کورد له‌نێوان مه‌نگه‌نه‌ى وڵاتانى ناوچه‌و زلهێزه‌کاندا

نه‌وزادى موهه‌ندیس

5 ساڵ لەمەوپێش



نه‌وزادى موهه‌ندیس

کورد وهک نهتهوهى چوارههمى دێرین و خاوهن مێژوو و خاک و زمان و کهلتورى خۆى دوور لهدهوڵهتێکى سهربهخۆى نهتهوهیى لهناوچهى رۆژههڵاتى ناوهڕاستدا بۆته خاوهنى مهسهلهیهکى سیاسى و سهربازیى گرنگ تهنانهت لهسهر ئاستى جیهانیش و لهئێستاشدا بۆته مهسهلهى پله یهکى ناوچهکهو وایکردووه کهکێشهى (60) ساڵهى فهڵەستینیهکان و ئیسرائیل وهک کێشهیهکى میحوهرى عهرهب و تهنانهت ئیسلامیش لهناوچهکهدا بخاته دواى خۆى و ئهو گهرموگوڕى و پشتیوانییه گهورهو فراوانهى لهفهلهستینیهکان دهکرا رووبکاته کوردو مهسهلهکهى بهتایبهتیش لهدواى مقاوهمهتى بێوێنهى کوردان دژى تیرۆرو تیرۆریستانى داعش و ئهو وڵاتانهى ناوچهکهش کهپشتیوانى تیرۆریستانیان دهکرد دژ بهکوردو کوردستان لهباکورو رۆژئاواو باشور و رۆههڵاتى کوردستان.

•بهڵام سهرهڕاى ههموو ئهو خوێن و فرمێسکهى کورد بهخشیه ههموو دونیاو مۆڤایهتى، بهتایبهتیش لهماوهى نۆ ساڵى رابووردودا، گهلێک جاران توشى بێئومێدییان کردۆتهوه، تهنانهت لهلایهن بهناو دۆستهکانیشیهوهو دهکهوێته ههڵوێست و کونجێکى بهرتهسکى واوه کهدوژمنیش حهسودى پێنابات. کورد جارێک لهلایهن وڵاتانى سهردهستى کوردستان لهناوچهکهو ئهوانى تریشهوهو دهیان جاریش لهلایهن وڵاتانى زلهێزى دونیاى رۆژههڵات و رۆژئاواشهوه دهخرێته نێوان مهنگهنهى بهرژهوهندییه سیاسى و ئابورى و ئهمنیهکانى خۆیانهوهو زۆرجاران کردویانهته قوربانیهکى بێ پشت و پهناو نزیکیان کردۆتهوه لهمهرگ و لهناوچوونیش.

•بۆیه کورد بهو  پێگه ههستیارو زۆر ناسکهیهوه کهههیهتى لهناوچهکهدا رووبهڕووى چهندین پیلانى دوژمنانه بۆتهوه کهویستیان نهمان و نههێشتنى تهواوهتى کورد بووهو بهچاک و خراپ دوژمنایهتى کوردیان کردووه لهههر کوێیهک ویستبێتى ئیدارهیهک یان دهسهڵاتێکى خۆسهرى بهڕێوهبردن پێکهوهبنێت وهک ئهوهى (29) ساڵه لهباشوورو ئهوهى که نزیکهى نۆ ساڵه لهڕۆژئاوا چێکراوه لهناوبهرن، بهتایبهتیش لهلایهن رژێمى تورکیاى ئهردۆغانییهوه که بهئاشکراو بهنهێنى دژایهتى کوردان دهکات و چهندین تهنازولى شهرمهزارى بۆ ئهمریکاو روسیا دهکات تهنها لهپێناو دژایهتى کورداندا، ئهو نازانێت یان خۆى لهگێلى دهدات کهسهدان جار نهک بۆ کورد خۆى بۆ تورکیا و ههموو ئهو وڵاتانهى ترى ناوچهکهش باشتره کهمهسهلهى کورد بهئاشتییانهو سیاسیانه دوور لهجهنگ و کوشتن و بڕین و رێگهچارهى سهربازیى چارهسهربکهن وهک ئهوهى که سهد ساڵه خهرجى و داهاتى وڵاتهکانیان و کوردستانیش بهههدهر دهدهن و تائێستاش سهرکهوتوو نهبوون لهگهیشتن بهئامانجهکانیان له لهناوبردنى کورداندا.

•کورد خۆشبهختانه لهئێستادا بهههوڵ و قوربانیدانه بهردهوامهکانى بهسهر راستانهو راستگۆیانه خۆى کردۆته یاریزانێکى باشى گهمه سیاسییهکانى ناوچهکهو دونیاش و توانیویهتى پێگهیهکى باش و بهرچاوو رێزلێگیراویش بۆ خۆى بنیاتبنێت و تاڕادهیهک توانیویهتى خۆى و دهسکهوت و دهسهڵاتهکانیشى بهههموو کهموکوڕیهکانیشیهوه بپارێزێت بهوهى کهویستویهتى ئامانج و دروشمهکانى خهباتى ئهم قۆناغه بگونجێنێت یان تاڕادهیهکى باش نزیکبکاتهوه لهبهرژهوهندى و بهرنامهو پلانى زلهێزهکانى دونیا بۆئهوهى بتوانێت ههرچیهک لهتوانادا بێت بیکات بۆ وهدهستهێنانى پشتیوانى ئهوان، چونکه لهئێستادا پهیوهندى و بهرژهوهندییه دهرهکى و ئابورى و سیاسى و ئهمنییهکان رۆڵى گهوره دهبینن لهپێشخستن و بهردهوامبوونى دۆستایهتى و پشتیوانییهکاندا بهئاشکراش ئهمریکاو روسیا نهیانشاردۆتهوه که بۆ پاراستنى بیره نهوتهکان لهناوچهکهدان نهک لهبهر پاراستنى نهتهوهو نیشتیمانهکانى ئهم ناوچهیه، کوردو کوردستانیش لهو بوارهدا بنهماو بناغهیهکى باشى ههیه بۆ پێکهوهنانى ئهو دۆستایهتى و بهرژهوهندییانه لهڕووى سیاسى و ئابورى و ئهمنیشهوه، چونکه پێگهیهکى جیۆسیاسى گرنگ و ههڵکهوتهیهکى ستراتیژیشى ههیهو لهڕووى ئابوریشهوه خاوهنى یهدهگێکى نهوت و گازى سروشتى زۆرو زهوهندهو لهڕووى ئهمنیشهوه کورد جهنگاوهرێکى ئازاو چاونهترسهو بهکهڵکى دۆستایهتى ئهو زلهێزانه دێت لهئایندهدا.

•بۆیه‌ ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد له‌ناوخۆى خۆیداو له‌سه‌ر ئاستى هه‌ر چوار پارچه‌که‌ى کوردستان یه‌کده‌نگ و یه‌کڕه‌نگ و یه‌کهه‌ڵوێست بن و به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان بخه‌نه‌ سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سکى حزبایه‌تى و ناوچه‌یى و بنه‌ماڵه‌یى و پله‌و پۆست و ئیمتیازاته‌ مادییه‌ بچووکه‌کانه‌وه‌و هه‌مووان و پێکه‌وه‌ سیاسه‌تێکى حه‌کمیانه‌و ژیرانه‌ى ئه‌وتۆ پیاده‌بکه‌ن که‌ له‌ئه‌نجامدا به‌قازانجى ئاینده‌ى کوردو به‌زیانى دوژمنان ته‌واو بێت و چیدى سه‌ده‌ى بیست و یه‌که‌میش به‌داگیرو دابه‌شکراوى کورد به‌رده‌وامى نه‌بێت. ئه‌مه‌ش خه‌ونێکى دێرینه‌و نه‌ ئاسانه‌ بێته‌دى و نه‌ زۆر ئه‌سته‌میشه‌ که‌ هیچ کات نه‌بێته‌ ئه‌مرى واقیع، به‌هه‌ردوو رووەکه‌یه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر هێزو تواناو ژیرى و پلان و حه‌کیمى سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد خۆیه‌وه‌. چونکه‌ ئه‌و وڵات و گه‌لانه‌ى ئێستاى ناوچه‌که‌ش که‌خاوه‌نى ده‌وڵه‌تى خۆشیانن نه‌ له‌کورد زیره‌کترو نه‌ له‌کورد جه‌نگاوه‌رترو ئازاتربوون، به‌ڵکو ته‌نها توانیویانه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رو زلهێزه‌کاندا بگونجێنن و به‌وه‌ش گره‌وه‌ گه‌وره‌که‌ى بوون به‌ده‌وڵه‌تیان مسۆگه‌ر کردووه‌و بردۆته‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار