قسه‌یه‌کى تر له‌ باره‌ى لامه‌رکه‌زی یه‌وه‌ !

5 ساڵ لەمەوپێش



ئومێد عزیز - مامۆستاى زانکۆ
له‌ سه‌روبه‌ندى سه‌رجه‌م ئه‌و قه‌یرانانه‌ى که‌ به‌رۆکى عێراق به‌ گشتى و هه‌رێمى کوردستانى به‌تایبه‌تى گرتۆته‌وه‌ له‌ بابه‌تى بێ مووچه‌یى و لاوازى دام و ده‌زگا کارگێڕی و یه‌که‌ خۆجێى یه‌کانى حکومه‌تى هرێم له‌ ڕووبه‌رو بوونه‌وه‌و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌و قه‌یرانه‌کان، گه‌لێک پێشنیار و بابه‌ت ته‌رح ده‌کرێت وه‌ک ده‌رچه‌و چاره‌سه‌ر. هه‌ندێک پێ ى وایه‌ چاره‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حکومه‌تى ناوه‌ند و ڕاده‌ستکردنى مه‌له‌فى نه‌وت و ته‌واوى مه‌له‌فه‌ دارایى یه‌کانى تره‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ به‌ به‌غدا چونکه‌ حکومه‌تى هه‌رێم له‌ ئیداره‌دانى ئه‌و مه‌له‌فانه‌داو مه‌له‌فى نه‌وت به‌ تایبه‌تى شکستى به‌رچاوى به‌ده‌ست هێناو سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو له‌ خستنه‌گه‌ڕى ئه‌م مه‌له‌فه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى نیشتمانى و به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ى لێ ى سوودمه‌ند بوو حزب و گروپ و بنه‌ماڵه‌کان و کۆمه‌لێک ده‌سته‌و تاقم بوو. هه‌ندێکى تر له‌به‌رامبه‌ردا پێیان وایه‌ چاره‌سه‌ر نه‌فه‌س درێژى و به‌کارهێنانى کارتى فشاره‌ له‌به‌رامبه‌ر حکومه‌تى ناوه‌ند تا ئه‌ندازه‌ى ناچارکردنى به‌ دانپیانان و ناردنى سه‌رجه‌م مووسته‌حه‌قات و شایسته‌ دارایى یه‌کان که‌ پشکى ئه‌م هه‌رێمه‌ن وه‌ به‌ ده‌ستوور و یاسا چه‌سپاون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌کارهێنانى مه‌له‌فى ئاو وه‌ک کارتێکى فشار که‌م تا زۆر باسى لێوه‌ ده‌کرێت.
له‌ نێوان ئه‌م دوو ته‌رحه‌ى سه‌ره‌وه‌دا که‌ تا ڕاده‌یه‌کى زۆر به‌ حیزبى کراون و وه‌کو زۆرێک له‌ بابه‌ته‌کانى تر ململانێ ى توندى حیزبیان له‌سه‌ر بنیات نراون, ته‌رحى سێهه‌م له‌ ئێستادا هاتۆته‌وه‌ ئاراوه‌و باس و خواسێکى گه‌رمى له‌سه‌ر ده‌کرێت وه‌ک چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ى هه‌رێم که‌ ئه‌ویش بابه‌تى لامه‌رکه‌زى کارگێڕى پارێزگاو یه‌که‌ خۆجێى یه‌کانه‌ وه‌ک چاره‌سه‌رێکى ناوچه‌یى له‌به‌رامبه‌ر بێباکى حکومه‌تى هه‌رێم و ده‌سته‌و سانى له‌ ئاست کێشه‌و قه‌یرانه‌ یه‌ک له‌دواى یه‌که‌کان.   
ئه‌گه‌رچى له‌ ئێستادا باس و خواسى لامه‌رکه‌زیش به‌ده‌ر نى یه‌ له‌ بابه‌تى به‌ حیزبى کردن و ناوچه‌گه‌ریى و پشک پشکێنه‌، به‌ڵام ئه‌کرێت وه‌ک ته‌رح و بابه‌تێکى ئه‌کادیمى قسه‌ى له‌سه‌ر بکرێت و له‌ ڕووى ئیدارى و یاسایی یه‌وه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنرێت که‌ تا چ ڕاده‌یه‌ک چاره‌سه‌ره‌و خزمه‌ت به‌ دۆخى قه‌یرانى دارایى و سه‌رجه‌م قه‌یرانه‌کانى ترى هه‌رێم ده‌کات.
ئه‌وه‌ى که‌ تێبینى ده‌کرێت زۆربه‌ى ووته‌و لێدوانه‌کان له‌سه‌ر پرسى لامه‌رکه‌زى به‌داخه‌وه‌ ته‌نها قسه‌ى ناو کتێبن وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى بابه‌تێکى تیۆرى و یاسایى ڕووت دا ته‌رح ده‌کرێت دوور له‌ لێکدانه‌وه‌ى شیکارى که‌ ئایا ئه‌م بابه‌ته‌ تا چه‌ند له‌گه‌ڵ واقعى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان ده‌گونجێت؟ تا چه‌ند ده‌توانێت چاره‌سه‌رى بێ مووچه‌یى و قه‌یرانه‌ دارایى و کارگێڕییه‌کانى ترى ئه‌م هه‌رێمه‌ بکات؟ ئایا لامه‌رکه‌زى له‌ دۆخێکدا که‌ وڵات له‌ قه‌یرانێکى سه‌ختى دارایى دا بێت (دروست کراو بێت یان سه‌پێنراو) گونجاوه‌و چاره‌سه‌ره‌؟ یاخود ئه‌وه‌نده‌ى تر قه‌یرانى دارایى تۆخ ده‌کاته‌وه‌و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کان سه‌خت تر ده‌کات. له‌ هه‌مووى گرنگ تر ئایا لامه‌رکه‌زى بابه‌ت و ته‌رحێکى تازه‌یه‌، یاخود ساڵانى پێشوو له‌م هه‌رێمه‌دا پیاده‌ ده‌کرا؟ ئه‌گه‌ر پیاده‌ ده‌کرا ئه‌نجامه‌که‌ى چى بوو؟ تا چه‌ند ئاستى ژیارى کۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتى و کۆمه‌ڵگه‌ى کوردى به‌ تایبه‌تى کاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌سه‌ر بابه‌تى لامه‌رکه‌زى و ئه‌نجامى چاک و خراپى؟ له‌ سۆنگه‌ى ئه‌م پرسیار و بابه‌ته‌ گرنگانه‌وه‌ ده‌کرێت بڕیار له‌سه‌ر باشى و خراپی ئه‌م پرسه‌ بدرێت بۆ ئێستاى هه‌رێم نه‌ک به‌ ته‌نها له‌ ڕووى تیۆرى و دێڕ و ووشه‌ى ناو کتێبه‌کان.
لامه‌رکه‌زى له‌ حکومه‌تى پشک پشکێنه‌ى حیزبى ده‌ردو په‌تایه‌ :
گومان له‌وه‌دا نى یه‌ که‌ سیسته‌مى لامه‌رکه‌زى سیسته‌مێکى کارگێڕى پێشکه‌وتووه‌و لایه‌نى باش و چاکى زۆر زیاتره‌ له‌ سیسته‌مى مه‌رکه‌زى، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ کوێ؟ واقعى حاڵ سه‌لماندوێتى که‌ لامه‌رکه‌زى له‌ ووڵات، هه‌رێم، یاخود شوێن و ناوچه‌یه‌گدا چاره‌سه‌ر و فریادڕه‌سه‌ که‌ خاوه‌نى حکومه‌تێکى ته‌کنۆکرات بێت، حکومه‌تێک له‌سه‌ر بنه‌ماى لێهاتوویى وسیڤى و خه‌مخۆرى خه‌ڵک بونیاد نرابێت، ئه‌گه‌ر نا له‌ حکومه‌تى پشک پشکێنه‌و وه‌لائى حیزبى سیسته‌مى لامه‌رکه‌زى هه‌رگیز ناتوانێت ڕۆڵى خۆى ببینێت و ئه‌و یۆتۆپیایه‌ى لێ به‌رهه‌م بێت که‌ له‌ ڕووپه‌رى کتێبه‌کان باسى لێوه‌ ده‌کرێت. زۆر به‌ساده‌یى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ حکومه‌تى محاصه‌صه‌و وه‌لائى حیزبى هه‌ر زوو ده‌سه‌ڵاته‌کان قۆرخ ده‌کرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندى حیزب و دواتریش بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ده‌سته‌و تاقم و کوتله‌و ده‌ست ڕۆیشتووى ناو حیزبه‌کان. هه‌ر زوو ده‌سه‌ڵاتى خه‌رجى پاره‌و واژووى گرێبه‌سته‌کان ده‌خرێنه‌ به‌رژه‌وه‌ندى کۆمپانیاى حیزبى و شخصى. لامه‌رکه‌زى ده‌ردو په‌تایه‌ له‌ ووڵات و هه‌رێمێک دا که‌ پارێزگار و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێى یه‌کانى له‌ ژێر ڕکێف و هه‌یمه‌نه‌ى مه‌ڵبه‌ند و لق و مه‌کۆ و سه‌کۆدا بێت. له‌ دۆخێکى له‌م شێوه‌یه‌دا لامه‌رکه‌زى باشترین هه‌ل و کورتترین ڕێگایه‌ بۆ به‌ تاڵان بردنى خێر و داهاتى ووڵات و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونى هه‌لپه‌رستان به‌به‌رچاوى خه‌ڵکى ڕه‌ش و ڕووت و بێ لایه‌ن و ته‌ماشاکه‌ر. زۆر به‌ کورتى و به‌ پوختى شۆڕکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان به‌ تایبه‌تى ده‌سه‌ڵاته‌ دارایى یه‌کان له‌ حکومه‌تى پشک پشکێنه‌ى حیزبى خزمه‌ته‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندى کۆمپانیا و مل ئه‌ستووره‌کانى حیزب هه‌ر یه‌که‌و له‌ ده‌ڤه‌ر و زۆنه‌که‌ى خۆى.
لامه‌رکه‌زى پێشتر تاقى کرایه‌وه‌و شکستى خوارد له‌ هه‌رێم :
ئه‌وانه‌ى لامه‌رکه‌زى وه‌ک ته‌رحێکى تازه‌و لۆک نمایش ده‌که‌ن – له‌گه‌ڵ رێزى زۆرم بۆیان – ئه‌وانه‌ن که‌ بۆ ڕۆژێکیش کاریان له‌ دام و ده‌زگاکانى حکومه‌تى هه‌رێم دا نه‌کردووه‌، یاخود که‌م تا زۆر ئاگادارى دۆخى کارگێڕى و دارایى ئه‌و دام و ده‌زگایانه‌ نه‌بوون له‌ پێشتر به‌ تایبه‌تى به‌ر له‌ قه‌یرانى دارایى، یاخود ئه‌و به‌ڕێزانه‌ن که‌ به‌رده‌وام وه‌ک تیۆریستێک قسه‌ى ناو کتێبه‌کانمان بۆ ڕیوایه‌ت ده‌که‌ن به‌بێ خوێندنه‌وه‌ى واقع و بارودۆخه‌ جیاوازه‌کان. ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ى له‌ پێگه‌یه‌کى کارگێڕى بچووکى ئه‌م هه‌رێمه‌دا بووبێت ده‌زانێت که‌ ساڵانى به‌ر له‌ قه‌یرانى دارایى لامه‌رکه‌زیه‌ت به‌ ته‌واوى مانا به‌رقه‌رار بوو وه‌ تا ئاستێکى زۆر باش ده‌سه‌ڵاته‌ کارگێڕى و دارایى یه‌کان شۆڕکرابۆوه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتى پارێزگاکان که‌ هاوشێوه‌ى له‌ زۆرێک له‌ ووڵاتانى ده‌ورووبه‌ردا نه‌بوو. تا ساڵى 2014 و به‌ر له‌ ده‌ستپێکى قه‌یرانى دارایى له‌ هه‌رێم، له‌ چوارچێوه‌ى لامه‌رکه‌زیه‌تى پارێزگاکان سه‌رجه‌م پارێزگاره‌کان بێ جیاوازى به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ک ده‌سه‌ڵاتى کارگێڕى و دارایى یان پێدرابوو که‌ ده‌یانتوانى به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زیر و سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران گرێبه‌ستى زۆر قه‌به‌و گه‌وره‌ واژوو بکه‌ن هه‌ریه‌ک له‌ چوارچێوه‌ى قه‌ڵه‌مڕه‌وى پارێزگاکه‌ى خۆى. هه‌ریه‌ک له‌ بۆدجه‌کانى (تنمیه‌ى أقالیم) و (پترۆ دۆلار) و چه‌ند جۆرێکى ترى خه‌رجى ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ پاش دابه‌شکردنى به‌سه‌ر پارێزگاکان دا سه‌رف کردن و مامه‌ڵه‌ پێوه‌کردنیان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى پارێزگاکان دا بوو. پارێزگاره‌کان ده‌سه‌ڵاتى کڕین و فرۆشتنى موڵک و ماڵى گشتى و احاله‌ کردن و واژوو کردنى  گرێبه‌ستى پرۆژه‌ و مقاولات و خزمه‌ت گوزارى له‌گه‌ڵ چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتى صه‌رفى تریان پێ سپێردرابوو. ئه‌مه‌ به‌ده‌ر له‌ شۆڕکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ کارگێڕییه‌کان که‌ به‌جۆرێک بوو پارێزگار له‌ تواناى دابوو له‌ سنوورى پارێزگاکه‌ى خۆى فه‌رمانبه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تێک بگوازێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تێکى تر به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى په‌یوه‌ندیدار. هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌و زیاتریش له‌ فه‌رمانى ساڵانه‌ى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ پارێزگارو ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکان جێگیر کرابوو جگه‌ له‌ شۆرکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بۆ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتى یه‌کان که‌ هه‌موویان له‌ ئه‌رشیفى پارێزگاکان جێگیر کراوه‌ که‌ هه‌ر که‌سێک عه‌وداڵى زمانى دۆکیومێنت و داتا بێت ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ریان و کارێکى قورس نى یه‌. 
ئێستا پرسیاره‌ ساده‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م لامه‌رکه‌زى و ده‌سه‌ڵاته‌ بێ شوماره‌ى درابوو به‌ پارێزگاکان له‌سه‌رده‌مى پاره‌ زۆرى و ڕه‌فاهیه‌ت بۆچى شکستى هێنا؟ بۆچى نه‌یتوانى خزمه‌تى دۆخى پارێزگاکان بکات؟ ساڵانى 2007 و 2008 کاتى ڕوودانى قه‌یرانى ووشکه‌ ساڵى له‌ هه‌رێم، به‌ فه‌رمانى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕه‌ پاره‌یه‌کى چه‌ند ملیارى ته‌رخان کرا بۆ پارێزگاى سلێمانى و ئیداره‌ى گه‌رمیان شێوازى خه‌رج کردنه‌که‌شى لامه‌رکه‌زییه‌کى ته‌واو بوو وه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى پارێزگاردا بوو، مه‌گه‌ر ته‌نها رب العالمین بزانێت که‌ ئه‌و پارووه‌ چه‌وره‌ چۆن به‌ گه‌نده‌ڵى ئیداره‌ دراو و له‌ چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى پارێزگاکان دا چۆن خه‌رج کراو چه‌ند کۆمپانیاو شه‌خصێک لێ ى سوودمه‌ندبوون، چه‌ندان تحقیق و دۆسیه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ که‌یسى ووشکه‌ ساڵى که‌ به‌شێکیان ڕه‌وانه‌ى دادگاکانى لێکۆڵینه‌وه‌ کران شایه‌تى ئه‌و ڕاستییه‌ن. ئه‌مه‌و چه‌ندین دۆسیه‌ى ترى گه‌نده‌ڵى سه‌لمێنه‌رى ئه‌و ڕاستییه‌ن که‌ شۆڕکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان و لامه‌رکه‌زى پارێزگاکان نه‌ک هه‌ر به‌ ته‌نها نه‌یتوانى ببێته‌ مایه‌ى ڕه‌فاهیه‌ت و خۆشگوزه‌رانى هاوڵاتى له‌ سنوورى پارێزگاو ئیداره‌ خۆجێى یه‌کان، به‌ڵکو هۆکارێک بوو له‌ به‌هه‌ده‌ردانى پاره‌و موڵک و سامانى گشتى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى حیزب و گروپ و کۆمپانیاى حیزبى و شخصى هه‌ر یه‌که‌و له‌ زۆنى قه‌ڵه‌مڕه‌وى خۆى دا. بۆیه‌ لامه‌رکه‌زى له‌ ڕابردووى ئه‌م هه‌رێمه‌دا به‌ بڕواى من نه‌ک چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌، بگره‌ هۆکارێکى دیار و ئاشکراى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى ئابوورى و دارایى بوو که‌ پاره‌و گیرفانى گه‌لێکى خاڵى کرده‌وه‌ له‌ گرێبه‌ستى کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانى حیزب دا.
له‌ قه‌یرانى ئابوورى دا حکومه‌ت پێویسته‌ مه‌رکه‌زیه‌ت بچه‌سپێنێ وه‌ک چاره‌سه‌رى کاتى : 
ئێستا کاتێتى بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ڕووپه‌ڕى کتێب و نوسینه‌ ئه‌کادیمییه‌کان له‌باره‌ى سیسته‌مى لامه‌رکه‌زى و باشى و خراپى یه‌کانى. زۆر ووتراوه‌و ده‌وترێت له‌ باره‌ى چاکى و باشى یه‌کانى سیسته‌مى لامه‌رکه‌زى و ڕۆڵى له‌ پێشخستن و کار ئاسانى بۆ ئیش و کارى هوڵاتى، به‌ڵام له‌ هه‌مان کات دا توێژه‌ر و یاساناسانى بوارى کارگێڕى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکن که‌ یه‌کێک له‌ خراپى یه‌کانى سیسته‌مى لامه‌رکه‌زى ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌رجى ووڵات زیاد ده‌کات و قورسایى دارایى زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر شانى خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت. هۆکارى ئه‌مه‌ش بێگومان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ له‌ سیسته‌مى لامه‌رکه‌زى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رف زیاتر ده‌بێ و دابه‌ش ده‌بێت بۆ چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێکى سه‌رفى جیا جیا. له‌ برى یه‌ک ده‌ست چه‌ند ده‌ستێک مافى صه‌رف کردنى هه‌یه‌ و ده‌ست له‌ میزانیه‌ى گشتى وه‌رده‌دات. بێگومان ئه‌م خاڵه‌ سه‌لبى یه‌ له‌به‌رامبه‌ر باشى و ئیجابیاته‌ زۆره‌کانى سیسته‌مى لامه‌رکه‌زى خۆى ناگرێ و نابێت به‌ پاساو بۆ خۆده‌ربازکردن له‌ جێ به‌جێکردنى ئه‌م سیسته‌مه‌، به‌لًام ئه‌مه‌ له‌ دۆخێکدا که‌ ووڵات به‌ بارێکى نائاسایى و ناهه‌مواردا تێپه‌ڕ نه‌بێت وه‌ک دۆخى قه‌یرانى دارایى و ئابوورى که‌ ئه‌وله‌وییه‌ت بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجی یه‌کانه‌. بۆیه‌ له‌ دۆخێکى وه‌ک قه‌یرانى دارایى حکومه‌ت پێویسته‌ وه‌ک چاره‌سه‌رێکى کاتى مه‌رکه‌زییه‌ت بچه‌سپێنێ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رف و دووباره‌ کۆکردنه‌وه‌ى داهاته‌کان له‌یه‌ک ده‌ست و خه‌رج کردنیان به‌ پێ ى پێویست. بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانى دارایى پێویستمان به‌ که‌مکردنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌کانى صه‌رفه‌ نه‌ک زیادکردنیان، پێویستمان به‌ قرتاندنى ده‌سته‌ وه‌همى و تاڵانچى و ده‌سته‌ بڵاوه‌کانه‌ نه‌ک واڵاکردنیان. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ حاڵێک دا ده‌سه‌ڵاتى یه‌که‌م له‌ پایه‌خت دا خۆى ده‌سه‌ڵاتێکى گه‌نده‌ڵ و نادادپه‌روه‌ر بوو ئه‌وه‌ هێشتا یه‌ک ده‌ستى گه‌نده‌ڵ و نادادپه‌روه‌ر باشتر و ئه‌هوه‌نتره‌ له‌ ته‌خشان و په‌خشان کردنى ده‌سه‌ڵات و خه‌رجی یه‌کان له‌ چه‌ند ده‌ستێکى گه‌نده‌ڵ و نادادپه‌روه‌ردا. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار