خوداکان چۆن پەیدابوون؟

5 ساڵ لەمەوپێش



 

ناوی کتێب: خوداکان چۆن پەیدابوون؟

نووسەر: جۆن کیرچەر

وەرگێڕانى : بابان ئەنوەر

ساڵى چاپ : 2019

خوێندنەوەى : هیوا زەنگەنە

 لەبڵاوکراوەکانى دەزگاى ئایدیا بۆ فیکرو لێکۆڵینەوە

 

ئەم کتێبە بچووکە بەشێوەیەکی زانستی و لۆژیکی، چەمک و تێگەیشتنی ئایین و خودای لەناو زەین و عەقڵی مرۆڤەکاندا لێکداوەتەوە. کتێبەکە بریتی نییە لەسوکایەتیکردن بەپیرۆزییەکانی هیچ بیروباوەڕێک، بەڵکو ورووژاندنی مشتومڕێکی زانستی، لۆژیکی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، مێژووییە دەربارەی چەمکی خودا لای مرۆڤ و لەئایین و شارستانێتییە جیاوازەکاندا. نووسەر دەیەوێت ئەوە ساغ بکاتەوە، کە ئەو بوونەوەرەی ناو نراوە بەخودا، ئەو جێگەیەی کە ناونراوە بە بەهەشت یان دۆزەخ، سیفات و بونیادو وێنەکانیان، هەمان ئەو سیفات و بونیادو وێنانەی کە لەژیانی واقیعیی خۆیدا هەن، کەواتە رەنگدانەوەی ژیانی ماتریاڵیی مرۆڤ خۆیەتی و هەر شارستانیەت و ئایینێک، بەگوێرەی ژینگە سروشتییەکەی خۆی بەهەشت و دۆزەخ و خودایەکی بۆ خۆی خوڵقاندووە.

نووسەر لەبەشێکی دیکەی کتێبەکەدا باس لەوەدەکات کەئایینەکان بۆ مرۆڤ، وەک پاڵنەرێک و فاکتەرێک بەکاردەهێنرێن بۆ چێژ بینین، بۆ دۆزینەوەی خۆشی: «ئایین تەنها پەرەسەندنێکی سروشتییە. ئەمە هەر لەفۆڕمە زۆر سەرەتاییەکانی ئایینەوە حاڵەتێکی سادە و روون بوە. ئایین هاوسازی و هارمۆنییەکی هەیە لەگەڵ پاڵنەرە سروشتییەکانی مرۆڤدا. یەکەم یاسای سروشتی، واتە یاسای «خۆپارێزی»، گەلێک بەهێزو فرە کاریگەرە. هیچ کەسێک نییە لەسەر رووی زەوی حەزبکات بمرێت، هەموان هەر ژیانیان دەوێت. تەنانەت کەسانی ئایینداریش، ئەوانەی شەوو رۆژ بەشانوباڵی شکۆمەندیی ئاسمان و چێژو خۆشییەکانی ژیانی هەتایی و نەبڕاوەدا هەڵدەدەن [لەدوای مردن]، حەز بەمەرگ ناکەن. کاتێک نەخۆش دەکەون پەنا بۆ نوێژو نزاو پاڕانەوە دەبەن [لەپێناو چاکبوونەوەیاندا]، بەڵام دواتر هەر دەچنە لای دکتۆر. ئەوان مردنیان ناوێت، بەڵکوو دەیانەوێت تائەو رادەیەی دەکرێت لەم «جیهانە بەدبەخت و پڕ لەتاوان»ـەدا بمێننەوە. هۆکارێکی باشیشیان هەیە بۆ ئەم ویستی مانەوە لەم جیهانەدا؛ ئەمە تاکە جیهانە کەدڵنیا و ئەرخەیانن لەبوونی».

لەبەشەکانی دواتردا ئەم کتێبە هاتۆتەسەر وردەکاریی ئایینەکان و باس لەبزوێنەری باوەڕی ئایینی دەکات لای ئایینە ئاسمانییەکان، باس لەوە دەکات کەئایا بەهەشت و وێنەی بەهەشت لای باوەڕدارانی ئەو ئایینانە چین؟ بۆ وان؟ «بەهەشت لای موسوڵمانەکان بریتییە لەشارێک. فیردەوسی موسوڵمانەکان لەشاری مەککەی ئاسمانی دەچێت. هەر بۆیە مەلاو پیاوانی ئایینی محەمەدییەکان بەباوەڕدارە هەژارەکان دەڵێن پێویست ناکات هەژاری هەراسان و بێزارتان بکات و زۆر بیری لێ بکەنەوە، چونکە خودا لە بەهەشتدا بەچەندین هێندە قەرەبوویان دەکاتەوە و هەموو ئەو شتانەیان پێ دەبەخشێت کە لەدنیادا لێی بێبەش بوون. کاتێکیش دەچێتە بەهەشت، لەوێ حۆریی پاکیزە لە چاوەڕوانیاندایە. رەنگە لەژیانی سەر زەویدا تاکە ژنێک و تاکە حوشترێکی هەبێت، بەڵام لەبەهەشتدا سەدان ژن و هەزاران رانەمەڕی دەبێت. خودا لەبەهەشتدا سەرجەم ئەو شتانەی بۆ فەراهەم دەکات کە لەژیانی سەر زەویدا حەزی لێیان بووەو دڵی پێیانەوە بووە، لەوێ ژیانێکی شاهانە دەژی، ژیانێکی پڕ لەچێژو خۆشی و سەرمەستییە خۆرهەڵاتییەکان».

لەکۆتاییدا نووسەر مەسەلەی ئایین دەبەستێتەوە بەجیاوازییە چینایەتییەکانەوە، دەیبەستێتەوە بەپێگەی چینەکان لەکۆمەلگەدا: «لەو دەمەی چینی خودی سەرمایەدار لای خۆیەوە دەستەوەستانە لەبەردەم جەهل و نەزانی و خورافەدا، بەڵام چینی کرێکار دەتوانێت ئەمە بکات. بێگومان چەندین سەرمایەدار هەن کە لەخورافە و جەهل و نەزانی رزگاریان بوە، لەکاتێکدا زۆرینەی زۆریان، بە هۆی ئەو شێوازە ژیانەی هەیانە، نەیانتوانیوە لێی ڕزگار ببن، بەڵام تاکە پێشکەوتوو و رۆشنبیرەکانی ئەو چینە خۆیان رزگارکردوە پابەندبوون بەسروتە ئایینییەکان و هەڵوێستێکی «کراوەتر و لێبوردەتر» پەیڕەو دەکەن سەبارەت بە پرسە ئایینییەکان، بەڵام کاتێک پرسیاریان لێ دەکرێت کە ئایا باوەڕیان بەخودا هەیە، زۆرجار وەڵامەکەیان بەبەڵێ دەبێت. کاتێکیش داوایان لێدەکەیت سیما و خەسڵەتی خوداکەیانت پێ بڵێن، وەڵامێکی زۆر ئاڵۆزو ناڕوونت پێ دەڵێن. زۆر جاریش وەڵامەکان دەبنە لێدوانی سەیرو نامۆی لەم شێوەیە: «شتێک هەیە لەجێگەیەک، بەشێوەیەک لەشێوەکان بوونی هەیە، ئەوە هۆکاری بوونە». ئەم قسەیە دوایین هەنگاوە لەڕەوتی هەڵخزان بۆ ناو زەلکاوی خورافە. زۆرینەی خەڵک ناتوانن خۆیان رزگاربکەن لەم «خودا» تەمومژاوییە. زۆرینەی کرێکارانیش لەم دەردەوە گلاون. دوور نییە لەوە زیاتریش پێیان لەناو قوڕەکەدا بچەقێت، لەبەرئەوەی بێبەشن لەتێگەییشتنێکی قووڵی ریشەی ماتریاڵیی ئایین و پڕۆسەی بەرەوپێشچوونە کۆمەڵایەتییەکەی».

یەکێک لەو کۆمەڵگەیانەی کە لەمێژوودا زۆرترین بایەخی داوە بەلێکۆڵینەوە لەخوداوەندەکان، کۆمەڵگەی یۆنانییە. کۆمەڵگەی یۆنانی لەپێش زاییندا، زێدی دروستبوونی دەیان و سەدان خوداوەند بوو، کە هەریەکێکیان وەزیفەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی تایبەت بەخۆی هەبوو. کۆمەڵگەی یۆنانی لەو سەردەمەدا دابەشکرابووە سەر دوو چینی سەرەکیی لێکجیاواز: چینی کۆیلەو چینی سەردار (کۆیلەدارەکان). چینی کۆیلە تەواوی کارە قورس و تاقاتپڕوکێنە جەستەیییەکانی دەکرد، بەڵام چینی سەردار چینێکی ئازاد بوون، کەدەستیان بەتاڵ بوو بۆ کارو پیشەی زەینی. کاتێک لەم فاکت و واقیعە تێ دەگەین، ئینجا بۆمان دەردەکەوێت کە بۆچی لەناو گەلە گەشاوەو پێشکەوتوەکاندا، بیروباوەڕی سەرەتایی و بەربەری بوونی نییە. ئەوەی لەهەموو شتێک زیاتر ئاڵۆزتر بوو، ژینگەکەیان بوو، کەئەمەیش رەنگدانەوەی هەبوو لەعەقڵی یۆنانییەکاندا لەشێوەی ئایینی ئاڵۆزدا.

بەڵام یۆنانییەکان نەریتی گەلە سەرەتایی و بەربەرەکانیان دووبارە نەکردەوە، نەچوون بەهەشتێک و کۆمەڵە خوداوەندێکی جیاوازتر لەوە بخوڵقێن کەژینگە ماتریاڵییەکەیان و شێوازی ژیانیان لەناو ئەو ژینگەیەدا، بەسەریدا سەپاندبوون. تێبینیی ئەوە دەکەین کە یۆنانییەکان باوەڕیان بەچەندین خوداوەند هەبووە، ئەو بوونەوەرە دەرە سروشتییانەیش لەگەڵ یەکتردا هاوبەش بوون لەو هێزو توانستەی گەلانی شارستانێتییە پێشکەوتوەکان دەیدەنە پاڵ تاکە خوداکەیان. بەمانایەکی تر، کاتێک بیرۆکەی تاکە خودایەکی خاوەن هێزی رەها و بێ سنوور زاڵ دەبێت، ئیتر هەموو ئەرک و وەزیفەکان لەلایەن خودی خۆیەوە جێبەجێ دەکرێن، بەڵام گریکەکان ئەم ئەرک و وەزیفە و توانستانەیان دابەش دەکردو بۆ هەر یەکێکیان خوداوەندێکیان دادەنا.

سەرۆکی جڤاکی خوداوەندەکان، خوداوەند (زیۆس) بوو. باوک و سەرگەورەی بنەماڵەی خوداوەندەکان بوو. لەسەر چیای ئۆڵەمپ، واتە فیردەوسی یۆنایییەکان، نیشتەجێ بوو. لەگەڵیشیدا کۆمەڵێک خوداوەندی تر هەبوون کەئەرکی بەڕێوەبردن و راییکردنی کاروباری جیهان و خەڵکیان لەئەستۆ گرتبوو. (ئەپۆڵۆ) و خوشکە جمکەکەی (ئارتیمێس)، منداڵی زیۆس و (لیتۆ) بوون.

ئەپۆڵۆ سەرپەرشتیی چەندین قۆناغ و وێستگەی چالاکییە مرۆیییەکانی دەکرد. خوداوەندی کشتوکاڵ بوو، بارێنەری باران و شەونم و ئاورنگ بوو، بەرگری دەردو نەخۆشی و پەتا بوو، پارێزەری مەڕوماڵات و لەوەڕگا و کێڵگەکان بوو، دوورخەرەوەی گورگەکان بوو، منداڵ و وردە ساڵانی دەپاراست، سپۆنسەری چالاکی و یارییە وەرزشییەکان بوو. خوداوەندی غەیب و پێشبینییەکان بوو، لەگەڵ ئەوەیشدا میوزیکزانێکی ناوازە بوو. بەو مۆسیقایەی بەتەمبورەکەی دەیژەنی، خوداوەندەکانی خەنی و دڵخۆش دەکرد.

