ڕۆیشتن بە دوای جەنازەی ڕۆژنامەنووس دا
5 ساڵ لەمەوپێش
دلێر محەمەد نوری
پەندێکی میسری هەیە ئەڵێت (یقتل القتیل و یمشی فی جنازتە) واتە کوژراو ئەکوژێت و بە دوای جەنازەکەشیدا ڕێ ئەکات. جیاواز لە هەر ساڵێک ئەمساڵ بە لێشاو لە هەموو جەمسەرەکانی دەسەڵاتەوە یادی ڕۆژنامەگەری کوردی بەرز ڕاگیرا. سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و پارلەمان، سەرکردە و سەرۆکی حزبەکان و پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و زۆری دیکەش، پەیامی پیرۆزباییان نارد. ئەگەر چی تاکە شانازییەک هەبێت رۆژنامەنووسان بە ئازادییەوە بیکەن فەزاو ئاسمانەکەی سلێمانییە و زۆنە سەوز و نیللیەکەیە (بەگشتی نەک بە ڕەهایی) بەڵام باوەڕ ناکەم ئەم شەڕە پیرۆزباییەی یادی ڕۆژنامەگەری کوردی لەم سەری زۆنی سەوز و نیلییەوە بۆ ئەو سەری زۆنی زەرد لە دڵسۆزی و باوەڕ و پەرۆشییەوە بێت بۆ ئازادی وتن و نووسین. بەڵکو گەڕێکی تری کێبڕکێی سیاسی کارەکتەرە سیاسیەکانی ئەم دوو زۆنەیە. بەڵام ئەمجارەیان ڕۆژنامەگەری کوردی مادە خاوەکەیەتی نەک کۆڕۆنا و زینی وەرتێ. زۆنی لە دایک بوونی هەموو ڕۆژنامە ئازاد و ئەهلییەکان پەیامێکی ئاراستەکراوی ڕەخنەگرانەی پێیە بۆ زۆنی متکردن و کپکردنی ئازادی وتن و نووسین.
ئەمان ئەیانەوێت بڵێن ئەوە ئێمەین بە بێ هیچ دوو دڵییەک و شەرم کردنێک ئەم یادە پیرۆز ئەکەین. چونکە بناغەی ڕۆژنامەگەری ئازاد و ئەهلی لەم زۆنەی ئێمەوە دانراوە و گەشەی کردووە. بەڵام کەم وکوڕی ئەم پەیامە لەوەدایە کە تا ئێستاش چەند کەیسێکی تیرۆر و پەلاماردانی رۆژنامەنووسان هەیە کە نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی یان ئەنجامەکەی قوربانییەکان تێر ناکەن و تینوێتییان ناشکێنن. لە وێنەی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی و پەلاماردانی ئاسۆس هەردی و قوربانیانی ١٧ی شوبات و هەندێک وردە گلەیی دیکەش. زۆنی کپکەری ئازادی ڕۆژنامەگەریش لە بری ئەوەی کە ناهەقییە هیچ قسەیەکی لە سەر ئەم یادە هەبێت و دەست نەگرێت بە کڵاوەکەی خۆیەوە، هاتوون جوانتر و ڕازاوەتر لە زۆنەکەی دیکە پیرۆزباییەکەیان داڕشتووە. ئەمانیش ئەیانەوێت بڵێن جا ڕیزکردنی ووشەی جوان و پڕ بەها چیە؟ ئەوەش پیرۆزبایی ئێمەیە. هەر وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە باران وپەیامەکەشیان وەک خۆبێبەریکردنێکی تەواویش دێتە بەرچاو لە هەموو ئەو خروقاتە بەردەوامانەی زۆنی زەرد و بێ هیچ ئاماژەیەک بە هیچ کەیسێک وبێ هیچ پاساوهێنانەوەیەک گەرمتر و ڕازاوەتر پەیام و پیرۆزبایی خۆیان نارد. هەر وەک ئەوەی هەنووکە هیچ هێمن مامەندێک لە زیندان نەبێت و هیچ سەردەشت عوسمانێکیش لە تیرۆرکراوەوە نەکرابێت بە تیرۆریست و خوێنی هیچ ستار و سۆران و ویدادێکیش بە فیڕۆ نەچووبێت. لە نێو هەموو ئەو پەیام و پیرۆزباییانەش پەیامێک کە سەرنجی ڕاکێشام پەیامەکەی هاوسەرۆکی یەکێتی بوو کە جگە لە شانازی بە دەستکەوتەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە سنوری قەڵەمڕەویان، داوای فراوانکردنی مەودای ئازادی نووسین و ڕەخنەگرتنیشی کردبوو. هەر بۆیە بەڕای من ئەهێنێت هەڵوێستەیەکی لە سەر بکەین. ئاشکرایە دواجار قەدەری یەکێتی وا بوو کە ئەم بەڕێزە ببێت بە ژمارە یەکی حزب و دەسەڵاتی فراوانی بڕیاردان لە زۆنی سەوز نیلی.
بۆیە هەر لە سۆنگەی ئەو ئازادییەی بەڕێزیشی لە پیرۆزباییەکەیدا بانگەشەی فراوانکردنی ئەکات، چەند و ئامۆژگارییەک و وەبیرخستنەوەیەکمان هەیە. ئەو دەسەڵات و سەرکردەیەی کە داوای فراوانکردنی ئازادی وتن و نووسین ئەکات، ئەبێت بەر لە هەموو شتێک باوەڕی بە ڕەخنەگرتن و ئازادی هەبێت و تۆلەرانسی هەموو چەشنەکانی ڕەخنەگرتن و تەنانەت تەنز و کاریکاتێریش لە سەر خودی خۆی بە ئاسایی وەربگرێ و هانیشی بدات. ڕەنگە بەڕێزی هاوڕابێت لەگەڵما کە ئەو ئێستا لە سەر کورسی کەسێک دانیشتووە، کە هەرگیز خۆی بەراورد پێناکرێت لەگەڵیدا. چونکە بەڕێزیان باش ئەزانن کە ڕەوانشاد مام جەلال لەم مەیدانەدا هەم وەکو ڕۆژنامەنووس کە خۆی ڕۆژگارێک کاری تێدا کردووە و هەم وەک سیاسیەک کە باوەڕی تەواوی بە ئازادی ڕۆژنامەگەری هەبوو، میراتێکی ئەخلاقی و سیاسی گەورەی بۆ ئێوە و هاوەڵەکانت جێهێشتووە. کە ڕەنگە باشترین کەسانێک کە لەم بارەیەوە لێیان بپرسیت، خودی ڕۆژنامەنووسە بێلایەنەکانی دەڤەری سلێمانی بن. ئەگەر بەڕێزتان ئارەزووتانە جێ پێی ڕەوانشاد هەڵبگرن چاک بزانن ئەبێت تۆلەرانسی ڕەخنەلێگرتنتان تا ئەو لوتکەیە بێت کە مامتان هەیبوو، وە بووبووە جێی سەرنجی گەلێ ڕۆژنامەنووسی عەرەبی و جیهانیش. هەر بۆ ئەوەی لە وێنەکە نزیکت بخەمەوە باسی ڕووداوێکت بۆ دەکەم کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکان ڕووی دا و مامی حەکیم وەک پیاوێکی ئازا و ئازاد مامەڵەی لە گەڵ کرد. ئەوێ ڕۆژێ چەند خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی لە بە نەشیاوترین شێوە لاسایی مام و خێزانی بەڕێزی ئەکەنەوە و هەر بەوەش کۆتایی نایەت بەڵکو دەنگەکانیش تۆمار دەکرێت و بڵاویش دەکرێتەوە. بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت مام مەسەلەکەی وەکو گاڵتەیەکی گەنجانە ئەژمارکرد و لە گووڵێک پاکتری بەوانە نەوت و بگرە دوای ساڵێک لەم ڕووداوە لە فیستیڤاڵێکی زانکۆدا ئامادە بوو وێنەشیان لە گەڵ بگرێت. ئەگەر جەنابیشتان خۆتان بە میراتگری مام دەبینن ئەوا وا چاوەڕوانکراوە لێتان کە لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا سەرێک لە خێزان و دایکی کاوە گەرمیانی بدەن و بەڵێن بدەن کەیسی کاوە بەو جۆرە چارەسەر بکەن کە پێی ڕازی بن یان ئەگەر ئەزانن گەیشتۆتە کۆتایی دەتوانن باوەڕیان بە بڕیارەکانی دادگا پێ بهێنن. لە رێگەی گەڕانەوەشتان سەرێک لە کوڕانی هەردی نەمریش بدەن بزانن تاوانبارانی کەیسی ئاسۆس بۆ ناگیرێن؟ هەر لەوێشەوە ماڵ بە ماڵی قوربانیانی ١٧ ی شوبات بە سەربکەنەوە و چارەسەری کەیسی ئەوانیش بگرنە ئەستۆ. گەر ئەمانە و سەرجەم ئەو گلەییانەی دیکەشت گەیاندە کەناری چارەسەر. دڵنیابە سەری یەکێتیش بەرز دەکەنەوە و ڕووحی مامیشتان شاد ئەکەن. با ئەم مەسەلانەش بە زەرەر و تۆرانی هەندێ سەرکردەو کادریشتان کۆتایی بێت. بەڵام دواجار خۆت گووتەنی شکۆی یەکێتی گرنگترە.
هەر بۆیەش ڕووی دەمم لە ئێوەیە چونکە وەک خۆتان ئەیێژن ئێوە خوێنێکی تازەی سەرکردایەتی یەکێتین و خوێنی تازەش هەنگاو و جووڵەی تازەی لێ چاوەڕێ دەکرێت. ئەگەر ئەمڕۆ ئومێدێک بە گۆڕانکاری مابێت ئەوە چاوەکان لە زۆنەکەی ئێوەیە نەک زۆنەکەی ئەو بەر کە بڕوا ناکەم نە باوەڕیان بە گۆڕان بێت و نە ئەو هەموو کەیسە جۆراوجۆر و دووبارانەیان بۆ چارەسەر بکرێت. بەدەر لەم هەنگاوانە گەر نەنرێن، ئەوا جیاوازییەک لە نێوان ئێوە و ئەوان وەک دوو دیوی یەک دراوی لێ دێت و هیچی دیکە.