کۆڕۆنا بکەن بە خاڵی وەرچەرخان!

5 ساڵ لەمەوپێش



سه‌رباز حاته‌م

خوا یار بێت کۆرۆناش تەواو دەبێت بە کەمترین زیان، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو وانانەن کە دەکرێت لێیەوە فێربین. ھێندە گەشبین نیم کە کۆڕۆنا وەرچەرخانی زۆر گەورە لە سیستەمی تەندورستی و ئابووری و شتە گەورەکانی تری ژیانماندا بھێنێتە کایەوە، چونکە بە تەبیعەت ئێمە میلەتێک نین وەبەرھێنان لەسەر شکست و خاڵە لاوازەکانمان بکەین. بەڵام بەلایەنی کەمەوە ئەتوانین بیکەین بە خاڵی گۆڕانکاری ئەرێنێ لە ھەندێ خوی ڕۆژانەمان کە مایەی گواستنەوەی زۆر نەخۆشی و پەتای ڤایرۆسی و گوازراوەن بە کۆرۆناشەوە. کۆمەڵگای ئێمە چەند خوێکی باوی ھەیە جگە لەوەی سەرچاوەی نەخۆشی و گواستنەوەی جۆرەھا ڤایرۆسن, بگرە دوورن لە شێوەژیانی شارستانی و سەردەمیانە و ھەروەھا نەنگی کۆمەڵایەتیشن.

یەکەم: پاک و خاوێنی، ئێمەی کورد بە گشتی پاک و خاوێن نین. جارێ لە بەڕێوەبردنی چێشتخانەو کافتریا و چایخانەکان وەزعمان هەر زۆر خەراپە. تۆ سەیری سەر جادەو شۆستەی ئیسکان و سەھۆڵەکە بکە، جێگای حەسانەوەو خواردن و خواردنەوەی ھەزاران کەسن کەچی وەھا بە چەوری و پیسی داپۆشراون ئەڵێی دووکانی ڕۆنگۆڕن. تا ئێستاش لە ڕێسۆرانتە بەناو ڕاقیەکانیشمان کابرا بە پارچەیەک پەڕۆ یان ئیسفەنجی تەڕو بۆرو پیس مێزەکەی بەردەممان بۆ ئەسڕێتەوەو ئێمەش تەقەی سەرمان دێت و کەباب و قۆزی خۆمان دەخۆین. زۆربەی چایچیەکانمان پیاڵەکان لە قاپە چڵکاوێکی ڕەنگ ڵێڵی پیسا ئەشۆن، ئەی بۆ دەست و پەنجەو و نینۆک و سەدریەو جل و بەرگی شاگردەکان ناڵێی. ئەگەر ئەمجارە چوون بۆ مریشک کڕین، بە ووردی سەیرێکی ئەو کەل و پەل و ئاوو مەنجەڵەی ناو دوکانەکە بکەن ئینجا بۆتان دەردەکەوێت کە چۆن مریشکەکەتان بۆ حازر دەکرێت. لە سەمونخانەو نانەواخانەکان کابرا بەدەست پارە لە سەدان کەس وەردەگرێت و سەمون و نانەکەی تۆش ھەر بەو دەستە تێدەکات. زۆر جار لەبەینی کڕیارێک و دانەیەکی تردا دەست و پەنجەیان بە شوێنی نەشیاویشیانا دەکەن. بەیانیەک زوو بەسەر نانەوا کەی گەڕەکا چووم، بینیم کابرا زۆر بەتوندی دواوەی خۆی لە ژێر جلەکانیەوە ئەخوراند. منیش ناچار چووم بۆ نانەواخانەیەکی تر، بینیم کابرا لە جگەرەکێشان هاتەوەو ویستی نانم بداتێ، منیش گوتم بمبورە چونکە جگەرەت بەدەستەوەیە نانەکەم ناوێ، ھیچی نەوت بەس ھێندە پەست بوو بەدەست ئەو بوایە ئەیکوشتم.

دووەم : ئاودەست، نازانم بۆ ئاودەستی کورد ھێندە پیس و بۆن ناخۆشە. زۆرجار لەخۆم دەپرسم تۆ بڵێی پەیوەندی بە مێژووی ئاودەستەوە بێت لای ئێمە, کە شتێکی تازەیەو تا چەند ساڵێک بەر لەئێستاش لە ھەندێ لە لادێکان ئاودەست نەبوو وە تا ئەمڕۆِش زۆر لە شارنشینانیش لە جیاتی ئەوەی لە ژوورەوە دروستی بکەن و خاوێن و بۆنخۆش ڕایبگرن دەچن لە دەرەوە لە سوچێکی حەوشە دروستی دەکەن بۆئەوی لەکۆڵ پاک و بۆنخۆش ڕاگرتنی ببنەوە. لەڕاستیدا خاوێنی شوێنی سەرئاو نابێت ھیچی لە شوێنی نانخواردن و خەوتن کەمتربێت، چونکە ئەشێ ببێتە سەرچاوەی چەندان نەخۆشی کوشندە. بەدەر لەوەش هەر خۆ بەتاڵکردنەوە بۆخۆی لە شوێنی پاک و بۆنخۆش یەکێکە لەشتە خۆشەکان و چێژبەخشیشە. تۆ واز لەوە بێنە، ئەچیتە شوێنی گەشتیاری وەھا ئەڵێی سەد خۆزگە حەفازەم ببەستایە باشتر بوو. لە ھەندێک ڕێستۆرانت کابرا کە پاک و خاوێنی ڕاناگرێ، شعوری ئەوەشی نیە قەپاغێکی پێنج سەد دیناری بکڕێ و بیخاتە سەرکونی ھینەکە(دوو لەڕووی ئێوە) بۆ ئەوەی پێش و دوای نان خواردن کە ئاودەستەکە بەکارئەهێنین ناچار بە بینین و بۆنکردنی پوپی کابرای پێش خۆمان نەبین. مزگەوتەکان ماڵی خوان و شوێنی بەجێهێنانی ئەرکە ئاینیە پیرۆزەکانن و زۆر شایەنی ئاودەست و دەست شۆری پاک و خاوێنترن لەوانەی کە ئێستا هەن. یان با ئاودەستەکانی مزگەوتەکان لاببرێن یان پاکتر ڕابگیرێن هەر لەبەر نەخۆشی نا بەڵکو بۆ ئەوەی سیماو وێنەیەکی زۆر جوانتر و شایستەتر بەو شوێنە پیرۆزە ببەخشن. ساڵێکیان میوانێکی بێگانەم لەگەڵ بوو لە هەولێرەوە دەچووین بۆ سلێمانی فەقیرە لەڕێ زۆری بۆھات و ڕامانگرت بۆئەوەی خۆی بەتاڵ بکاتەوە بەس کە ئاودەستەکەی بینی زۆر پیس بوو گوتی ناتوانم, یەک سعاتی تر بەناچاری چاوەڕێی کرد تاگەیشتینە شوێنی مەبەست .

سێیەم: خۆ لەیەک خشاندن. کە ئەچی بۆ شوێنە قەرەباڵغ و گشتیەکان بەر چەندان کەس دەکەویت. سپەیس و بۆشایی لە نێوان یەکتر ناھێڵینیەوە، بگرە ھەندێک جار ئەوەندە ئەچینە نزیک یەک ھەڵم و ھەڵاوی دەم و لوتمان دەچنە ناو دەم و لوتی کەسی تەنیشت یان بەرامبەرمان. جارێ سەرە ھەر نازانین، چوار چوار و پێنج پێنج بەسەر سەری کابرای کاشێرەوە ئەوەستین و ھەرکاکەو شانی خۆی ئەباتە پێش وەک ئەوەی ئەوانەی دەوروبەری بەشەر نەبن. سەیری کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان بکەن، بەردەوام بۆشاییەک لە نێوان خۆیاندا دەھێڵنەوە ئینجا لە سەرەیا بێت، لە ناو مەسعەدابێت یان لە ھەر شوێنێکی تری گشتیدا بێت... پێم وابێت ھەر ئەم خوە ناشیرینەی بەریەک کەوتن و نەھێشتنەوەی بۆشاییی بۆ کەسانی ترە کە کەلتوری خۆ ھەڵقورتاندن و حەزی دەستخستنە ناو ژیانی کەسانی تریشی لەناوماندا پەرەپێداوە. کابرا لەجیاتی ئەوەی خەریکی سەیارە لێخوڕینی خۆی بێت سەیری ناو سەیارەی ئەملاو ئەولای دەکات, لەجیاتی ئەوەی چاوی لەسەر نانخواردنی خۆی بێت سەیری مێزی ئەملاو ئەولای دەکات بەدەم قسەکردن و وتاردانەوە، ئینجا کە تۆ لە سوچێکی ترەوە دەمی بەکراوەیی ئەبینی ئەڵێی ھەباشەیە پڕە لە لەوەڕ، ئەڵێیت قوڕ بەسەر ئەوەی بەرامبەرت. جارێکیان لە ئەمستەردام بووم ئەچووم بۆ شارێکی نزیک ناوی ویسپە بەس ھێڵی شەمەندەفەرەکە لەکار کەوتبوو ناچار پاسیان بۆ خەڵک دابین کردبوو بەڵام نەفەرەکان ھێندە زۆربوون نزیکەی ٢٥ دەقیقە لەسەرەی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ مەتری چاوەڕێمان کرد بەس نەفەرەکان یەک بەیەک و بە هێمنی سەردەکەوتن بەبێئەوەی یەک نەفەر شانی بەر شانت بکەوێ یان دەنگی لێوە بێت یانیش ھەوڵی سەرە بڕی بدات. لەوکاتەیا یەکسەر شێوەی سەرکەوتنی پاسی لای خۆمانم بیرکەوتەوە، ئەها لەگەڵ ڕاگرتنی پاسەکەیا ئەوەی خوارەوە یەکسەر خۆی پیا ئەکا چاوەڕێی دابەزینی ئەوانەی ناوەوە ناکات، نەتان بینیوە زۆر جار لەسەر دەرگای پاس یان لە مەسعەدەکان خەڵک لێکگیر ئەبن و باوەش بەیەکدا دەکەن. برادەرێکی خۆشەویستم بۆی گێڕامەوە و گوتی ئەوکاتەی کە لەتەمەنی حەوت بۆ هەشت ساڵی بۆ یەکەمجار بۆ نوێژی جەماعەت چوومە مزگەوت ئەو پرسیارەی بە مێشکمدا هات ئەوەبوو بۆچی لەگەڵ سەلام دانەوەیا ئەو خەڵکە بەگوژمەو بەیەکەوە پڕ بە دەرگاکەدا دەکەن، بەهەمان شێوەی ئێمە کە لە قوتابخانە بەرئەبین. ئەیگوت بۆخۆم ئەچومە بەرزاییەک و سەیرم ئەکردو ئەمویست تێیان بگەم. برادەرێکی ترم بۆی گێڕامەوە و گوتی لەکاتی موچە(پێش ئەزمەی مالی و نیوە موچەو دواکەوتنی) مامۆستا و ستافی زانکۆکە بە کۆمەڵ و بەپانی و بەبێ ڕیز بەستن لە بەردەم ژووری موچە دابەشکردنەکە یا ئەوەستان. لە قسەکردنیشا هەر سەرە نازانین، تۆ سەیری گۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکانی خۆمان و هی وڵاتان بکە، ئەوانەی ئێمە هەرهەموویان بەیەکەوە هاوار دەکەن، لەگەڵ ڕێزم ئەڵێی چۆلەکەن ئەجریوێنن، و هەمووی هەر دەیەوێت ئەو یەکەم پرسیار بکات. پێشکەشکار هەیە خۆی لە میوانەکەی زیاتر قسە دەکات، یان لێکدا لێکدا دەڵێ '' باش, باشە'' و نایەڵێ کابرا زانیاریەکە بگەیەنێ و خێرا خێرا پێی دەبڕێت و دەیەوێت بەس خۆی قسەو پرسیار بکات.

پێویستە لە پاڵ بۆڵە بۆڵ و ڕەخنە گرتن خۆمان ھەنگاو ھەڵنێین و ئەوشتە بچوکانە بگۆڕین کە لە دەسەڵاتماندان و لە ئەنجامیشدا گۆڕانکاری گەورەی ئەرێنی لەسەر ژیانی خۆمان و دەوروبەرمان دروست دەکەن ژیانیشمان ئاسانتر دەکەن.

خوای گەورە هەمومان لە دەردو بەڵا بەدوور کات و هانمان بدات بۆ ئەوەی لەپەراوێزی ترس و زیانەکانی کرۆنایا بتوانین هەندێک وەبەرهێنانی ئەرێنی بکەین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار