کۆرۆنا له‌هه‌رێم کۆتایى هاتووه‌ یا سست بووه‌ ؟

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڕێ سوره‌

بێگومان کۆتایى نه‌هاتووه‌ . کۆرۆنا ده‌عبایه‌کى دڕنده‌ى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ یه‌ زۆر مه‌ترسیدارتره‌ له‌ بورکانه‌کان و زه‌مین له‌رزه‌کان و تۆفان و زریانه‌کان و گڕى ئاگرى داره‌ستانه‌کانى ئه‌مازۆن . به‌کورتى په‌تایه‌کى زۆر کوشنده‌ تره‌ له‌ په‌تاکانى مێژووى ڕابردوو . ڕاستیه‌که‌ى  ئه‌وه‌یه‌ که‌ده‌ڵێن نه‌پێى هه‌یه‌ و نه‌پانى  به‌ هه‌موو دونیا ده‌زانى !  ڤایرۆسى کۆرۆنا هێنده‌ به‌خێرایى بڵاو بووه‌وه‌  ژیانى وه‌ستاند ئابوورى وێران کرد مرۆڤگه‌لێکى بێشومارى کوشت و  زیاتر له‌سێ ملیۆن که‌س توشى ڤیرۆسه‌که‌ بوون  وابڕوات ملیۆنانى دیکه‌ش توش ده‌بن و .ژماره‌ى مردوانیش زۆر ده‌چێته‌ سه‌رێ .

 هێنده‌ مه‌ترسیداره‌  ئه‌وه‌تا  زیاتر له‌ (185) وڵات هاواریان لێهه‌ستاوه‌ . هه‌ر وڵاته‌ غه‌مى هاوڵاتیانى خۆیه‌تى ناپرژێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌هاناى  وڵاتێکى دیکه‌وه‌ بچێت .  سام و هه‌یبه‌تى ئه‌م تاعونه‌ هێنده‌ زۆره‌ زیاترله‌ چوار ملیارد مرۆڤى له‌ کونى ژوور ئاخنیوه‌ .

هه‌موو زانا و پسپۆڕانى ته‌ندروسى به‌رامبه‌رى داماو و ده‌سه‌وستانن . ده‌ى ئه‌گه‌ر لێره‌ یان له‌ هه‌ر  وڵاتێکى دیکه‌ که‌سانێک هه‌بن پێیان وابێت  ئه‌م ڤایرۆسه‌  فشه‌یه‌  و درۆیه‌ بێگومان ئه‌وانه‌ بێباک و بێئاگان  جێى خۆیه‌تى ڕه‌ وانه‌ى ئیسپانیا و ئیتالیا  بکرێن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م تامى په‌تاکه‌بکه‌ن و هه‌میش به‌چاوى خۆیان ببینن  چۆن مرۆڤایه‌تى به‌هاى له‌ده‌ستداوه‌ و به‌کۆمه‌ڵ مردووه‌کان له‌گه‌ڵابه‌کان هه‌ڵده‌ڕێژن و به‌شۆڤڵ گڵى هه‌موو دونیایان ده‌که‌نه‌ سه‌ر نه‌کا دواجار خه‌ڵکى دیکه‌ توش بکه‌ن ! بۆ ئه‌وانه‌شى  ده‌پرسن بۆ له‌ کوردستان کۆرۆنا هێنده‌ى  وڵاتانى دیکه‌ کوشنده‌ نیه‌ ده‌کرێت  دوا ڕۆژ توێژینه‌وه‌کانى ته‌ندروستى وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ .

ئه‌وه‌ى ئاشکرایه‌ حکومه‌تى هه‌رێم  زۆر هه‌وڵیدا  زوو پێش به‌ په‌تاکه‌ بگرێت ئه‌مه‌ کارێکى زۆر چاک و سه‌رکه‌وتوو بوو  به‌ڵام کاره‌ خه‌راپه‌که‌ ئه‌وه‌ بوو دره‌نگ سنور و فڕۆکه‌خانه‌کانى داخست  ئه‌وه‌ى له‌ زاخۆ , سێبیران , خه‌لیفان , ده‌ربه‌نیخان و شوێنه‌کانى دیکه‌ش ڕوویدا  هه‌موویان خه‌ڵکانێک له‌ده‌ره‌وه‌ى کوردسان په‌تاکه‌یان هێنابوو ئه‌گینا لێره‌  بوونێکى واى نه‌بوو . بێگومان ئێستاش مه‌ترسیه‌که‌ گه‌وره‌یه‌ لانیکه‌م  له‌ ناو دراوسێکانماندا په‌تاکه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌ سه‌ندندایه‌ ئاشکرایه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش داگیر که‌رى کوردستانن ده‌خوازن کورد قڕببن . بۆیه‌ قه‌ده‌غه‌ى هاتوو چۆ گرنگ بوو ئێستاش گرنگه‌  هۆکارێکى سه‌ره‌کى بوو  بۆ ڕێگرى کردن له‌بڵاو بوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندى په‌تاکه‌ .

زۆربه‌شمان گوێبیست بووین ڕۆژى (13-4-2020 ) ڕێکخراوى ته‌ندروستى جیهانى ڕایگه‌یاند په‌تا هه‌بووه‌ له‌مێژوودا به‌ملیۆنان مرۆڤى کوشتووه‌  به‌ڵام  په‌تاى کۆرۆنا (ده‌) هێنده‌ى په‌تاکانى دی کوشندیه‌ و خێراتر بڵاو ده‌بێته‌وه‌ . بۆیه‌خۆپارێزى و پابه‌ند بوون به‌ڕێنماییه‌کانى ته‌ندروستى ئه‌رکێکى پیرۆزه‌ .بێگومان هه‌زاران که‌س بێکاربن باشتره‌ له‌وه‌ى به‌ملیۆنان بمرن له‌کاتێکدا له‌کوردستان نان و ئاو زۆره‌ که‌س له‌برسانا نامرن ئه‌گه‌ر چه‌ندین مانگیش بێکار بین . که‌واتا به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و ته‌ندروستى هاوڵاتیان گه‌وره‌تره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى تاک .وه‌ک دیتمان به‌هۆى دانانى پرسه‌یه‌ک ژیانى شارێک یان هه‌زاران که‌س که‌وته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ .  به‌ڵێ هه‌ندێک جار گوێبیست ده‌بین  ده‌ڵێن کورد و موسڵمانان پێویستیان به‌ هێزى سه‌رکوتکاره‌ بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان .سه‌رده‌مى به‌عس به‌نموونه‌ دێننه‌وه‌ که‌ دوو سه‌رباز یان دوو ئاسایش هه‌زاران که‌سیان پێش خۆیان ده‌دا  یان له‌به‌ر هه‌تاوى گه‌رم ڕایان ده‌گرتن که‌سیش نه‌یده‌وێرا  فزه‌ بکات .پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا بۆ ده‌بێ  که‌سانێک ڕێز له‌یاسا نه‌گرن چاوه‌ڕوانى قامچى و پۆلیس بکه‌ن  ؟   ده‌خوازم ئاماژه‌ به‌وه‌ بکه‌م  زوو یان دره‌نگ  ڤایرۆسى کۆرۆناش کۆتایى دێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ وانه‌ى لێفێربووبین وه‌ک ده‌زانین مێژووى ڕابردوومان  پڕیه‌تى له‌تراژیدیاى کاره‌ساتبارى وه‌ک  ڕاگواستن . کیمیاباران . ئه‌نفال . کۆڕه‌و . گه‌مارۆى ئابوورى  شه‌ڕى داعش .  ئه‌مڕۆش کۆرۆنا و دابه‌زینى به‌هاى نه‌وت و هه‌ڵوێستى  نادروستى ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق وه‌ک هه‌میشه‌ ئێمه‌ى کوردیان به‌عیراقى نه‌زانیوه‌ و ڕازیش نه‌بوون به‌ جیابوونه‌وه‌مان  هه‌ر کاتێکیش  ده‌رفه‌تیان هه‌بووبێت  په‌لاماریان داوین و گه‌له‌کۆمه‌کیان لێکردووین بۆ نموونه‌  ئه‌مڕۆ که‌ په‌تاى کۆرۆنا  نان و ژیانى له‌ مرۆڤه‌کان سه‌ندووه‌ .

شیعه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانى حکومه‌تى به‌غدا سزامان ده‌ده‌ن که‌ جۆرێکه‌ له‌په‌لاماردان . دڵنیام به‌شێکى ئه‌م سزایه‌ کۆنه‌ قینه‌  . بۆنمونه‌  دواى کوشتنى قاسم سولیمانى  و ئه‌بو مه‌هدى مهندیس  کورد ئاماده‌ى کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان نه‌بوون بۆ بڕیاردان به‌ده‌رکردنى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌ عیراق . دووه‌م  وابه‌سته‌ بوونی هه‌موو شیعه‌کان  به‌ کۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌  دیاره‌ هه‌ردوولایان کورد به‌دۆستى ئه‌مریکا ده‌زانن . ڕۆژ به‌ ڕۆژیش  مێژوو زیاتر ده‌یسه‌لمێنێت  عه‌ره‌بى دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ى جیاواز نین  له‌ تێڕوانینیان بۆ دۆزى کورد . ئه‌وه‌تا موچه‌ و شایسته‌ دارایه‌کانى هه‌رێم  ناده‌ن وه‌ک تۆڵه‌ لێکردنه‌وه‌ ..له‌یه‌کى دى چۆن ڕه‌خنه‌ له‌ هاوڵاتیان ده‌گرین به‌هۆى پابه‌ند نه‌بونیان به‌ ڕێنمایه‌کان و دانانى پرسه‌ و ته‌قه‌ى خۆشى دانیشتوانیان توشى غه‌مبارى و په‌تاکه‌ کرد . ئاواش ده‌بێت ڕه‌خنه‌ له‌ حکومه‌تى هه‌رێم بگرین  وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن له‌ مانگى دوانزه‌ى (2019) له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌یشتنه‌ لێک تێگه‌یشتن له‌به‌رامبه‌ر ڕاده‌ستکردنى ڕۆژانه‌ (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌رێم   به‌غداش  (900) ملیۆن دۆلار بۆ هه‌رێم بنێرێت وه‌ک شایسته‌ دارایه‌کان  و موچه‌ .. ئایا له‌ کاتێکدا که‌ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌زانێت  ئه‌م  لێک تێگه‌یشتنه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمه‌ و له‌به‌غدا و به‌سره‌ و هه‌ندێک شارى دیکه‌ش  ڕێپێوان و ناڕه‌زایى ده‌ستى پێکردووه‌ دوور نیه‌ گۆِڕانکارى بکرێت له‌حکومه‌ت یان سیسته‌مى حوکم به‌گشتى  بۆچى په‌له‌یان نه‌کرد و  نه‌چوون هه‌رچى زووه‌ واژۆى لێک تێگه‌یشتنه‌که‌ بکه‌ن ؟ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ مه‌جالى هیچ بیانویه‌ک نه‌مێنێت ؟ . له‌کۆتاییدا به‌پێویستى ده‌زانم ئاماژه‌ بوه‌ بکه‌م هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێک له‌به‌رامبه‌ر کۆرۆنا که‌مته‌رخه‌م بووبێت گه‌لانى ئه‌و وڵاتانه‌ سزاى ده‌ده‌ن له‌ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردن یان ڕاپه‌ڕین  دوورى  ده‌خه‌نه‌وه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنى حکومه‌ت ..        
                

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار