مووچە وەک جەنگێکی دەروونی لەلایەن دەسەڵاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



کاوە عوسمان عومەر

جەنگی دەروونی شێواز و میتۆدی زۆرەو بەکارهێنان و ڕەهەندە زۆرەکانیشی بە گوێرەی ئەجیندا و مەبەستە جیاوازەکان ئەگۆڕێ. لەم سەردەمەی ئێستاماندا کە ئەتوانرێت ناوبنرێت بە سەردەمی پۆست تەکنولۆژیا، یاخود سەردەمی سایبەرسپەیس زانیاریەکان لە ڕێگای تۆڕێکی ئاڵۆز و زۆرر بە خێرایی لە نێوان کایە سیاسی، و ئابووری و سەربازیەکان ئاڵوگۆڕئەکرێ .

جەنگی دەروونی گرنگترین و پێشکەوتووترین و ، هەم ئاڵۆزترین شێوازی جەنگە ، هەم لە لایەن دەوڵەتان بەرامبەر دەوڵەتانی تر یاخود دەوڵەتەکان بەرامبەر هێزە لۆکاڵە ناوخۆکان. پێویستە بزانرێت کە ئامانجی جەنگی دەروونی بۆ کۆنترۆڵ و باڵادەستی سەربازی و سیاسی هێزێکە بەرامبەر هێزێکی تر. بەکارهێنانی پڕۆپاگەندەو هەواڵی هەڵخەڵەتێنەر هەر لە سەردەمانی کۆنەوە پەیڕەو کراوە، بەڵام لەم سەردەمی ئێستا لەڕێی تەکنیک و میتۆدی جیاوازەوە فەراهەم دەکرێ. ئەو جەنگە دەروونیەی تورکەکان ئێستا ئەیکەن لە پێناو پارچە پارچەکردنی هێزی نەتەوەیی کوردی لە باشوور و باکوور یاخود ناشرین کردنی کێشەی کورد لە دنیا، لە هەمان کاتدا ئەو جەنگە دەروونیەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئارادایەو ئەو جەنگە دەروونیەی لە نێوان ئەوروپاو چین و ئەمریکاش بە نهێنی بەڕێوە ئەچێ هەمووی شێوازی جیاوازن بۆ ململانێی سیاسی و کێشمەکێشی شاراوەی نێوان هێزەکانە بۆ کۆنترۆڵ کردنی سەرچاوەکان و مسۆگەرکردنی هەژمونی سەربازی و سیاسی. .

وەک نوسەر فڕێد سیمۆن لاندیس لە کتێبی جەنگی دەروونی ، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاماژەی پێداوە جەنگی دەروونی تێکڕای هەموو ئەو پرۆگرامە سەربازی، دیپلۆماتی، سایکۆلۆجی، ئابووریە. فشاری ئابووری لەلایەن هێزێک وەک میتۆدێک بۆ باڵادەستی سەربازی و سیاسی نموونەی زۆرە، بەڵام ئەوەی زۆر بە کارامەیی وکاریگەر بەکارهاتوە لەسەردەمی جەنگی ساردا بوو، بەتایبەت لەسەردەمی هەشتاکان و لەسەردەمی ڕۆنالد ڕێگان کە لە ڕێی جەنگێکی ڕێکخراوی ئاڵۆز بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسا، بەتایبەت دوای داگیرکردنی ڕوسیا بۆئەفغانستانی ئەوسا، ئەمریکا توانی هەموو تواناکانی یەکێتی سۆڤئیەتی ئەوسا لاواز کات و پاشان بیڕوخێنێ.

کامپینی جەنگی دەروونی لە ڕێگەی پڕۆگرامی نهێنی بەناوی جەنگی ئەستێرەکان کە پڕۆگرامێکی نهێنی سیخوری و میلیتاریست بوو لە لایەن ئەمریکاوە بەگەڕ خرا کە مەبەست لێی لاوازکردنی توانا سەربازی و ئابوریەکەی ڕوسیا بوو. ئەوەی گرنگە ئەو جەنگە ئابوریە بوو کە ئەمریکا بە نهێنی و لە ڕێگای ئەوروپای ڕۆژئاوای ئەوساو هاوپەیمانە کلاسیکیەکانی ئاسیاو ئەفریقا بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت بەرپایکرد.

بردنەوەی ئەمریکا لەشەرێکی دژوار بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت ئەوەندەی لە ڕێگەی جەنگی دەروونیەوە بوو ، بەتیایبەتی جەنگی ئابووری ، ئەوەندە دەرئەنجامی بەرکەوتنی سەربازی نەبوو. بەکارهێنانێکی تری ئابووری وەک میتۆدی جەنگی دەروونی ئەو ئابڵۆقە چەند ساڵیە بوو کە خرایە سەر ڕژێمی ئەوسای عێراق . گرنگە بزانرێت پێش پێکدادانی سوپای ئەمریکاو سوپای عێراق دەوڵەتەکەی سەدام لە ناوەوە کرمۆڵ و داروخاو بو بوو. کاریگەری جەنگی دەروونی لە ڕێی بەکارهێنانی ئابووری، بە تایبەتی ئابڵوقەی ئابووری، کە ئێستا ئەمریکاو ئەوروپا لەسەر ئێران و ڕوسیاو چین و کۆریای باشووریش بەرپایان کردوە لە داهاتوودا دەرئەکەوێ.

بەگشتی باڵادەستی سیاسی و هەژموونی میلیتاریستی ئەمریکا بەندە بە بەکارهێنانی ئابووری وەک جەنگێکی دەروونی هەمەلایەنە و بەشێکیشە لە ستراتیژی نەتەوەیی ئەمریکا. لێرەدا ئەوەی ئێمە مەبەستمانە شیکردنەوەی میکانیزمی چۆنیەتی بەکارهێنانی دارایی خەڵکی کوردستانە، بەتایبەتی مووچە ، لە لایەن دەسەڵاتی سیاسیەوە وەک میتۆدێکی ترسناکی جەنگی دەروونی ، ئەم جەنگە دەروونیەش مەبەست لێێ زیاتر قۆرخکردنی ئابوری و باڵادەستی هەژموونی دوو بنەماڵەی سیاسی و سەربازیە لەم هەڕێمەدا. گومانی تێدانیە هەردوو هێزی باڵادەست بە شێوازێکی زۆر مەترسیدارانە وڕێکخراو سامانی ژێر زەوی و سەر زەویان بۆ کڕینی وابەستەیی خەڵکانی کوردستان بەکارهێناوە. پێشینەی ئەم ستراتیجیە هەژمونگەریەی ئەو دووبنەماڵەیە لە هەڵسوکەوتی وڵاتە دیکتاتۆرەکانەوە وەرگیراوە. بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕژێمە دکتاتۆریەکان دەستیان بەسەرهەموو سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووریدا گرتوە و وەک چەکێک بە بەمەبەستی لاوازکردن و بە چۆکدادان و تەنانەت کۆیلەکردنی خەڵکەکانی بەکاریان هێناوە.

سەدام حسێن سامانی وڵاتی بەکارهێنا بۆ کڕینی وابەستبوونی سیاسی و سوپایەک لە سیخور و میلیتاریستی خوێن ڕێژی دروست کرد بە پێدانی بەخشیش و پلەو پایە، هەمان تەکنیکی جەنگی دەروونی لەلایەن ڕژیمەکانی تریشەوە وەک زۆربەی وڵاتە عەرەبیەکان و زۆر لە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا بەکارهاتوە. لە کوردستان ئابووری وەک جەنگێکی دەروونی دوولایەنە بەکارهاتوە، لە لایەک ئابووری بەکارهاتوە بۆ دروست کردنی دوو ئەمارەتی هاوتا لە هەیکەلیەتی سیاسی و ئابووری و میلیتاریستی لە دوو زۆنی سەوز و زەرد، یان سۆران و بادینان.

هەردوو دەسەڵاتەکە، لەسەر سرووتی کەڵتووری خێڵگەڕێتی، سامانی نەوت و هەموو سەرچاوەکانی تر وەک گومرگ و موڵکەکان و بازرگانی و سەرمایەی دەستبەسەرگیراوی کۆمەکی دەرەوە، بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی سوپایەکی مشەخۆر لە مووچەخۆری حیزبی و کایەی ڕۆشنبیری ساختەو میدیای چەواشەکار و هێزی چەکداری پاسەوانی بەرژەوەندی دوو بنەماڵە. لە بەرامبەر بەخشینی پارە و دەسەڵات بە مەبەستی وابەستەبوونی خەڵکانێک و بەکارهێنانیان وەک پایەی سیاسی و سەربازی دوو هەڕەمی دەسەلآتی گەندەڵ لە کوردستان، ئەو دوو هێزە تەکنیكێکی تری جەنگی دەروونیان لە ڕێێ ئابووریەوە بەرامبەر ئەو بەشەی تری خەڵکی کوردستان پەیڕەو کردوە. تەکنیکی دوەمی جەنگی دەروونی ئەو دوو پارتە بریتیە لە شاردنەوە و دزینەوەی سامان لە خەڵکی ناحیزبی، بە فەرمانبەر و خەڵکانی ترەوە، واتە بە ووشکردنی بازاڕ لە هێزی پارەو دەستگرتن بەسەر سەرچاوەی سەرمایە، ئەو دوو حیزبە جەنگێکی دەروونی ڕێکخراوو بە مەبەستیان بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەرپاکردوە، واتە برسیکردن و نەدانی مووچەو تاڵانکردنی سامانی وڵات سیاسەتێکی پلانداڕێژراوە و وەک جەنگی دەروونی بەکاردەهێنرێ.

ئەو جەنگە دەروونیە مەبەست لێی وابەستبوونی خەڵکە بەگرفتی پەیداکردنی نان و مووچە، برسێتی کردنێکی سیستیماتیکە کە ئەمەش میکانیزمێکی کۆنترۆڵکردنی بایلۆجی و دەروونی مرۆڤەکانە بە گوێرەی بیردۆزە سایکۆلۆجیەکەی پاڤلۆڤ، یاخود میتۆدی سایکۆلۆجی هەڵوێست. میتۆدی سایکۆلۆجی پاڤلۆڤ ، یاخود مەنهەجیەتی هەڵسوکەوتگەری، بەکورتی باس لە میکانیزمی گۆڕانکاری بایۆلۆجی و سایکۆلۆجی بوونەوەرەکان، بە مرۆڤیشەوە، ئەکات لەبەرامبەر هەردوو پڕۆسەی بەخشین و لێسەندنەوە. لێرەدا لایەنی بایۆلۆجی و سایکۆلۆجی مرۆڤ، خۆشبەختی و بەدبەختی، کاریگەری ئەکرێتە سەر بەهۆی هەردووپڕۆسەی بەخشین و لێسەندنەوەی پێداویستی بایۆلۆجی. گەر مرۆڤ برسیی بکرێت، توانای جەستەیی و مێنتالیتی لاواز دەبێت و ، لە هەمووی مەترسیدارتر ، توانستی هۆشمەندی و ماریفی لاواز دەبێ، و وەک بوونەوەرێکی وابەستە و ئاڵوودەی لێدێ لەبەرامبەر ئەو هێزەی کە هۆکاری لێسەندنەوەی بەخشینی پێداویستی بایۆلۆجیە کەیە، هەربۆیەکیشە بە دەستبەسەراگرتنی سامان و نان و قووتی خەڵکی، ئەو دوو حیزبە باڵادەستە زۆر زیرەکانە توانیویانە لایەنی بایۆلۆجی و سایکۆلۆجی خەڵکی کوردستان تێک بدەن و هەموو توانای داهێنان و ماریفی خەڵکیان خستوەتە کایەیەکی سایکۆلۆجی نالەباری پڕ دوودڵی لە خۆیان و دواڕۆژیان، بەمەش ژیانی ڕۆژانەیان لە وەهم و خەێآڵی دەستکەوتنی نان و مووچە بەسەر دەبەن.

بە کورتی جەنگی دەروونی لێسەندنەوە و شاردنەوەی نان لە خەڵکی لە دەرئەنجامدا بوەتە هۆکاری شێواندنی کەسایەتی و وونبوونی شوناسی تاکەکانی کوردستان. لێرەدا بۆ ئەوەی باشتر لە جەنگی دەروونی ئەو دوو پارتە سیاسیە تێیبگەین بەرامبەر خەڵکی کوردستان لە ڕێێ گرتنەوە و ووشککردنی سەرچاوە ئابووریەکان، بیردۆزی سایکۆلۆجی ماسلۆ دێنینەوە یاد، یاخود هەرەمی ماسلۆ. بە گوێرەی ئەم سایکۆلۆجیستە، مرۆڤەکان بۆ ئەوەی بگەنە پلەی داهێنان پێویستە چەند پلەیەکی جیاوازی تێربوون یان دەستکەوتنی بایۆلۆجی و سایکۆلۆجی ببرن. بۆ نموونە کەسی ئەوروپی کە لە قۆناخی داهێنان و تاڕادەیەک ئاسوودەیی دەروونی و ماریفیە بەهۆی ئەوەوەیە کە قۆناخە سەرەتاییەکانی دابینکردن یان تێربوون بە گوێرەی هەرەمی بایۆلۆجی و سایکۆلۆجی بۆ دابینکراوە، یاخود بەمانیەکی تر تێر کراوە، وەک فەراهەم کردنی نان و کار و سەرمایە ، کە پلەی یەکەمی هەرەمی ماسلۆیە. پاشان فەراهەمکرن و گونجاندنی کایەی ڕۆشنبیری و کەڵتوری قۆناخی دوەمی هەرەمی ماسلۆیە، هەرەها فەراهەمکردنی لایەنی سۆزداریش کە ئەمیش بەششیکی تری گرنگە لەو هەڕەمە ، بەمەش مرۆڤەکان دەگەنە پلەی داهێنان و بەرهەم.

بە پێچەوانەوە کوردستان لە ژێر مەترسی پڕۆسەیەکی ڕێکخراوە لە جەنگی دەروونی وێرانکەر بۆ سەر کەسایەتی کورد چونکە یەکەمین هۆکار و پێداویستی بایۆلۆجی و سایکۆلۆجی لێ شاردراوەتەوە و خراوەتە بازنەیەک لە کێشمەکێشی کێشەی دەروونی ترسناک . بە گوێرەی بیردۆزی سایکۆلۆجی پاڤلۆڤ، کەسایەتی کورد ئێستا کەسایەتیەکی نەخۆشخراوە، چونکە وابەستە کراوە بە میکانیزمی سایکۆلۆجی دەستکەوتنی نانێک کە زامن نیە کەی ئەیدرێتێ و کەی لێی ئەشاردرێتەوە، ولە چاوەڕوانی موووچەو نان و سەرمایە،. کەسایەتی کورد وەک بوونەوەرێکی ناو تاقیگەیەکی لێهاتوە کە هەموو خەیاڵ و ئەندێشەی لای دەستکەوتنی ئەو نانەیە کە دەستێکی شاراوە وەک یاریەک لێێ ئەشارێتەوە و پاشان بۆ ئەوەی وابەستە و ئالوودەی کات ، یاخود ملکەچ و کۆیلەی کات، کەم کەمێکی ئەداتێ. بەم ستراتیژیە جەنگە دەروونیە، هەر دوو هێزەکە توانیویانە خەڵکی کوردستان ئاڵوودەی پرۆسەی وەدەستهێنانی نان کەن، و بیرلە هیچی تر نەکەنەوە وەک داهێنان یاخود ڕاپەڕین لەو بارودۆخە نەخۆشە. لە بەرامبەر کۆیلەکردن و برسێتی کردنی ئەو خەڵکە زۆرەی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆسەی جەنگی دەروونی برسێتی کردن ، پڕۆسەیەکی تری جەنگی دەروونی هەیە، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە پڕۆسەی وابەستەکردن و کۆیلەکردنی چینێکی تر لە کوردستان، کە ئەوانەش چینێکن بە پێچەوانەی چینە برسی و هەژارەکە، چینێکی کراو بە مشەخۆرن.

ئەمانە ئەوانەن کە لە هییچی خۆرایی و بەدەر لە یاسا دەوڵەمەند کراون و کەمینەیەکی وابەستە و کۆیلە کراون لە ئەندام حیزبی و ڕۆشنبیری فەیک و سیاسی هەڵخەڵەتێنەر و میدیاکاری هەڵویست فڕۆش و خوێنەواری قەڵەم فڕۆشن، کە ئەمانەش لە ژێر کاریگەری جەنگی دەروونی بەکارهێنانی سامان یان بەخشیش هەموو توانا سایکۆلۆجی و بایۆلۆجیان بوەتە دەستخستنی سامان و پارەو دەسەڵات و لە هەمان کاتیشدا بوونەتە کۆیلەی ڕژێمی سیاسی کوردستان و بێهەڵوێستیشن بەرامبەر هەموو نادادپەروەریەک لە ووڵاتا . کەواتە لە کوردستان ئێستا دوو شێوازو دوو تەکنیکی جیاواز لە جەنگی دەروونی لە بەرامبەر خەڵکی بەکارئەهێنرێ. لەلایەک دەسەڵاتی سیاسی میتۆدی جەنگی دەروونی لێسەندن، یان برسیکردن ، بەرامبەر چینێکی زۆری خەڵکی کوردستان بەکارئەهێنێ بۆ لاوازکردنی توانای دەروونی و بایلۆجی .

لە لایەکی تر تەکنیکی جەنگی دەروونی بەخشیش بەکارئەهێنێ لەبەرامبەر چینێکی کەمی مشەخۆرکراو و کۆیلەکراو لە چواردەوری ستاتۆی سیاسی و میلیتاریستی ڕژێمی سیاسی کوردی. گرنگە بزانرێت بە بێ بنیادنانی دەوڵەتی دادوەری ڕاستەقینەو یاسا و بە بێ وەرگرتنەوەی سامان و دارایی لە دەست هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە جەنگی دەروونی وێرانکەر لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە بەردەوام ئەبێ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار