بۆ تێپهراندنى قەیرانی دارایی کۆرۆنا پێویستە چی بکرێت
ئەمین بەکر
5 ساڵ لەمەوپێش
ئەمین بەکر
شێوازیی ڕووبەڕوو بونەوەی زۆربەی وڵاتان بۆ ڕێگرتن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پشتی بە سنوردارکردنی چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان و داخستنی دام ودەزگا حکومی وتایبەتیەکان ،وکەم کردنەوەی جوڵەو هاتوچۆ بەستوە .
ئەم ڕێگەیە سەرباری گونجاویەکەی بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە، کاریگەرێکی خراپ لەسەر جوڵەی بازرگانی وبەرهەم هێنان دەکات ، بەشێوەیەک بڕی بەرهەم پێش ئەوەی بەهۆی کەمی خواستەوە دابەزێت ، کارگەو کارخانەکان لەترسی بڵاونەبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا خۆیان لەکارکردن دەوەستن، بەم شێوەیەش بەشێکی زۆریی کەرتەکانی بەرهەمهێنان زیانی گەورە دەکەن وئەگەر دۆخەکە درێژە بکێشێت بەشێکیان ئیفلاس دەکەن ، و خەڵکێکی بێ شوماریش کارەکانیان لەدەست دەدەن ،ئەمە بێجگەلەوەی بەهۆی ڕێ وشوێنەکانی ڕێگرتن لەبڵابونەوەی کۆرۆنا بازاڕوبازرگانی بەڕادەیکی زۆر لاواز دەبێت. هەرچەند خواست لەسەر کاڵا کەمالیات وسەرەتایەکانیش دادەبەزێ ،بەڵام لەبەرامبەردا خواست لەسەر مادە خۆراکیە سەرەکیەکان و، پزیشکێ کان هەروەک خۆیان دەبن وبگرە لەسەر هەندێکیشان زیاتر دەبێت ونرخیان زۆر بەرز دەبێتەوە،بەتایبەت ئەگەر دۆخەکە درێژە بکێشێ بەتاڵ کردنی مارکێتەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەزۆربەی وڵاتان زەنگ ودڵەڕاوکێی ئەو مەترسێ یە یەیە ، بەم شێوەیەش لە حاڵەتی قەیرانی کەمی پێداویستیە خۆراکیەکاندا، وڵاتان سەرەتا بیر لەدابینکردنی پێداویستیەکانی ناوخۆیی خۆیان دەکەنەوە،و تا لەخۆیان زیاد نەبێت ڕێگە بەهەناردەکردنی بۆدەرەوەی سنورەکان نادەن، هەرچەند پێم وانیە قەیرانی خۆراک زۆر درێژە بکێشێ، بەڵام بۆماوەیەک بازرگانی دەرەکی توشی ئاستەنگ دەبێتەوەو مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی کەمی خۆراکیشی دێتەسەر، وکار لەبازرگانی مادە خۆراکیەکان دەکات .
لەلایەکی ترەوە لەدرێژە کێشانی ئەو دۆخەدا ، بەهۆی وەستانی کارو نەبونی داهاتەوە لەلایەک وبەرزبونەوەی نرخی مادە خۆراکیەکان لەلایەکی ترەوە هاوڵاتیان توانای کڕینی پێداویستیەکانیان زۆر دادەبەزێ . بۆ چارەسەرکردن وڕێگرتن لەگەورەبونی قەیرانەکە وڵاتان بودجەی تایبەتیان تەرخان کردوەو، هەندێک لە وڵاتان بەهۆی بونی نەختینە ویەدەگی دراوەوە هەوڵ ئەدەن پاڵپشتی کارگەو دامەزراوەکانی بەرهەم هێنان بکەن و نەهێڵن توشی زەرەرو ئیفلاس بون ببن، و تەنانەت پارە بۆ ئەوکەسانەش تەرخان دەکەن کە ئیشی سەربەخۆدەکەن و ئیشەکانیان وەستاوە ،تاهاوڵاتیانیش بتوانن پێداویستیەکانیان دابین بکەن.
بەڵام ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی چیە چۆن هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخەکە دەدا بۆ هەرێمی کوردستان دۆخەکە زۆر مەترسیدارە، چونکە وەک دەزانین هەرێم لەدابینکردنی موچەو خەرجی گشتیدا لەدۆخی ئاسایدا نەیتوانیوە وەک پێویست بێت ،ئەمە لەکاتێکد سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم لەماوەی ڕابردوی نزیکدا وەکو لەڕاگەیەندراوەکانی حکومەت دا هاتوە ، بڕی27.5% پشتی بە داهاتی ناوخۆیی بەستوە، بێجگە لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و هەروەها 43% لەبەشە بودجەی هەرێم لەبغداوە بۆ هاتوە و .29.5% یش لەداهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم پڕ کراوەتەوە .
لەم دۆخەدا داهاتی ناوخۆی هەرێمی نانەوتی بەهۆی وەستانی جوڵەی بازرگانی وکارو بەرهەم هێنان یەکجار زۆر دابەزیوەو ،پێدەچێت بێتە خوار 10% ی خەرجی گشتی واتە لە290ملیار دینارەوە بێتە خوار 100ملیار دینار،هەروەک نرخی نەوتیش لەبازاڕەکانی جیهاندا لەم کاتەدا هاڕەی کردوە بۆ خوار 28$ کەنەوتی هەرێم بەپێ ی کوالیتیەکەی بێت 20 تا 22 دۆلار زیاتر ناکاو لەم پارەیەش بەشێکی زۆری بۆ تێچونی کرێ ی گواستنەوەو بەبازاڕکردن وهەروەها پشکی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت دەڕوا، واتە بەم شێوەیە بێت ئەوا نرخی یەک بەرمیل نەوتی هەرێم لەخوار 8$ دەمێنێتەوە ، واتە ئەو 310ملیارەی دینارەی لەماوەی ڕابردودا مانگانە لەپارەی نەوتی هەرێم دەدرا بەوەزارەتی داراییی هەرێم، ئەوا لەئێستادا و بەم نرخە دەبێت بە 100بۆ 130ملیار دینار ، ئەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کە لەئێستادا هەرێم مانگانە قەرزی کۆمپانیاکان و قەرزی تورکیا ئەداتەوە و بەشێک لەنەوتەکەشی لەبری قەرزی پێشتر ئەدات. دۆخی عێراقیش لەڕووی داهاتەوە زۆر لەهەرێم باشتر نیە، بەتایبەتی کەبەبڕی 93%داهاتی عێراق پشتی بە نەوت بەستووە وئێستا نەوت نرخی،زۆر دابەزیوە ،بۆیە بەدور نازانرێ بەشە بودجەکەی هەرێمیش کە بڕی 452 ملیار دینارە و لەبغداوە دێت کێشەی بۆدروست ببێت.
ئەگەر ئەوەش ڕوبدات ئەوا هەرێم توشی قەیرانێکی گەورەی داراییی دەبێتەوە ، کەواتە هەرێم لەبەردەم مەترسی دوو قەیرانی تردایە بێجگە لەکۆرۆنا ئەوانیش قەیرانی داراییی و قەیرانی مادە خۆراکیەکانە:. بۆیە کورت کردنەوەی قەیرانەکە لەمەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، بەتەنها هەڵەیەو پێویستە حکومەتی هەرێم پلانێکی گونجاوی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانێکی گریمانەیی خۆراک و قەیرانی داریش هەبێ ،وەگەرنا بەپێچەوانەوە لەحاڵەتی بێ چارەسەری قەیرانەکاندا تێکچونی ئاسایشی کۆمەڵایەتیش بەدورنازانرێ ، لەپێناو کەم کردنەوەی کاریگەری قەیرانە گریمان کراوەکاندا پێویستە حکومەت کۆمەڵێک هەنگاوی جدی هەڵهێنێ :
1. بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی داراییی ،هەریم پێویستی بەنەختینەیەو هەمو لایەکیش دەزانین ،کە هەرێم نە سندوقێکی سیادی هەیە ونە سندوقی داهاتە نەوتیەکانیشی دروستکردوەو،هەروەک سیستەمێکی بانکی پارەدارو پێشکەوتوشی نیە تاپشتی پێ ببەستێ و،پارەی لێ وەربگرێ، بۆیە هەرێم واباشە چی زووە پەنا بۆ حکومەتی عێراقی ببات و خۆی بەعێراقەوە هەڵواسێت، هەرچۆنێک بێت دۆخی بغدا لەکۆمەڵێک ڕووەوە لەهەرێم باشترە و دەرەچەی چارەسەری زیاتری لەبەردەستە ،لەوانە عێراق زیاتر لە 70ملیار دۆلار نەختینەی یەدەگی هەیە و دەتوانرێت لەحاڵەتی پێویستدا پەنای بۆببرێت هەڕوەک وەک لەساڵانی 2015 و 2016ڕویدا وحکومەتی عێراق زیاتر لە 15 ملیار دۆلاری بەشێوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ(قەرز) لەو یەدەگە بەکار هێنا، ئەمە بێجگە لەوەی عێراق دەوڵەتەو دەتوانێت بەئاسانی قەرزی دەرەکی بکات و بانکەکانی عێراقیش تاڕادەیەکی باش بەراوردبە هەرێم پارەدارترن، لەڕویەکی تریشەوە توانای زیادکردنی بەرهەمی نەوت لەعێراق زیاترە لە هەرێم و نەوتەکەشی پارەی زیاتر دەکات. لەبەرامبەردا هەرێم دەرەچەکانی چارەسەری زۆر کەمترە ،بۆنمونە ئەگەر لەقەیرانی 2014-2016 دا حکومەتی هەرێم پەنای بردبێت، بۆچەند چارەسەرێک بێجگە لە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران، لەوانە وەرگرتنی قەرز لەکۆمپانیاکان ، وبانقەکان ، فرۆشتنی نەوت بەپێشەکی واتە وەرگرتنی پارەو پێدانی نەوتەکە لە ساڵانی ئایندەدا، هەروەها دەست بردن بۆبەکارهێنانی پارەی خەڵک لە بانکەکاندا، بەڵام لەئێستادا هەمووئەو ڕێگایانە لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا داخراون، چونکە دەست بردنەوە بۆموچەی موچەخۆران بێجگە لەپلەباڵاکان ،خەڵکی کاردانەوەی توندیان دەبێ، لەلایەکی ترەوە هەرێم تائێستا قەرزی کۆمپانیاو بانکەکانی بەتەواوی نەداوەتەوە ومانگانە بەشێک لەداهاتەکەی بۆ ئەوان دەڕوا، هەروەک لەئەنجامی دەست بردن بۆ پارەی بانکەکان لەڕابردودا کەرتی بانکی لەهەرێم تاواو ترسێنراوەو هەڵنەستاوەتەوە ،کەواتەهیچ چارەسەرێکی ئاسان بەردەست نیە بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی کە قەیرانەکە جیهانیە و تەنها هەرێم وعێراق نیە وقەرزی دەرەکیش بۆ هەرێم زۆر زەحمەتە، بۆیە پێشنیاری دروست بۆ حکومەتی هەرێم ، دەستکردنە بەگفتوگۆیەکی جدیە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا و خۆ پێوە هەڵواسینێتی لەچارەسەرکردنی ئەم قەیرانەدا.
2.کەمکردنەوەی خەرجی گشتی بەکاربردن بێجگە لەموچە وتەنانەت ڕاگرتنی بەشێک لەپڕۆژەکانیش تا ئاسۆیەک بۆ دۆخەکە دەردەکەوێ لەئێستادا پێویستە.
3.هەوڵدان بۆ بەکارخستنەوەی کارگەو کێڵگەکانی بەرهەمە خۆراکیەکان ونەوەستانیان لەژێر چاودێری و ڕێنمایی تەندروستی دا بۆ پارێزی لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، ولەهەمان کاتیشدا ڕێگرتن لەگەورەبونی قەیرانی خۆراک.
4. بۆ بەرگرتن لەدروستبونی قەیرانی خۆراکیش پێویستە بابەتەکە بەهەند بگیرێت و، لیژنەیەکی تایبەت بە ئاسایشی خۆراکی وچۆنیەتی ڕێگری لەسەرهەڵدانی قەیرانی کەمی مادە خۆراکیەکان بەسەرۆکایەتی وەزیری بازرگانی وئەندامێتی کۆمەڵێک تایبەتمەند لەشارەزایانی ئابوری وبازرگانی وکشتوکاڵی پێک بهێندرێت ، وە واباشترە بەڕێوبەران و فەرمان بەرانی حکومی کەمترین دەسەڵاتیان تیایدا هەبێت ، تابتوانرێت لەڕۆتیناتی ئیداری ناو وەزارەتەکان بهێنرێتە دەرەوەو، کارەکەی دیاریکردن ودابین کردنی ئەو کاڵاو کەل وپەلە خۆراکیانە بێت کە پێویستن و وهاوردەکردنی ئەوپێداویستیانەی کە لەتوانای بەرهەم هێنەری ناوخۆیدا نین ،ڕاستەوخۆ یاخود لەڕێگای بازرگانە ناوخۆیەکان لەژێر چاودێری حکومەتدا، وعەمبار کردنیان بەشێوازێکی زانستی، بەتایبەت لەو وڵاتانەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا زۆر بڵاونیە تیاندا، پێش ئەوەی تەواوی بازاڕەکانی وڵاتانی دنیا قەیرانەکە بیان گرێتەوە و سنورەکانیان بەڕووی بازرگانیدا دابخەن .
5. دوای عەمبارکردنی بڕی پێویست لەمادە خۆراکیە سەرەکیەکان ، حکومەت لەگەیاندنی ئەو مادانە بەهاوڵاتیان ڕەچاوی بارودۆخی دارایی گشتی خەڵک بکات و لەحاڵەتی ئاسایدا دەکرێت بخرێتە بازاڕەوەو بەشێوەی ئاسایی بفرۆشرێ بەخەڵک بۆ ڕێگرتن لەوەی هاوردەکارەکان زەرەر بکەن دەتوانرێ لەباج ببخەشرێن ،بەڵام ئەگەر هاتو قەیرانە دارایەکە قوڵ بۆوە ئەوا پێویستە حکومەت خۆی مادە خۆراکیە پێویستەکان دابەش بکات بێ بەرامبەر یاخود بەنرخی پاڵپشت کراو واتە داشکاو بیدات بەهاوڵاتیان.
6. گرنگیدان بەڕۆشنبیری خەرجکردن و هاندانی هاوڵاتیانیش لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی دەست بەخەرجیەوە بگرن وپارە لە شتی پێویستدا نەبێت خەرج نەکەن.