأَنتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّىٰ يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ (یونس ٩٩) - لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ ۖ قَد تَّبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ ۚ (البقرە ٢٥٦) - مَّنِ اهْتَدَىٰ فَإِنَّمَا يَهْتَدِي لِنَفْسِهِ ۖ وَمَن ضَلَّ فَإِنَّمَا يَضِلُّ عَلَيْهَا ۚ وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَىٰ( النمل ٩١) - وَأَنْ أَتْلُوَ الْقُرْآنَ ۖ فَمَنِ اهْتَدَىٰ فَإِنَّمَا يَهْتَدِي لِنَفْسِهِ ۖ وَمَن ضَلَّ فَقُلْ إِنَّمَا أَنَا مِنَ الْمُنذِرِينَ (92 نمل) - قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاءَكُمُ الْحَقُّ مِن رَّبِّكُمْ ۖ فَمَنِ اهْتَدَىٰ فَإِنَّمَا يَهْتَدِي لِنَفْسِهِ ۖ وَمَن ضَلَّ فَإِنَّمَا يَضِلُّ عَلَيْهَا ۖ وَمَا أَنَا عَلَيْكُم بِوَكِيلٍ (108 یونس)-َمنْ كَفَرَ فَعَلَيْهِ كُفْرُهُ ۖ وَمَنْ عَمِلَ صَالِحًا فَلِأَنْفُسِهِمْ يَمْهَدُونَ (روم ٤٤)- فَإِنْ أَعْرَضُوا فَمَا أَرْسَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ۖ إِنْ عَلَيْكَ إِلَّا الْبَلَاغُ (48 شوری) - و قل للذین اوتوا الکتاب و الامیین ءآسلمتم فان اسلموا فقد اهتدوا و ان تولوا فان علیک البلاغ و اللە بصیر بالعباد (ال عمران ٢٠)) و دەیان ئایەتی تریش، بۆیە مەعقول نیە پێغەمبەر بەپێچەوانەی قورئانی کردبێت و بەزەبر ئیسلامی سەپاندبێت، لەکاتێکیش کە زەبر لەئیسلامەکان کراوە.
بۆ کوشتن (مَنْ قَتَلَ نَفْسَا بِغَیرِ نَفْسٍ أوفَسادٍ فِی الأَرضِ فَکانَّما قَتَلَ النَّاسَ جمیعاً وَ مَنْ أَحْیاها فَکأَنَّما اَحیا النَّاسَ جمیعاً( مائدە ٣٢) - ثم انتم هٶلاء تقتلون انفسکم و تخرجون فریقا منکم من دیارهم و تظهرون علیهم بالاثم و العدوان (بقرە ٨٥)- و قاتلوا فی سبیل اللە الذین یقاتلوکم و لا تعتدوا ان اللە لا یحب المعتدین (بقرە ١٩٠ ) –الفتنە اشد من القتل و لا تقاتلوهم عند المسجد الحرام حتی یقاتلوکم فیە.. فان انتهو فان اللە غفور رحیم ...- فان انتهوا فلا عدوان الا علی الظالمین( بقرە ١٩١-١٩٣). و الحرمات قصاص فمن اعتدی علیکم فاعتدوا علیە بمثل ما اعتدی علیکم و اتقوا اللە و اعلموا ان اللە مع المتقین(بقرە )- و لا تقولوا لمن القی الیکم السلام لست مٶمنا (النساء ٩٤)، کە بەپێچەوانەی ئەوە داعش و توندڕەوەکان خەڵکی بێ گوناە و تەنانەت موسڵماناییش لەماڵی خۆیان، بەردەم نانەوا، ناو بازاڕ دەکوژن (وَمَنْ يَقْتُلْ مُؤْمِناً مُتَعَمِّداً فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِداً فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَاباً عَظِيماً (النساء : 93).