په‌یڤێک بۆ هاوڵاتی

7 ساڵ لەمەوپێش



ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

من چ وه‌کو نووسه‌رێک که‌ ووتاره‌کانم له‌ رۆژنامه‌ی  هاوڵاتی بڵاوکردۆته‌وه‌، چ وه‌کو کارمه‌ندێکیش که‌ بۆ ماوه‌یه‌ک له‌م  رۆژنامه‌دا کارمکردووه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌تیم به‌م رۆژنامه‌ جوانه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌ راگرتنی بۆ ماوه‌یه‌ک نیگه‌رانی کردم، لێ خۆشبه‌ختانه‌  هاوڕێی هێژام کاک تاریق پێی راگه‌یاندم، که‌ به‌نیازن دووباره‌  هاوڵاتی ده‌ربکه‌نه‌وه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ش  له‌دڵه‌وه‌ خۆشحاڵی کردم. هه‌رئه‌مه‌ش وایلێکردم که‌ چه‌ند دێرێک له‌باره‌ی ئه‌م رووداوه‌ خۆشه‌وه‌ بنووسم.


دیاره‌ رۆژنامه‌گه‌ری کوردی که‌ ته‌مه‌نی بۆ سه‌ده‌یه‌ک زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌رقۆناغه‌و هه‌ڵگری ئه‌رک و په‌یامی  تایبه‌ت به‌خۆی بووه‌. له‌کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له‌ باکووری کوردستان نوخبه‌ی رۆشبیرو ئه‌فه‌ندی کوردی، بیریان  له‌ده‌رکردنی  رۆژنامه‌ کرده‌وه‌، دیاره‌ به‌حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ باکووری کوردستان له‌چاو به‌شه‌کانی تری کوردستان، زیاتر ئاگاداری ره‌وشی شارستانی ئه‌وروپا بووه‌، که‌ماوه‌یه‌کی زۆر رۆژنامه‌گه‌ری له‌ئه‌وروپادا گه‌شه‌ی سه‌ندبوو. کاتێک ئه‌و نوخبه‌یه‌ هانایان بۆ رۆژنامه‌ برد، زیاتر ئامانجیان  گه‌یاندنی په‌یامی سیاسیی و پاشان فه‌رهه‌نگی کوردی بوو، به‌ته‌واوی ناوچه‌کانی کوردستان.


 دیاره‌ هه‌رزوو ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌وان رووبه‌روی دژایه‌تی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکه‌وه‌ بووه‌وه‌،ئه‌مه‌ش کاری هه‌میشه‌یی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بووه‌  که‌ دژی هه‌ر کارێک           وه‌ساته‌وه‌، که‌ بۆته‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی ره‌وشی سیاسیی و  فه‌رهه‌نگی کوردی. پاشان له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌تایبه‌تی له‌ سه‌ره‌تاکانیدا، له‌رێگه‌ی داگیرکاری به‌ریتانییه‌وه‌، له‌باشووری کوردستان رۆژنامه‌گه‌ری دروست ده‌بێت، له‌هه‌مانکاتیشدا هه‌وڵه‌ گه‌وره‌کانی هه‌ریه‌ک له‌ حوسێن حوزنی موکریانی و پیره‌مێرد، رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌پێشخستنی بزاڤی رۆژنامه‌گه‌ری له‌باشووری کوردستاندا. دیاره‌ لێره‌شدا په‌یامی سیاسیی  یه‌کێک بووه‌ له‌ په‌یامه‌ گرنگه‌کانی رۆژنامه‌گه‌ری کوردی، چونکه‌ له‌وکاته‌شدا فکری چه‌پایه‌تی و ناسیۆنالیستی له‌ناو کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا چه‌که‌ره‌ی کردووه‌. پاشان له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی پارتی سیاسیی چ له‌باشوور  وچ له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی، ئیتر کاری رۆژنامه‌گه‌ری ده‌بێته‌ به‌شێک له‌خه‌باتی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی، لێره‌وه‌  رۆژنامه‌گه‌ری بره‌وی زیاتر په‌یدا ده‌کات، لێ دیسانه‌وه‌ باڵی سیاسی به‌سه‌ر ته‌واوی ژانره‌کانی تردا زاڵ ده‌بێت و لێره‌شه‌وه‌ ئیتر رۆژنامه‌گه‌ری حزبی له‌دایک ده‌بێت. 


له‌پاش  راپه‌ڕین و نه‌مانی حوکمی فاشیستی و  سه‌رهه‌ڵدانی خۆری ئازادی له‌ باشووری کوردستاندا، جارێکی تر رۆژنامه‌گه‌ری کوردی، گڕوتینی زیاتر په‌یدا ده‌کات. رۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌پاش راپه‌رین  له‌هه‌موو بواره‌کاندا پێش ده‌که‌وێت، له‌کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نوێشدا ،جارێکی تر نوخبه‌ی رۆشنبیری کوردی، ئه‌مجاره‌ له‌ باشووره‌وه‌، ده‌یانه‌وێت چرای قۆناغێکی تری   رۆژنامه‌گه‌ری  دابگیرسێنن و ئه‌رک  و په‌یامی رۆژنامه‌ بگۆڕن، ئه‌وه‌ش به‌ هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی رۆژنامه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن، که‌ته‌واوی ده‌نگه‌ جیاوازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بگرێته‌وه‌. 


بمانه‌وێت یان نا، ده‌رکردنی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، سه‌ره‌تایه‌کی گرنگ بوو بۆ دروستبوونی رۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی حزبی، که‌له‌ ساڵانی دوای راپه‌ریندا، زاڵ بوو به‌سه‌ر رۆژنامه‌گه‌ری کوردیدا. 


ئه‌زموونی هاوڵاتی، وه‌کو هه‌موو ئه‌زمونێکی تر، بێ که‌مووکورتی و هه‌ڵه‌ نه‌بووه‌، له‌هه‌مان کاتیشدا رووبه‌روی گرفت و کێشه‌ بۆته‌وه‌، جا کێشه‌کان به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌زموونه‌وه‌ بووبێت، یان به‌هۆی فشاری ده‌ره‌کییه‌وه‌ بووبێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌، رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ، توانی ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ قۆناغێکی نوێ، که‌ئه‌ویش قۆناغی ده‌رچوونه‌ له‌ رۆژنامه‌ی حزبی و  هه‌نگاونانه‌ بۆ دروستکردنی رۆژنامه‌ و ده‌زگای میدیای سه‌ربه‌خۆ. 


راگرتنی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ چا به‌هۆی هۆکاری ناوخۆیی و تایبه‌تییه‌کانی خۆیه‌وه‌ بێت یان له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا بێت، بووه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی هه‌موو رۆژنامه‌نووس و نووسه‌رانی ئه‌م هه‌رێمه‌، چونکه‌ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی به‌شێکه‌ له‌ مێژووی بزاڤی رۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی ئه‌م هه‌رێمه‌ و تاماوه‌یه‌کی زۆریش تاکه‌ که‌ناڵی ئه‌هلی و بێلایه‌ن بوو که‌هه‌موو ده‌نگه‌ جیاوازه‌کانی کۆده‌کرده‌وه‌. 


ئێستاش که‌ دووباره‌ هاوڵاتی  دێته‌وه‌ مه‌یدان ، کارێکی باش ده‌که‌ن. هیوادارم پێش هه‌موو شتێک ستاڤی هاوڵاتی سه‌یری رۆژانی رابردووی بکات، بزانێت هه‌ڵه‌کانی کامانه‌بوون، چا هه‌ڵه‌ی ئیداریی بێت یان هه‌ڵه‌ی ته‌کنیکیی بێت، هه‌وڵبدات سوود له‌و هه‌ڵانه‌ی پێشووی وه‌ربگرێت،چونکه‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌  ده‌بنه‌  ئه‌زموونێکی باش بۆی، تاوه‌کو له‌ قۆناغی داهاتوودا سوودیان لێوه‌ربگرێت. به‌ بڕوای من  رۆژنامه‌ی هاوڵاتیش وه‌کو هه‌موو شتێکی تر،پێویستی به‌ ئه‌بده‌یت کردنه‌وه‌ی خۆیی و چاوخشاندن به‌ هه‌ڵه‌کانی پێشوو، هه‌روه‌ها دانانی رێگاوشوێنی گونجاو بۆرۆژانی داهاتووی، بوونی به‌رنامه‌یه‌کی کاری  تۆکمه‌ و به‌هێز، وا ده‌کات که‌ جارێکی تر رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ببێته‌وه‌ به‌ مینبه‌ری هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگه‌کانی هه‌رێمی کوردستان.  


من دڵخۆش و گه‌شبینم به‌ وه‌رزی نوێی هاوڵاتی، که‌له‌به‌هارێکی جوان و سه‌وزدا ده‌بوژێته‌وه‌، دڵنیاشم که‌ گوڵی جوان  و بۆنخۆش ده‌گرێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار