ئایا ساندەرز دەبێتە قازە رەشەکەی ئەمریکا؟

5 ساڵ لەمەوپێش



 

عه‌لى مه‌حمود

تیۆری قازی رەش  ئەگەر بەتەمای بیت بۆت دەرچێت  نەگبەتییەو دەبێت هەر چاوەڕوان بیت نەخوازەڵا لەئەمەریکاش, لێ ساندەرز بەئیرادەوە جەنگ لەهەمبەر گەورەکان دەکات بۆ ئەوەی بگات بە قازی رەش, کە جیهانی دیلمۆن و یەکسانی لەژێر پەڕو باڵەکەی خۆیان شاردۆتەوە.

دوا راپرسی رۆژی چوارشەممە 19ی فیبریوەری رۆژنامە بەناوبانگەکانی  واشنتۆن پۆست و ئای بی سی نیوز دەریدەخەن , بیرنەر ساندەرز لەپێشەوەی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەهێنانی  32% ی دەنگەکانی بەربژێرەکانی پارتەکەی, بایدن17%, بلمبۆرگ 14%و ئەلیزابیس وارین 11% و .....

هاوکات ساندەرز بە 30%  لەپێشی هەمووانەوەیە بۆ سەرکەوتن بەسەر ترەمپدا, بایدن 19%, بلۆمبێرگ 18% و .....

لەلایەکی ترەوە لەنوێترین راپرسی ناو دیموکراتەکاندا کە   سی بی ئێس و ئێن پی ئاڕ ئەنجامیانداوە , ساندەرز بەهێنانی  رێژەی 35% لەهەرێمی نیڤادا سەردەکەوێت, دووەم دەبێت لەهەرێمی کارولینا بە رێژەی 20% , 46%ی  باڵی پێشکەوتنخوازی دیموکراتەکان  دەنگی پێدەدەن, ئەلیزابیس  وارین 19%,  هاوکات  41%ی پیاوان و 24%ی ژنان دەنگدەری ئەون,  54%ی گەنجانی کەمتر لە 45 ساڵ و  13%ی پیرەکان  دەنگی پێدەدەن, کەواتە ساندەرز نوێنەری داهاتوو و گەنجانە, لەم هەڵمەتەدا کڵپەی ژێر خۆڵەمێشەکە دانامرکێتەوە.

سەرکەوتنی ساندەرز لە راپرسیەکان پێش کۆمارییەکان، دیموکراتەکان بەتایبەتیش باڵی ۆڵستریتی ناو دیموکراتەکان پێیان هەزم ناکرێت, بۆیە بەپەلە بلۆمبێرگی جولەکەی خاوەن 68,9 ملیار دۆلاریان هێنایە پێشەوە بۆ ئەوەی بیکەنە  لەمپەرێکی بەهێز لەبەردەم دەرچوونی, دوو جوو بە دوو جیهانبینی و دیدی جیاوە لەمەیدانن,  ئەوان پێیان وایە سەرمایەی بلۆمبێرگ کە (23) جار زیاترە لەترەمپ, سەرکەوتنیان بۆ دەگەڕێنێتەوە, سەرکەوتنیان دەکات بە دوو, هەم ساندەرزی چەپگەرایان لەکۆڵ  دەکاتەوە, هەمیش ترەمپ و کۆشکی سپیان بۆ دەگەرێنێتەوە.

موئەسەسەی سیاسی دیموکراتەکان  و سەرمایەداران  و باڵی راستی دیموکراتەکان بەهەموو هێزیانەوە  بەرەو رووی ساندەرز بوونەتەوە, ئەویش پەیگیرانە بێ سڵەمینەوە لەجەنگە سیاسییەکەی بەردەوامە, سەرکردەکانی دیموکرات دەرچوونەوەی ترەمپ بەباشتر دەزانن لەکاندیدکردنی ساندەرز بەهۆی ترسیانەوە لەوشەی سۆسیالزم, تەنانەت دەزگای ئەیباکی جولەکەش دژی وەستانەوە بەهۆی هەڵوێستەکانیەوە  سەبارەت بەچارەسەری دۆزی فەڵەستین و ئیسرائیل . وێرای ئەوەی خۆی جووەو لەکێڵگە بەکۆمەڵەکانی جوشدا گەورە بووە, ساندەرز  موعجبی بیوجین فیکتۆر دیبسە, چالاکوانی کرێکاری و هەڵسوڕاوی بەرجەستەی سۆسیالستی سەرەتاکانی سەدەی بیستی ئەمەریکایە, کە لەساڵی 1912  زیاتر لە 6%ی دەنگەکانی ئەمەریکای هێنایەوە, بانگەوازی رووخانی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگای سۆسیالستی دەکرد, تەکانی گەورەی  بەبیری سۆسیالستی لەوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا,  ئێستا ساندەرزیش بە تەمەنی (78) ساڵانەی گەنجانەوە ئەمسەرو ئەوسەری ئەمەریکا دەکات, وێڕای زۆری نەیارەکانی, بەڵام بەورەو توانایەکی گەنجانەوە برەو بەهەڵمەتەکەی دەدات, پارە  لەدەوڵەمەندەکان وەرناگرێت بۆ بانگەشە, بەڵکو دەیەوێت بەیاسا بەخششەکان رێکبخات و کۆتایی بەکورسی کڕین بهێنێت, ناوەندی کۆمەکەکانی (15) دۆلارن.

مایکل کازین مێژوونووس و مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون لەنیورۆک تایمز  نووسی ساندەرز لەکاتی دۆڕانیشیدا هەر براوەیە, چونکە بەرنامەی خۆی کردە بەرنامەی هەڵبژاردن, سۆسیالزمی  کردە دیاردە, ئۆکسایۆ کۆرتیز  ئەندامی کۆنگرێس لەسەر پارتی سۆسیالست دیموکراتی ئەمەریکا دەڵێت: گرنگیم بەسیاسەت نەدا, لەدوکانێک کارم دەکرد, ساندەرز هێنامیە ناو سیاسەتەوە, دوای کاندیدکردنی بیرنی ساندەرز, پارتی سۆسیالست دیموکراتی ئەمەریکا ژمارەی ئەندامانی لە شەش هەزارەوە گەیشتە (56) هەزارو  (794) ئەندام ناوەندی تەمەن لە (60) ساڵەوە دابەزی بۆ (33) ساڵ,  ئۆکسایۆش ئێستا دوای ترەمپ دووەم ئەستێرەی سیاسەتە لەئەمەریکا , لەهەڵبژاردنی پێشوو ساندەرز (13) ملیۆن دەنگی هێنایەوە.

وێڕای باڵی نەرێتی دیموکراتەکانی  نزیک  لە وۆڵ ستریت کەتوانای خۆیان یەکخستووە دژ بەساندەرز, راگەیاندنەکانیش  شەڕی مان و نەمانی لەگەڵ  دەکەن, کە زۆرینەیان لەلایەن ملیاردێرە ئۆلیگارشیەکانەوە کڕدراون, ساندەرز کەناڵەکانی راگەیاندن بەئامرازی هەڵخەڵەتێنەر بە دەست سەرمایەدارانەوە دەزانێت.

ژماردنە ئابڕوبەرەکەی  هەڵبژاردنە ناوخۆییەکەی دیموکراتەکان لە ئەیەوا کەبەرپرسی حزبی دیموکرات بووە قوربانی و دەستی کێشایەوە, کۆمپانیای شادوز کەئەرکی ژماردنەکەی لەئەستۆ بوو, متمانەی نەهێشت, دەریخست لەپشت  هەڵبژاردنەکانەوە, فێڵ و گزی و سات و سەودا هەیە, حزب دەبێت لەبەرامبەر کاندیدەکانی بێلایەن بێت, کەچی وا نییە.

لەهەڵبژاردنی ساڵی 2016 شدا, ساندەرز دورخرایەوە, دووبارەی سیناریۆکەیە ئەمەی لە ئەیەوا بینیمان, ئەمەریکا تژییە لەم نموونانە, لەساڵی 2000 لەفلۆریدا جێب بۆش حاکم بوو, دەنگەکانی ئالگۆری سوتاند لەبەرژەوەندی بۆش, تا سەریخست, لەساڵی 2004 یش بۆش بەرامبەر کیری وایکردەوە, تەنها بەرامبەر ساندەرز وا نییە,  لەفیلادلفیا بەرپرسی حزبی دیموکرات بوب رادی هەڕەشەی کرد لەئەندامانی پارتەکەی کەدەنگیان بەکاندیدێکی پارتی خێزانی کرێکاران « wfp,  52748 ئەندام « بەناوی برۆکس داوە لەهەمبەر کاندیدی کۆمارەکان, بۆ یەکەمجار لەمێژووی شارەکەدا سەرکەوت بۆ ئەنجومەنی شارەکە, لەکاتێکدا پارتی خێزانی کرێکاران کار بۆ سەرخستنی لیستی ئەلیسا بیس وارن و پارتی دیموکرات دەکەن.

ساندەرزو گەنجان

دەزگای شیج  بەهاوکاری دەزگای کولیج بولس لە راپرسییەکدا رایگەیاند نیوەی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی پشتیوانی بیرنی ساندەرز دەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا, ئەلیزابیس وارین کەپێشکەوتنخوازێکی دیکەی کاندیدەکانە پشتیوانی دووەمی هەیە بە رێژەی  18% و ئەندرۆ یانغ « أندرو یانغ کە داوای موچەی  بنەڕەتی هەزار دۆلار بۆ هەمووان دەکردو دروشمی «نە چەپ, نە راست, بۆ پێشەوە»ی هەڵبژاردبوو 10% ی پشتیوانی گەنجانی هەبوو, دواتر پاشەکشەی کرد, ........ بۆنی براون بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوە لەدەزگای شیج رایگەیاند دوو کێشە بنچینەیین بۆ قوتابیانی زانکۆ ژینگەو نایەکسانی داهات, لەسەر ئەم بنچینەیە  دەنگدەدەن, ئەم داواکارییانەش  لەبەرنامەی ساندەرزدا هەن.

هاوکات بەپێی راپرسیەکان ساندەرز لەناو گەنجان و کرێکاران لەپێشەوەی هەموواندا بوو  لە نیو هامبشیر, گەنجان بە رێژەی 51% دەنگیان پێداوە.

کورسی سەرۆکایەتی و شەڕی ئۆلگارشییەکان

تا 3ی  فێبریوەری ئەمساڵ بانگەشەی هەڵبژاردنی کورسی سەرۆک کۆماری  2,18 ملیار دۆلار لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی خەرجکراوە, شەڕە قورسەکە هێشتا زۆری ماوە, سێ ئۆلیگارشی زەبلاح لەشەڕەکەدان ئەوانیش  بلۆمبێرگ (386) ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە, تۆم ستایەر (199,99) ملیۆن دۆلار, ترامپ (232) ملیۆن دۆلار.

بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لەساڵی 2016  بڕی (6,51) ملیار دۆلار تێچووی بووە, لەساڵی  2012 دا بڕی (6,29) ملیار دۆلارو لەساڵی 2008  بڕی (5,29) ملیار دۆلار تێچوی بانگەشەی  هڵبژاردنەکان بووە, بەم پێییە ساڵ لەدوای ساڵ نرخی کورسییەکە لەبەرزبوونەوەدایە.

ساندەرز دەیەوێت  شۆڕشێکی سیاسی دژ بەم دیاردەی کورسی کڕینە ئەنجامبدات, بەتایبەت لەپرۆسەی سیاسی و لەناویشیاندا دەنگدن و کڕینی کورسی سەرۆکایەتی لەلایەن ملیاردێرەکانەوە, دەیەوێت دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ زۆرینەی خەڵک کە بێ سەرمایەن .

پێشتر بلۆمبێرگ لەنێوان ساڵانی 2002 بۆ 2013 , زیاتر لە  (270) ملیۆن دۆلاری خەرجکرد بۆ کڕینی پۆستی پارێزگاری شاری مەزنی نیۆیۆرک, ئێستا دەیەوێت هەمان پرۆسە دووبارەبکاتەوە بۆ کڕینی کۆشکی سپی, بەمەش ململانێی سیاسی لەململانێی بەرنامەو جیهانبینییەکانەوە دەبێتە ململانێی کڕینی کورسی سەرۆک کۆماری.

ساندەرز دەڵێت سامانی بلۆمبێرگ هاوتایە بەسامانی (125) ملیۆن ئەمەریکی هەژار, ئەمەش لەبنەڕەتەوە کارێکی نائەخلاقی گەورەیە, رەخنەی لەهەڵوێستەکانی بلۆمبێرگ  سەبارەت بەلانی کەمی کرێ, ئاسایش بەتایبەت بەرامبەر بە رەشپێستەکان, باج لەسەر دەوڵەمەندەکان و رێکخستنی وۆڵ ستریت گرت.

بلۆمبێرگ تائێستا  زیاتر لە (300) ملیۆن دۆلاری تەنها  لەپڕوپاگەندەی تەلەفزیۆنی خەرجکردووە, رۆژانە ملیۆنێک دۆلار لە ریکلامی فەیسبووک خەرجدەکات, (40) ملیۆن دۆلاری  تەنها بۆ هەڵبژاردنی 3ی مەی  سێشەممەی گەورە تەرخانکردووە, کەهاوتا لە (14) هەرێم هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت, (40) ملیۆن دۆلاری بۆ هەڵبژاردنی  کالیفۆرنیاو  (33) ملیۆن تەکساس, تەرخانکردووە , وەک رایگەیاند ئەرکی تەنها ئەوەیە رێگری بکات لەدەرچوونی ساندەر, بەپشتبەستن بەباڵی راستی دیموکراتەکان.

بلۆمبێرگ تاوانبارە بە رەگەزپەرستی, مامەڵەی خراپ لەگەڵ ژنان, خۆدزینەوە لەباج...., هەرچەندە دەڵێت دوای سەرکەوتن کۆمپانیا راگەیاندنەکەم دەفرۆشم بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکان لێکنەدەن وەک ئێستای ترەمپ.

ساندەرزو سۆسیالزم

ئەنجومەنی  راوێژکارانی ئابووری ئەمەریکا,  بیرنەر ساندەرزی لەپاڵ مارکس و لینین و ماو ریز کرد, ترێ ریجان لەفۆکس نیوز هێرشی توندی کردەسەر وڵاتی  دانمارک  و بەوڵاتی ناشرینی سۆسیالستی ناوی  برد, ماوەیەکە بەهۆی ساندەرزەوە بێگوێدانە ئەوەی لەوڵاتانی ئەسکەندەنافی بەتایبەتیش دانمارک و فینلەند, راست لەسەر حوکمن یان چەپ, بەهۆی سیاسەتی پەروەردەو تەندروستی و ژینگەییەکەیانەوە, لەلایەن باڵی راستی ئەنتی سۆسیالستی کۆمارییەکانەوە هێرش دەکرێتەسەریان.

ساندەرز دەیەوێت هەندێ ریفۆرم بکات وەک هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی ناتۆ لەئەوروپا, نەک سەرمایەداری بڕوخێنێت, نە سۆسیالزمەکەی ساندەرزو نە ئەوەی دانمارک و سوید, نە ئەوەی فۆکۆیاماش  کە بەپێویستی دەزانێت بۆ ئێستای مرۆڤایەتی دوای وازهێنانی لەتیۆری کۆتایی مێژووەکەی, لەکۆتاییدا چارەسەری ریشەیی کێشەکانی سیستەمی سەرمایەداری ناکەن, ئەم سۆسیالیزمە موڵکداریەتی تایبەتی هەڵناوەشێنێتەوەو حکومەتی کرێکاریش دانامەزرێنێت, بگرە هەر سەرمایەداری بەکەمێک ویژدان و مکیاجەوە لەسەر تەختی دەسەڵات دەهێڵێتەوە.

کەسێک داوای کرێی زیاترو هاوکاری و پشتیوانی بکات بەسۆسیالستی دەدەنە قەڵەم، ئێستا  زۆر لەئەمەریکیەکان بەپۆزەتیف سەیری سۆسیالزم دکەن, سۆسیالزم  کرێی زیاترو بیمەی تەندروستی و بێکاری و خوێندن بەخۆڕایی و .... بێت , بەخێر بێت.

لە راپرسییەکی پەیمانگای کول ئاپ-دا 65%ی دەنگدەران بۆچوونی پۆزەتیڤیان لەسەر سۆسیالیزم هەیە, ساندەرز دەڵێت ئەوان دەتانترسێنن بەسۆسیالیزم لە راستیدا خۆیان سۆسیالستخوازی کۆمپانیاکانن, بەڵام ئێمە سۆسیالستی زۆرینەین, بانگەشەی ساندەرز وایکردووە لەدەوڵەتێکی سەرکەوتکەری نەرێتخوازی توندی بیری سۆسیالستی وەک ئەمەریکا, وایکردووە لەهەموو کات زیاتر گفتوگۆ بکرێت لەسەر وشەی سۆسیالیزم.

هەرچەندە  ساندەرز پێشەنگ بوو لەبزووتنەوەی (15) دۆلار بۆ کاژێرێک کارو پشتیوانی داخوازەکانی مامۆستایان, لێ  یەکێتی مامۆستایانی شیکاگۆ, بەکەمترین لەنیوەی دەنگەکان رەتیکردەوە پشتیوانی بانگەشەی ساندەرز بکەن, (136) دژ, (121) لەگەڵ و (28) بێلایەن, بەهۆی هەڵوێستی ئۆپۆرتۆنستیانەی سەرکردەکانییەوە, لێ یەکێتی کرێکرانی پۆست, پەرستیارانی یەکگرتوی نیشتمان, کرێکارانی کارەبا, ساندیکی کرێکارانی لۆس ئەنجلس و ......پشتیوانی هەڵمەتەکەین,  وێڕای زۆرینەی پارتە چەپ و مارکسییەکانی ئەمەریکا لەنێویاندا پارتی سۆسیالست دیموکرات و حزبی شیوعی.

ئەم بزاوتە جێگای رێزو پشتیوانی و گرنگە بۆ بزاوتی سۆسیالستی جیهانی, ئەوەی جیمی کۆربین و بیرنی ساندەرز کردیان لەدوو وڵاتی نەرێتپارێزدا, گرنگی مێژووی خۆی هەبوو, بەدەرنەچوونیشیان خزمەتی گەورەیان بەبزووتنەوەی سۆسیالستی کردو جێی خۆیەتی پەندو ئەزموون لەتاقیکردنەوەکانیان وەربگرترێت, بەکاهێنانی پارتی سەرمایەداری بۆ ئامانجی سۆسیالستی.

بەڵام تاکە رێگا سۆسیالیزمەکەی کارل مارکسە  لەسەردەمی ئێستادا بۆ جێگرتنەوەی سیستەمی سەرمایەداری کە رۆژ لەدوای رۆژ وەحشیگەراییەکەی لەبواری نایەکسانی, جەنگ و وێرانکردنی ژینگە.. دەردەکەوێت, سۆسیالیزمێک بەتامی مرۆڤایەتی بۆ سەردەمی پیشەسازی زیرەک و شۆڕشی چواری پیشەسازی و لەدایکبوونی بریکاریدا

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار