‌ ‌ ‌له‌لێوارى هه‌ڵدێرداین

5 ساڵ لەمەوپێش



کاوه‌ محه‌مه‌د

له‌ده‌ره‌نجامى به‌رده‌وامیدان به‌و حوکمڕانیه‌ شکستخواردووه‌ى له‌ساڵى ١٩٩١ه‌وه‌ هه‌رێمى کوردستانى پێ به‌ڕێوه‌براوه‌، دۆخه‌که‌ نه‌ک گه‌یشتۆته‌ بنبه‌ست، به‌ڵکو که‌وتۆته‌ لێوارى هه‌ڵدێرێکه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌رى به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ و ئاماژه‌کانى شه‌قام و تۆنى پێ‌ له‌تووڕه‌یى خه‌ڵکیش، زه‌نگى ته‌قینه‌وه‌یه‌کى جه‌ماوه‌ریان لێوه‌ دێت که‌ که‌س ناتوانێ پێشبینى عاقیبه‌ته‌که‌ى بکات.
له‌راستیدا به‌داخێکى زۆره‌وه‌ ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێین که‌ له‌سه‌رده‌ستى بازرگان و مافیاکانى سیاسه‌ت و حزبایه‌تی، هه‌رێم وه‌ک ئابوورى له‌ژێر راده‌ى ئیفلاسبووندایه‌، وه‌ک پێگه‌ى سیاسى به‌ ته‌واوى لاواز و که‌وتووه‌ (به‌تایبه‌ت له‌دواى ریفراندۆم-ه‌وه‌)، په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئاستێکى هێنده‌ نزم دابه‌زیوه‌ که‌ دانوستان بۆ ناردنى ته‌نها مووچه‌ى مانگێکى هه‌رێم و دانانى که‌سێکى دیاریکراو به‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بکرێت، له‌رووى په‌یوه‌ندیى ناوخۆیى هێزه‌ سیاسیبه‌کان-ه‌وه‌ له‌وپه‌ڕى گرژى و بێ متمانه‌ییدایه‌، بۆشایى نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات یه‌کجار به‌رفراوان و قووڵبۆته‌وه‌.
ئیتر پێموایه‌ هه‌رێمه‌ (٢٩) ساڵیه‌که‌مان کۆتاییه‌کانى دوایین چاره‌گى ته‌مه‌نى خۆى به‌ڕێده‌کات..
ئه‌مه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کى تایبه‌تى خۆمه‌ و هه‌ر خۆشم لێى به‌پرسیارم، به‌ڵام هاوکات ده‌بێ بڵێم که‌ به‌رپرسیارێتى رزگارکردنى دۆخه‌که‌ و دوورخستنه‌وه‌ى له‌و عاقیبه‌ته‌، له‌ئه‌سنۆى ئه‌وانه‌دایه‌ که‌ هه‌رێمیان به‌مرۆژه‌ داوه‌شاوه‌ گه‌یاند، هیوادارم ئه‌گه‌ر به‌دره‌نگیشه‌وه‌ بێت چاکسازیبه‌کى هه‌مه‌لایه‌نه‌ و ریشه‌یى ده‌ستپێبکه‌ن که‌ بۆ جارێکیش بێت به‌کرده‌وه‌ نه‌ک به‌دروشم، به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵک بخه‌نه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان و حزب و بنه‌ماڵه‌کانیان، ئه‌گه‌رنا که‌شتییه‌که‌ له‌نقومبوون نزیکبۆته‌وه‌ و که‌سمان لێى ده‌رباز نابین.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌ت و که‌ره‌سته‌کانى گه‌نده‌ڵی، چاکسازیى بکرێت، به‌ڵام مه‌حاڵ نیه‌ و با چاوه‌ڕوان بین.. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار