"پاره‌ى ژێرزه‌مینه‌کان"
5 ساڵ لەمەوپێش
ئیتر قسه‌ئه‌که‌م
به‌شى 10
عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف
سه‌ره‌تاى به‌هارى 2013، هێشتا به‌غدا موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى رانه‌گرتبو، که‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ر له بنکه‌یه‌کى خانه‌نشینى پێشمه‌رگه‌دا، موچه‌کانیان (وه‌ک کێشه‌یه‌کى موزمین‌و به‌رده‌وامى حکومه‌تى هه‌رێم) دواکه‌وتبو، به خۆپیشاندانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ى هاتن‌و به‌ردبارانکردنى مه‌کته‌بى سیاسى ی ن ک- یان ده‌کرد. مه‌لا به‌ختیار وه‌ک لێپرسراوى ده‌سته‌ى کارگێڕ، په‌یوه‌ندى به شێخ بایزى ره‌حمه‌تییه‌وه کرد‌و ئه‌ویش له وه‌ڵامدا وتى:
- هیچ پاره‌یه‌ک له بانکه‌کان‌و وه‌زاره‌تى داراییدا نیه، به‌هیچ جۆرێ ناتوانین ئه‌مڕۆ موچه دابه‌ش بکه‌ین.
- شیخ بایز ئێوه کارێکتان کردوه پێشمه‌رگه‌کانى خۆمان بێنه سه‌رمان‌و به‌ردبارانمان بکه‌ن، هه‌رچیتان کردوه ئه‌مڕۆ پاره‌ى که‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ر دابه‌ش بکه‌ن.
مه‌لا به‌ختیار ئه‌مه‌ى وت‌و دواى یه‌ک سه‌عات هه‌واڵ گه‌یشت که پیکابێک به گونیه پاره‌ى کاشه‌وه گه‌یشتوه‌ته بنکه‌ى دابه‌شکردنى خانه‌نشینى‌و خۆپیشاندانه‌کان ته‌واو بوه. له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌که‌دا مه‌لا به‌ختیار داواى کرد به ته‌له‌فۆن شێخ بایزى بۆ وه‌ربگرنه‌وه.
- رۆژى شه‌ممه سه‌عات (9)، خۆت‌و ستافى یه‌کێتى له وه‌زاره‌تى دارایی بۆ کۆبونه‌وه‌ى کارگێڕ له مه‌کته‌بى سیاسى ئاماده‌بن.
ئه‌م په‌یامه‌ى مه‌لا به‌ختیار گه‌یشت‌و دواى دو رۆژ کۆبونه‌وه‌که ئه‌نجامدرا، تیایدا به‌رپرسى کارگێڕ، روى له وه‌زیرى دارایی کرد‌و وتى:
- ئه‌گه‌ر له هه‌ولێره‌وه پاره بێ، دو سه‌عات‌و، له به‌غداشه‌وه بێ چوار سه‌عات زیاترى ده‌وێ، به‌ڵام دواى پێداگرى ئێمه به که‌متر له سه‌عاتێ پاره‌تان گه‌یاندو دابه‌شتان کرد، تۆ وتت هیچ پاره‌یه‌ک له بانکه‌کان‌و دائیره‌کانى وه‌زاره‌تدا نیه، پێمان ناڵێى چۆن‌و له کوێ ئه‌و پاره‌یه‌تان هێنا !؟
وه‌زیر که نه‌یده‌ویست شوێنى پاره‌که به ئاشکرا بڵێ، به برده‌و بێنه‌و قسه‌ى ژێر لێوان‌و نێوانى دێڕه‌کان، ده‌ریخست که له ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌ت‌و داموده‌زگاکانى حکومه‌ت، شوێنێکى تر له سلێمانى هه‌یه که ته‌مویلى وه‌زاره‌تى دارایی ئه‌کا.
مه‌لا به‌ختیار فشارى هێنا‌و جه‌ختى له ئاشکراکردنى ئه‌و جێگه‌یه ئه‌کرده‌وه، به‌ڵام شێخ بایز زۆر لێزانانه وتى:
- ئێوه له کارگێڕو مه‌کته‌بى سیاسى، له من باشتر ئه‌زانن ئه‌و جێگه‌یه کوێیه، ئه‌تانه‌وێ من پێتان بڵێم، سیودو دانه‌م ده‌ربکه‌ن، له زمانم نایه‌ته ده‌ره‌وه.
دو رۆژ دواى ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه، مه‌لا به‌ختیار وتارێکى له رۆژنامه‌ى (چاو‌دێر) بڵاوکرده‌وه‌و تیایدا به خه‌تێکى گه‌وره‌و له لاپه‌ڕه‌ى یه‌که‌مدا نوسیبوى (پاره‌ى ژێر زه‌مینه‌کان ده‌ربهێنن).
بۆ من جێگه‌ى سه‌رسوڕمان بو، به‌دوایدا پرسیارى زۆرم کرد، که‌وتمه کنه‌و منه‌ى هاتنى پاره‌ى به‌غداو پاره‌ى نه‌وت‌و داهاته‌کانى ناوخۆ، سه‌ره‌نجام گه‌یشتمه راستییه‌ک، ئێستاشى له‌سه‌ر بێ که‌م که‌س بڕوا ئه‌کات‌و به عه‌قڵدا ناچێ. پاره‌ى عێراق له هه‌ولێره‌وه به کاش، به نیسبه‌ى 44% بۆ ده‌باشان‌و 56% بۆ سه‌رى ره‌ش دابه‌ش ئه‌کرێ‌و ئه‌گوازرێته‌وه، داهاته‌کانى ناوخۆ، به ماڵ جیایی سلێمانى‌و هه‌ولێر، هه‌ریه‌ک بۆ شوێنى مه‌رجه‌عى خۆى، پاره‌ى فرۆشتنى نه‌وتیش له‌ڕێگه‌ى حساب بانکییه‌کانى ئاشتى هه‌ورامییه‌وه دێته‌وه ناو کۆمپیوته‌ره‌که‌ى مه‌کته‌بى سه‌رۆک. پارتى چى لێ ئه‌که‌ن‌و چۆن له‌ناو خۆیاندا بۆ بانکى کوردستان‌و له‌وێوه چۆن به‌شى ژمێریاره‌که‌ى وه‌زاره‌تى دارایی ئه‌ده‌ن، زۆر نهێنى‌و ناڕونه، به‌نده ورده‌کارییه‌که‌ى نازانم، به‌ڵام به‌شى یه‌کێتى چه‌ندجارێک له‌ڕێگه‌ى سکرتێرى گشتى پێش‌و، جێگره‌کانى سه‌رۆکى حکومه‌ت‌و ناوه ناوه‌ش مه‌بله‌غى که‌م وه‌ک دیارى به هه‌ندێ له که‌سایه‌تییه‌کانى (م.س)و سه‌رکردایه‌تى‌و بنه‌ماڵه دیاره‌کان دراوه، هه‌مو حزبه‌کانى تریش که له‌گه‌ڵ پارتى هاوئاهه‌نگ ئه‌بن، که‌م‌و زۆر له‌و پاره‌یه هاوکارى ئه‌کرێن، ئه‌و کۆمپانیایانه‌ش که موساهه‌مه‌یه له‌نێوان ئیداره‌ى گشتى‌و که‌س‌و بنه‌ماڵه سیاسى‌و بازرگانه‌کاندا، ئه‌وه‌ى له ئه‌ده‌بیاتى حکومه‌تى هه‌رێمدا پێى ئه‌ڵێن (خه‌رجى کۆمپانیاکان) زۆرینه‌ى پاره‌که ئه‌پچڕن. له‌دواى ئه‌م هه‌مو دیزه به ده‌رخۆنه‌یه، وه‌ک خێر‌و سه‌ده‌قه، هه‌ندێک مانگ که‌م‌و هه‌ندێ زیاتر، بۆ موچه له وه‌زاره‌ته خزمه‌تگوزارییه‌کان‌و هه‌ندێ پرۆژه، ته‌مویلى وه‌زاره‌تى دارایی ئه‌کرێ، بۆ نه‌وت‌و پێشمه‌رگه‌و خه‌رجى سه‌رۆکایه‌تییه‌کانیش راسته‌وخۆ دابه‌ش ئه‌کرێ.
دواى دروستبونى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و قسه‌کردن له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى‌و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رکردنى لاى که‌مى ئه‌م پاشاگه‌ردانییه، پێشنیازى هه‌ردو حیزب بۆ هاوکاریو به‌شداریکردنى بزوتنه‌وه‌که‌و شاندانه ژێر راستکردنه‌وه‌ى ئه‌و باره لاره، کاک نه‌وشیروان به وه‌رگرتنى په‌رله‌مان‌و وه‌زاره‌ته‌کانى دارایی‌و پێشمه‌رگه، به‌مه‌به‌ستى گۆڕانکارى ریشه‌یی، به به‌ڵێن‌و پشتیوانى مه‌سعود بارزانى ره‌زامه‌ندى نواند‌و گرتیه ده‌ست، پرۆژه‌ى موته‌کامیلى دا به حکومه‌ت‌و وه‌زیره‌کانى، گواستنه‌وه‌ى داهاته‌کانى سلێمانى بۆ هه‌ولێر یه‌ک له خاڵه‌کانى ئه‌و پرۆژه‌یه بو، جێبه‌جێکرا، هه‌ندێ هه‌نگاویش بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه چوه پێشه‌وه‌و هه‌ندێ پرۆژه‌یاساش بۆ په‌رله‌مان ئاماده‌کرا. ماوه‌یه‌کى که‌م‌و کاک نه‌وشیروان له راستگۆیی‌و پشتیوانى بارزانى بێ ئومێد بو، له هه‌ولێرو دهۆک له هیچ بوار‌و پرۆژه‌یه‌کدا پشتیوانى‌و هاوکارى نه‌کرا، به جۆرێ پارتى ده‌یانویست وه‌ک گوێزى پاککراو سلێمانییان بخه‌نه چنگه‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ى ویستویانه‌و ده‌یانه‌وێ، به‌رده‌وامى به حوکمڕانى هه‌رێمى کوردستان بده‌ن. له کاردانه‌وه‌داو بۆ له مه‌حه‌کدانى گشت به‌ڵێنه‌کانى بارزانى، ئه‌مجاره‌یان، کوردوته‌نى، کاک نه‌وشیروان له پاشه‌وه لغاوى کرد‌و هه‌موارى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى خسته په‌رله‌مانه‌وه، ده‌ره‌نجامه‌که‌ى به داواکردنى بۆ مه‌حکه‌مه‌و فه‌رمانى گرتنى خۆى کۆتایی هات.
په‌نجه‌ره‌یه‌ک کرایه‌وه‌و ده‌رگاکان داخران
پێش دوا هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بۆ رزگاربوون له هه‌ژموونى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى‌و بارزانى، دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ لاوازکردنى پێگه‌ى هه‌ردو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار له عێراق‌و هه‌رێمى کوردستان، هه‌وڵى دروستکردنى به‌ره‌یه‌ک له حیزبه ناڕازیه‌کان‌و سه‌رکرده‌کانیان له ئارادابو، به‌جیا هاوڕێ کۆنه‌کانى شۆڕش‌و پێشمه‌رگایه‌تى، مامۆستایانى زانکۆ‌و رۆشنبیران، له ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ى وڵات له‌گه‌ڵ (دکتۆر به‌رهه‌م، سه‌لاحه‌دین به‌هادین، عه‌لى باپیر‌و عومه‌رى سه‌ید عه‌لى) له په‌یوه‌ندیدا بون. ئه‌م جوامێرانه خۆشیان یه‌کتریان ئه‌بینى‌و راوێژیان ئه‌کرد.
سه‌ره‌نجام له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بو که به‌نده ورده‌کاریه‌که‌ى نازانم، سه‌لاحه‌دین به‌هادین کشایه‌وه، له 14ى ئازارى 2018دا، هه‌رسێ لا (کۆمه‌ڵى ئیسلامى، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى‌و دادپه‌روه‌رى) به ئیمزاى هه‌رسێ سه‌رکرده رێککه‌وتنێکیان کرد، ده‌قى رێککه‌وتنه‌که لێره‌دا وه‌ک خۆى بڵاوئه‌که‌مه‌وه:
به‌ناوى خواى به‌خشنده‌و میهره‌بان
رێککه‌وتنى کارى هاوبه‌ش
له‌دواى پێکهێنانى لیستى نیشتیمان له‌نێوان هه‌رسێ لایه‌ندا، به‌له‌به‌رچاوگرتنى بارودۆخى سیاسى‌و ئابورى‌و کۆمه‌ڵایه‌تى کوردستان، سیستمى حوکمڕانى، شکست‌و قه‌یرانه که‌ڵه‌که‌بوه‌کان‌و بارودۆخى ژیان‌و گوزه‌رانى هاوڵاتیان، له‌پێناو رێکخستن‌و یه‌کخستنى هێزو تواناى لایه‌نه‌کان له‌پێناو چاکسازى هه‌مه‌لایه‌نه‌دا، هه‌رسێ لایه‌ن وه‌ک بنه‌ماى کارى هاوبه‌شى قۆناغه‌که رێککه‌وتن له‌سه‌ر واژۆکردنى ئه‌م رێککه‌وتنامه‌یه‌ى لاى خواره‌وه:-
یه‌که‌م: بنه‌ما گشتییه‌کان
1- له هه‌ڵبژاردنه‌کانى کوردستان‌و عێراقدا هه‌ماهه‌نگ‌و هاوکار ده‌بین.
2- کارکردن بۆ دروستکردنى ئیئتیلافى فراکسیۆنه‌کان یان یه‌ک فراکسیۆنیى له‌ناو په‌رله‌مانى عێراق‌و کوردستان‌و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکاندا له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا.
3- هیچ لایه‌نێک له‌ژێر هیچ پاساوێکدا نه‌که‌وێته دژایه‌تى لایه‌نه‌کانى تر‌ى ناو رێککه‌وتننامه‌که.
4- رێگرى بکرێت له هه‌ر به‌ریه‌ککه‌وتنێک که زیان به هاوکارى‌و هاوخه‌باتى نێوانمان بگه‌یه‌نێت.
5- سودوه‌ربگیرێت له رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان‌و که‌سایه‌تى پسپۆڕ.
دووه‌م: ده‌سته‌ى هه‌ماهه‌نگیى باڵا (پێکدێت له لیژنه‌ى باڵاى هه‌رسێ لایه‌ن).
1- بڕیاره‌کان به ئیجماع ده‌رده‌چن.
2- سه‌رپه‌ره‌شتى راسته‌وخۆى لیژنه‌کانى هه‌ماهه‌نگى ده‌که‌ن.
3- ئه‌م رێککه‌وتنه کراوه‌یه بۆ لایه‌نه سیاسییه‌کانى تر.
سێیه‌م: ئه‌م لیژنانه‌ى خواره‌وه پێکده‌هێنرێن:
ا- لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان:
1- نوێنه‌رایه‌تیکردنى سیاسى‌و دیبلۆماسى هاوبه‌ش له‌کۆڕو کۆبونه‌وه ناوخۆیی‌و عێراقی‌و هه‌رێمى‌و جیهانییه‌کاندا.
2- پابه‌ندبوون به پرسه نیشتیمانى‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان.
ب- لیژنه‌ى راگه‌یاندن:
1- داڕشتنى سیاسه‌تى راگه‌یاندنى هاوبه‌ش بۆ هه‌رسێ لایه‌ن، به‌گوێره‌ى پێویست‌و رۆژ.
2- کارى هاوبه‌ش بۆ دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى‌و نادادى‌و هه‌ر دیارده‌یه‌کى تر‌ى دزێوى ناو کۆمه‌ڵگه.
3- کرانه‌وه‌ى میدیاکان به‌ڕووى کادیرو ئه‌ندامان‌و کادیره‌کانى یه‌کتر.
4- پێشکه‌شکردنى هاوکارى له گشت بواره‌کانى راگه‌یاندن به‌یه‌کترى.
5- گۆڕینه‌وه‌ى زانیارى میدیایی.
ج- لیژنه‌ى هه‌ڵبژاردن:
1- هه‌ماهه‌نگیکردن‌و جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر پاککردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران‌و چاودێریکردنى هاوبه‌شى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان.
2- هاوکارى‌و هه‌ماهه‌نگى له‌بوارى بریکارو چاودێریه‌کانى سه‌ر صندوق‌و گه‌یاندنى ده‌ره‌نجام‌و ده‌نگه‌کان به‌یه‌کترى.
3- هاوکارى‌و هه‌ماهه‌نگى له کردنه‌وه‌ى خولى راهێنان بۆ کاندید‌و بریکارو چاودێره‌کان.
ئیمزاکان
عه‌لى باپیر له کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان، به‌رهه‌م ساڵح له هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى‌و دادپه‌روه‌رى، عومه‌ر سه‌ید عه‌لى له بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له رۆژى (14/3/2018)دا.
پێش رێککه‌وتن‌و دواى رێککه‌وتنیش، سه‌ید عومه‌ر ته‌نیا مه‌راقى ئه‌وه بو بزانێ دکتۆر به‌رهه‌م له‌ناو یه‌کێتیدا چه‌ند مه‌کته‌بى سیاسى‌و چه‌ند سه‌رکردایه‌تى له‌گه‌ڵدایه، ناوه‌کانیان بزانێ. له ناحاڵى بوندا، جارێک‌و له کۆبونه‌وه‌یه‌کدا ئه‌و پرسیاره‌شى له به‌رهه‌م کردبو، ئه‌وه‌ى لاى من مایه‌ى سه‌ره‌نج بو، هێرۆخان به هه‌مو هێزى له هه‌وڵدابو دکتۆر به‌رهه‌م له یه‌کێتى بکاته ده‌ره‌وه، سه‌ید عومه‌ریش به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵه‌کانى بۆ مانه‌وه‌ى به‌رهه‌م بو له‌ناو یه‌کێتیدا، ئه‌مه‌یشى لاى دکتۆر به‌رهه‌م نه‌شاردبوه‌وه، روبه‌ڕو پێى وتبو (سه‌ید تۆ له‌پێش منه‌وه یه‌کێتى بویت، فه‌رمو پێشمان بکه‌وه سه‌ره‌تا تۆ بگه‌ڕێره‌وه)، ئه‌م وه‌ڵامه‌ى له دکتۆر به‌رهه‌م وه‌رگرتبوه‌وه.
ئه‌و گروپه‌ى ده‌ورى کوڕه‌کانى کاک نه‌وشیروان په‌یوه‌ندیه‌کى پته‌ویان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م هه‌بو، نه‌شیان ده‌شارده‌وه‌و بۆ گۆڕان‌و بۆ جوڵانه‌وه به‌ره‌ییه‌که‌ش، له سه‌ید عومه‌ر باشتر پێناسه‌یان ده‌کرد. دکتۆر به‌رهه‌م به‌تاک‌و کۆ په‌یوه‌ندى شه‌خسیى له‌گه‌ڵ ئه‌واندا هه‌بو، هه‌موشیانى ئه‌بینى، سه‌روه‌ختێک واى لێهاتبو، له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا به پێڕه‌که‌ى به‌رهه‌م ئه‌ناسران. سه‌ید عومه‌رو ته‌که‌توله‌که‌ى له هه‌وڵى کۆکردنه‌وه‌ى زانیارى‌و چۆنیه‌تى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌دا بون، ئه‌وانیش بۆ ئیستیفزازکردنى ئه‌و ته‌که‌توله جارناجارێ، هه‌ریه‌ک به جیا، وێنه‌یه‌کیان له پارکى شار‌و له‌گه‌ڵ دکتۆر به‌رهه‌مدا له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاوئه‌کرده‌وه.
رێکخه‌رى گشتى له‌دواى ئیمزاکردنى رێککه‌وتنه‌که‌ى، باسه‌که‌ى هێنایه ناو کۆبونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتیمانى‌و له‌وێش ته‌نیا ئاماژه‌ى به هه‌وڵى دکتۆر به‌رهه‌م دا به دروستکردنى به‌ره‌یه‌ک‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ک، دورو نزیک نه باسى کۆمه‌ڵى ئیسلامى‌و عه‌لى باپیر، نه باسى رێککه‌وتنه‌که‌و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ى کرد، له‌گه‌ڵیشیدا، زۆر به ته‌وسه‌وه باسى له ته‌نیایی دکتۆر به‌رهه‌م کرد‌و وتیشى ئه‌م کابرایه که‌س نازانێ له‌ناو یه‌کێتیدا چه‌ند که‌سى له‌گه‌ڵدایه.
به‌ش به حاڵى خۆم، له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ى جڤاتى نیشتیمانیدا چاوه‌ڕوانى گفتوگۆیه‌کى جدیم ئه‌کرد له‌وباره‌یه‌وه، من راى ته‌که‌توله‌که‌ى سه‌ید عومه‌رم ئه‌زانی، به‌ڵام توشى شۆک بوم که ئه‌و گه‌نجانه‌ى به ڕیز وێنه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م بڵاوئه‌کرده‌وه‌و به‌رهه‌میش به پشتى قایمى خۆى ئه‌زانین، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دابارینه سه‌رى، هه‌ستم کرد، له‌ڕێگه‌ى کوڕه‌کانى کاک نه‌وشیروانه‌وه (وه‌ک هه‌مو جاره‌کانى دواتر)، سه‌ید عومه‌ر کارى خۆى کردوه، هه‌ر به ده‌نگى ئه‌و کۆبونه‌وه‌ى جڤات، کارکردن له‌گه‌ڵ دکتۆر به‌رهه‌م ره‌تکرایه‌وه.
- به‌رهه‌م خۆى به ته‌نیا ژماره‌یه‌که‌و که‌سیشى له‌گه‌ڵ نه‌بێ دکتۆر به‌رهه‌مه، به ره‌تکردنه‌وه‌ى دروستکردنى ئه‌و به‌ره‌یه، له‌ئێستاوه دیارییه‌ک ئه‌ده‌ن به پارتى که به‌شى په‌نجا کورسى ده‌نگ له هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌دا بهێنێت.
من که پێشتر‌و له‌کاره‌کانى له‌ناو یه‌کێتیدا، رام له‌سه‌ر دکتۆر به‌رهه‌م باش نه‌بو، به‌م دو دێڕه موداخه‌له‌م له کۆبونه‌وه‌که‌دا کرد‌و دواتریش له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى (هاوڵاتى)، دێڕى دوه‌مى موداخه‌له‌که‌م، بو به مانشێت.
به کۆتایی ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه، هه‌مو ده‌رگاکانی چونه‌ناو به‌ره‌یه‌کى هاوبه‌ش بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ى هه‌ژمونى پارتى‌و یه‌کێتى، داخران. رێککه‌وتن‌و روداوه‌کانى ساڵ‌و مانگه‌کانى پاشتر، ئه‌نجامى قڵپبوونه‌وه‌ى ئه‌و سیحره بو به سه‌رمانداو ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ى ئێستای خوڵقاند.