******منیش حکومەتم پێبەڕێوە دەچێت *******
سوارە حاجى
4 ساڵ لەمەوپێش
******منیش حکومەتم پێبەڕێوە دەچێت *******
ئەحمەد جۆڵا وتەنى لە دواى سەعات چوارەوە، چوار حکومەتى وا بەڕێوە دەبەم، وەختى خۆشی بەرزانى قالەى غەڵوز لە بەرنامەى بەرنامە وتى بیرى ئیرتیوازیم هەیە، مۆلیدەم هەیە، دەمانچەیەکیشم هەیە، ئیتر حکومەتم بۆچییە!
کارەبا لە زیمبابۆى خراپترە، ئاو لە بیابانى ئەفریقا زیاترە وەک لێرە، ئەفغانستان لە کۆرۆنا ڤایرۆسدا لە ئێمە باشترە، ئیشکردن هەیە مووچە نییە، زەڕیبە هەیە سۆشیاڵ نییە، پاشکەوت هەیە تەئمین نییە.
جەندرمە چەندى بووێت دێت، پاسدار چەندى بووێت دەیبات، حەشد بە دڵى خۆى بازگە دادەنێت، فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان جا هى هەرکێ بێت فڕکان فڕکانێتى بە ئاسمانەوە، کوێى بووێت دەیکێڵێت. ماڵیان ئاوا بێت کە ناوەندى شارەکان بۆردومان ناکەن!
ئەوە باسی عەدالەت و گەندەڵى هەر مەپرسە، ویژدان غایبە و ئیمان نەماوە، عیشقى چى و جاوى چی، گەزى چی و زەوى بە گوریسی چی!
ئەمانەش قیروسیا، بە تونى باباچێ، ئەو مەعاش نایات خەڵک شینى ئەوە دەکات کەمى دەکاتەوە، ماندەگرێت و بەم سەردەمى ڤایرۆسە نەفرەتییە خڕبوونەوە و گردبوونەوە دەکەن و دائیرە دائەخەن! جا چی لە مەسەلە دەگۆڕێت؟
پەرلەمان دوو ساڵ داخرا چ فەرقى کرد! بگرە باشتر کەمتر خەفتەمان خوارد.
ئەوە حەفتەیەکە مرور مانیگرتووە، هیچ کێشە نییە شەقام وەک سەعات دەڕوات.
مامۆستا ماندەگرێت؟ پەروەردە پەکى دەکەوێت؟ جا ئەوان لەخوایان دەوێت میللەت هەمووى نەخوێندەوار بێت، ئەوان کێشەیان لەگەڵ هۆشیارى هەیە.
جا ئەوان گوێیان لە سێکتەرى تەندروستى نییە لەم سەردەمى کۆرۆنایەدا مانبگرێت، جا نەخوازەڵا وەرە بۆ دائیرەى ژینگە و رۆشنبیرى و... ئەوان کێشەیان تەنها لەگەڵ دوو دامزراوە هەیە مان نەگرێت، ئەوەى پارەکەى لایە و ئەوەى چەکەکەى بە دەستە.
ئەوجاکونێ، گەر دەوڵەتدارى هەر ئەمە بێت منیش حکومەتداریم پێ دەکرێت، ئەگەر مەسەلەکە هەر لەبەرکردنى پانتۆڵ و چاکەتە ئەوا جار جار منیش لەبەرى دەکەم.