داخستنی دەرگای نەخۆشخانە یەک مانای هەیە: داڕمان!

4 ساڵ لەمەوپێش



داخستنی دەرگای نەخۆشخانە یەک مانای هەیە: داڕمان!

بەیانی کاتژمێر ٨ بوو و دوای ١٢ کاتژمێر لە دەوامکردن چوومە قاوش و بە نەخۆشەکانم گوت کە لەوێ داخڵببوون کە شتەکانیان کۆبکەنەوە و چارەسەرەکانیان لە ماڵەوە تەواوبکەن چونکە نەخۆشخانە دادەخرێت. بەروار ٦/٦/٢٠٢٠ و شوێن نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید تۆفیقە لە دەربەندیخان. لێرەدا حەق وایە بپرسین داخستنی دەرگای نەخۆشخانە مانای چییە؟

ئەم ڕووداوە ڕووداوێکە ڕەنگە زۆرینەی پزیشکانی جیهان بە درێژایی ژیانی پیشەییان نەیبینن، بەڵام من وەک دکتۆرێکی گەنج کە ساڵێک نابێت لە هەرێمی کوردستان دامەزراوم بەداخەوە بینیم. ئاخر نەخۆشخانەی فریاکەوتن نابێت چۆڵبکرێت، بە شێوەیەک کە گەر هاوپیشە پزیشکەکەی دوای من دەوامی هەیە درەنگ بکەوێت یاخود هەر نەیەت دەبێت من لە نەخۆشخانە بمێنمەوە دوای تەواوبوونی دەوامی ئاسایی خۆم تا پزیشکێکی تر جێگام دەگرێتەوە. ئەمە ئەلف و بێی ئاکار و ئەخلاقیاتی پیشەی پزیشکییە کە مانایەک بۆ ژیانی مرۆڤ دادەنێت. 

کەواتە ئەم دۆخە تەواو نائاساییە چۆن هاتووەتە بەرهەم؟ پۆلێک پزیشکی گەنج کە تەنها سەرچاوەی داهاتیان مووچەکانیانە وا بۆ ٧ مانگ دەبێت کار دەکەن و هێشتا مووچەی ٢ مانگیان پێدراوە، لە کاتێکدا کە هەر مانگە و دەوامی شارێک یان شارۆچکەیەکیان هەیە سەر بە پارێزگاکانی لێی نیشتەجێن و دەبێت کرێی هاتووچۆ و مانەوە و خواردن بدەن و لەم کاتی کۆرۆنایەدە کەل و پەلی خۆپارێزی خۆشیان بکڕن کە حکومەت دابینی ناکات.

مووچە، کە سەرەتاییترین مافە بۆ چینێک کە لە ئێستادا ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا، وایکردووە دژ بە هەموو بنەمایەکی پیشەکەی خۆیان پزیشکەکان نەخۆشخانەکان چۆڵبکەن. وا بۆ دوو هەفتە دەبێت دەرگای نەخۆشخانەکان، بە فریاکەوتن و شوێنە ساردەکانەوە داخراو یان نیمچە داخراون، وە چەندین هاوڵاتی ئاسایی ئەم وڵاتە باجەکەیان داوە. کەچی هیچ یەکێک لەمانە وای لە بەرپرسانی حکومی نەکردووە چارەیەک بۆ ئەم کارەساتە بدۆزنەوە! نەک هەر ئەمە، بەڵکو پێناچێت کێشەش بێت. ئاخر سەیرە دوو هەفتە خەستەخانە دابخرێت و دەوڵەتمەدار درک بەم داڕمانە نەکات!

کۆمەڵگایەک گەیەندرابێتە ئەو دۆخەی پزیشکانی هێندە تینیان بۆ هاتبێت دژ بەو بەهایانەی پڕبەدڵ باوەڕیان پێیەتی نەخۆشخانە چۆڵ بکەن، لە بەر دابین نەکردنی بژێوی ژیانیان لە لایەن حکومەتەوە، یەک مانای هەیە و بەس: داڕمان! 

تۆی هاوڵاتیش کاتێک چوویتە نەخۆشخانە و چارەسەر نەکرایت یان دووربێ ئازیزێکت لەدەستدا، توڕەییت بە کەل و پەلە فەقیرانەکەی نەخۆشخانە مەڕژە کە موڵکی گشتییە، جنێویش مەدە بەو دکتۆر و کارمەندانەی چیدی پێنەدانی مافەکانیان پێ قبوڵ نەکراوە و مانیان گرتووە، بەڵکو بپرسە: کێ بەرپرسە لەم داڕمانە!

د. یاد زانا قوربانی
پزیشکی نیشتەجێی خولاو
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار