سەرکەوتنی نەتانیاهۆ لەهەڵبژاردنی 3ی ئاداردا
نهوزاد سالح
5 ساڵ لەمەوپێش
نهوزاد سالح
سێی ئاداری ٢٠٢٠ ئەگەر بۆ ئیسرائیلیەکان رۆژێکی پڕبایەخ بێت بەهۆی تێپەڕاندن و ئەنجامدانی خولی (٢٣) یەمینی هەڵبژاردنی (کنیست) پەرلەمانی ئەم وڵاتە ئەوا بۆ بنیامین نەتانیاهۆی تەمەن (٧٠) ساڵ کەسەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتی (لیکۆد)ە گرنگی گەورەتری هەیە، چونکە ماوەیەکە کەوتووەتە بەردەم شاڵاوی راگەیاندن و تۆمەتبارکراوە بەگەندەڵی، وابڕیارە 17-3-2020 بنیامین نەتانیاهۆ ئامادەی دادگاییکردن بێت کەسێ تۆمەتی خراوەتەپاڵ ( گەندەڵی، وەرگرتنی بەرتیل، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات) کە ناوبراو ئەم تۆمەتانە بەکوودەتاو پاڵنەری سیاسی ناودەبات و ەتیان دەکاتەوەو ماوەی (١٤) ساڵە نەتانیاهۆ لەدەسەڵاتدایە.
ئەم پڕۆسەیە لەکاتێکدا ئەنجامدرا کەجیهان سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایەو بەڵایەک رووی لەزۆربەی وڵاتان کردووە، بەڵام ئیسرائیلیەکان وەک وڵاتێک بەجورئەتەوە بێگوێدان بەو دەنگۆیانەی کە لەهەڵمەتی خۆپاراستن و رێنماییەکانی تایبەت بەم ڤایرۆسەدا هاتووە روویان لەسندوقەکانی دەنگدان کردو ئەم پڕۆسەیەیان بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا، لەماوەی ساڵێکدا ئەمە سێیەمین جارە هەڵبژاردن بکرێت کە 3-3-2020 کۆتا پڕۆسەی ئەم هەڵبژاردنەبوو کەتیایدا لەکۆی شەش ملیۆن و (٤٠٠) هەزار دەنگدەر، چوار ملیۆن و (156.479)هەزار کەس دەنگیان داوە کەڕێژەی بەشداربوو 71% بووە، دە هەزارو (٣٠٥) سندوق لەم پرۆسەیەدا بەکارهێنراوە... پارتی (لیکود)ی راستڕەوی میانڕەوکەبنیامین نتانیاهۆ سەرۆکایەتی دەکات لەکۆی (١٢٠) کورسی کنێست پەرلەمان (٣٧) کورسی بەدەستهێناوە کە 30% زیاتری دەنگەکان دەکات، بەژمارەش سێ ملیۆن و (41.096) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، هەروەها پارتی (کاحول لافت) کە بە شین وسپی ناسراون بەسەرۆکایەتی سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل (بینی غانتس) (٣٣) کورسییان بەدەستهێنا کە 26.56% ی رێژەی دەنگەکان دەکات و ملیۆنێک و (209.115)هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە، پارتە عەرەبیەکانی ناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلیش لەم پرۆسەیەدا توانییان (١٧) کورسی بەدەستبهێنن کەبۆ یەکەمین جارە یەکێک لەکاندیدەکان ژنێکی لەچکدارە بەناوی (ئیمان خەتیب) کەتەمەنی (٥٥) ساڵەو خاوەنی چوارمنداڵەو بڕوانامەی ماجستیری هەیە لەکۆمەڵناسیدا، لەم پرۆسەیەدا لیستی عەرەبی (غانتس)یان لەنەتانیاهۆ پێ هێمنترەو لەسیاسەتی نەتانیاهۆ دەرهەق بەفەلەستین تووڕەن چونکە پلانی ترەمپ و نەتانیاهۆ دان بەسنورەکانی 1967دا نانێن و تەنها لەبەرژەوەندی ئیسرائیلە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی باشی نەبووەو نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش لێی ناڕازین، (ئێهود باراک)ی سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل بەنیگەرانییەوە دەڕوانێتە رەفتاری حکومەتەکەی نەتانیاهۆ پێی وایە دەستگرتن بەسەر دۆڵەکانی رووباری ئوردن هەڵەیەو کارێکی تاکلایەنەیە، (ئێهود ئۆلمەرت)یش کەیەکێکی ترە لەسەرۆک وەزیرانەکانی پێشووتری ئیسرائیل پشتگیری لەم پلانە ناکات و رای وایە کەدەبێت لەگەڵ (مەحمود عەباس)ی سەرۆکی فەلەستیندا درێژە بەوتووێژو رێکەوتن بدەن و چەندهەنگاوێکیشیان لەوبارەیەوە نابوو.
لەئیسرائیل هەرچوارساڵ جارێک هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئیسرائیل سیستمەکە نوێنەرایەتی رێژەییە لەسەر ئاستی وڵات، هەروەها ژمارەی ئەو کورسیانەی کەهەر پارتێک بەدەستیدەهێنێت دەبێت هاوتا بێت لەگەڵ ڕێژەی دەنگی بەدەستهاتووداو پێویستە هەموو پارتێک یان لیستێک ١،٥% ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت لێرەدا لیست گرنگە نەک کەسایەتی، (کنیست) رۆڵی دامەزراوەیەکی دەستووری دەبینێت کەئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەبێ دەستوور بەڕێوەدەچێت و لە 1-10-1948ـەوە تەنها ئەم دامەزراوەیە رۆڵی پەرلەمان دەبینێت کەچاودێریی کاری حکومەت دەکات و بەپێی لیژنەکانی خۆی کە ئەندامەکان دایاندەنێن، بەپێی ماددەی (٤)ی بنچینەیی کنێست چوارچێوەیەکی گشتی داوە بەدامەزراوەی هەڵبژاردن کەهەموو ئیسرائیل دەبێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن، رۆژی پێنجشەممە 5-3-2020 لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنی ئیسرائیل رایگەیاند کەلیستی راستڕەوەو میانڕەوەکان گەیشتوونەتە (٥٨) کورسی بەرامبەر بە (٥٥) کورسی چەپڕەوەکان کە لەئێستادا راستڕەوە میانڕەوەکان پێویستیان بە (٣) کورسی هەیە بۆ دروستکردنی حکومەتی زۆرینەی ئایندە، دوای پرۆسەکەش سەرۆکی پارتی (کحول لافان) ( بینی غانتس)ی تەمەن(٦٠) ساڵ هێرشی کردەسەر بنیامین نەتانیاهۆ لەسەر لێدوانەکانی ئەمدواییە و وتی ئەوانەی کەدەنگیان بەمن داوە و ئەوانەشی کەدەنگیان پێنەداوم وەک یەک دەبینێ و حکومەتەکەمان خزمەتی گشتی پێشکەش بەهاوڵاتیان دەکات بەهەموو پێکهاتەکان وەک یەک و ژیانی یەکسانی دەڕەخسێنێت دوورلەتوندڕەوی، هەروەها دەڵێت دەنگی دەنگدەرانی هاوڵاتییە عەرەبەکان وەک دەنگی هەموو ئیسرائیلیەکانەو رێز لە20%ی دەنگی ئەوان دەگرین.....
ئەو هۆکارانەی لەپشتی سەرکەوتنو دەرکەوتنی لیستی کەمینە عەرەبیەکانەوە بوون:-
١-بەدەنگەوەهاتنێکی زۆری دەنگدەرانی عەرەبی لەنێو کۆمەڵگەی ئیسرائیلیدا کە بەڕێژەی ٦٥% بەشداربوون.
٢-پاشەکشەی حزبە جوەکان لەهاوکاری ناوەندە عەرەبیەکاندا کە ئەمەش بوو بەدەستکەوتێک بۆ لیستی عەرەبی بەسەرۆکایەتی (ئەیمەن عەودە) کە لەهەموو پرۆسەکانی پێشووتر بەشداری عەرەب زیاتربووە.
٣- بەشداری زیاتری عەرەبەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئاشکراکردنی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ کەبە (صفقە القرن) ناسراوە کەهانی ئیسرائیل دەدات رەگەزنامە لەهاوڵاتیانی عەرەبەکان بسەنێتەوە لەناوچەی سێگٶشەدا کە (١٠) شارو چەندین گوندی عەرەبنشینەکان لەنێوان شاخی (کرمل)وە بەشی خٶرئاوا کە(٣٥٠) هەزار عەرەبی تیادەژی و ئەمەش هانی عەرەبەکانیدا کەبەشداربن لەم هەڵبژاردنەدا بەو هیوایەی گۆڕانکاری بکەن .
٤-ترسی عەرەبەکان لەسەرکەوتنی نەتانیاهۆ لەم هەڵبژاردنەدا کەدانیشتوانی ناوچەی (غوری ئوردن) کە ئەم ناوچەیە بلکێنێتەوە بەخاکی ئیسرائیلەوە کەناوچەیەکی ستراتیجیەو ٣٠% ی خواروی خۆرهەڵات پێکدەهێنێت.
٥-تووڕەبوونی عەرەبە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل لە نەتانیاهۆ بەهۆی دەرکەوتنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و دەستتێوەردان و گۆڕانکاری دیمۆگرافی ناوچەکە بەناوی پرۆسەی ئاشتییەوە.
پاڵنەرەکانی پشتی سەرکەوتنی نەتانیاهۆ
1-پاراستنی بەرژەوەندی جولەکەکان و قەوارەی ئیسرائیلی کرد بەبەرنامەی کارکردن.
2-بەهێزکردنی پێگەی سیاسی ئیسرائیل لەسەر ئاستی ناوخۆو جیهان.
3-ێکخستنی پەیوەندی دیبلوماسی و بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانی ئیسرائیل و وڵاتان.
٤-راکێشانی دۆناڵد ترەمپ بۆ دانانی نەخشەیەکی نوێ لەبەرژەوەندی ئیسرائیل و جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی (صفقة القرن).
٥-گوێنەدان بەدەنگۆی ئەو تۆمەتانەی کەخراونەتە پاڵی و بوێرانە لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا دەردەکەوت و رایگەیاند کەحکومەتێکی نیشتمانی بەهێز دادەمەزرێنین.
*بەڕێوەبەری سەنتەری دیاکۆ بۆ هەڵبژاردنو راپرسی.