(ئەرتیمێس)ی خوشکە جمکەکەی ئەپۆلۆ، تا ڕادەیەک هاوشێوەی ئەپۆلۆ بوو بەڵام بەمێیینەیی، خوداوەندی راوو شکار بوو. ئەمیش هاوشێوەی (دیانا) بوو، کەخواوەندی راو بوو لای رۆمانییەکان. کاتێک ئیمپراتۆریەتی رۆمانی فراوان دەبێت و پەل دەهاوێژێت و شارستانیەتیی یۆنانی لەناو خۆیدا ون دەکات، لەگەڵ خۆیدا خوداوەندە جۆراوجۆرەکان وەردەگرێت. راستە هەندێک گۆڕانکاری بەسەر ناوی خوداوەندەکان و هەندێک سیفەت و خەسڵەتیاندا دێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، ئایینی رۆمانی تام و بۆن و رەنگی ئایینی یۆنانیی پێوە دیاربوو. ئەرتیمێس خوداوەندی کشتوکاڵ بوو، بەتایبەتیش دروێنەی بەروبوومەکان، کەیۆنانییەکان بەردەوام بەشێک لەقوربانییەکانیان پێشکەش بەم خوداوەندە دەکرد. دارودرەخت و سەوزەوات بەشێوەیەکی گشتی لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتیدا بوون، ئەمە جگە لەسەرپەرشتیکردنی ئاژەڵە کێوییەکانی ناو دارستانەکان.

پاشان خوداوەند (ئۆرفیۆس) دێت، کە مرۆخودا (god-man) بوو، بەرپرس بوو لەکاروباری میوزیک. دایک و باوکی ئەم مرۆخودایە یەکێکیان خودا بوە و یەکێکی تریان مرۆڤ بوە. گریمانەی ئەوە دەکرێت ئۆرفیۆس کوڕی (ئۆیاگرۆس)ی پادشای تراکیاو (کالیۆبی)ی عەراف و غەیبزان بوە. دەگوترێت کە ئەپۆلۆ چەنگێکی ئاڵتوونیی داوەتێ و خوداوەندەکانی گۆرانی و ستران فێری ژەنینی چەنگیان کردوە، ئیتر بە جۆرێک فێری ژەنینی ئەو ئامێرە میوزیکییە بوو کەئاژەڵ و دڕندەکانی دارستانەکانی دەوروبەری چیای ئۆڵەمپ، لەکون و ئەشکەوت و بنبەردەکان دەهاتنە دەرەوە و شوێن ئاوازی ئەو مۆسیقایە دەکەوتن، تەنانەت دارو درەخت و بەردەکان شوێنی خۆیان جێ دەهێشت و بەرەو پیری دەنگی مۆسیقاکە دەڕۆیشتن، چەم و رووبارەکانیش لەتاو ئەم مۆسیقا دڵڕفێنە لەڕۆیشتنی خۆیان دەکەوتن.

(ئاریس) خوداوەندی جەنگ بوو (کە لەناو رۆمانەکاندا بەمارس ناسرابوو). چێژی لەشەڕو کوشتار وەردەگرت، بەڵام رکابەرەکەی لەستراتیژی جەنگیدا، خوداوەندی ئەسینا بوو. بێگومان ئاریس سیفەت و خەسڵەتی تریشی هەبوو، خوداوەندەکان لەهەندێک کاتدا ئەرک و وەزیفەی خۆیان دەگۆڕی. بەپێی کاتە جیاوازەکان و شوێنە جیاوازەکان، ئەرک و وەزیفەی جیاوازیشیان وەردەگرت.

ئەسینا (یان وەک لەناو رۆمانەکاندا بەمینێرڤا ناسراوە)، خوداوەندی رۆشنبیران بوو، خوداوەندی بیرو هزرو حیکمەتی سیاسی، خوداوەندی پێشەوایەتی و رابەرایەتی و... هتد بوو. سەرکردەو رابەرە سیاسییەکان لەناو پەرستگاکەیدا قوربانییان دەبەخشی و نوێژیان بۆ دەکردو سیفەت و بەهرەو تایبەتمەندییەکانیان دەپەرست.

ڤینۆس خوداوەندێکی رۆمانی بوو، خوداوەندی عەشق و جوانی بوو (کە لای یۆنانییەکان بە ئەفرۆدێت ناسرابوو)، توانای گۆڕینی دڵەکانی هەبووە، کە لەڕابردوودا باوەڕ وا بووە [دڵ] جێگەی هەست و سۆزەکانە. دەیتوانی رقوکینە بگۆڕێت بۆ عەشق و خۆشەویستی. ئەفرۆدێت هەمیشە کوڕە بچکۆلەکەی لەگەڵدا بوو، کە بە ئیرۆس یان کۆپیدۆس (کۆپید) ناودەبرا.

هێبە خوداوەندی جوانی و گەنجێتیی مێیینە بوو. لای رۆمانەکان بە یۆڤانتاس ناسرابوو. بەو پێیە خوداوەندی گەنجی و لاوێتی بوو، توانای ئەوەی هەبوو پیرەژنێک بگێڕێتەوە بۆ ژنەلاوێک لەسەردەمی گەنجێتیدا. بەواتایەکی تر، ئەم خوداوەندە توانای دووبارە گێڕانەوەی لاوێتی و گەنجکردنەوەی مرۆڤی هەبوو.

کۆنکۆردیا خوداوەندی هەڵکردن و گونجان و تەبایی بوو لای رۆمانەکان. لێپرسراو بوو لەبەرپرسیارێتیی نێوان مرۆڤەکان. گەلێک ئاشتیخواز بوو، هەمیشە چڵەزەیتوونێکیشی بەدەستەوە بوو.

ئەتڵەس یەکێک بوو لەو تیتانانەی (Titan) جەنگیان دژ بەزیۆس هەڵگیرساند، بەڵام زیۆس شکستی پێهێناو فەرمانی پێ کرد کەدەبێت ئاسمان لەسەر سەرو لەپی دەستەکانی هەڵبگرێت. دواتر بەو جۆرە وێنەی کێشرا کەزەویی هەڵگرتوە. ئەفسانەیەکی تریش هەیە دەڵێت زیۆس ئەم خوداوەندی ئەتڵەسەی گۆڕیوەو کردوویەتی بەچیایەک، بەناوی چیای ئەتڵەس، کەئەم چیایەیش ئاسمان و سەرجەم ئەستێرەکانی هەڵگرتوە.

نیکە (کە لای رۆمانەکان بەڤیکتۆریا ناسراوە) خودای سەرکەوتن بوو. بە گشتی لەپڕۆسەی تۆمارکردنی لیستی ناوی جەنگاوەران و سەرکەوتوان بەسەر قەڵغان و شیرەکانیاندا. زۆر جار دەبینرا کە ئەسپەکانی بەهەوای سەرکەوتنەوە لێدەخوڕی. برایەکی هەبوو بەناوی (زیلۆس)، کەخوداوەندی حەماسەت و هێزو چالاکی بووە.

هەموو ئەم نموونانە دەربارەی خوداوەندەکان –هەم خوداوەندە نێرەکان و هەم مێیەکان- ئەوەمان نیشان دەدەن کەچۆن رۆمانەکان و یۆنانییەکان لەپێناو کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی قۆناغ و وێستگە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵایەتییاندا، بوونەوەرگەلێکی خەیاڵییان بۆ خۆیان خوڵقاندوە، هەریەک لەم بوونەوەرانەیان لەسەر شکڵ و شێوەی تایبەتیی خۆیان خوڵقاندوە و سیفەت و خەسڵەت و ناوو ناوبانگی خۆیانیان بەسەردا بڕیون و لەسەر بنەمای خواست و ویست و خەون و خەیاڵە تایبەتەکانی خۆیان دروستیان کردوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار