چاکسازى و چه‌ند سه‌رنجێک

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڕێ سوره‌  
له‌کاتێکدا حکومه‌تى شیعه‌کانى عیراق  به‌رده‌وامه‌ له‌سزادانى خه‌ڵکى کوردستان و سڕینه‌وه‌ى ناوى فیدرالى  تورکیاش له‌ زه‌وى و  ئاسمانه‌وه‌ په‌لامارى خاکى کوردستانى داوه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر داگیرکارى  له‌ملاشه‌وه‌ ئیران سوپایه‌کى زه‌به‌لاحى له‌سه‌ر سنور کۆکردۆته‌وه‌ و زۆرکات تۆپبارانى ناوخاکى هه‌رێم ده‌کات،  جیا له‌مانه‌ ڤیرۆسى کۆرۆناش سه‌ربار ڕۆژ به‌ ڕۆژ ڕوله‌هه‌ڵکشان وته‌شه‌نه‌ سه‌ندنه‌ خه‌ریکه‌ ژیان ده‌وه‌ستێنێت .
 هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ چاکسازى بووه‌ته‌ ویردى سه‌ر زوبانى زۆربه‌ى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان به‌بێ جیاوازى . بێگومان هه‌ندێکیان مه‌به‌ستیان خزمه‌ته‌ به‌گه‌ل و  وڵات  ئه‌گه‌ر ڕاستیه‌کان بزر نه‌کرێن و دادپه‌روه‌رانه‌ چاکسازى و پاکسازى له‌هه‌موو کون و قوژبنێک بکرێت ؟   به‌ڵام هه‌ندێکى دیکه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌خوازن له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ له‌ جه‌ماوه‌رى پارتى و یه‌کیه‌تى  بده‌ن وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن  نابوتیان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردن بدۆڕێن و خۆیان بچنه‌ ده‌سه‌ڵات  و ئینجا یه‌کبه‌یه‌کیان دادگایى بکه‌ن . 
دیاره‌ هه‌موومان ده‌زانین  پارتى و یه‌کیه‌تى و حسک  و شیوعى  زه‌مه‌نێکى زۆر له‌ڕیزى پێشه‌وه‌ى قوربانى دان و تێکۆشاندان بوون  پێشمه‌رگه‌ و جه‌ماوه‌ رى ئه‌وان و خوێنى شه‌هیدان  و خۆڕاگرى زیندانیه‌ سیاسیه‌کان و ڕێکخستنه‌ نهێنیه‌کان ئه‌م ڕۆژه‌یان هێنایه‌ دى .
 هه‌ر بۆیه‌  جه‌ماوه‌رێکى زۆرى کوردستان ده‌نگى پێداون  واتا ئه‌م حکومه‌ته‌ به‌ خه‌باتى ده‌یان ساڵى شۆڕشگێڕه‌کان به‌دى هاتووه‌ .  زۆر نادروست و نابه‌جێیه‌ ئه‌وانه‌ى سه‌رده‌مى فاشیه‌تى به‌عس نه‌بوون ئێستا قسه‌ى زل زل بکه‌ن  و له‌ شکۆى تێکۆشه‌ر و قاره‌مانانه‌کانى دوێنى سه‌رده‌مى شۆڕش که‌م بکه‌نه‌وه‌ .بێن له‌ژێر په‌رده‌ى ئایین و نوێخوازیدا به‌شێکى جه‌ماوه‌رى گه‌له‌که‌مان چه‌واشه‌ بکه‌ن  ئاشکرایه‌ هه‌موو خه‌مخۆر و دڵسۆزه‌کانى دۆزى کورد ده‌خوازن گه‌نده‌ڵى  و واسیته‌ و واسته‌کارى و خزم خزمێنه‌ و فه‌رق و جیاوازى  نه‌مێنێت.   
چکسازى ئه‌رکێکى پیرۆزه‌  به‌ڵام له‌کوێ و چۆن  ؟ هه‌رچه‌نده‌ ناوه‌رۆکى یاساى چاکسازیم نه‌بینیوه‌ به‌ڵام  ئه‌وه‌ى ده‌یبینم و ده‌یبیستم  هه‌م حکومه‌ت و هه‌م په‌رله‌مان و حزبه‌کانیش  زۆر تر و زۆرتر چاکسازیان له‌ موچه‌ى خانه‌نشیناندا کۆکردۆته‌وه‌ له‌ کاتێکدا ده‌یان شوێن و سێکته‌رى جیا جیا هه‌ن زۆر پێویستن جاکسازیان تێدا بکرێت پێش چاکسازى له‌ ناوخانه‌نشیناندا ئێمه‌مانان ده‌زانین چه‌نده‌ها که‌سى تێکۆشه‌ر هه‌بووه‌  پێشمه‌رگه‌ى شاردۆته‌وه‌ نانى پێداون  چاوساغى بۆ کردوون  برندارى بۆ گواستونه‌وه‌  بۆ شاخ خۆنه‌ویستانه‌ به‌ناو که‌مین و ڕه‌بایه‌کانى دڕنده‌ترین ڕژێمدا  پۆسته‌ى هێناوه‌ و بردووه‌  له‌م کارانه‌شى له‌سه‌رتاى ده‌ستپێکرنى شۆڕشه‌وه‌ هه‌تا ڕاپه‌ڕین به‌رده‌وام بووه‌  ئێستا ئه‌م تێکۆشه‌ره‌ پیر بووه‌  ده‌یان که‌سى دڵسوز یان کۆمیته‌ و ناوچه‌ پشتگیریان  کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌پله‌یه‌کى بچوک خانه‌نشین بێت واتا به‌رى ڕه‌نج و ماندووبونى چه‌نده‌ها ساڵى بچنێته‌وه‌  ئایا ئێستا چۆن ده‌کرێت  له‌ژێر ناوى چاکسازیدا نان بڕاو بکرێت گوایه‌ خزمه‌تى وه‌زیفه‌ى حکومى نیه‌؟  ده‌ى خۆ سه‌رده‌مى به‌عس داواکراو بووه‌  یان واسیته‌ى بۆ دامه‌زراندن نه‌بووه‌  یان ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بووه‌ ..زۆربه‌مان ده‌زانین  و له‌بیرمانه‌ به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌مان که‌ ئه‌وێ ڕۆژێ ته‌مه‌نێکمان هه‌بوو بۆ وه‌رگرتنى پارچه‌ پاکه‌تێکى جگه‌ره‌ یان فه‌رده‌یه‌ک ئارد واسیته‌ى ده‌ویست . به‌ڵێ ئه‌و سه‌رکرده‌  و پێشمه‌رگانه‌ ئه‌و کادر و ڕێکخستنه‌ نهێنیانه‌ ئه‌و زیندانه‌ سیاسیانه‌ى خۆڕاگربوون له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌شکه‌نجه‌ى دڕنده‌کانى به‌عس  جێگه‌ى خۆیه‌تى  به‌ناو ونیشانێکى تایبه‌ت و شایسته‌ خانه‌نشین بکرێن به‌ڵام که‌س هه‌قى نیه‌ له‌ملیۆنیک دینار زیاتر وه‌ بگرێت یان موچه‌یه‌کى دیکه‌ى هه‌بێت  .
 زۆربه‌مان وتومانه‌ ئێستاش ده‌ڵێین  چۆن ده‌کرێت  وه‌زیر و جێگر وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و ئه‌ندام په‌رله‌مان به‌ چوار ساڵ خزمه‌ت خانه‌ نشین بکرێن  ؟ یان بۆ ده‌بێت به‌شه‌ش یان هه‌شت ملیۆن دینار خانه‌ نشین بکرێن  ئایا ئه‌وانه‌ ده‌وڵه‌تى کوردیان دروست کردووه‌ ؟ خۆ  خوداش ئه‌مرى نه‌کردووه‌ ئه‌وانه‌ پاشا و خه‌ڵکیش گه‌دابێت ؟  ئه‌گه‌ر ئه‌م پاره‌یه‌ حه‌رام نه‌بێت هیچ شتێک حه‌رام نیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره‌ خانه‌نشینانه‌ ناڕه‌واو گه‌نده‌ڵى نیه‌ که‌واتا خیانه‌تیش دروسته‌ ؟ 
راستیه‌که‌ى چاکسازى ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو خانه‌نشینێک وه‌زیر یان ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌تا سه‌رۆکى هه‌رێم  سه‌رۆکى په‌رله‌مان سه‌رۆک وه‌زیران   نابێت موچه‌ى خانه‌نشینیه‌که‌یان له‌ ملیۆنێک دینار زیاتربێت ئه‌وکاته‌ دادپه‌روه‌رى دێته‌دى  خه‌ڵک و خوداش ئه‌وه‌یان ده‌وێت.. ده‌ى چۆن ده‌بێت جاشێک خۆفرۆشێکى سه‌رده‌مى به‌عس بڕیار به‌ده‌ست بێت  موچه‌که‌شى له‌ موچه‌ى ده‌یان تێکۆشه‌ر زیاتر بێت ؟ له‌هه‌مووى سه‌یر تر له‌وڵاتى ئێمه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌موو شته‌  هه‌شت ملیۆن دینار موچه‌یه‌تى  دورنیه‌ زۆر ئیمتیازى دیکه‌ش  وه‌رگرێت ! هه‌رچه‌ند په‌یوه‌ستیش نه‌بێت به‌نوسینه‌که‌وه‌ حه‌زمکرد ئاماژه‌ به‌وه‌ بکه‌م  که‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان سوێندى خوارد به‌رگى گوله‌ نه‌بِڕى به‌به‌ردا ده‌که‌ن  ئه‌گه‌ریش  به‌هه‌رهۆکارێک له‌ڕێگه‌ى یاسایى  به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ گوله‌نه‌بڕه‌که‌( پارێزبه‌ندى ) لێوه‌رگیرایه‌وه‌  که‌مینه‌ ده‌ڵێن له‌سێ به‌ش دوو به‌شى کورد خیانه‌تى کردووه‌ .  
هه‌نێک لایه‌نى سیاسى باسى هه‌ڵبژارندن و دیموکراسى ده‌که‌ن به‌ڵام به‌بڕیارى زۆرینه‌ش ڕازى نین !!! له‌کاتێکدا ده‌زانن  هێنده‌ى چوار ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌کوردستان جه‌ماوه‌رین هه‌یه‌ ده‌خوازن  بڕیارى ئه‌وه‌ڵ و ئاخیر لاى ئه‌و بێت ! له‌ کۆتایدا پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێم چاکسازى هه‌ر ئه‌وه‌نیه‌ حکومه‌ت و زۆربه‌ى حزبه‌کان به‌ موچه‌ى خانه‌نشینانه‌وه‌ بنوسێن  به‌ڵکو  موچه‌ى ئێستاى به‌ر پرسى حزبى و حکومى و ئه‌ندام په‌رله‌مان و پاسه‌وانه‌ زۆره‌کانى به‌رپرسه‌کان و دوو موچه‌یى و گومرگ و سنور و نه‌وت  و زۆر سێکته‌رى دیکه‌ هه‌یه‌ له‌پێشه‌وه‌ چاکسازى و پاکسازى تێدا بکرێت  ئه‌وه‌ چاکسازى نیه‌ وه‌ک جوتێر له‌وسه‌رى خه‌ت و له‌م سه‌رى خه‌ت هۆباده‌وه‌  بۆ سه‌رناوى ئه‌و خانه‌نشینانه‌ى گوایه‌ خزمه‌تى حکومه‌تیان نیه‌ .
 له‌کاتێدا زۆربه‌یان پیر و په‌ککه‌وته‌ن  هه‌زار و یه‌ک  نه‌خۆشیان هه‌یه‌ موچه‌که‌یان له‌کرێ خانوو  وحه‌ب و ده‌رمان زیاد نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ش هه‌موو جارێک دواى هه‌موو موچه‌خۆرێک موچه‌یان پێده‌ده‌ن  زۆرجاریش خانه‌نشینکراو به‌چوار ڕۆژ سه‌ره‌ى به‌رناکه‌وێت  خۆشیان ده‌ڵێن حکومه‌ت به‌چاوى ڕێزه‌وه‌ سه‌یرمان ناکات زیاتر له‌ هه‌ژده‌ مانگ قه‌رزدارمانه‌ خوداى ئێمه‌ ده‌یانگرێت .
  دڵنیام ئه‌گه‌ر پارتى و یه‌کیه‌تى  به‌هه‌ندێک لایه‌نى ئه‌م بڕیارى چاکسازیه‌دا نه‌چنه‌وه‌  سه‌دان هه‌زار ده‌نگ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن  به‌تایبه‌تى  ئه‌گه‌ر ده‌ست بۆ بڕینى  نانى ئه‌م تێکۆشه‌ر و ماندونه‌ناسانه‌ ببه‌ن یان موچه‌ى ئه‌و شێره‌  ژنانه‌ى خزمه‌تکارى شۆڕش بوون ببڕن .  جیا له‌وه‌ هه‌ر یه‌کێک له‌وانه‌  چه‌ند ده‌نگێکه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن. ئه‌وپه‌ڕى بێوه‌فایى  و بێویژدانیه‌ ده‌ست بۆ قوتی ئه‌مانه‌ ببرێت . له‌هامانکاتدا نه‌خشه‌ى ئه‌وانه‌ش سه‌رده‌که‌وێت که‌ ده‌خوازن هه‌رچۆنێک بێت جه‌ماوه‌رى پارتى و یه‌کیه‌تى که‌م بکه‌نه‌وه‌  و بۆ ئه‌وه‌ى له‌هه‌ڵبژاردن بدۆڕێن  بۆیه‌ نه‌که‌ن نانى خه‌ڵک ببڕن چونکه‌ زۆر بڤه‌یه‌   .                                      

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار