"مەترسی شەری ناوخۆ و پیلانی تورکیا"
5 ساڵ لەمەوپێش
شۆڕش خدر
خەڵکی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی ئەوەدابون دوای دەربازبونیان لە مەترسی پەتای "کۆرۆنا "حکومەتەکەی هەرێمیش هاوشێوەی حکومەتەکانی جیهان لە بەرامبەر خراپی دۆخی ئابوری و ئاڵۆزی باری دەرونی بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی و بەرژەوەندییە گشتییەکان چەندین ڕێکاری جدی و هەنگاوی بەپەلەی لەو پێناوەدا بگرتایەتەبەر،بیری لە قەرەبووکرنەوەی ئەو خەڵکە هەژار و نەدارە بکردایەتەوە کە ئامادەیە لە پێناوی سەلامەتی خۆی و ژیانی گشتی پابەند بێت بە هەموو ڕێنماییە تەندروستیەکان وە لەو پێناوەشدا دەسبەرداری بژێوی ژیانی بێت و چاوی بپۆشێت لە بڕینی قوت و نانی خێزانەکە.
بەڵام ئەمجارەش بە پێچەوانەی چاوەروانییەکان،هەتا ئێستا حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی نەک هەر نەیانتوانیوە ژیانێکی شکۆدار و شایستە بۆ خەڵکی کوردستان فەراهەم بکەن بەڵکو چەند ڕۆژێکە لەڕێگەی سۆشیال میدیا و کەناڵە حزبیەکانیان بەهەمان نەفەسی شەری براکوژی خەریکی تەخوین و ناشرینترکردنی یەکترن،نیگەرانیان بۆ خەڵکی کوردستان زیاتر هێنا. ئەمجارەش بە بیانوی خۆپاراستن لە پەتای" کۆرۆنا" لە ناوچەی زینی وەرتێ خەریکی کۆکردنەوەی هێز و جیاکرنەوەی تخوب و تۆخکردنەوەی سنورەکانی نێوانیانن،دەیانەوێت دووبارە لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و باڵادەستیان لە ناوچەکە جارێکی دیکە شەڕێکی نەخوازراو بەسەر میللەتی کورد بسەپێنن. ئەم دۆخە وایکرد دەرفەتی زیاتر بدات بەداگیرکەران و نەیارانی کوردستان ،وایکرد ڕێگە بۆ دەوڵەتی تورکیا خۆش بێت،لە ڕێگەی فرۆکەوە سنورەکانی کوردستان ببەزێنێت و سەروەری عێراق پێشێل بکات،وە جارێکی دیکە دەستیان بە خوێنی خەڵکی سڤیلی بناری قەندیل و کەمپی مەخمور سوربێت.
بۆ ئەم دۆخە پێویستە گەلی کوردستان ئەم ڕاستیە لەبەر چاو بگرن کە لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ناکۆکیەکانی گەلی باشوور و بەتایبەتییش سوود وەرگرتن لە ململانێ و ناکۆکیەکانی هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی مەرامە گڵاوەکانی کەمالیزم بهێنێتەدی،خاکی کوردستان داگیر بکات.
دەبێت لەئێستادا هەموو گەل لە بەرامبەر پیلانگێڕی دوژمن لەسەر پێیانبێت هەڵوێستی یەکگرتوی هەبێت،پێویستە لەسەر پەرلەمانتار و ڕۆشنبیر و کەسایەتییە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە جاران زیاتر ئەرکی نیشتیمانی لە ئەستۆ بگرن، هەموو بەیەکەوە هەوڵبدەن لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە فشار لە هەردوو حزبی باڵادەست بکەن، پێیان بڵێن دەبێت ڕوی تفەنگەکانتان لەدوژمن بێت،جارێکیتر گەل دەستی بە خۆێنی براکەی سور ناکات !!