مهسعود روجهوى نهمردووه
پاش بیست ساڵ رەجەوى بۆ دەرکەوتەوە؟
ئهنوهر حسێن(بازگر)
5 ساڵ لەمەوپێش
ئهنوهر حسێن(بازگر)
مەسعود رەجەوى سەرۆکى رێکخراوى سازمانى مجاهیدینى خەڵقى ئێران، پاش دیارنەمان و ونبوونى بۆ ماوەى (20) ساڵ، لەتازەترین لێدوانى سەبارەت بەبڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناو هەڵبژاردنەکانى ئێران لێدوانیداو تائێستاش (22) راگەیاندنى داوە، کەدواترینیان رۆژى 9ى مارسی 2020 لەچواردە خاڵدا، داواى شۆڕش دەکات دژى کۆرۆناو ویلایەتى فەقیهى.
ئەوەى گرنگ و جێى باسە، ئایا بیست ساڵە مەسعود رەجەوى لەکوێ بووە؟ چۆن خۆى شاردۆتەوە؟ ئایا مەبەست لەم سیناریۆیە چى بووە؟
پێشتر زۆربەى لایەنەکان لەو باوەڕدابوون، کەڕەجەوى کوژراوە، یان تیرۆرکراوە، لەمبارەیەوە جگە لەکۆمارى ئیسلامى ئێران، تورکت فەیسەڵ سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى پێشووى عەرەبستانى سعودیە رۆژى 9/6/2016 لەکۆنگرەى ئازادى بۆ ئێران، کەساڵانە لەفەڕەنسا بەڕێوەدەچێت، وتى: «سڵاوم هەیە بۆ مەریەم رەجەوى هاوسەرى مەسعود رەجەوى خوالێخۆشبوو پشتیوانیانم».
ئەم قسانەى فەیسەڵ، دەنگدانەوەیەکى میدیایی گەورەى لێکەوتەوەو سەرزەنشتى کراو دواتریش روونکردنەوەیدا.
مەسعود رەجەوى، وەکو یەکێک لەبونیادگوزارانى سازمانى موجاهیدنى خەڵق 1965 ئەم رێکخراوەیان دروستکرد، کەئایدۆلۆژیایەکى ئیسلامیستە و پێیوایە ئیسلام بۆ خۆى ئایدۆلۆژیایەکى دیموکراتى خاوەن دینامیکایە.
ئەو لەدژى رژێمى شا، رۆڵى گەورەى هەبوو، دواتریش بووە هاوپەیمانى خومەینى، بەڵام هەر زوو پەیوەندییان تێکچووەو کەوتە پشتیوانى حەسەن بەنى سەدرو دواتر (ئەنجومەنى شوراى میللى مقاوەمەت)یان دروستکردو رەجەوى بووە سەرۆکى، کەئەوکات حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران و قاسملۆش تێیدا ئەندامبوون، پاش ئەوەى رایانکردە پاریس، لەدەیەى هەشتاکاندا عێراق کەوتە پشتیوانیکردنیان و کردنەوەى بارەگاو پێدانى پارە، چەک و کەلوپەلى سەربازى و کەمپى (ئەشرەف) لەنزیک شارۆچکەى (خالص)ى عێراق بۆ کردنەوە.
بەوشێوەیە مجاهیدین تادەهات بەهێزتر دەبوو، سازمانى مجاهیدینى خەڵق لە 1981 تەقینەوەیەکى تیرۆریستى کرد لەبارەگاى پارتى کۆمارى لەتاران، کە بووە هۆى کوشتنى (72) گەورە ئێرانى لەناویاندا بەهەشتى و هەروەها لەسەرکوتى خەکى کوردستان لەڕاپەرینى 1991 لەگەڵ هێزەکانى بەعس رۆڵى دوژمنکارانەى گێڕاو دەیان خەڵکى بێدیفاعى کوردى تیرۆر کردو دواتریش لەساڵى 1997 ئەمەریکا موجاهیدینى خستە لیستى تیرۆرەوەو ساڵى (2003) دواى رووخانى ڕژێمى بەعس، ئەمەریکا موجاهیدینى لەلیستى تیرۆر سڕییەوە.
سازمانى مجاهیدینى خەڵقى ئێران پەرلەمانێکى لەمەنفا هەیە کە (550) ئەندامى هەیە، جگە لە سوپاى رزگارى نیشتمانى ئێران باڵى چەکدارى بزوتنەوەکەیەو ساڵى 1993 پەرلەمانى موجاهیدین مەریەم رەجەوى وەکو سەرۆکى ئێران لەمەنفا هەڵبژارد، بەڵام پاش ئەوەى دوایین دەرکەوتنى مەسعود رەجەوى لەگەڵ سەدام حسێن لەساڵى (2000)دا، لەوکاتەوە مەریەم رەجەوى هەموو کاروبارەکانى سازمان بەڕێوەدەبات و کەسی یەکەمى رێکخراوەکە بووە، لەوبارەیەوە قوربان عەلى حوسێنى نەژاد (غوڵام) یەکێک لەبەرپرسە باڵاکانى مجاهیدین پاش ئەوەى لەو سازمانە جیابۆوە لەساڵى (2012) دەڵێت «سازمانى موجاهیدین بەشێک بوو لەدەزگاى هەواڵگرى عێراق و هەموو سوپاکەشی بەشێک بوو لەسوپای ىسەدام حسێنداو لەبەرامبەردا سەدام حسێن مانگانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتى دەدایە مەسعود رەجەوى، بۆیە پاش ونبوونى مەسعود رەجەوى لەساڵى (2000) کۆى ئەو ملیاران دۆلارە مەریەم رەجەوى مامەڵەى پێوە دەکات»، وەکو قوربانى دەڵێت «مەریەم رەجەوى شاهانە دەژى، لەبابەتى خەرجى زۆرو زەوەندەى کۆشکەکەى لەپاریس، لەپۆشاک و جلوبەرگە مارکە جۆراوجۆرەکان و خەرجى نەشتەرگەرى جوانکارى بەردەوامى، خەرجکردنى ملیۆنان دۆلار بۆ کۆنفرانس و ئاهەنگەکانى ئەمەریکاو ئەوروپا، پارەیەکى زۆر بۆ بەرپرسانى ئەمەریکاو ئەوروپاو میدیاکان تاپشتیوانى لێبکەن».
سازمانى موجاهیدینى خەڵق سەرەڕاى ئەوانە وەکو رێکخراوێکى دینى، خاوەنى جەماوەرێکى زۆرە لەئێران و ئێستاش جگە لەوەى ئەمەریکا، ئەوروپا، سعودیەو وڵاتانى کەنداو پشتیوانى لێدەکەن، ساڵى (2003) و دواى رووخانى بەعس و پاش دەرپەڕاندنیان لەعێراق لەلایەن هێزە میلیشیا شیعەکانى سەر بەئێرانەوە، بەپشتیوانى ئەمەریکاو فەڕەنسا کامپێکى گەورەیان بەناوى ئەشرەف لەئەلبانیا بۆ کردوونەتەوەو بەردەوامیش پشتیوانییان دەکەن، سەرچاوەکانى زانیارى دەڵێن «کەسازمانى موجاهیدین رۆڵى زۆرى گێڕاوە لەئاشکراکردنى بنکە ئەتۆمییەکانى ئێران لە(ناتانز و ئاراک) بەقازانجى ئەمەریکا و ئیسرائیل»، جیا لەوانە وەکو (مەریەم سەنجانى) یەکێک لەژنە بەرپرسەکانى رێکخراوەکە پاش جیابوونەوەى دەڵێت «مەریەم و موجاهیدین پەیوەندى توندوتۆڵیان لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیە هەیەو گوایە هەردوو وڵات پشتیوانى ئابورى و ئەمنى و سەربازیى سازمانى موجاهیدین دەکەن».
ئێستا باسی گەرم ئەوەیە، ئایا مەسعود رەجەوى بیست ساڵە لەکوێیە؟ لەکوێ خۆى حەشارداوە؟ ئایا ئەمەریکا داڵدەى دابوو؟ یان وەکو دەیانوت لەئوردونە؟ یان باسی ئەوە دەکرا، کەتیرۆر کراوە؟ یان ئیسرائیل بەنهێنى پارێزگارى لێدەکرد؟ یان لەپاریس بوو؟
پرسیارى گرنگ ئەوەبوو، مەسعود رەجەوى ئێستا لەکوێیە؟
(شاهێن قوبادى) وتەبێژى سازمانى موجاهیدینى خەڵق بەردەوام وتوویەتى: مەسعود رەجەوى لەشوێنێکى نادیارو ئارام ژیان بەسەردەبات...!
سازمانى موجاهیدینى خەڵق، بەردەوام خۆى وەکو ئەڵتەرناتیڤى ئێران ناساندووەو هەر لەسەرەتاوە تائێستا دەستى لەهیچ نەپاراستوە، لەکوشتن، تیرۆر، تەقینەوە، پەیوەندى لەگەڵ وڵاتانى نەیارى ئێران و قەتڵ و عامى خەڵکى کوردستان لە 1991و دژایەتى خەڵکى عێراق و پشتیوانى لەڕژێمى بەعس، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین «تائێستا یەکێکە لەو سازمانانەى بەسەر پێوە وەستاوە»، سەنا بەرق زاهیدى سەرۆکى لیژنەى دادوەرى لەئەنجومەنى نیشتمانى مقاوەمەتى ئێران دەڵێت «دواى (2016) توانیمان گشت موجاهیدینەکانى کامپى لیبرتى لەعێراق بگوازینەوە بۆ ئەلبانیا»، هەرچەندە پێشتر ناسر رەزەوى یەکێک لەبەرپرسانى دەزگاى ئیتلاعاتى ئێران وتبووى:»مەسعود رەجەوى ماوەو زیندوەو لەنێوان فەڕەنساو وڵاتانى ئەوروپا هاتوچۆ دەکات»، بەڵام زۆر باوەڕى پێنەکرا.
ئێستا پاش بیست ساڵ و تۆمارى دەنگى و راگەیاندنە رۆژانەییەکانى مەسعود رەجەوى، دەرکەوت مەسعود رەجەوى نەکوژراوەو لەژیاندا ماوە ئەمەش گرنگە.
گرنگى لەوەدایە سازمانى موجاهیدنى خەڵق توانیویەتى بیست ساڵ سیناریۆى مردن و مانەوەى کەسی یەکەمى بزوتنەوەکە بشارێتەوەو بەنهێنى پارێزگارى لێبکات وەکو سیمبوڵ و رەمزێکى گەورەى حەرەکەتەکە سەیرى بکەن، کە کەم حاڵەتى وا روویداوە بزوتنەوەیەکى سیاسی بتوانێت بیست ساڵ رەهبەرەکەى بشارێتەوە، جا بەزیندوویی یان مردوویی.
ئێستا دەکرێت بڵێین «ونبوون و شاردنەوەى مەسعود رەجەوى بۆ ئەوە بووە کەموجاهیدین خۆى ئامادەکردووە بۆ ئەوەى مەسعود رەجەوى وەکو سیمبوڵێکى گەورەى شۆڕشگێڕو مبارز، وەکو ئایەتوڵڵا خومەینى لەئاڵوگۆڕێکى وەکو شۆڕشى خەڵکى ئێران 1979 بگەڕێتەوە ئێران و پەرجوو بێت بۆ خەڵکى ئێران و وەکو فریادڕەس سەیرى بکەن و جڵەوى داهاتووى ئێران هاوشێوەى خومەینى بگرێتە دەست.
مجاهیدین دەیویست مەسعود وەکو پێغەمبەرى ئاخر زەمان لەنمایشێکى یەک ملیۆنى بگەڕێتەوە تاران، ئێستا پرسیار ئەوەیە کەئەوە نەکراو رووى نەدا؟ بۆچى خۆى دەرخستەوە؟