نوێترین داهینانی زانایانی ئیسلامی:
کۆرۆنا و بەهەشت!
رهفیق سابیر
5 ساڵ لەمەوپێش
رهفیق سابیر
*لیژنەی باڵای فەتوا گوێگرتن لەوتاری مەلایەک، لەمەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو سەلامەتیی هاووڵاتیان بەگرنگتر دەزانێت!!
رۆژی سێی ئادار ئەنجومەنی باڵای «فەتوا»ی هەرێمی کوردستان، دە بڕیاری لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناو دەرکرد. دوو بڕیاریان (دووەم و چوارەم) مایەی سەرنجن، چونکە ترسناکن و تیایاندا ژیانی خەڵک، لەچاو چوونە مزگەوت، بەکەم بایەخ گیراوە.
لەبڕیاری دووەمی ئەنجومەنی فەتوادا هاتووە:
(بەپێی شەرع ناتوانرێت لەئێستا وتاری هەینی مزگەوتەکان رابگرێت، تەنیا لەو شوێنانە نەبێت کە بەدڵنیاییەوە نەخۆشییەکەی لێ بڵاوبووەتەوە).
ئەو سەرچاوە زانستییانەی لەڤایرۆسی کۆرۆنایان کۆڵیوەتەوە، پێداگری دەکەن کەدەشێت مرۆڤ، ماوەی هەفتەیەک و زیاتریش، ڤایرۆسی کۆرۆنای هەڵگرتبێت، کەچی هێشتا نەخۆشییەکەی لێ دیار نەکەوتبێت. لەو ماوەیەدا، ئەو کەسە، ڤایرۆسەکە بڵاودەکاتەوەو دەتوانێت دەیان کەسی تر، تووشی نەخۆشی بکات.
راگرتنی وتاری هەینی مزگەوتەکان، تەنیا (لەو شوێنانەی بەدڵنیاییەوە نەخۆشییەکەی لێ بڵاوبۆتەوە، وەک لەبڕیارەکەدا هاتووە) بڕیارێکی نازانستی و جاهیلانەیە. هەروا خۆپەرستانە و نامەسئولانەیە، چونکە گوێگرتن لەوتاری، رەنگە دووبارەکراوی، مەلایەک، لەژیانی خەڵک و مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو سەلامەتیی هاووڵاتیان بەگرنگتر دەزانێت. مایەی سەرسوڕمانە کە بەناوی شەرعەوە ئەم بڕیارە ترسناکە دراوە! بەڵام کام شەڕع و کام ئاین رێگە دەدەن، کە کۆبوونەوە لەدەوری وتاری مەلایەک، لەژیانی خەڵک گرنگترو پربایەختر دابدرێت؟!
لێرەدا جێی خۆیەتی قسەیەکی کۆمەڵناسی ناسراوی عێراق دوکتۆر عەلی ئەلوەردی، بەبیر بهێنمەوە، کە لەکتێبی (لمحات اجتماعیه عن تاریخ العراق الحدیپ) نووسیویەتی و ئەمڕۆ، لەکاتی نووسینی ئەم چەند دێڕەدا، هاوڕێیەکی زۆر هێژام، بێ ئەوەی ئاگاداربێت کەئەم چەند دێڕانە دەنووسم، بەمێسیجێک بۆی ناردم:
دوکتۆر وەردی دەنووسێ: کاتێک، لەسەردەمی عوسمانییەکاندا، پەتای تاعوون لەعێراق بڵاوبۆوە، حاخامی جولەکەکان، داوای لەخەڵکی جولەکە کرد، کە لەماڵی خۆیان بمێننەوە و هاتوچۆی خەڵک و یەکتری نەکەن. بەمەش جولەکەکان لەمردن دەرباز کران. بەڵام کاتێک مسوڵمانان لەمەرجەعە ئاینییەکانی خۆیان پرسی، مەلاکان وەڵامیان دانەوە کە:
(قل لن یصیبنا الا ما کتب اللە لنا). واتا بە مسوڵمانان (بڵی تووشی هیچ شتێک «موسیبەتێک» نابین ئەگەر خوا بۆی نەنووسیبین) سەرەنجام خەڵکی چەندان گوند سەرلەبەریان مردن و مسوڵمانانی زۆریش لەناوچوون.
لەبەرامبەر ئەو کارەساتە گەورەیەی رووبەڕووی کوردستان و عێراق و هەموو دونیا بۆتەوە، بۆچی لیژنەی فەتوا، ئەوەندە بێخەم و کەمبایەخانە بۆ ژیانی خەڵک و سەلامەتیی کۆمەڵ دەڕوانێت؟ ئایا فەلسە و ئاین و رێبازێکی سیاسی، یان بڕیارو فەتواو دەزگایەکی ئاینی هەن، لەمرۆڤ پیرۆزترو لەژیانی مرۆڤ و سەلامەتی و ئاسوودەیی مرۆڤ، گرنگتر بن؟.
بەڵام بۆچی سەرۆکایەتیی حکومەت، هەروا وەزارەتی تەندروستی، رێگە دەدەن، کۆمەڵێک مەلا، کە موچەخۆری حکومەتن، بەم جۆرە دەست بخەنە کاروباری حکومەتەوە و لەجیاتی ئەو بڕیاری لەم جۆرە بدەن و چارەنووسی خەڵک، بەبڕیاری نازانستی و قەدەرییانە بسپێرن؟!
رەنگە برگە، یان بریاری چوارەم، وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.
لەبرگەی چوارەمدا، ئەندامانی لیژنەی فەتوا دەگەنە لوتکەی غرورو بەبریارێک! مەدالیای شەهادەت بەسەر قوربانیانی کۆرۆنادا دەبەخشنەوە:
(ئەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن پلەی شەهیدیان هەیە لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسە لە رێکارەکانی بەخاکسپاردنی بەپێی ئەحکامەکانی شەریعەتی ئیسلام)
(سەرنج بدەن: ئەم بڕیارە باس لەکەسانی سەر بەئاینەکانی تر ناکات. واتا نامسوڵمان ناگرێتەوە.)
ئەم بڕیارە، بەکورتی و سادەیی، ئەوە دەگەیەنێت، کە ئیمانداران مەترسن، بڕۆن گوێ لەوتاری مەلایان بگرن، ئەگەر لەوێ ڤایرۆسی کۆرۆناتان تووش هات و دواتر مردن، بەبڕیاری ئێمە بەشەهید ناونووس دەکرێن، واتا بەهەشت چاوەڕێتانە!
ئەم جۆرە بڕیارو فەتوایانە، کەموژدەی شەهادەت، واتا چوونە بەهەشت، دەدەن، کارێکی زۆر ناسک و ترسناکە، دەشێت عاقیبەتی خراپی لێ بکەوێتەوە. دەشێت کۆمەڵێک خەڵکی خواپەرست، بەتایبەت کەسانی سادەو کەمفام و نەخوێندەوار، باوەڕ بەم بەڵێنە شیرینە بکەن و لەپێناو بەهەشتدا، گوێ بەڤایرۆس و مردن نەدەن خۆیانی لێ نەپارێزن، یان تەنانەت ئامادەبن، خۆیان بەدوای مەترسییەکەدا بگەڕێن، بەڵکو بەشەهادەت بگەن و بە بەهەشت و حۆرییەکانی شاد ببن.
لێرەدا نموونەیەک دێنمەوە، کە زۆر جیاوازە لەمەبەست و ئامانج و ناوەرۆکی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای فەتوا، بەڵام مەترسی و ناسکیی بریاری ئاینی و فەتوا دەردەخات. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، لەشوباتی ١٩٧٩ کۆماری ئیسلامی ئێران، کەوتە پەلاماری گەلی کوردستان. لەو کاتەدا خومەینی، بەبریارێک/ فەتوایەک، مەدالیای شەهادەت و کلیلی بەهەشتی بەهەر پاسدار و سەربازێک بەخشی، لەشەڕەکەدا بکوژرێت. دۆستێکم، کە ئەو ساڵانە پێشمەرگەی (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) بوو، بۆی گێڕامەوە کە پاسدارێکیان لە شەڕدا گرتبوو، خستبوویانە زیندانەوە. پاسدارەکە رۆژانە بەپاڕانەوە، شەڕفرۆشتن، قیژەو هاوار داوای دەکرد کەخێرا بیکوژن بۆ ئەوەی زووتر بچێتە بەهەشت.
بڕیارەکانیی لیژنەی فەتوا، لەبنەڕەتدا، بەو ئامانجە دراون تاخەڵک، لە نوێژی جەماعەت دوو نەکەونەوە، لەکاتێکدا مزگەوت و قوتابخانە شوێنێکی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەن، بۆیە ئەرکی حکومەت و وەزارەتی تەندروستییە، لەم بارەیەوە بڕیار بدەن، نەک مەلاکان، کە پێدەچێت، هەندێکیان، چونە جەماعەت، لەسەلامەتیی خەڵک بەگرنگتر بزانن.
مایەی سەرنجە، لەو بڕیارانەدا، هیچ داوایەک لەدەسەڵات نەکراوە بۆ ئەوەی بەزوویی پێداویستی بۆ پاراستن و سەلامەتیی خەڵک و چارەسەری توشبوانی ئەم نەخۆشییە، دەستەبەر بکات و پێش بەمەترسیی پەتای کۆرۆنا بگرێت. لەجیاتیان هەموو کارو وەزیفەی دەسەڵاتی لەوەدا کۆکردۆتەوە کەمردووانی پەتاکە بنێژن،
(بەڵام بەپێی ئەحکامەکانی شەریعەتی ئیسلام. واتا ئەم مافە بەقوربانیانی غەیرە مسوڵمان، رەوا نەبیندراوە!!) وەک ئەوەی ئەرکی دەسەڵات تەنیا ناشتنی خەڵک بێت، نەک پاراستنی ژیان و مافی هاووڵاتیان.
ئایا ناکرێت هەڵاوردنی قوربانیانی سەر بەئاینەکانی تری کوردستان، بەنیشانەی بەرچاتەنگیی ئاینیی دابندرێت؟ ئایا دەزگایەکی حکومەتی هەرێم مافی ئەوەی هەیە ئەم جیاوازییە ئاینییە، لەنێوان هاووڵاتیاندا، بکات؟!
نازانم (کۆرۆنا و شەهادەت) داهینانی لیژنەی باڵای فەتوایە، یان ئیختیراعی عولەمای ئیسلامیی وڵاتانی عەرەبییە، کە دەسەڵاتە ئیستیبدادییەکانیان، وەک قەڵغانێک بەکاریان دەهێنن. بەڵام بەستنەوەی کۆرۆنا بە شەهیدبوون و بەهەشتەوە لەمەلایانی دەسەڵات دەوەشێتەوە، چونکە ناراستەوخۆ، پاکانەی پێشوەخت بۆ هەر کەمتەرخەمییەکی دەسەڵات لەبەرامبەر پەتای کۆرۆنا، دەکات. بەوە دڵی قوربانیانی کۆرۆنا دەداتەوە، کەهەر گوناه و تاوان و خراپەکارییەکیان کردبێت، شەهیدن و جێیان بەهەشتە!!
ئەگەر ئەم لیکدانەوەیە راست بێت، دەشێت هەندێک ئیماندار، بەپیر کۆرۆناوە بچن، یان دەستخۆشی لەدەسەڵات بکەن، چونکە رێگای شەهیدبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا، واتا چوونە بەهەشت، لەهاووڵاتیانی خۆی ناگرێت!!
کاتیک دەسەڵاتێک، بەتەنگ ژیان و سەلامەتی و داهاتووی گەلەکەیەوە نەبێت و دوکتۆرانی لەنەخۆشخانەکانیدا، بەکۆمەڵ هاووڵاتیان کوێر بکەن، دەبێ چاوەڕێی ئەوەشی لێبکەین کە بێخەم و نامەسئولانە، لەبەرامبەر هەڕەشەی کۆرۆناو بڕیاری ترسناکی لەم جۆرەی لیژنەی فەتوا، رەفتار بکات و پاراستنی ژیانی خەڵک بەگرنگ و پیرۆز نەگرێت.