هەرێم لەبەردەم مەترسی كۆرۆنادا

5 ساڵ لەمەوپێش



رێبین عومەر

ئەم هەرێمەی ئێمە، وابڕوات بەهۆی جەدەلی خەڵك لەگەڵ حكومەت كە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە یان نییە... دووچاری گەورەترین كارەسات دەبێتەوە. ئەو خەرەندە گەورەیەی لەماوەی رابردوودا، بەهۆی سیاسەتی هەڵەو گەندەڵی، لە نێوان خەڵك و دەسەڵات دروست بوو، بووە هۆی ئەوەی ئەم دۆخە دروست بێت كە خەڵك بەساختە لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە گەیشتوون؛ پێیان وایە حكومەت و حیزبە سیاسییەكان بەمەبەست پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن كە كۆرۆنا لە هەرێم بوونی هەبێت. هەندێ لەخەڵكی نابەرپرس و میدیای بەلاڕێدابەرو سۆشیال میدیای پڕفه‌وزا، بەتەواوەتی دنیابینینێكی هەڵەیان بەسەر ئەم دۆخە مەترسیدارە گشتاند، لەخەڵكیان گەیاند كە ڤایرۆسەكه‌، لە ژینگەی هەرێم چالاك نییە، یان توانای بەرگری ئێمە بەهێزە بەرامبەری و ڤایرۆسەكە بەلاماندا نایه‌ت.

دەركەوت هیچ لەو قسانە سەرچاوەی پشت بەستن نییە، بەڵكو قسەی ئاساییەو دەكرێن بێ ئەوەی بیر له‌وه‌ بکرێته‌وه‌ كە ئاخۆ سەلماندنێكی زانستی پزیشكی لەو بوارە هەیە یان نییە؟ لەراستیدا ئەو كۆرۆنایەی ئیتاڵیای بەچۆكدا برد، هەمان ئەو كۆرۆنایە كە ئێستا لەشارەكانی هەرێم لەم دەست بۆ ئەو دەست رۆژانە خۆی چالاك ده‌کات و میدیاكانی كوردستانیش لەپێناو لایك و كۆمێنت، ئەو لێدوانانە ده‌گوازنەوە كە دەڵێت كۆرۆنا لەكوێییە با بۆی بچم.

برای عەزیز، كۆرۆنا هی ئەوەیە لێی دوربیت نەك نزیك؛ راستەو دروستكراو نییەو هیچ ئەجێندایەكی تری نییە، چونكە ئەو جیهانی بەخۆیەوە گیرۆدەكردووە، سیستمی تەندروستی ئەمریكا و ووڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیای لە رەگ و ریشەوە هەڵكێشا، ئێمە چیمان هەیە تا لێی نەترسین. تكایە ئێستاش درەنگ نییە بۆ خۆپارێزی، ئامارەكان لەنەخۆشخانەكانی شارەكانی هەرێمەوە رۆژانە لە هەڵكشاندان، بەجۆرێك مەترسیدارە كە جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی) لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا، وێڕای داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵک، تکاو رجا لە خەڵك ئەكات كە ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە و دروستكراوی نە یەكێتییە و نەپارتی و نە حكومەته‌، بەزمانی رجا‌... داوا لەخەڵك ده‌كات كەلایەنی كەم رێگەی خۆپارێزی بگرنەبەر. ئیتر تێبگەن تكایە... ئەم ڤایرۆسە ئێستا لە قۆناغی بڵاوبوونەوەدایە، بەرلەمردنی ئازیزەكانتان خۆپارێزی بكەن.

ئەگەر وەك ئەوەی ئێستا هەیە كە ژیان ئاساییە و شەقامەكان جمەیان دێ و بەریه‌ککه‌وتنی مرۆڤه‌کان هەروەك جاری جارانە، بەو جۆرە ئەم ریتمی ژیانە بڕوات، ئه‌وا هەمان چارەنوسی ئیتاڵییەكان چاوەڕێمانە كە بەدیار مەرگی ئازیزه‌کانیانه‌وه‌، هاواریان بۆ جیهانی نوستوو دەكرد كە بەفریایانەوە بێن. تكایە تێبگەن، ئەم كۆرۆنا ڤایرۆسە مەترسیدارەو ژیان لەناو دەبات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار