رەوشت سەرچاوەیە نەک یاسا
سامانى وهستا بهکر
5 ساڵ لەمەوپێش
سامانى وهستا بهکر
کاتێ سەرۆکی گەورەترین دەزگا شەرعیەکانی وڵات دەوڵەمنترین خەڵکانی ناو کۆمەڵگەبن، ئەوە ئەوە ئەگەیەنێ کەدەستپیسی و دزی لەسەرەوە بۆ خوارەوە کشاوەو ئیتر ناتوانرێ چاوڕوانی زۆر لەو دەزگا شەرعیانە بکەی.
هیچ شتێک وەک خۆی خراپ نیە، بەڵکو بەکاربەرەکەی خراپ بەکاری ئەهێنێ، واتە خود خۆی لەخۆیا چاکە بەڵکو بەفەرمانی بکەر رەوشتی باش و خراپ دایاری ئەکرێ، هەڵبەتە لەکۆمەڵگەی ئێمە لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە ئەم سەرەتا سادەیە تێکچووە یان راستتر بڵێین تێکدراوە.
بێڕەوشت ناتوانێ دژی بەدڕەوشتی ببێتەوە، بەڵام ئەتوانێ لەپشت بێ رەوشتێکەوە بێت بۆ سەرخستنی بەدڕەوشتی، بەو جۆرەش ئەو کەسە دوو جار بێ رەوشتە، ئەمەش جۆرێکە لەو مۆدێلەی ئێستا کاری پێئەکرێ کە بێ ڕەوشتەکان بۆ مانەوەو سەرکەوتن بەد ڕەوشتەکان ئەکەنە ڕاوێژکارو دەمڕاست.
سەرکەوتن و ناوبانگ چەن لە ڕێی بێ ڕەوشتی و کاری خراپەوە بە خێرایی پێی بگەیت هەر بەهەمان خێرایش ئەیدۆڕێنرێ.
واتە باش و خراپ هەر بە ڕەوشت دیاری ئەکرێ، کە ڕەوشت بەرز و باڵا بوو هەموو ئەوانەی لە دایک ئەبن و بەرهەم ئەهێنرێن ڕوپۆشکرا و ناوەرۆکی جوانی ڕەوشت ئەبن، پێچەوانەکەشی راستە.
ئەکرێت کۆمەڵگە بەبێ یاسا بەڕێوە بچێت بەڵام بەبێ ڕەوشت بەڕێوە ناچێت، واتە ڕەوشت ڕاگری کۆمەڵگەیە نەک یاسا چونکە سەرەتا و سەرچاوە و چاوگ بۆ یاسا ڕەوشتە، بەڵام پێچەوانەکەی هەڵەیە واتە یاسای زۆرو باش ناتوانێ کۆمەڵگەیەکی بە ڕەوشت بەرهەمبێنێ چونکە ڕەوشتی کۆمەڵگە بڕیاردەرە چۆن یاساکە بەکارئەهێنێ.
پەروەردەی کۆمەڵگە بەسیاسی بەڕەوشت ئەکرێت، بە سیستمی بە ڕەوشت ئەکرێت، کە سیستم و دەسەڵات خۆی بێ ڕەوشت بوو ئیتر ڕەوشتی پەروەردەیی ون ئەبێت، ئەوانە یەنە ناوەوە کەخۆپیشاندەران ئەکوژن، ڕەخنە گران ئەکوژن، شەق لەمامۆستا ئەیەن،کچی حەوت ساڵ لاقە ئەکەن، بەئارەزوی دڵیان دزی و تاڵانی ئەکەن.
کە ڕەوشت نەبوو ویژدان نابێت حاکم و دەسەڵاتدارەکانیش بێ ویژدان دەبن، کە ڕەوشتت نەبوو بەها نامێنێت، کەبەها نەما ژیانی شکۆمەندانە نامێنێت، سەرسەری و چەتەو شەقاوە و بێ ڕەوشت و دز دەبن بەهەموو شتێک، یاساش بۆخۆی بەشێک ئەبێت لە پارێزەری ئەو چەتانە.
هەرێمی کوردستان نمونەیەکە لە بڵاو بوونەوەی بێ ڕەوشتی سیاسی، بێ ڕەوشتی ئابوری، بێ ڕەوشتی کۆمەڵایەتی، بێ ڕەوشتی سەربازی، بێ ڕەوشتی داد و دادوەری، بێ ڕەوشتی پەروەردەیی، بێ ڕەوشتی مێدیایی، بێ ڕەوشتی پەرلەمانی، بێ ڕەوشتی حکومەت و حکومڕانی ......هتد.
بۆیە ڕەوشت گرنگە بۆ پێش خستن و گەشەی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەی بە ڕەوشت کۆمەڵگەیەکی تەندروستە، پەروەردەی دروست بناغەی کۆمەڵگەی ئەخلاقیە، سیاسەت و ڕەوشت گرێدراوی یەکن.
لە سەردەمی ئەم چینە حوکمڕانەی کوردستان بێ ڕەوشتی لە ئاستێکا بەرجەستە ئەکرێ کە ڕەشت و پێچەوانەکەیان لە کۆمەڵگە شێواندووە و بێ ڕەوشتی لە هەموو ئاستێکا پیادە ئەکەن، بۆیە لێرەوە هەندێک سەمەرە بە چەند نمونەیەک باسی ئەکەم.
ئەمان هاتن مۆدێلێک لە دوو بەرەکایەتی بڵاوەکەنەوە بۆ دوورخستنەوەو دابڕانی ئەوەی کە پێی ئەوترێ زۆنی زەرد و سەوز کە ئەگەر زۆر بە ووردبین نەبی هەستی پێناکەی کە ئەویش لە شێوازی بەکارهێنانی دەستەواژەو پیتەکانن، بۆ نمونە بەکارهێنانی پیتەکان، لە پیتی کوردی ئارامییا هەردوو پیتی («و» وە «وو») بوونی هەیە، بۆ نمونە ئەو ڕاگەیاندن و مێدیایەی سەر بە زۆنی زەردن ئەنوسن (بوو، دوو، چوو کە ئەمانە ڕەوان و ڕاستن واتە پیتی «وو» بەکارئەهێن وە هەندێک جار زیادە ڕۆی تیائەکەن و لەبری «ڕوناک ئەنوسن ڕووناک وە لەبری سنور ئەنوسن سنوور»).
هەرچی ئەو مێدیایەی سەر بە زۆنی سەوزن بۆ نمونە ئەنوسن (بو، دو، چو) کە ئەمە هەڵەیەو ئەو ووشەو ڕاناوانە بە پیتی «وو» ئەنوسرێن، یان لایەکیان ئەنوسێ نموونە یان میژوو، کەچی ئەوتریان ئەنوسێ نمونە یان مێژو، کە ئەمەش سەرلێشێوانێکی زۆر بەدوای خۆیا ئەهێنێ و مناڵ و فێرخواز ئەخاتە سەر ڕێیەکی دووبەرەکی و ناراست، ئەمە لە کاتێکا کە ئەبوو کاری یەکەمی حوکمڕانی کورد لەدوای ساڵی ١٩٩١وە کارکردن بووایە بۆ زمانێکی یەکگرتوو هاوبەش و لایەنی کەم هەر هیچ نەبێ ژمانێکی نوسینی هاوبەش، ئەگەرچی پێش هاتنی ئەمان تا ئاستێک ئەو زمانی نوسینی هاوبەشە هەبوو کە زۆری ئەو کارەش ئەگەڕێتەوە بۆ کتێبی ئەلف و بێی کوردی مامۆستا ئیبراهیم باڵدار بەڵام ئەمان ئەوەشیان تێک و پێک شکان، مەخابن زۆرێک لە مێدیا و مێدیاکاران بێ ئەوەی سەر بەیەکێک لەم دوو زۆنەبن بەڵام بەو شێوەیە ئەنوس بە جۆرێک بارگاوی بوون دوو کەس لە یەک ڕۆژنامە پێت و دەستەواژەکان وەک یەک بەکارناهێنن و پیتەکان بەپێی مەزاجی کەسی بەکارئەهێنن!
لەو مۆدێلی بەرێوەبردنەی کە ئۆجەلان سەرمام بووە پێی و لەدوای ماری بوچین بیرمەندی ئەمەریکی گەشەی پێیاوە هاوسەرۆکی وەک مۆدێلێکی بەڕێوەبردنی نێوان هەردوو ڕەگەزی مێ و نێر داڕشتووە بۆ هاوسەنگی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان دوو ڕەگەزی هاوسەنگی پێکهێنەری کۆمەڵگە، بەشێوەیەکی دادپەروەرو هاوسەنگ تا ئاستێک کە لە هەموو ئەو حیزب و لایەنانەی کە نزیکن لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ئەو مۆدێلە شۆڕبۆتەوە لەسەرەوەبۆ خوارەوە، لە هەندێک شوێنیشا ئەگەر دەستەی پێکهێنەری دەزگایەکی دیاریکراو ژمارەکەی نۆ کەس بێت بۆ نمونە، ئەوا پێنچ مێ و چوار نێر هەڵەبژێرن، مەخابن لە هەرێمی کوردستان بۆ شکاندنی هەندێ باڵ و ڕاگرتنی هاوسەنگی دوو باڵیتر ئەو سیستمە بەڕێوەبردنە هاوسەنگەیان تێک و پێک شکان و دوو ڕەگەزی نێریان بۆ هاوسەرۆکی دەستنیشان کرد بەمەش بێ ڕەوشتییەکی زۆریان کرد بەرامبەر تێزێک لە داهێنان کە ئەکرێ لە داهاتووا وەک جۆرێک لە سیستمی بەڕێوەیردنی دەسەڵاتی کورد لە کوردستانا بناسرێ.
هاتن لەبری دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیانا دابەشکرد و لەناو خۆشیانا بۆ کوتلە دەسەڵاتدارەکان و دواتر بۆ باڵێکی دیاریکراو و لەناو باڵەکەشا بۆ بنەماڵەیەک و لە وێشەوە بۆ خێزانێک و لە ناو خێزانێکیشەوە بۆ باوک و کوڕ و ئاموزا بەو واتایەی سیستمی بەڕوەبردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیان کرد بە پشتاوپشتی دەسەڵات.
ئەمان هاتن لەبری دابینکردنی ئاسایش هاتن بۆ هاوڵاتیان هاتن کۆمپانیای ئاسایشیان بۆ خۆیان دامەزراند و بەسەر باڕو ڕێستاوڕانت و هۆتێل و کۆمپانیا بازرگانی و شوێنە گشتیەکانا ئەیسەپێنن بۆ بەدەستهێنانی زۆر قازانج.
لەبری بازاڕی ئازاد هیچ ئازادیەکی بازرگانیان بۆ بزنسمانی بێ لایەن و خاوەن کار نەهێشتەوەو کۆی بازرگانی وڵاتیان لە دەرزیەکەوە بۆ نەوت و گەشتیاری و ئاسمان و ڕێسمانیان خستە ژێر کۆنترۆلی خۆیانەوەو بازاڕیان پڕکرد لە کاڵای خراپ و بەسەرچوو و لەگەڵ داو دەرمانی بێ کەڵک و گەچی سپی لەبری چارەسەری پێویست بۆ چاکبوونەوەی کەسی تووش بووی نەخۆش و کاڵای بێ کوالێتی و هەڵگری چەندین نەخۆشی.
هاتن بە دامەزراندنی چەندین مێدیای سێبەرو ئاڕاستەکراو مێشکی خەڵکیان وا جەجاڵ کرد کە نەک هەر عەوام و خەڵکی سادە بەڵکو سەریان لە ڕۆشنبیر و بیرمەندانیش شێوان، لەوەش ناشرینترو چەپەڵتر کۆی ئەو مێدیا حیزبی و سێبەرو ئاڕاستەکراوانە بە پارەی دزراوی دەوڵەت بەڕێوەئەبەن، تاکە مەبەستیش لێی مانەوەی خۆیانە بێ ئەوەی هیچ جۆرە پەروەردەیکی دروست لەبەرژەوەندی کۆمەڵگە بڵاوکەنەوە، بەڵکو غەزوی مێشک و عەقڵ و بیرو بۆچوون و کلتور و کەرامەت و باوەڕ و ویژدان و هەست و مرۆڤایەتی و فەرهەنگ و فەرمانمان ئەکەن.
هاتن لەبری ئەوەی ڕێگاو جادەی ستراتیژی گرنگ دروستکەن و ناوچەکان پێکەوە ببەستنەوەو ژیانی خەڵکی لە مردن بپارێزن هەستان بەدروستکردنی باشترین ڕێگا بۆ ئەو ناوچانەی خۆیان لێی ئەژین و سەرڕێی خۆیانە.
لەبری چاکسازی لە سیستمی پەروەردە و پاکردنەوەی لەو خەوشەی چەندین ساڵە مێشکی خوێندکاری کوردی پێ ژەهراوی ئەکرێ، کەچی هاتن زیاد لە سی زانکۆیان لەژێر ناوی جیاجیا دامەزران کە تەنها چەندانەیەکیان کە لە ژمارەکانی یەک دەست تێناپەڕێ زانستی کارەکەن و تا ئاستێک پەروەردەیەکی دروست بڵاوەکەنەوە ئەگەرنا ئەوانیتر نەک هەر پەروەردەی دروست بڵاوناکەنەوە بەڵکو هیچ داهێنانێکیشیا نەک نیە بگرە کارکردنیان لەبەرژەوەندی دوژمنانی کورد و زاڵ کردنی زمانی وڵاتێکی دیاری کراو و بڵاوکردنەوەی کلتورو فەرهەنگی ولاتانی داگیرکەرن و لەوەش تێپەرێ مەبەست لە کردنەوەی ئەو هەموو زانکۆیە تەنها بازرگانیە و زانست لەوێ غیابە.
زانکۆ واتە توێژینەوە و داهێنانی زانستی و شیکاری کردن بۆ زۆربەی بابەتەکان، کە لەو ڕێیەوە کۆمەڵگە بەرەو پێش و هۆشیار ئەڕوات، بەڵام ئەو ناوچانەی کە زانکۆیان تیا کراوەتەوە ئاستی ڕۆشنبیری خەڵکەی بەبەراورد بە ڕابردوو نەک هەر بەرەو پێش نەچوون و بەڵکو ئاستی ڕۆشنیری خەڵکەکەی لە پاشەکشەشدایە!
کارەکانی حکومەت و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات هێندە بەد ڕەوشتی تیا ئەکرێ لەلایەن دەستەیەکی بێ ڕەوشتەوە، کە لە ئێستایا لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ترس و لەرزی خەڵک هێندەی لە بێ متمانەییە لە حکومەت کە لەوانەیە لە کاتی تووش بوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵنەسێ هێندە ترسی لە خودی ڤایرۆسرکە نیە.