گولەنییەکان دەنگ بە ئەردۆغان نادەن
7 ساڵ لەمەوپێش
فرید دڵشاد محەمەد*
چاوەڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنە پەرلەمانى و سەرۆکایەتییەکەى تورکیا کە بڕیارە 24 حوزەیرانى ئەمساڵ بەرێوەبچێت، لایەنگرانى «فەتحوڵا گولەن« رابەرى بزووتنەوەى خزمەت بەهۆى ناکۆکیەکانیانەوە لەگەڵ «رەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆکى تورکیا دەنگ بە پارتى دادوگەشەپێدان « ئاکەپە « نەدەن و بەمەش گورزێکى کوشندە بەر پارتەکەى ئەردۆغان دەکەوێت.
«گولەن» ئەو پیاوە ئاینیەى سەردەمانێک لەگەڵ « ئەرۆدغان» هاوپەیمانى یەکتربوون بەجۆرێک پاڵپشتیکردنى لایەنگرانى ئەو لەهەڵبژاردنەکانى ساڵى»2002» و هەڵبژاردنەکانى دواتر هۆکارێک بوو بۆ گەیشتنى ئاکەپە بە دەسەڵات، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا پشتکردنە ئەردۆغان لەلایەن بزووتنەوەى خزمەتەوە هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەى وەرچەرخانێکى سیاسى نوێى لە تورکیا بێتە ئاراوە.
بەردەوامى ململانێکانى گولەن و ئەردۆغان و قوڵبوونەوەى ناکۆکییەکانیان بەتایبەت دواى کودەتاکەى 15 ى تەمووزى ساڵى 2016، کە ئەندام و لایەنگرانێکى زۆرى بزووتنەوەى خزمەت لەناو زینداندان و لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، هۆکارێکى سەرەکى لاوازبوونى ئەردۆغان دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا و زیان بەهەژموونى چەند ساڵەى ئاکەپە دەگەیەنێت لە تورکیا.
هەرچەندە لەڕابردوودا ئەردۆغان زۆرێک لەهەوڵەکانى گولەنى بۆ بنکۆڵکردنى دەسەڵاتەکەى شکستپێهێنا و ململانێکانى لەبەرژەوەندى خۆى یەکلایى کردەوە، بەڵام ئێستا تورکیا لە چاوەڕوانى هەڵبژاردندایە و گولەن دەتوانێت لەرێى سندوقەکانى دەنگدانەوە کاریگەرى لەسەر ڕاى گشتى تورکیا دروستبکات وگوشار بخات سەر ئەردۆغان بۆ ئەوەى پێگەکەى لە تورکیا لاواز بکات.
دەرئەنجامى ململانێکانى گولەن و ئەردۆغان هەرچۆنێک کۆتایى بێت، بەڵام دواجار لەم هەڵبژاردنەدا توڵەکردنەوەى لایەنگرانى گولەن لە ئەردۆغان کاریگەرى گەورەى لەسەر ئاکەپە دەبێت و وەک جارانى پێشوو ناتوانێت زۆرینەى دەنگەکان بەدەست بهێنێت، هەر ئەوەش وایکرد ئەردۆغان زوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوپەیمانى لەگەڵ «دەوڵەت باخچەلى» سەرۆکى پارتى نەتەوەپەرستى تورکیا «مەهەپە» پێکبهێنێت.
چاوەڕوان دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا گولەن مانۆڕى سیاسى خۆى بخاتە گەڕ و لەرێى سندوقەکانى دەنگدانەوە
ڕێگرى بکات لەو خەونە سوڵتانییەى کە ئەردۆغان چەندین ساڵە هەوڵى بۆ دەدات
ئەم هاوپەیمانێتیەش چەندە سودى بۆ ئەردۆغان و پارتەکەى دەبێت، ئەوەندەش زیانى پێدەگەیەنێت ئەوەش بەو تێڕوانینەى کە دیندارەکانى تورکیا بەشێکى زۆریان گولەنین لەگەڵ مەهەپەى نەژاد پەرستدا نین، بەتایبەت دیندارە کوردەکان کە هەمیشە لەلایەن تورکە رەگەز پەرستەکانەوە رووبەرووى سەرکوتکردن بونەتەوە.
هەرچەندە بزووتنەوەى خزمەت خاوەنى پارتێکى سیاسى نین تاکوو بەشدارى هەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام لەم هەڵبژاردنە بەهێزترین ئەگەر کشانەوەى دەنگەکانیان دەبێت کەپێشتر بە ئەردۆغانیان دابوو یاخود دژى ئەردۆغان پشتوانی لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەن.
لەڕابردوودا ئاکەپە و بزووتنەوەى خزمەت هاوپەیمانى پتەو لەنێوانیادا هەبووە و بونەتە ئاوێتەى یەکترى ئەمەش بۆتە هۆى مانەوەى دەسەڵاتى ئەردۆغان بۆ سێ خولى هەڵبژاردن، بەڵام دواجار ئەم دوو گروپە جگە لەوەى لێکترازن کەوتیشنە دژیەتیکردنى یەکترى.
لاى خۆشییەوە ئەردۆغان هەستى بەوەکردووە لەم هەڵبژاردنەدا بەشێک لە گولەنییەکان دەنگى پێنادەن، بۆ بەدەستهێنانى دەنگى زیاتر چەندین هەوڵى داوە لەوانە هەژمارنەکردنى کارتى مۆرنەکارو و رێگەدان بە چونە سەرسندوقەکانى هەڵبژاردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و چاپکردنى کارتێکى زۆر لەدەنگدان کە زۆر زیاترە لەو کەسانەى مافى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە، هەموو ئەمانە رێگە خۆشکەرن بۆ ئەنجامندانى تەزویر و هەڕەشەیەکیشن بۆ کەمکردنەوەى دەنگەکانى هەدەپە و جەهەپە و پارتەکانى دیکە.
گولەنى تەمەن 77 ساڵ ئێستا لەویلایەتى پەنسلڤانیایە و دوارۆژەکانى تەمەنى لەگەڵ خوێندکارەکانى لەوێ بەڕێ دەکات، لەساڵى 1999 ەوە راستەوخۆ لە ئەمریکاوە سەرپەرشتى کاروچالاکییەکانى بزووتنەوەکەى دەکات. لەماوەى رابردووشدا چەندین گورزى لە ئاکەپە وەشاندووە و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەڵبژاردنەشدا گولەن مانۆڕى سیاسى خۆى بخاتە گەڕ و لەرێى سندوقەکانى دەنگدانەوە ڕێگرى بکات لەو خەونە سوڵتانییەى کە ئەردۆغان چەندین ساڵە هەوڵى بۆ دەدات.
بزووتنەوەى خزمەت و ئاکەپە جیاوازى ڕیشەیى لەنێوانیاندا هەیە و لەبوارى فیکرى وئاینى و ناوخۆ و دەرەوەوە و و کێشەى کورد ناکۆکییەکانیان بەزەقى دەرکەوتووە و ئێستاش ئەو ناکۆکیانە تەقیوەتەوە، دژایەتى گولەنیش بۆ ئاکەپە وادەکات ئەگەر ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا سەریش بکەوێت پێگەى بەهێز نابێت، ئەو لاوازییەش وادەکات کە بەردەوام ئەردۆغان ترسى لە دووبارە بوونەوەى کودەتا هەبێت بەسەریدا کە هەمیشە مۆتەکەیەک بووە بەسەر سەرى دەسەڵاتدارانى پێشووى تورکیاوە.
* توێژەرى سیاسى