" بۆئەوەی مێگەل نەبین..! "

5 ساڵ لەمەوپێش



شۆڕش خدر

یەكێك لەو پرنسیپانەی كە سیستەمی دیموكراسی لە سیستەمێكی ستەمكارو تۆتالیتار جیادەكاتەوە ڕۆڵ و بەشداریكردنی كۆمەڵگەیە لەپڕۆسەی سیاسی،لەو پرسانەی كە پەیوەندی هەیە بە ژیانی گشتی كۆمەڵگە و پرسە چارەنوسسازەکانی خەڵکەوە. لە سیستەمی دیموكراسیدا هەموو تاك و گروپ وهێزە كۆمەڵایەتییەكانی دەرەوەی دەسەڵات بەشێوازی جیاواز ڕۆڵیان دەبێت لەبڕیار و بەرێوەبردنی پڕۆسەی سیاسی. واتا ئەوەی بەرپرسیارە لە پێشكەشكردنی فۆڕمە سیاسیەکە بەتەنها دەسەڵات یان كۆمەڵگە نیە،بەڵكو لێرە ئەرکی حوکمڕانیکردن دوولایەنەیە، دەبێت هەردوو كارەكتەر بە هاوبەشی ڕۆڵی بەشدارو بەرپرسیار بگێرن لە ناو سیستەمەكەدا.بەشێوەیەك كە هەردووكیان ئەركێكی سیاسی و ئەخلاقیان دەكەوێتە ئەستۆ لە دروستكردنی سیستەمێكی دیموكراسی و كۆمەڵگەیەكی تەندروست.

هەروەها ڕۆڵیان دەبێت لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سیاسی وبنیاتنانی مرۆڤەكان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون.هەروەك چۆن دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسیارە لە ئاست فەراهەمكردنی یەکسانی و دادی كۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی مافە سەرەتای و بنەڕتیەكانی تاك بە تاكی كۆمەڵگە،بەهەمان شێوە كۆمەڵگەش بەرپرسیارە لەوەی ئەودەسەڵاتە چۆن حوکمڕانی دەکات چ جۆرە فۆرمێك وەردەگرێت؟دیموكراسی و دادپەروەر بێت یان نادیموكراسی وستەمكار؟.كۆمەڵگە بەرپرسیارە لە بەرامبەر بەدەستهێنانی هەموو ئەو ماف وداخوازیانەی كەلە بەرژەوەندی گشتی ولە چاكەی گشتیدا خۆی دەبینێتەوە و بەرجەستە دەبێت. لێرەدا پێویستە جیاكاریەك لە نێوان(كۆمەڵگای مێگەل و كۆمەڵگەی مەدەنی)دا بکەین. لە كۆمەڵگەی مێگەلدا مرۆڤەكان تێیدا گومڕاو ملكەچن. پەیوەندی نێوان كۆمەڵگە و دەسەڵات هاوشێوەی پەیوەندی نێوان شوان و مەڕە، لە کۆمەڵگەی مێگەلدا مرۆڤەكان لەلایەن دەسەلاتەوە بە(ڕۆبۆت)دەکرێن ،هەموو وەک یەكیان لێدێت، (هۆمۆژە) دەکرێن وەک یەك جوڵەدەکەن قسە دەکەن و بیر دەكەنەوە،ئەوەدەڵێن كە دەسەڵات دەیخوازێت، نەک ئەوەی خۆیان مەبەستیانە بیڵێن.

لەم كۆمەڵگەیەدا كەسەكان بێ ڕەخنەو بێ قسە و بێ دەنگن لە ئاست داخوازی ومافەکانیان، بەشدار نابن لە كاری پێکەوەیی پرسە سیاسیەكان،لەم کۆمەڵگەیەدا سەرۆك فەرمانڕەواكان پیرۆزدەکرێن و لە بری هەموو سیاسەت دەكەن و بیر دەكەنەوە،بێ گەڕانەوە و گوێدان بە داخوازیەکانی داواکاری گەلەکەیان بڕیار لەسەر چارەنوسی پاشەڕۆژی كۆمەڵگە دەدەن. لە كۆمەڵگەی مێگەلدا ڕۆڵی تاكەكان لاواز و پەراوێز دەکرێن،مرۆڤەکان ناتوانن مومارەسەی كاری سیاسی ومافی هاوڵاتیبونیان بكەن. بەڵام بە پێچەوانەوە لە (كۆمەڵگەی مەدەنی)دا تاک ئەرک وبەرپرسیاری باشکردنی شتەکان لەئەستۆ دەگرێت،لەهەموو دۆخێکدا ئامادەگیان هەیەو قسەی خۆیان دەكەن،لە بڕیار و پرۆِسە سیاسیەکان ڕۆڵیان دەبێت، هاوبەشی دەكەن لە کاری دەستەجەمعی و بڕیارە سیاسیەكان.لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا هاوڵاتی ئازاد بە ئیرادەی خۆیان بڕیار دەدەن و بیردەكەنەوە. بۆیە ئەم دۆخە ئاڵۆزو پڕ قەیرانەی ئێستای هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت ئەركێكی كۆمەڵایەتی وئەخلاقی و سیاسی دەخاتە ئەستۆی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، لەپێش هەمووشیانەوە توێژی(خوێندەوار و ڕۆشنبیر)چونكە لەهەموو قۆناغ و سەردەمێكدا ئەوان سەرمەشق و پێشەنگی گۆڕانکاری و بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان بوون.

لەئێستادا دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان توشی ئیفلاسی هەمەلاین بووە، هەر ئەوانش بەرپرسیارن لەخراپبونی،بەڵام پێویستە هەموومان ئەركی گۆرین و باشكردنی ئەم دۆخە نەخوازراوە لە ئەستۆ بگرین. بۆیە پێویستە هەموومان لە پێناوی گۆڕانکاری و باشکردنی ژیانمان مێگەل و مەڕنەبین بەڵکو بەشدار و هاوڵاتی ئازاد بین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار