هاوڵاتی، سه‌ره‌تای ئومێدێکى نوێ

7 ساڵ لەمەوپێش



شۆڕش خدر


سه‌ره‌تا پێویسته‌ هه‌ر یه‌کێک له‌ ئێمه‌، وه‌ک خوێنه‌رێکى هاوڵاتى ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆمان بکه‌ین، ئایا هۆکاری راگرتنى رۆژنامه‌ى هاوڵاتى، وه‌کو یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ى ئه‌هلى له‌ کوردستان، چی بوو؟ بۆچى نه‌یتوانى به‌رده‌وامبێت؟ من بۆخۆم پێموایه‌ بۆ دوو هۆکارى سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هۆکارى یه‌که‌م: له‌پێناوى پاراستنى متمانه‌ و سه‌لماندنى ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ پێیده‌وترێت میدیاى سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن، ئاماده‌ نه‌بوو بچێته‌ هیچ گه‌مه‌یه‌که‌وه‌ که‌ بڕوای پێنه‌بوو، وه‌ کاریگه‌رى هه‌بێت له‌سه‌ر له‌ده‌ستدانى ئه‌و متمانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن خوێنه‌رانییه‌وه‌ پێیبه‌خشرابوو که‌ ئه‌مه‌ خۆى له‌ خۆیدا سه‌لماندنى ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ که‌ پێیده‌وترێت ئه‌خلاقى کارى پیشه‌یی بوون، هه‌روه‌ها ته‌سلیم نه‌بوون به‌و بڕیار و مه‌رجانه‌ى که‌ ده‌سه‌ڵاتى سیاسی له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستکه‌وتى مادیی و مه‌عنه‌وى، ده‌یانویست به‌سه‌ریدا بسه‌پێنن و بێده‌نگی بکه‌ن له‌ڕه‌خنه‌گرتن. هۆکارى دووه‌م: هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوه‌ مادیی و مه‌عنه‌وییانه‌ی که‌ میدیای  سه‌ربه‌خۆ پشتی پێده‌به‌ستن، له‌لایه‌ن ئه‌و ڕۆژنامه‌ و که‌ناڵانه‌ى که‌ به‌ بوودجه‌یه‌کى زه‌به‌لاح له‌لایه‌ن دوو حیزبی باڵاده‌ست پاڵپشتى ده‌کران، قۆرخکران. ئه‌مه‌ وایکرد زۆرێک له‌و رۆژنامانه‌ى که‌ هاوشێوه‌ى هاوڵاتی بوون، توشى کێشه‌ى دارایی هاتن، هه‌ژار که‌وتن و راگیران، هه‌ندێکیشیان به‌ناچاری به‌ لاوازی مانه‌وه‌.
ئه‌م دۆخه‌ مه‌ترسیداره‌ى له‌ئێستادا له‌ کوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، سه‌لماندنى ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ تاڵه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتى سیاسی له‌ دواى ڕاپه‌رین، له‌ژێر ناوى شه‌رعییه‌تى شۆڕشگێڕی و دیموکراسی خۆی سه‌پاندووه‌، له‌ رێگاى په‌روه‌رده‌کردنى کادری گوێڕایه‌ڵ و به‌کارهێنانى میدیاى حزبییه‌وه‌ کار له‌سه‌ر درووستبوونى کۆمه‌ڵگایه‌کى بێ چاودێر و بێ ره‌خنه‌ ده‌کات. درووستبوونى کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌ مرۆڤه‌کان تێیدا بێ پرسیارو بێ بیرکرنه‌وه‌ ژیان بگوزه‌رێنن، هه‌روه‌ها کار له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانى عه‌قڵیه‌تێک ده‌کات که‌ پێیان وابێت سه‌رکرده‌ و حزب له‌ برى هه‌موو، بیر ده‌کاته‌وه‌و دونیایان بۆ ده‌کات به‌ به‌هه‌شت! له‌ئه‌مه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌، کاتێک راستییه‌کان بۆ کۆمه‌ڵگا ده‌بێت به‌ وه‌هم، مرۆڤه‌کان بێ ئومێد و بێ هیوا ده‌سته‌وه‌ستانبن، هیچ  ئاماده‌گییه‌ک و قسه‌یه‌کیان نه‌بێت له‌ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان، که‌ ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا، به‌ره‌و دۆخێکمان ده‌بات، خراپتر له‌وه‌ى که‌ له‌ ئێستادا له‌ کوردستاندا ده‌گوزه‌رێت!!.
بۆیه‌ دووباره‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی  رۆژنامه‌ى هاوڵاتى، بۆ ناو گۆڕه‌پانى راگه‌یاندن له‌م دۆخه‌ پڕ له‌قه‌یرانه‌ى که‌ له‌ ئێستادا کوردستانى پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، مژده‌یه‌کى  ئومێد به‌خش و دڵخۆشکه‌ره‌، له‌ هه‌مانکاتدا سه‌ره‌تاى ده‌ستپێکردنى ئومێدێکى نوێ و بیستنى ده‌نگێکى جیاوازه‌، جیاواز له‌و ده‌نگانه‌ى که‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ناوى میدیاى سه‌ربه‌خۆوه‌، له‌ لایه‌ن هه‌ردوو حیزبی(پارتی و یه‌کێتیی)به‌ داهاتى گشتى پاڵپشتى ده‌کرێن. ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى ڕۆژنامه‌ى هاوڵاتى، وه‌کو میدیایه‌کى سه‌ربه‌خۆ و ڕه‌خنه‌گر، سه‌ره‌تایه‌که‌ بۆ شکاندنى ئه‌و بێ ده‌نگی و بێ ئومێدیه‌ی که‌ له‌ ئێستادا باڵی کێشاوه‌ به‌سه‌ر تاک به‌ تاکى کۆمه‌ڵگای کوردیدا، له‌ هه‌مانکاتدا چۆڵنه‌کردنی گۆڕه‌پانه‌که‌یه‌ بۆ ئه‌و قه‌ڵه‌م و ده‌نگه‌ فرۆشراوانه‌ى که‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ناوى ڕۆشنبیر و میدیاى بێلایه‌ن، کار له‌سه‌ر  موقه‌ده‌سکردنى سه‌رکرده‌ و سوڵتانه‌کان ده‌که‌ن، خه‌ریکى جوانکردن و په‌رده‌پۆشکردنى شکسته‌کانى ده‌سه‌ڵات و حزبه‌کانیانن.


بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕه‌پانه‌که‌ له‌مه‌ زیاتر چۆڵنه‌کرێت، بۆ میدیاى سێبه‌ر و ئه‌و میدیایانه‌ى که‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه‌  بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆیان، ئاڕاسته‌ ده‌کرێن، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ هاوکارى و پاڵپشتى خوێنه‌ران و نوخبه‌ى ڕۆشنبیر، ڕۆژنامه‌ى هاوڵاتى به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر چاودێریکردنى ده‌سه‌ڵات و درووستکردنى میدیایه‌کى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانى که‌ ئه‌مه‌ ئه‌رکێکى ئه‌خلاقى هه‌موو قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستێکى راسته‌قینه‌یه‌. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار