دراماى تهلهفیزیۆنى رباب و چهند سهرنجێکى خێرا!
5 ساڵ لەمەوپێش
نوسینی : ئاوات نامق ئاغا
سلێمانی. حوزەیرانی 2020
رباب، درامایەکی عێراقییە ساڵی ٢٠١٣ کەناڵی العراقیة لەگەڵ کۆمپانیای خاوێ فیڵم بەرهەمیان هێناوە، و هەر لە ڕەمەزانی ئەو ساڵەشدا هەمان کەناڵ پێشکەشی کرد. من ئەو کات بابەتێکم لەسەر نوسی، مەخابن دواتر نوسینەکەم ڕەشڕاهات و نەمزانی لە کوێ خۆی لێ شاردمەوە!
ئەمساڵ کەناڵی کوردسات دراماکەی بە کوردی دووبارە کردەوە، گەرچی من هەرگیز چیکڵدانەی تەماشاکردنی هیچ کارێکی دۆبلاجکراوم نەبووە، سەرەڕای بێزارکردنی ناوبڕ و بانگەشە هەرزانەکانی برنجی سەفرە و ئەوەکانی دی، لەبەر تراجیدیای ناخهەژێنی کوردانی فەیلی و دیسانەوە خۆشەویستی هاوڕێی ئازیز و لەکیسچووم کاکە ئاسۆ سوارە سەرلەنوێ بە تاسەوە ئەوەندەی بۆم لوابێ سەیرم کردەوە! لێرەوە جارێکی دی کۆمەڵێک وردە سەرنجم لە سەر کرۆکی دراماکە و ڕێنوێنیی هونەری art direction و چەند لایەنێکی گرنگی تر لەلا گەڵاڵە بوون، و حەز ئەکەم وەک نموونە زۆر بە کورتی باسیان بکەم.
بەڵام با پێشەکی ئەوەش بڵێم کە تا ڕادەیەکی
بەرچاو دۆبلاجکردنەکە گونجاو بوو، بە تایبەت بەرجەستەکردنی دەنگی هەر یەک لە رباب و کواکب! مەخابن بەوەش نیگەران بووم کە هەموو ئەو گەعدە عەرەبیانەی کە صبری و عقید مٶید لەناو باخە تایبەتیەکەیاندا ئەیانگێرا، خرابوونە ژێر سانسۆرێکی بێ ماناوە، و تێیدا پێك نۆشین و خواردنەوە کهولیەکانی سەر مێزەکان لێڵ کرابوون، و سەماکانیش قرتێندرابوون، بە جۆرێک بینەری ئاسایی هەستی بە پچڕ پچڕی و بازدانی ناو دیمەنەکان و ناڕێک و پێکی قەبارەی دوور و نزیکی وێنەکان ئەکرد. بەو هۆیەوە ئازارێکی زۆر بەر دەرخستنی هەریەک لە کارەکتەرەکانی صبری و مٶید کەوتن!
لە کاتێکدا ئاهەنگ و شەوبەسەربردن لە گەڵ کاولی و بنات الریف لە کلتوری عەرەبی عێراقدا هیچ نەنگییەکی تێدا نییە، باشترین گەواهیدەری ئەم ڕاستییەش هەموو ئەو ڤیدیۆیانەن کە لە بەرپرسەکانی بەعس و پلەدارە باڵاکانی سوپاوە تا ئەگاتە صباح میرزای یاوەری یەکەمی صدام حسین، و علی حسن المجیدی ئامۆزا و وەزیری ناوخۆ- بەرگری و دیسانەوە کوڕەکانی خۆیەوە بەردەست ئەکەون.
کوردسات ئەبێ ئەوە بزانێ کە ئەم درامایە پێشتر کە کەناڵی العراقیة نیشانیدا ئەم بڕینانەی تێدا نەبوون! سەیرەکە لەوەدایە ئێمەی کورد بمانەوێ لە عەرەب کە قورئان بۆ ئەوان هاتووە، بە ئایینەکەوە پابەندتر بین. قسەکەی ڕەحمەتی مام جەلالم بیرکەوتەوە کە کورتەکەی ئەیووت 'عەرەبەکان ئەیانەوێ ئێمەی کورد لە فەلەستینیەکان فەلەستینی تر بین و مەرحەبای ئیسرائیل نەکەین، لە کاتێکا ئەوان خۆیان ڕێک کەوتوون و سەفارەتیان لای یەکتر کردۆتەوە!'
فەیلییەکان بەشێکی زۆر گرنگی گەلەکەمانن، ئەوان سەر بە هۆزی لوڕن کە لە دوو بەشی سەرەکی پێك هاتووە، فەیلی و مامە سەنی و زۆرینە موسوڵمانی شیعەن، و بە درێژایی مێژوو لە هەردوو دیوی شاخەکانی زاگرۆس واتە بە هەردوو ڕووکاری رۆژهەڵاتی عێراق و ڕۆژئاوای ئێڕاندا ژیاون، زۆر جار بەم هۆیەوە بە پشتکۆ و پێشکۆ جودا ئەکرێنەوە.
فەیلییەکان بە چەند دیالەکتێکی لوڕی قسە ئەکەن کە یان لە فارسی نزیک ئەبنەوە یاخود لە کوردی سۆرانی. بەشەکەی ئێران لە شارەکانی کرماشان و عیلام و خوزستان ئەژین و لە ڕۆژئاواوە هەر لە خەسرەوی و قەسری شیرینەوە بە ناو شارەکانی کرماشان، سەرپێڵێ زەهاو، ئەندیمەشک، عیلام، مەهران....تا ئەگاتە مەلایەر درێژ ئەبنەوە، بە دیوی عێراقیشدا هەر لە هەڵەبجەوە بەرەو رۆژهەڵآتی دیالە تا ئەگاتە کوت و عمارەو بصرە هەن. دیارە ئێستاش ژمارەیەکی بەرچاویان لەسەر خاکی خۆیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا سەربەرزانە ئەژین.
بەشێکی زۆری ئەمانەی ئەمدیو کاتی خۆی، لە پێناوی خۆقوتارکردن لە خزمەتی سەربازی و زۆرە ملێی دەوڵەتی عوسمانی خۆیان بە تەبەعیەی فارس نوسیوە، بەشەکەی تریان لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتدا ڕەگەزنامەی عێراقیان وەرگرتووە. گەرچی بەعس لە هەردوو جاری هاتنە سەر دەسەڵاتیدا دژایەتییەکی بەرچاوی کردوون و وەک باس ئەکەن لە پەلاماری یەکەمدا ١٩٦٩-١٩٧١ نزیکەی حەفتا هەزاری لێ ئاوارە کردوون.
فەیلییەکان بە تایبەت لە بەغدا کۆمەڵگایەکی گەورە بوون و دوای دەرپەڕاندنی جولەکە لە تەواوی عێراق هەموو بازاڕی شۆریجە و جەمیلە و زۆر کارو کاسبی گرنگی ناو پایتەختیان بە دەستەوە گرتبوو. حکومەتی بەعس زۆر لە توانای ئابووری و کۆمەڵایەتی و زیرەکییان ئەسڵەمیەوە، جگە لەوەی کە خۆشیان هەمیشە لە بەرەی میللەت و بەرەنگارییدا بوون و لە ڕیزەکانی پارتی، یەکێتی، حیزبی شیوعی، دەعوەدا خۆیان رێکخستووە.
پەلاماری دووەم دوای ئەو سیناریۆیە هات کە ئەپریلی ١٩٨٠ لە نزیک زانکۆی (المستنصریة) ی بەغدا بۆ کوشتنی طارق عزیزی وەزیری دەرەوەی عێراق رێکخرا، حکومەتی بەعس وتی گوایە ئەو کەسەی ئەم کارەی کردووە، تەبەعیەی ئێرانییە و سەمیر غوڵامی ناوە. بەو هۆیەوە بنەماڵەی ئەو گەنجە فەیلییە کۆکرانەوە و لە سێدارە دران، ئەوەی من بیرم بێ تەنانەت خەزوری سەمیر کە لە شاری بصرە حەماڵ بوو، ئەویش لەوێ گیرا و کوژرا.
دوا بە دوای ئەم ڕووداوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی عێراق، (مجلس قیادة الثورة) بڕیاری ژمارە ٦٦٦ ساڵی ١٩٨٠ دەرکرد و تێیدا داوای لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی تێكرای کوردە فەیلییەکانی کرد. بەم جۆرە دوای لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەکانیان تیكرای ماڵ و موڵكی گوستراوە و نە گوازراوەیان هەموو داگیر کردن، و نزیکەی نیو ملیۆن هاوڵاتی کوردی فەیلی لە خاک و وڵاتی خۆیان لە سەر سنووری عێراق- ئێران بە پیادەیی وڵاتبەدەر کران و بەو هۆیەوە بەشێکی ژن و منداڵەکانیان لە ناو بیابان و چۆڵەوانیدا مردن.
ئەمە جگە لەوەی نزیکەی بیست هەزارێک لە گەنجەکانیان کە لە تەمەنی سەربازیدا بوون، لە زیندانەکانی ئەبو غرێب و نوگرە سەلمان، شوێنەکانی تر گلدرانەوە و قسەش هەیە کە دواتر بۆ تاقیکردنەوەکانی چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی قەدەغەکراو یاخود وەک ڕەوە مرۆڤ بۆ تەقاندنەوەی مینەکانی سەرسنور و قەڵغانی مرۆیی کاتی شەڕی عێراق - ئێران بەکار هێنرابن، و بۆ هەتایە بزر و گۆڕونکران.
بەدوای ئەمەشدا هەر ئەو ئەنجومەنە بەدناوە و ڕژێـمی بەعس نزیکەی ٣٠ بڕیاری تریان لە دژ دەرکردن، لە نێویاندا ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق بوو کە تێێدا بڕی ١٠ هەزار دیناری ئەو کاتە کە ئەیکردە ٣٠ هەزار دۆلاری بە دیاری ئەدا بەو کەسانەی کە لە هاوسەرە کوردە فەیلییەکانیان جودا ئەبنەوە تا ڕەوانەی ئێران بکرێنەوە... تاد.
کوردە فەیلییەکانی ئەمدیو لو دیویش بیست و سێ ساڵ زۆرتر چەرمەسەری و ئاوارەییان لە ئۆردوگاکانی ئێراندا چەشت، بەشێکی زۆریان لەوێش هەر بە عێراقی ئەژمار کران و بۆیان نەبوو نە دەست بدەنە هیچ کارێکی ڕەسمی و نە خوێندنیش تەواو بکەن!
بە بڕوای من حکومەتی عێراق وای لێکدایەوە کە بە ڕاگوێزان و تەفرو توناکردنی کوردە فەیلییەکان ئەتوانێ ئەو پردی پەیوەندییە تۆکمەیەی لە نێوان کورد و عەرەبی ستەمدیدەی شیعەدا هەیە تەواو هەڵتەکێنێ ، چونکە ئەمان بە ڕەچەڵەک کوردو بە مەزهەبیش زۆرینە شیعەن و لەوێشەوە ئەو بەرەی بەرەنگارییەی لە عێراقدا بەرامبەر ڕژێمەکەی هەبوو لاواز بکات!
ئێمەی کورد زۆر جار باسی ئەو ناهەقییە ئەکەین کە لە ١٩٤٨-١٩٥١ لە جولەکەکانی کوردستان وعێراق کران، بەڵام بەدڵنیایی ئەو ستەمەی لە کوردە فەیلییەکان کرا زۆر زۆرتر بوو، چونکە ئەمان بە هەردوو هۆکاری نەتەوەیی و مەزهەبی ئەچەوسانەوە، بە ژمارەی قوربانیانش مەگەر ئەنفال و قەڵاچۆکردنی بەرزانییەکان، و پەلاماردانی کوردانی یەزیدی شان بدەن لە شانی.
کەچی لەلایەکی ترەوە ئەمان براوە بوون چونکە دوای ڕووخانی بەعس پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی تایبەتیان بۆ دەرکردن و لەبەرەوە وردە وردە گەڕانەوە کوردستان و عێڕاق و کەوتنەوە دەستخستنەوەی رەگەزنامە و دۆکیومێنت و ماڵ و حاڵە زەوتکراوەکانیان ، گەرچی ئەمە زۆر جار توشی ڕۆتین و
بیرۆکراسی بووە.
بەڵام زۆر گرنگە بزانین کە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس، جێگری سەرۆکی دادگای تەمیزی عێراق، ئەو کەسەی کە دادگایی سەرانی رژێمی پێشووی کرد و ئیمزای لەسەر بڕیاری لە سێدارەدانی صدام حسین کرد و خۆیشی ئامادەی جێ بەجێکردنی بوو منیر حدادی خاوەن شەهید و ئەشکەنجە دراوی
زیندانی و دەربەدەری کوردی فەیلی بوو.
هونەرمەند ئاسیا کمال کە ڕۆڵی رباب، ی پاڵەوانی ئەم درامایە ئەبینێ خۆی بە بنەڕەت لە کوردانی فەیلی خەڵکی مەندەلییە و باپیرەی ناوی سەردارە. هاوسەرەکەی باسل الشبیب، ی ئەکتەر و نوسەری دیارە، کە پێشتر چەندین سیناریۆی گرنگی بۆ تەلەفیزیۆنی عێراق نوسیوە، و وا پێ ئەچێ هەم لەبەر خۆشەویستی ئاسیا و هەمیش بە هۆی ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ستەمە گەورەیە بووە کە لە کوردە فەیلییەکان کراوە، دەستی بە نوسینی چیرۆک و سیناریۆی ئەم درامایە
کردبێ.
بیرۆکەی سەرەکی ئەم درامایە باسی لە گیانی بەرەنگاربوونەوە و خۆ بەدەستەوەنەدان ئەکات، کە بەشێکە لە خەسڵەتە گرنگەکانی کارەکتەری مرۆڤی کورد. چنینی سەرەکی و ئەنجا لاوەکییەکانی ڕووداوەکان ئەوەندە سەرنجڕاکێشن کە هەر زوو بینەرانی ئاوێتەی ئەبن، چونکە هەر یەک لە بیرەوەریاندا چەندین چیرۆکی هاوبابەت و لێکچوویان هەن و بیستووە و لە ناخیاندا گینگڵ ئەدەن.
رباب مۆڵەت نادات بینەرانی چاوانی لێ بتروکێنن. هیچ دیمەنێک و دایەلۆگێکی تێدانین گەر چیرۆکەکەی بەرەو پێش نەبەن! خاو و خلیچکی تێدا نییە، ڕێزی خۆ تەرخانکدنی بینەرانی ئەگرێ و ناهێڵێ هەست بکەن کە بە خۆڕایی کاتیان بەسەر ئەبەن، و لە بری ئەوە زانیاری مێژوویی ئەبەخشێتەوە، ڕۆشنبیریان ئەکات و هەمانکات چێژیشیان پێ ئەبەخشێ!
گۆرانی پێشەکی و پاشەکی دراماکە کە شیعری حازم جبار و ئاوازی علی بـدرە، لەگەڵ ئەو گرافیکە سەرنجڕاکێش و مۆنتاجە پڕ مانایە، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە بۆ ئاوێتە بوون بە چیرۆکەکە و ڕووداوەکانی ناوی و هونەرمەند محـمد عبدالجبار بە دەنگە کەساسەکەی کە پڕە لە سۆز و لاواندنەوە بۆ حاڵی هەموو کوردانی فەیلی و هاوژینەکانیان بە قوڵی ئەیچڕێ و کورد وتەنی ڕۆحی ئەکا بە بەردا!(*)
گەرچی وا چاوەڕوان ئەکرا دراماکە دوای ئەو هەموو نەهامەتییە، ئیتر لە دوا ئەڵقەدا کاتی ئەوە هاتبێ بینەرانی دڵخۆش بکات و سڵاوێکی بداتەوە، کەچی لە بری ئەوە بینەرانی ئەتاسێنێ! رباب،ی پاڵەوانی چیرۆکەکە کە نموونەی ئافرەتی خۆڕاگری نیشتمان پەروەر و خێزان پەروەرە بەنی جگەری ئەپچڕێ! بەم جۆرە جگە لە عبداللەی کوڕی کە بە برینداری ڕزگاری ئەبێ و بینەران هەموو ڕووداوەکانی چیرۆکەکە لە دیدی ئەوەوە ئەبینن، هەریەک لە هومامی کوڕی و عبدالرحمنی هاوسەری، تێکڕای پێشمەرگەکان و هەڵاتووە عەرەبەکان پێكەوە شەهید ئەبن و جارێکی تر خوێنی نێر و مێی ڕۆڵەکانی هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان بە ناڕەوا ئەڕژێن.
رباب پێمان ئەڵێ، مەرج نییە کە هەرچی لە ناو ڕژێمی پێشودا کاربەدەست بووبێ، دژی گەلەکەی بووبێ و سەنگەری میللەتی چۆڵ کردبێ! بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی بەخۆی و ماڵ و منداڵیەوە پەنا بۆ کوردستان ئەهێنن و لە ڕێگە ئەکوژرێ. هەمانکات مەرجیش نییە ئەوەی لە ناو پێشمەرگەدا بووبێ و چەکی کردە شانی لەبەرەی میللەتدا بێ، ئەوەتا رەئووف سیخوڕ دەرئەچێ و پلان بۆ کوشتنی هاوڕێکانی دائەنێ و عاقیبەت هەر بەدەستی پێشمەرگەش 'ئیعدامی شٶڕشگێرانە' ئەکرێ!
ئەم درامایە ئەوە ئەسەلمێنێ کە چیا سەرکەشەکانی کوردستان، هەمیشە حەشارگەی شۆڕشگێرانی هەموو عێراق بوون بە جیاوازی نەتەوەیی، مەزهەبی، ئایینی و بیرو باوەڕی سیاسییانەوە. هەرگیز کورد دوژمنی عەرەب نییە، و دیسانەوە ئەوە ئاشکرا ئەکات کە هەموو کات سلێمانی مەڵبەندی کوردایەتی و لانکی شۆڕش، و خۆراگری و بەرخودانە!
پەیامێکی تری رباب بریتییە لەوەی کە گەلانی عێراق بە کورد و عەرەبەوە، بە شیعە و سونەوە یەک خانەوادە بوون و حکومەتی بەعس لە ئازاردان و سەرکوتکردنی هیچ لایەک دەستی نەئەپاراست. بەعس ئەوەندە دڕندە و ستەمکار بوون تەنانەت لە تێکدانی پەیوەندی خێزانیش نەدەپرینگانەوە! صبری چەندین جار هەڕەشەی بەگرتدانی مجیدی ئامۆزا و کوشتنی کوڕەکەی خۆی ئەکا ، کە ئەفسەری سوپای عێراقە و وەکو تر زاوای ربابە.
رباب ڕەنگدانەوەی کلتوری ئیسلام و عەرەبی بیابانی لە خاوەندارێتی کچە ئامۆزا و پیلانگێڕی و داگیرکاری ژن و منداڵی یەکتریدا بەرجەستە ئەکات. خودی کارەکتەری رباب هەروەک سەبایە کوردە یەزیدییەکانی، ژێردەستی داعش وایە و ئەکەوێتە بەردەستی صبری بەعسی کوڕە مامی خۆی نەک والی یان خەلیفەیەکی داعشی بێگانە!
گەرچی هەندێک جار هەست ئەکەم کە نەتوانراوە توێژینەوەی تەواو بۆ ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بکرێ. بە نموونە لە ١٩٨٠ کاندا حکومەتی بەعس هەرگیز ئەوەندە ئازا نەبوو بدات بەسەر دێیەکی پڕ لە پێشمەرگەدا و هەموویان بکوژێ. هەرگیز ئەمن نەدەکاری بە دوو سێ ئوتۆمبێلی هیلاک و بە دە پانزە ئەندام و بڵند گۆیەکەوە بچێتە ناو دێیەکەوە و بە مۆڵی لە پیکابەکەیان دا نەبەزن لە کاتێکدا ئەو ژمارە پێشمەرگەیەی تێدا بن و خۆیان خاوەن ماڵ بن، ئەنجام پێشمەرگەکانیش هەموو بکوژرێن!
پەلاماری گوندێکی وڵات هەرگیز کاری ئەمن نەبووە. ڕێنوێنی دراماکە وایلێکداوەتەوە کە ئەمە دێیەکی ناوچەی محمودییەی بەغدا بێ، یاخود دوجەیەل و راشدیە، و نازانێ کە ئەمە کوردستانە و کورد گەر خۆیشی ئازا نەبێ، ئەوا شاخەکان دۆستین و بە کڵاو ناگیرێن! چ جای ئەوەی ئەو دێیە لە قوڵاییشدا بووبێ، نەک قەراغ شار!
کۆتایی ساڵانی١٩٧٠ کان کەسێک لە تاخی مجید بەگی شار لە دەمەوە درا و، لە دوا نیوەڕۆ وە هێزەکانی ئەمن چوونە ئەو گەڕەکە و لە هەر چوار لاوە ئابڵوقەیان دا. ئەم گەرچی هەر خۆی بوو، بەڵام توانی لە ژێر تەقەدا خێزانەکەی دەربکا. ئەمن و قوات خاصەکان بە بڵندگۆ بانگەوازیان بۆ ئەکرد و پەیمانیان ئەدایە کە گەر خۆی ڕادەست بکات سەلامەت ئەبێ، کەچی ئەو هەر کۆڵی نەدا و تا ئێوارە بەرگری کرد، و لێی ئەکوشتن و بریندار ئەکردن، تا دواتر بە ئارپی جی ماڵەکەیان بەسەردا ڕووخاند و شەهیدیان کرد.
خەڵکی سلێمانی چاک بیریانە هاوینی ساڵی ١٩٧٩کە ملازم محسن پەلاماری شەهید غەریب و هاوڕێکانی لە خانوەکانی ئیدارە محەلی گەڕەکی سەرشەقام و حاجیاوای خوارووی شار دا، بە چ دەردێک چوو! کە عەباس چاوشین و ئاسۆی دەلاک چۆن بە ڕۆژی نیوەڕۆ کونە مشکیان لێ کردبووە قەیسەری؟!
بۆیە ئەمن ئەوەندە نەفام نەبوون و خۆیان لێ زیاد نەبووە، کە ئاوا بە تۆپزی بەو ئۆتۆمبێلە خەڕەکە شکاوانەوە پەلاماری پێشمەرگە بدەن!
ئەو ئیشە کاری سوپا بوو، دیارە ئەویش بەبێ پاڵپشتی هەلیکۆپتەر، پیلاتۆز، تانک ، زرێپۆش و جاش هەرگیز زاتی ئەو سەرکێشییەی نەکردووە.
ئەمە جگە لەوەی کە لە هەموو مێژووی سلێمانیدا هیچ بەڕێوەبەرێکی ئەمنی عەرەب ئەوەندە ویژدان زیندوو و لە خۆبردوو نەبووە کە چەکی شەرەف بکاتە شانی، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەموو لە کورد کوشتندا داهێنانیان کردووە و نموونەشیان زۆرە.
ڕاستە ئەم چیرۆکە بەشێکی زۆری هەڵبەستنە و هەرگیز دۆکیومێنتەری نییە، هەمانکات ئیشی ئەویش نییە کە هەموو ڕووداوەکان وەک خۆی دەقاق و دەق بگێڕێتەوە، و بۆ چوونەکە ڕێژەییە. دەنا خەڵکی کەمفرسەتی دانیشتووی سلێمانیش هەبوون کە ئەو زەمان خۆیان گەیاندۆتە بەغدا ماڵ و موڵکی فەیلییەکانیان بە تاڵان لە حکومەت کڕیوەتەوە، لە هەندێ حاڵەتیشدا لە دەمیانەوە داون و بەو هۆیەوە ئەم دەوڵەمەند کراوە و ئەوانیش سەریان پەڕێنرا!
لە هەڵبژاردنی ئەکتەرەکاندا وەستاییەکی باش کراوە، ئەکتەری ناسراو و بە توانای عێراق و عەرەبی تێدان، کە جگە لە ئاسیا کمال، هناء محمـد، اقبال نعیم، عزیزخیون، غانم حمید، سعد مجید، سعد محسن، مقداد عبدالرضا، شیماء جعفر.... و دەیانی تر. جگە لەوەی کە بەرهەمەکە بە چەندین ئەکتەری بە توانای کوردی وەک ئاسۆ عمر سوارە، نەهرۆ صالح دەلۆیی، کامەران رٶوف، کاوە قادر، ئاشتی عثمان دانش، جزا محمـد سعید، ، جبار محمـد، هۆزان هەڵگورد، یاسین بەرزنجی.. تاد، موتوربە کراوە.
ڕەنگە کەس لە غانم حمید گونجاوتر نەبێ تا (صبری) بێت، یان سعد مجید بۆ ڕۆڵی (عقید مٶید) ، و هناء محـمد وەک (کواکب)، و .. تاد. بەڵام بە داخەوە ئەڵێم کە لە هەڵبژاردنی بەشێک لە ئەکتەرە کوردەکاندا سەرکەتوو نین، و لەوە ئەچێ بە ناسیاوی و دەستیاوی کرابێ! بە نموونە هەردوو کارەکتەری سیروان، دڵشاد بۆ ئەوە ناگونجێن باوک و کوڕ بن، چونکە هەردووکیان یەک تەمەنن و لە باتی ئەوە زۆر گونجاوترە برا بن! ئەمە سەرەڕای سەرنجی زۆر لەسەر ناوی کارەکتەری سیروان!
کارەکتەری پێشمەرگەکان پێویستە بیچم و قەڵافەتیان لە پێشمەرگە بچن، نەک بەو شێوەیەی کە بەشێکیان ئەبینرێن! لە ناو هەموو پێشمەرگەدا لەبەر کەم خۆری و هەمیشە جوڵە جوڵ و جەولە کردن ڕەنگە تێیاندا نەبووبێ وەک چەندانێک ئەوەندە ناو قەد ئەستوور بووبێ!
هەرچی کارەکتەرەی صبری و عقید مٶیدیشە ئەوە بەهەمان شێوە زۆر تەنگە ئەستوور بوون، و لەگەڵ پێگە و بەرپرسیارێتیاندا نەئەگونجا! ئەوەی کە من بیرمە صدام هەر لەو ساڵانەدا جۆرە ڕێنماییەکەی بۆ گشت بەرپرسە باڵاکانی بەعس و دەوڵەت دەرکرد کە کێشیان داگرن، لە یادمە یەکێک لەوانەی کە بە ماوەیەکی زۆر پێوانەیی کێشی خۆی دابەزاند طە یاسین رمضان بوو!
ڕێنوێنیی هونەری، کە مەبەستم لە دیکۆر، پۆشاک، مەکیاج، تفاق، جێگەکان.. تاد زۆر جار کورت ئەهێنێ. جێگەکانی بەغدا مایەی باوەڕپێکردن نین کە ئەوانە نوسینەگەی ئەو بەرپرسە باڵایانەی حزبی بەعس و دەزگا داپلۆسێنەرەکانی بن. ئەوان نوسینگەکانیان گەورە و فراوانتر بوون لەوەی لە رباب دا دەرئەکەون، ئەوەی کە بەغدای جارانی بینیبێ ئەزانێ کە کەس نەیوێراوە بە بەردەمی ئەو ناوچەیەی ئەمنی عامەدا تێپەڕێ و سەیری بەردەرگا و پاسەوانەکانیان بکات!
جگە لەوە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی کە ئەوکاتی ئەم چیرۆکە باسی لێوە ئەکات، زۆر لەوە تۆکمەتر بوو کە لەم درامایەدا دەرئەکەوێ و زۆرترین پارەیان بۆ ئەمنە سورەکە سەرف کرد، و باشترین نەخشە و بەڵێندەریان بۆ هەڵبژارد!
ئەو زەمان ملازم محسن ببڕ و بکوژی شار بوو، و زۆر جار بە ئوتۆمبێلە جێ ئێڵە خاکییەکەی بە ناو شاردا ئەهات و ئەچوو، دەیان لاندکروزەر و پیکابی شۆفرۆلێتی قەبە و خاکی و سەوزباویان هەبوون کە سەربازەکانیان بە مدیو و ئەودیودا بە تفەنگەکانیانەوە تێێدا دائەنیشتن!
کەچی ئۆتۆمبێلەکانی ناو دراماکە، بە نموونە لە سلێمانی بریتین لە پیکابێک، لاندرۆڤەرێکی سور و لاندکروزەرێکی هیلاک کە لەو باوەڕەدام مۆدێلی ١٩٨٧ بەرەو ژوور بێ، لە کاتێکدا رباب باسی سەرەتای ١٩٨٠کان ئەکات، زۆر لەوە کەمترن کە لە بەردەستی دەزگا حیزبی و تۆقێنەرەکانی حکومەتدا هەبوون، تەنانەت زۆر لەوە پەڕپوتتریشن کە بە مفەوەزێکی ئەمنی عامە یاخود سلێمانیش بووبن!
جگە لەوەی کە بەشیکی تفاق و کەرەسەکانی دراماکە هی ئەو زەمان نەبوون و نوێترن. دیسانەوە ئەو جێگەیەی کە عبدالرحمن و کوڕەکانی پێیدا تێپەڕین چیایی و پڕسەوزایی بوون، و بە ئاشکرا ناو سنەوبەرەکانی شاخی گۆیژە یان مامەیارە بوون لە کاتیکدا فەیلییەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەربەدەر کران، کە ئەو ناوچانە زۆرینە گردۆڵکەی ڕووتەن و بیابانی لماوین، بۆیە ئەکرا تۆزێک بەملاترەوە لە دۆڵەڕووت، ئەم جێگایانە زۆر ئاسان فەراهەم بکرێن.
گوندی هەنارەی خواروو یەکێک بوو لە جێگەکانی وێنەگرتنی ئەم درامایە کەچی لە هەندێ جێگەدا ژمارەی شەقام و کۆڵان و گەڕەک لەلا تەنیشتی دیواری ماڵەکان بە بۆیاخیكی سەوزی شێخانی ئەمڕۆ دەرئەکەوتن، کە ئەو کات نەبوون.
لە بەغدایش هەمان کێشەی کەمی لێ وردبوونەوە لە وردەکاری و بەردەوامییدا هەن. لە دیمەنێکدا ئەبینرێ کاتێک صبری دوور لە مێزو کورسی نوسینگە حیزبییەکەی لەولاترەوە قسە ئەکا، دەسکی تەلەفۆنەکەی لەسەر لاشەکەی لادراوە! ئەمە گەر بە مەبەست نەبێ دیارە بەو مانایە دێ کە ئەتوانرێ گوێ لە قسەکانی بگیرێ و ئەبوو ڕینوێن Directorو ڕێنوێنی فۆتۆگرافی Director of Photographyو هونەرمەندی بەردەوامی Continuity artist وردبینتر بن.
سەبارەت بە جلوبەرگی کارەکتەرەکان ئەهێنێ زۆری لەسەر باس بکرێ، بە نموونە چۆن مٶید لە سەرەتای دراماکەوە تا کۆتایی کە باسی هەر نەبێ چەند مانگێک ئەکا یەک جۆر قاتی سەفاری لەبەردا ئەبێ، کراسە وەنەوشەییەکەی ئەمنێک هەر هەمان کراس ئەبێ، و ناژاکێ؟
هەرچی پەیوەستە بە جلکی کارەکتەرە کوردەکانی دراماکەوە، ئەوا ڕەنگە من زۆر گلەیم لە ایاد عابدی پۆشاکسازی دراماکە نەبێ کە کورد نییە، گەرچی ئەویش ئەبوو پێشتر توێژینەوەی قوڵی لەم کایە گرنگەدا بکردایە، بەڵام پێویست بوو کۆمپانیای خاوێ فیلم لەم لایەنەوە چاوساغییان بکات و ئەکتەرە کوردەکانیش هەریەک لەلای خۆیانەوە ئەوە ڕەچاو بکەن و بەو جۆرە لە دراماکە کەم نەکەنەوە.
بەرگی عبدالرحمن و کوڕەکانی سەیر بوون و لە پێوانەی خۆیان گەورەتر بوون، جامانەکانیان خراپ بەسترابوون. پێشمەرگە و گوندنشینانیش هەموو جلکی خاکی و کاڵ لەبەر ئەکەن تاکو تێر و تاریک. کەچی بەشێکی گوندیی و پێشمەرگەکانی ئەم درامایە، جلکی تۆخ و شارییانەیان لەبەردابوون کە بۆ جەژن و شەکراو خواردنەوە ئەشیان!
پۆشاکی کوردەکان بە تایبەت کارەکتەری هوشیار لە جلکی کەسێکی ژیاوی ناو دەشت و دەر ناچێ! کراسەکانیان هەموو نفت و نوێ و دەق نەشکاو بوون! شەرواڵ و ستارخانییەکەی هوشیار خۆڵاوی نابێ، ملیانی کراسەکەی بە ڕێگەیەکی پیادەی ناو شاخ و داخی چەند ڕۆژەی نێوان دوو وڵات و مانەوە لە ئێران، چڵک سواغی نادا.. تاد؟
دیسانەوە مەکیاجیش هەندێ جار گرنگی پێ نەدرابوو و لەوە ئەچوو هەرکەس بۆخۆی ئیشی کردبێ، بە نموونە نینۆکی رباب لەوپەڕی کاتەکانی نەهامەتی و ئاوێرکردنی لە مێرد و کوڕەکانی بۆیەی تەواو و بریقەداری سەردەمی بوون. ئەمانە هەمووی بەرپرسیاریەتی علی ابو سیف، ی ڕینوێنی دراماکەن بە پلەی یەکەم، حسان رعدی ڕێنوێنی جێبەجێکار و ڕێنوێنی هونەری و مەکیاجکاری کارەکە... تاد، بەڵام ئەشبوو لایەنی بەرهەمهێنەر کە بە پلەی یەکەم کەناڵی العراقیة ئەگرێتەوە، تۆزێک دەستکراوە بن و لەبەر تێچوون کۆمەڵێک وردەکاری زۆر گرنگ ئافەرۆز نەکەن.
ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی دەرکەوتنی ئەم جۆرە هەڵە زەقانە و جگە لەوەش هەست ئەکرێ کە ئیشەکانی کوردستانیان بە پەلە پروزێ کراون، توێژینەوەی قوڵیان بۆ نەکرابێ، و ویستراوە بە ماوەیەکی زۆر کەم وێنە گرتنی ئەو هەموو دیمەنە گرنگ و سەرنجراکێشەی ئیشکەیان ڕاپەڕێنن.
لام وایە ئەمێستا دەرهەق زەمانە ئەوەندە بەس بێ، ئەگینا دیارە رباب زۆرتر لەوە ئەهێنێ کە لێرەدا بتوانم لەسەر هەموو لایەنێكی بنوسم! بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش رباب بە هۆی گونجاوی و جوانی بیرۆکەی خۆبەدەستەوەنەدان، کە هەموو لەگەڵیدا هاوسۆز و تەباین و ئەو چنینە نایاب و جاڕسنەکەرەیەوە، دیسانەوە بیرخستنەوەی ئەو هەموو ئازارەی کە زۆرینەمان دوور و نزیک پێیاندا تێپەڕیووین و ئەزمونمان کردووە، وێڕای نواندنی بەرچاوی ئەو هەموو کەڵە هونەرمەندە کورد و عەرەبە، زۆرینەی زۆری دراما کوردییەکانی دوای ڕاپەڕینی تێپەڕاند و بینەرانی بۆ خۆی بڕدا!
_______________________
(*) بە کەمێک دەستکارییەوە شیعرەکە ئەڵێ؛
محمـد: بۆ لە چارەمان نوسراوە،
پەستی، فرمێسک، ئاخی تەمەنێک کە ئەژین،
کۆرس: ژیان رۆژ لە دوای ڕۆژ سەختترە و
هەمووی بە دڵەراوکێ ئەبەینە سەر،
ئێمە فرۆشراوین هەموو دنیاش هاواریانە بە چەند؟
محمـد: هەرچەند خەون بەوە ئەبینین کە سبەینێمان باشتر بێ
کەچی سبەینێ هەمووی ئەبێ بە زام،
ئیتر ئەگەڕێینەوە بە گریان و ئەگەڕیینەوە بۆ خەمخواردن
هەموو تەمەنمان، بە ئازاردانی گیانمان تەواو ئەکەین.
لە دنیاماندا خۆشیمان نەدی،
شەومان بینی بەڵام بەیانیەکەی ون بوو،
جا کە زامەکانی بە هێندەی دنیاو گەورەتریش بن، چۆن بژین؟
کۆرس: هەمان دێڕەکانی پێشوو
محــمد: بڕوانە دنیا چی لێ کردین، دووری خستینەوە،
نازانم ئێمە چیمان کرد و بۆچی ئەو هەموو خەڵکە باشەیان هەڵفراند؟
خەڵکیمان خۆش ئەویست و بەوەفا بووین،
بیرمان نایە جارێکیش ئاسودە بووبین،
لەو مەراقەشدا کە تێماندایە، دە لێگەڕێن
ئەمانەوێ بژین..
کۆرس: هەمان دێڕەکانی پێشوو
سەرنج:
بۆ نوسینی ئەم بابەتە بێجگە لە بیرەوەری و زانیارییەکانی خۆم لەسەر بنەچەی کوردە فەیلییەکان و بەشێکی ڕووداوە مێژووییەکان چەند سەرچاوەیەکیشم بەسەرکردۆتەوە، لەوانە:
١. کوردستانی، محمەد مەردۆخی، 'مێژووی کورد و کوردستان'، وەرگێرانی عەبدول کەریم محەمەد سەعید. پێداچونەوەی، ئومێد ئاشنا، چاپخانەی اسعد. بەغداد. ١٩٩١
2. Faili Kurds, minority rights group international, https://minorityrights.org/minorities/faili-kurds/1/6/[email protected]
3. Feylis, https://en.wikipedia.org/wiki/Feylis. 1/6/2020 @ 10.00am
4. https://www.youtube.com/watch?v=5BvseGCOZBk 31/5/2020