بۆ : سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى هه‌رێم:

سه‌رۆکى هه‌رێم، سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان،سه‌رۆکى حکومه‌ت

5 ساڵ لەمەوپێش



عومه‌رى حاجى عنایت

ئه‌بێ حکومه‌تى هه‌رێم چیبکات بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌؟
پاش 29 ساڵ له‌ ده‌سڵاتى کوردى (هه‌ردوو حیزب و ئه‌و لایه‌نانه‌ى که‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌کاندا به‌شداربوون له‌ گه‌ڵیان) سه‌لماندیان که‌ ئه‌هلى ده‌وڵه‌تداریی نه‌بون ، یاریان به‌ سه‌روه‌ت سامانى ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ کرد، له‌ ساڵى 2005 تا ساڵى 2014 زیاتر 120 ملیار دینار  له‌ به‌غداوه‌ هاتوه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان، نمونه‌ى زۆر هه‌یه‌، ده‌یسه‌ڵمێنێت چۆن حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌ى به‌ بێ پلان بۆ مه‌به‌ستى حیزبى و سه‌رکه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان و دامه‌زراندنى هه‌ڕه‌مه‌کى و دیوه‌خانانه‌ و له‌ ده‌یان جۆریترى گه‌نده‌ڵیدا خه‌رجکرد، پڕۆژه‌ى نا پێویست، چۆن گوڕوتینى خۆى خسته‌ گه‌ڕ بۆ ئاوه‌دانى شاره‌کان و گونده‌کانى پشتگوێخست، چۆن ماڵ و موڵکى ده‌وڵه‌ت به‌ تاَلانبران، به‌ چ شێوازێک ده‌یان کارگه‌یان هه‌ڕاجکرد، سه‌ربارى شه‌رعاندنى بردنى ماڵو موڵکى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ ته‌نها ده‌سته‌واژه‌یه‌کى سه‌رۆکه‌ یه‌ک له‌ دواى یه‌که‌کانى هه‌ردوو ئیداره‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران فه‌رمانیان ده‌رده‌کرد و ده‌یاننوسی( بڕیارماندا، به‌ ته‌رخانکدنى زه‌وى .....بۆ .....به‌ده‌ر له‌ یاساى 1ماره‌ 32 ى ساڵى 1986 فرۆشتن و به‌ کرێدانى ماڵ و موڵکى ده‌وڵه‌ت) ئاخر ئه‌مه‌ چ ئیداره‌دانێکه‌ بێئه‌وه‌ى زۆربه‌ى که‌رته‌ خزمه‌تگوزاریه‌کانى ئه‌م هه‌رێمه‌ قۆناغه‌ مێژوویه‌که‌ى خۆیان تێپه‌ڕێنن و لانى که‌مى بژێوى تاکى ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ مسۆگه‌ر بکرێت، زۆربه‌ى بواره‌کانى ژیان درایه‌ ده‌ست که‌رتى تایبه‌ت له‌ (به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت، غاز، کاره‌با، به‌شێک له‌ خزمه‌تگوزاریه‌کانى خوێندنى باڵا په‌روه‌دره‌، ئاو ، شاره‌وانى، کۆنترۆڵى جۆرى سه‌ر سنوره‌کان، پڕۆژه‌کانى گه‌یاندن، ئینته‌رنێت و مۆبایل،  بوارى نیشته‌جێ، پڕۆژه‌کانى وه‌به‌رهێنانى ده‌ۆله‌ت) که‌رتى تایبه‌ت، به‌ شێوه‌یه‌ک په‌ره‌ى سه‌ند حکومه‌تى هه‌رێم جگه‌ له‌ چاودێرێک هیچى بۆ نه‌مایه‌وه‌، کۆمه‌ڵگه‌ کرایه‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى مووچه‌خۆرى مشه‌خۆر، زۆربه‌ى خه‌ڵک چاوه‌ڕێى ده‌ستى حکومه‌ت و حکومه‌تیش چاوه‌رێى به‌غداو بیره‌ نه‌وته‌کانه‌، به‌رهه‌مى نه‌وتیش به‌ شێوه‌یه‌که‌ کۆمپانیاکانى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت، به‌ پشکى 77% و حکومه‌ت به‌ 23% بووه‌ شاگردى کۆمپانیاکان، له‌و 23% ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ که‌متره‌ له‌وه‌ى بژێوى خه‌ڵکى کوردستان و حکومه‌ت دابینبکات، ئه‌و کاره‌ساته‌ى ساڵى 2014  و پاش داڕمانى نرخى نه‌وت و سه‌رهه‌ڵدانى داعش رویدا، سه‌رچاوه‌کانى داهاتى حکومه‌ت لاواز بوو، حکومه‌ت له‌برى ئه‌وه‌ى قه‌ره‌بوى ئه‌م داڕمانه‌ له‌و سه‌رمایه‌دارو کۆمپانیایانه‌ بکاته‌وه‌ که‌ له‌ سایه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا گه‌وره‌بوون بونه‌ سه‌رمایه‌دارى زه‌به‌لاح، به‌ سستمى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ سزاى کارمه‌ندانى ده‌وڵه‌تیدا، پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌کانى راگرت و سزاى خه‌ڵکیدا، له‌و ده‌مه‌دا ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان بوین، په‌یمانیاندا که‌ ئیتر ئه‌وه‌نده‌ پشت به‌ به‌رهه‌مى نه‌وت و به‌شه‌ بوجه‌ى به‌غدا نه‌به‌ستن، سه‌رچاوه‌ى داهات زیادبکه‌ن، به‌غدا به‌ پێدانى ئه‌و بودجه‌یه‌، ده‌یه‌وێ هه‌یبه‌تى ئه‌م هه‌رێمه‌ بشکێنێیت، وورده‌ وورده‌ به‌ زه‌برى پاره‌ بیخاته‌وه‌ ژێر رکێفى خۆى، ئه‌زمونه‌که‌ له‌ناو به‌رێت، نه‌وتیش ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه‌، که‌ سه‌رمایه‌داره‌ زه‌به‌لاحه‌کانى جیهان ئه‌وانه‌ى له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ گۆى زه‌وى ئیداره‌ ده‌ده‌ن، نرخى نه‌وت دیاری ده‌که‌ن، ئه‌مڕۆ به‌چه‌ند و سبه‌ى به‌ چه‌نده‌؟! چ دراوێک سه‌رخه‌ن و چى بشکێنن،ده‌رکه‌وت نه‌ک هه‌ر سودیان له‌و شکسته‌ى 2014 وه‌رنه‌گرت، به‌ره‌و خراپتریان برد، ئێستا هه‌رێم له‌ بارودۆخێکدایه‌ که‌س ئێره‌یی پێنابات، کاتێک شاندى حکومه‌ت چه‌ند جار ده‌چنه‌ به‌غدا به‌ حساب بۆ سه‌ندنى مافه‌ دارییه‌ شایسته‌کانى هه‌رێم، مرۆڤ شه‌رم دایده‌گرێ، شاندى هه‌رێم که‌ ده‌چنه‌ ده‌ربار له‌ به‌غدا له‌و کوڕه‌ سه‌رکێشه‌ ده‌چن که‌ قایل نیه‌ له‌گه‌ڵ  زڕ باوکه‌که‌یدا بژى، له‌ ماَڵ ته‌وه‌لا ده‌بێت، ده‌یه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بژى، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک پاره‌کانى ته‌خشان و په‌خشان ده‌کات، که‌ سه‌یرى گیرفانى به‌تاَڵى ده‌کات، به‌لاره‌ملى و سه‌رشۆڕییه‌وه‌ جارێکیتر له‌ قاپى زڕ باوک ده‌دات، ئه‌ویش ده‌رگاى لێناکاته‌وه‌، ئێمه‌ى کورد چاوه‌ڕێبوین، به‌غدا چاو له‌ ئه‌زمونه‌که‌مان بکات، به‌داخه‌وه‌ واده‌رنه‌چوو، هه‌رێمێک پێش دوو ساڵ و نیو، ئیدیعاى سه‌ربه‌خۆییمان ده‌کرد، ئێستا نه‌ک ئاماده‌ن واز له‌ نه‌وت و داهات بهێنن، به‌ڵکو هه‌ڕه‌اجى خاکیش ده‌که‌ن ته‌نها بۆ وه‌رگرتنى ملیار دیناره‌ له‌ به‌غدا، مووچه‌ى کارمه‌ندات بده‌ن و بێده‌نگیان بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى، ئه‌و هه‌موو سته‌مو به‌ تاڵانبردنه‌ له‌ بیرى خه‌ڵک ببه‌نه‌وه‌ و به‌رده‌وامبن له‌ به‌تاَلانبردنى سه‌روه‌ت و سامانى کوردستان، یان هه‌رهیچ نه‌بێت ئه‌وه‌ى بردویانه‌ به‌ هێمنى بیخۆن ، که‌س نقه‌ى لێوه‌نه‌یت، ئه‌گه‌ر حکومه‌ت ده‌یه‌وێ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت و هیچ نه‌بێت زه‌ره‌ر له‌ نیوه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌،  ئه‌زمونى هه‌رێمى کوردستان پارێزراوبێت ئه‌وه‌نده‌ چاو له‌ ده‌ستى به‌غدا نه‌بێت،  بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت مانگانه‌ مووچه‌ له‌ کاتی خۆیدا بدات و بودجه‌ى وه‌گه‌ڕخستن وه‌به‌رهێنان تا راده‌یه‌ک دابینبکات،( نابێت حکومه‌ت ته‌نها چاوى له‌ باج و گومرگ و داهاتى نه‌وت بێت پێویسته‌ سه‌رچاوه‌ى داهات زیاد بکات، ئه‌م هه‌رێمه‌ هى خه‌ڵکه‌، حکومه‌ت نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵکه‌که‌ى ده‌کات، ناکرێت حکومه‌ت له‌و کۆمپانیانه‌ که‌م ده‌سه‌ڵاتتر بێت که‌ له‌ سایه‌ى ئه‌ودا دروستبوون، پێش 1991 خاوه‌نى هیچ نه‌بوون، له‌سایه‌ى خێروبێرى ئه‌م هه‌رێمه‌دا ئاوا گه‌شه‌یان کرد و حکومه‌ت موفلیس ئه‌وان مۆڵتى ملیاردێر)، چه‌مکێک هه‌یه‌ پێى ده‌وترێ خۆماڵیکردن(تأمیم) ئێوه‌ ئه‌م چه‌مکه‌ ده‌زانن، له‌ یادتانه‌ ئه‌حمه‌د حسن به‌کر  به‌و دڕنده‌ی و فاشیه‌ته‌ى خۆشیه‌وه‌، چۆن کۆمپانیا نه‌وتیه‌کانى له‌ عێڕاق وه‌ده‌رنا و تأمیمى نه‌وتى کرد
بۆیه‌  پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتى کوردى(سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، پارله‌مان، حکومه‌ت) به‌ په‌له‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بگرنه‌به‌ر:
یه‌که‌م: رێکاره‌ خێراکان
1-    جێبه‌جێکردنى یاسای چاکسازى به‌رکار
2-    که‌مکردنه‌وه‌ى مووچه‌ى کارمه‌ندانى پله‌ نایاب و پله‌ یه‌ک و دوو له‌ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن و یاسادانان و دادوه‌ریشه‌وه‌ به‌ رێژه‌یه‌کى به‌رچاو
3-    هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى بۆ کۆمپانیاکانى که‌رتى تایبه‌ت کراوه‌ له‌ ده‌وازه‌ سنوریه‌کان ، حکومه‌ت خۆى به‌و کاره‌ هه‌ستێ( حکومه‌ت سوپایه‌ک کارمه‌ندى هه‌یه‌ سوود له‌و کارمه‌ندانه‌ وه‌ربگرێت بۆ ئه‌م کاره‌)
4-    هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌کانى کۆکردنه‌وه‌ى پاره‌ى ئاوى هاوڵاتیان و جێبه‌جێکردنى ئه‌م کاره‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى شاره‌وانى خۆى که‌  ئێستا زیاتر له‌ 40000 چل هه‌زار کارمه‌ندى هه‌یه‌( سه‌یر له‌وه‌دایه‌ کۆمپانیایه‌ک به‌ چه‌ند سه‌د کارمه‌ندێکه‌وه‌ ئه‌م کاره‌ بکات به‌ڵام وه‌زاره‌تێک به‌ چل هه‌زار کارمه‌نده‌وه‌ نه‌توانێ ئه‌م کاره‌ بکات)
5-    جێبه‌جێکردنى سستمى پێوه‌رى زیره‌ک بۆ هاوبه‌شانى کاره‌با، به‌ خێراترین کات، به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌ر هاوبه‌شێک مانگانه‌ پاره‌ى کاره‌با نه‌دات ئۆتۆماتیکیا کاره‌باکه‌ى ببڕێت( وه‌ک ئه‌وه‌ى لاى مولیده‌ ئه‌هلیه‌کان ئه‌کرێت)(به‌ مه‌رجێک مووچه‌ له‌ کاتى خۆیدا بدرێت)
6-    وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ى که‌ لاى کۆمپانیاکانى که‌رتى تایبه‌ته‌(به‌ بێ سوده‌که‌ى به‌ 800ملیار دینار مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت) هه‌موو قه‌رزێک ماوه‌ى بۆ دیاریکراوه‌، ناکرێت قه‌رزێک له‌ 2010 وه‌ درابێت تا ئێستا وه‌رنه‌گیرابێته‌وه‌؟!!!
7-    دوو پاڵاوگه‌ى سه‌ره‌کى له‌ کوردستان هه‌یه‌، پێشتر به‌ پاره‌ى حکومه‌تى ناوه‌ند بونیاد نران، دواتر دوو کۆمپانیاى که‌رتى تایبه‌ت ته‌واویان کرد، گه‌شه‌یان پێدا، پێویسته‌ حکومه‌ت به‌ بارته‌قاى  ئه‌و تێچونه‌ سه‌ره‌تایه‌ و بڕى ئه‌و نه‌وته‌ خاوه‌ى ئه‌یداته‌ ئه‌و دوو پاڵاوگه‌یه‌، پشکى هه‌بێت له‌ قازانج و زیانى ئه‌و دوو پاڵاوگه‌یه‌دا
8-    ئیجبارى کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانى کوردستان بکات( که‌ ژماره‌یان ناگاته‌ بیست کۆمپانیا) ئه‌وانه‌ى پێش راپه‌ڕین خاوه‌نه‌کانیان خاوه‌نى یه‌ک بۆ هه‌زارى ئه‌م سامانه‌ى ئێستا نه‌بوون، به‌ هێمه‌ت یان به‌ قیمه‌ت مانگانه‌ هاوکارى نه‌قدى حکومه‌ت بکه‌ن تا له‌م قه‌یرانه‌ ده‌رباز ده‌بێت)
9-    که‌کردنه‌وه‌ى پاسه‌وانى به‌رپرسه‌کان و حیزبه‌کان(وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌ یاساى چاکسازیدا هاتوه‌)
10-    هه‌رچۆن سه‌پێنرا به‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانى خولى چواردا، که‌ به‌ ئۆتۆمبێلى خۆیان هاتوچۆبکه‌ن( دونیاش وێران نه‌بوو)ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ بۆ هه‌موو کارمه‌ندانى ده‌ۆله‌ت( له‌ سه‌رۆکى هه‌رێمه‌وه‌ تا دوا به‌ڕیوه‌به‌ر جێبه‌جێ بکرێت واته‌ ئۆتۆمبێلى حکومه‌ت بۆ هیچ کارمه‌ندێک دابینه‌کرێت، با به‌ ئۆتۆمبێلى خۆیانه‌وه‌ ده‌وام بکه‌ن)
11-    چاوخشاندنه‌وه‌ (به‌ مه‌به‌ستى که‌مکردنه‌وه‌) بۆ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى که‌ واژۆ کراون بۆ خزمه‌تکردنى رۆژانه‌ نه‌خۆشخانه‌ و زیندانه‌کان و دامه‌زراوه‌ حکومیه‌کان و پاککردنه‌وه‌ى خۆڵو خاشاکى شارو شارۆچکه‌کان
12-    چۆڵکردنى ئه‌و بینایانه‌ى که‌ هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ به‌کرێ گرتویانه‌، فه‌رمانگه‌کانیان له‌ بینا حکومیه‌کانا جێبکه‌نه‌وه‌، واز له‌م بیرۆکراتیه‌ بهێنن له‌ شێوازى  به‌ڕیوه‌بردندا( هه‌ر کارمه‌نده‌و قه‌ڵمێکى به‌ یه‌خه‌وه‌ بێت، ئه‌بێ ژوورى تایبه‌ت، سکرتێر، ئۆتۆمبێل و شۆفێرى تایبه‌ت و حه‌شه‌م و خه‌ده‌مى  هه‌بێت)
-    دووهه‌م: رێکاره‌ ئاینده‌یه‌کان(دوو ساڵ تێپه‌ڕنه‌کات)
أ‌-    بوارى ئیدارى 
1-    جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان و سه‌ربه‌خۆبوونى ده‌سه‌ڵاتى یاسادان و دادوه‌رى، ده‌رهێنانیان له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردندا، یه‌که‌م هه‌نگاو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دیاریکردنى بودجه‌ سه‌ربه‌خۆکه‌یانه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌نده‌ چاو له‌ ده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن نه‌بن
2-    شۆَرکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان(کارگێڕى و دارایی) له‌ سه‌رۆکى هه‌رێمه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکى حکومه‌ت، له‌ویشه‌وه‌ بۆ وه‌زیره‌کان، له‌ وه‌زیره‌کانه‌وه‌ بۆ پارێزگار و به‌ڕیوه‌به‌ره‌ گشتیه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان، به‌شێوه‌یه‌ک پارێزگا و شارو شارۆچکه‌کان که‌مترین پێویستان به‌ هاتوچۆى هه‌ولێر و پارێزگاکان هه‌بێت 
3-    رونى(شه‌فافیه‌ت) له‌ داهات و خه‌رجى هه‌رێمه‌که‌مان به‌ تایبه‌ت نه‌وت گاز، یه‌که‌م هه‌نگاو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌(کارا کردنى سندوقى داهاته‌ نه‌وتى و گازیه‌کانه‌) که‌ زیاتر له‌ 5 ساڵه‌ به‌ یاسا رێکخراوه‌ و کارى پێناکرێت 
4-    که‌مکردنه‌وه‌ى ژماره‌ى وه‌زاره‌ته‌کان بۆ 10 وه‌زاره‌ت، دوو یان سێ وه‌زاره‌ت بکرێنه‌ یه‌ک، به‌م پێیه‌، حکومه‌ت له‌ سه‌دان پۆستى نا پێویست و  بیرۆکراتى رزگارى ده‌بێت، بۆ نمونه‌( یه‌کخستنى ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ له‌ یه‌ک وه‌زاره‌تدا( ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ - شاره‌وانى - گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن)( ته‌ندروستى -کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى - ده‌سته‌ى ژینگه‌) (کاره‌با - پیشه‌سازى و بازرگانى -سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌کان) (پێشمه‌رگه‌ - ناوخۆ - کاروبار بارى شه‌هیدان)( ناکرێت ووڵاتێکى وه‌ک سویسرا ته‌نها حه‌وت وه‌زاره‌تى هه‌بێت، به‌ڵام له‌ کوردستان( که‌ ده‌وڵه‌ت نیه‌) بیست و پێنج وه‌زیر هه‌بێت جگه‌ له‌ سه‌رۆک ده‌سته‌کان
5-    هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌کانى هه‌رێم بۆ بواره‌ جیا جیاکان، تێکه‌ڵکردنیان له‌ یه‌ک وه‌زاره‌تدا 
6-    هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌موو ده‌سته‌کان په‌یوه‌ستکردنیان به‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه‌ له‌ شێوه‌ى به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تى گشتیدا به‌ هه‌مان ده‌سه‌ڵاته‌وه‌
7-    هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى  پۆستى به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتیه‌کان و جێگره‌کانیان له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاکان و بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و به‌ ده‌سه‌ڵاتى زیاتره‌وه‌(نزیکه‌ى 200 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى له‌ کوردستان هه‌یه‌، ئه‌کرێت به‌ 25 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ڕیوه‌ بچێت)
8-    که‌مکردنه‌وه‌ ژماره‌ى راوێژکارو شاره‌زاکان بۆ که‌مترین ژماره‌ له‌ هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى کوردستان( یاسادانان، جێبه‌جێکردن، دادوه‌رى)
9-    که‌مکردنه‌وه‌ى ژماره‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ 111 ئه‌ندامه‌وه‌ بۆ 56 ئه‌ندام له‌و کاته‌دا یه‌ک ئه‌ندام نوێنه‌رایه‌تى 100000 که‌س ده‌کات له‌ هه‌رێم نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ که‌ یه‌ک ئه‌ندام نوێنه‌رایه‌تى که‌متر له‌ 50000 که‌س ده‌کات
10-    تێکه‌ڵکردنى(دمج) کردنى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان، له‌ یه‌ک ئه‌نجومه‌ندا به‌ شێوه‌یه‌ک یه‌ک ئه‌ندام نوینه‌رایه‌تى 50000 که‌س بکات نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌، یه‌ک ئه‌ندام نوێنه‌رایه‌تى که‌متر له‌ 25000 که‌س ده‌کات.
ب‌-    بوارى دارایى و ئابورى
1-    گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و موڵکانه‌ى ده‌وڵه‌ت که‌ له‌ لایه‌ن حیزب و به‌رپرس و کۆمپانیان و ئه‌و که‌سانه‌ى به‌پرسه‌کانیان له‌ پشته‌وه‌یه‌، به‌ زۆر داگیرکراوه‌ یان به‌ فێڵى یاسایی و به‌ کارهێنانى ده‌سته‌ واژه‌ى( به‌ده‌ر له‌ یاساى فرۆشتن و به‌کرێدانى ماڵ و موڵکى ده‌وڵه‌ت به‌ ژماره‌ 32 ى ساڵى 1986 براوه‌) به‌و موڵکانه‌شه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکى حیزبه‌کان قۆڕغکراون ، به‌و زه‌ویانه‌شه‌وه‌، که‌ بۆ پڕۆژه‌کانى وه‌به‌رهێنان وه‌رگیراون،  پڕۆژه‌که‌یان له‌ خزمه‌تى هه‌ژاران و که‌م ده‌رامه‌تانى گه‌لدا نه‌بووه‌( بۆ نمونه‌ پڕژه‌یه‌کى نیشته‌جێ که‌ ڤیلا یان شوقه‌ى گرانبه‌هاى دروستکردوه‌، که‌ نرخه‌که‌ى له‌ ده‌هه‌زار دۆلارى کاش به‌ره‌و ژووره‌) چۆن ده‌بێ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ وه‌به‌رهێنان بێت و له‌ باج و خه‌راج ببه‌خشرێت له‌ کاتێکدا هیچ خزمه‌تى به‌ خه‌ڵک نه‌کردوه‌ جگه‌ له‌ خه‌ڵکى خاوه‌ن پاره‌و سامان، ئه‌گه‌ر موڵکه‌کان خه‌رجى زۆرى تێدا کراوه‌، به‌ نرخى راسته‌قینه‌ به‌وانه‌ بفرۆشرێته‌وه‌ که‌ داگیریان کردوه‌، باجى ساَلانى رابوردشیان لێوه‌رگرنه‌وه‌
2-    چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ مۆَڵه‌ته‌کانى وه‌به‌رهێنان، وه‌رگرتنه‌وه‌ى مۆڵه‌ت له‌و پڕۆژانه‌ى که‌ سودى گشتیان نیه‌، وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کى بازرگانى تایبه‌ت ئه‌نجامدراون، بۆ ئه‌وه‌ى حکومه‌ت بتوانێ نرخى راسته‌قینه‌ى زه‌ویه‌که‌ له‌ وه‌به‌رهێنه‌ر وه‌رگرێت و باجى پێویست بخاته‌ ئه‌ستۆى خاوه‌نى پڕۆژه‌که‌ له‌ رۆژى ته‌واو بونیه‌وه‌
3-    ئیجبارى وه‌به‌رهێنه‌ره‌کانى بوارى نیشته‌جێکردن بکرێت به‌ تۆمارکردنى یه‌که‌ نیشته‌جێکان به‌ ناوى کڕیاره‌کان (گریمان 250 هه‌زار یه‌که‌ له‌ کوردستان هه‌بێت و هه‌ر یه‌که‌یه‌ک نرخه‌که‌ى 8 هه‌زار دۆلار بێت، ره‌سمى تۆمارکردنه‌که‌ى ده‌کاته‌ 60 ملیۆن دۆلار)
4-    خۆماڵیکردنى به‌شێک له‌ پڕۆژه‌کانى بوارى نه‌وت، وه‌به‌رهێنانى کاره‌با، چیمه‌نتۆ، بۆ ئه‌وه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ داهات بۆ حکومه‌ت
5-    کارگه‌کانى جگه‌ره‌ له‌ سلێمانى و له‌ هه‌ولێر رۆژانه‌ دوو ملێۆن پاکه‌تى جگه‌ره‌ى به‌غدایان به‌رهه‌م ده‌هێنا به‌ هه‌ڕاجکردنى ئه‌م کارگانه‌ 5000 خێزان له‌ کارمه‌ند و کرێکار و شۆفێر و پاسه‌وان و پاکه‌وان و جوتیار بێکاربوون، ئێستا بازرگانى جگه‌ره‌ قۆڕغه‌ بۆ چه‌ند کۆمپانیایه‌ک، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ جگه‌ره‌ قه‌ده‌غه‌ بکه‌ن که‌ ناتوانن بیکه‌ن هاورده‌ کردنى راگرن، ئه‌گه‌ر جگه‌ره‌ش پێویسته‌ چۆن کارگه‌کان به‌ هه‌ڵه‌ هه‌ڕاجکران ئاوا دروستیانکه‌نه‌وه‌ 
6-    به‌ سه‌دان هه‌زار دۆنم له‌ لایه‌ن به‌رپرسان و سه‌رمایه‌داره‌کانه‌وه‌ کراونه‌ته‌ شوێنى حه‌وانه‌وه‌، زۆربه‌ى شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌کانى وه‌ک( سه‌رسه‌نگ، دوکان، مێرگه‌پان، دۆڵى سماقۆلى، پیرمام، سیته‌ک، هه‌زار مێرد,,,,هتد) پڕۆژه‌ یاسایه‌کم بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م کێشه‌یه‌م ئاماده‌ کرد، ، ساڵى 2016 له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ناردم  بۆ حکومه‌ت به‌ حساب له‌ 30 رۆژدا راى حکومه‌ت وه‌رگرین (لاى به‌ڕێز عوسمان شوانی ه‌) به‌ حساب له‌ ماوه‌ى 30 رۆژدا وه‌ڵاممان بداته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ چووه‌ گۆڕستانى دۆسیه‌کانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن و با له‌ په‌رله‌مان ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت مافى گشتى پارێزراو ده‌بێت، به‌ سه‌دان ملیار دینار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم،  هه‌رکه‌سی به‌و مه‌رجانه‌ قایل  نه‌بوو که‌ له‌ پڕۆژه‌که‌دا هاتوه‌، به‌ ئاسانى لێیوه‌رده‌گیرێته‌وه‌ و روبه‌ره‌کانیش به‌ سه‌وزى ده‌مێننه‌وه‌
7-    روو له‌ خاک بکه‌نه‌وه‌ گرنگى به‌ گونده‌کانى کوردستان بده‌ن، (پڕۆژه‌ى ئاوه‌دانى گونده‌کانى کوردستان له‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌ و لاى خۆشم پارێزراوه‌)به‌رهه‌مى خۆماڵى بپارێزن، بره‌و به‌ خانوه‌ پلاستیکیه‌کان بده‌ن، هاوکارى جوتیاره‌کان بکه‌ن له‌ روى دابینکردنى( گاز، نه‌وت، کاره‌با، کودى کیمیایی، مه‌وادى قه‌لاچۆ,,,هتد) بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ک ووڵاتانى دراوسێ ب درێژایی ساڵ به‌رهه‌مى( ته‌ماته‌، کوله‌که‌، باینجان، بامیه‌، سه‌وزه‌.....هتد) خۆماڵى هه‌بێت و ئه‌وه‌نده‌ روو له‌ ده‌ستى ووڵاته‌ دراوسێکان نه‌بین
8-    زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن ته‌ن به‌رهه‌مى ساڵانه‌ى گه‌نممان هه‌یه‌،  به‌ڵام چاومان له‌ ئاردى ئێران و تورکیایه‌، چاودێرى ئاشه‌کان بکه‌ن با به‌ شێوه‌یه‌کى زانستى گه‌نم بهاڕن، پێش ئه‌وه‌ى گه‌نمه‌که‌ بکه‌نه‌ گوێنیه‌وه‌ ساردى بکه‌نه‌وه‌، با گه‌نمى سفر به‌رهه‌م بهێنن، بۆ گه‌نمى نان چاومان له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌کانى ئێران و تورکیا و عێڕاق نه‌بێت، ئێوه‌ چ حکومه‌تێکن نه‌توانن ئاشیێکى هاڕینى گه‌نمتان نه‌بێت، به‌رهه‌مى کاره‌با هى ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، ده‌رمان له‌ که‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ به‌رهه‌م بێت، پاڵاوگه‌ بدرێته‌ که‌رتى تایبه‌ت، کارگه‌ى چیمه‌نتۆتان هه‌بوو، هه‌ِڕاجتان کرد
9-    له‌ ساڵانى هه‌شتاکاندا سه‌دان جۆر  به‌رهه‌مى پێداویستى رۆژانه‌  له‌ کوردستان لاى خۆمان دروستده‌کرا، پشتیوانى کارگه‌ بچوکه‌کان ده‌کرا، (کاره‌با بۆ ماڵان به‌ 20 فلس بوو، بۆ ئه‌و کارگانه‌ به‌ 8 فلس، ده‌ۆله‌ت 60% ى پاره‌ى پڕۆژه‌که‌ى ئه‌دایه‌ به‌ بێ سوود) ئێستا ئێوه‌ دوژمنایه‌تیان ده‌که‌ن، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ زۆربه‌ى پێداویستیه‌کان له‌ کوردستان به‌رهه‌م ده‌هات، به‌ پێ ى یاساى وه‌به‌رهێنان ژماره‌ 4 ى ساڵى 2006 ئه‌وه‌ى ڤیلایه‌ک بۆ ده‌ۆله‌مه‌نده‌کان دروستده‌کات، ئوتێلێکى پێنج ئه‌ستێره‌) 15 ساڵ له‌ باج ده‌به‌خشرێ، کاربا، ئاو، خزمه‌تگوزارى جۆراو جۆر ده‌به‌نه‌ نزیک پڕۆژه‌که‌ى، له‌ولاوه‌ ئێستا دژایه‌تى کارگه‌ بچوکه‌کان ده‌کرێت، کاره‌باى گران، سوته‌مه‌نى گران، ئاوى گران، باجى زۆرو زه‌وه‌ند، ئه‌مه‌یه‌ وایکردوه‌ زیاتر له‌ 2000 کارگه‌ى بچوک له‌ کوردستان کَڵۆم بکرێت بۆ هه‌موو شتێک چاومان له‌ ده‌ره‌وه‌ بێت، سه‌رنجى رێژه‌ى هاورده‌ له‌ چاو نێرده‌دا بکه‌ن، به‌راوردى هه‌ردو رێژه‌که‌ بکه‌ن، بزانن ئێوه‌ حکومه‌ت به‌ڕیوه‌ ده‌به‌ن یان ئۆردوگا
10-    نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت له‌ کوردستان بۆ ئه‌وانه‌ى قوتى خه‌ڵکیان بردوه‌ و  بوونه‌ سه‌رمایه‌دار، نه‌خۆشخانه‌ گشتیه‌کانیش بۆ هه‌ژاره‌کان، سستمى ته‌ندروستى به‌ خێرایی به‌ ئاراسته‌ى که‌رتى تایبه‌ت ده‌چێ، له‌ کاتێکدا نه‌توانراوه‌، لانى که‌مى بژێوى تاکى کۆمه‌ڵگه‌ دابینبکرێت، ناکرێت که‌رتى ته‌ندروستى به‌ ئاڕِاسته‌ى که‌رتى گشتى ببرێت، لانى که‌م بژێوى تاک مسۆگه‌ر نه‌بێت، دڵنیایی ته‌ندروستى نه‌بێت.
11-     قوتابیان و خوێندکارانى کوردستان بونه‌ته‌ دوبه‌ش هه‌ژاره‌کان له‌ زانکۆ و خوێندنگا و باخچه‌ى ساوایانى که‌رتى گشتى به‌ که‌مترین توانا و ئاسته‌وه‌ ده‌وام ده‌که‌ن، خوێنکاران و قوتابیانى به‌رپرس و سه‌رمایه‌داره‌کان له‌ قوتابخانه‌ و زانکۆکانى که‌رتى تایبه‌ت ده‌خوێنن، پێویسته‌ حکومه‌ت، به‌ په‌له‌ له‌م روه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵگرێت و زیاتر بره‌و به‌ خوێندنگا و زانکۆکانى که‌رتى گشتى بدات و رێگه‌ نه‌دات ئه‌م جیاوازیه‌ له‌ کۆمه‌َلگه‌دا له‌وه‌ زیاتر زه‌ق ببێته‌وه‌ و جیاوازى چینایه‌تى له‌م هه‌رێمه‌دا له‌ ووڵاته‌ سه‌رمایه‌داره‌کان زیاتر هه‌ستیپَێده‌کرێت
 (زۆرن ئه‌وانه‌ى بیرۆکه‌ى چاکسازیان لایه‌، راوێژیان پێبکه‌ن، گه‌ر گونجاو بوو به‌ قسه‌یان بکه‌ن)


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار