با ناڕه‌زایه‌تییه‌كانمان كورت نه‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ موچه‌دا..!؟

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارام حسێن

زۆرێك له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران تا ده‌گات به‌كارمه‌ندانی ته‌ندروستی.. چه‌نده‌مینجاره‌ ناڕه‌زایه‌تی و خۆنیشاندان ده‌كه‌ن له‌پێناو پێدانی موچه، له‌وه‌وپێشیش ئه‌و جۆره‌ له‌ خۆنیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ هه‌بووه‌و له‌ پاش ئه‌وه‌ی موچه‌ی ئه‌و مانگه‌‌یان بۆ خه‌رجكراوه‌، كۆتاییان به‌خۆنیشاندانه‌كان هێناوه‌و هه‌ركه‌س ملی رێیگرتووه‌ بۆ ماڵه‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی هیچ ده‌رچه‌یه‌كی تر شك نه‌به‌ن بۆ خۆ ده‌ربازكردن له‌و قه‌یرانه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژی‌! پاش به‌ڕێكردنی سی رۆژ، دیسانه‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ هه‌مان دۆخی جارانیان و موچه‌كانیان دواكه‌وتۆته‌وه‌و ئه‌وه‌ی له‌وه‌وپێش كردبوویان وه‌كو خۆنیشاندان و بایكۆتكردن، ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ناو بازنه‌یه‌كدا بێن و بچن!

له‌وجۆره‌ له‌ خۆنیشاندان و بایكۆتكردنه‌، هیچ كام له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و ‌كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ناگه‌یه‌ننه‌ كه‌نارێكی ئارام، هه‌ر بۆیه‌ حكومه‌تیش بێباكه‌و یاری به‌كه‌رامه‌ت و شعوری یه‌كبه‌یه‌كیان ده‌كاو ده‌زانێت داواكارییه‌كانیان، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ناڕێكی و گه‌نده‌ڵییه‌ فراوانه‌ی به‌ ئه‌نجامیگه‌یاندووه‌و لانیكه‌م هه‌رێمه‌كه‌ی بیست ساڵ بردۆته‌وه‌ بۆ دواوه‌‌، خۆی له‌ ته‌نها موچه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.

گرنگه‌ ئه‌وه‌ بزانین، ئه‌وه‌ی له‌ سیاسه‌تی حكومه‌تدایه‌و ویستوویه‌تی و كاری بۆ كردووه‌، گه‌یاندویه‌تیه‌ ئه‌نجام، گشت داواكارییه‌كانی خه‌ڵك به‌گشتی و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و ‌كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌تایبه‌تی، له‌وه‌دا كورتكردۆته‌وه‌ به‌ته‌نها داوای پێدانی موچه‌ بكه‌ن، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌وه‌وپێشیش كراوه،‌ له‌كاتی خۆنیشاندانه‌كان و بایكۆتكردنه‌كان وه‌كو ئه‌وه‌ی خێر به‌سواڵكه‌ر بكات ده‌ستیبردووه‌ موچه‌ی مانگێكی پێداون و ئیتر نه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بوونیان ماوه‌و نه‌ خۆنیشاندان و نه‌ بایكۆتكردن! راسته‌ زۆرجار پاپۆڕی ناڕه‌زایه‌تی و خۆنیشاندان و بایكۆتكردنه‌ كاتیانه‌،‌ له‌ده‌ریای گه‌نده‌ڵی حكومه‌تدا به‌رزو نزم ده‌كاو بۆ ماوه‌یه‌ك ئارامیان پێده‌به‌خشێ، به‌ڵام هه‌رگیز نایانگه‌یه‌نێته‌ كه‌نارێك پڕیبێت له‌ ئارامی و دووریان بخاته‌وه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێی بێ موچه‌یی. هیچ گومانی تێدا نییه‌، وه‌كو حكومه‌ت ده‌ستهه‌ڵناگرێ له‌ بچووككردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی خه‌ڵك، خه‌ڵكیش به‌دوای چروسكاییه‌ك و وشكانییه‌كدا وێڵه‌ تا پاپۆڕه‌كه‌ بگه‌یه‌نێته‌ دوا مه‌نزڵ، به‌داخه‌وه‌ تائێستا هیوایه‌ك نییه‌. به‌بۆچوونی من، له‌م قۆناغه‌دا باشترین شێواز بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار، خۆرێكخستن و خۆ هۆشیاركردنه‌وه‌یه‌، ناڕه‌زایه‌تی و خۆنیشاندان و بایكۆتكردنه‌كان وه‌ك موسه‌كین ته‌ماشا نه‌كه‌ین و داوای چاره‌سه‌ری ته‌واو بكه‌ین و شه‌قام نه‌سپێرین به‌ خامۆشییه‌كی كوشنده‌ی تر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار